06:53 - 18/09/2019
پردى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خه‌ریكه ئاوده‌یبات
كات ته‌نگى به هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا هه‌ڵچنیوه، ترافیكى هه‌ولێر قه‌ره‌باڵغه‌و سه‌رۆك كۆمار گه‌یشتووه‌و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیش له‌رێگایه بگات، گفتوگۆكان به تەنگەبەر گه‌یشتوون به‌غدا و هه‌ولێر مه‌رجه‌كانى یه‌كدییان ره‌تكردووه‌ته‌وه، بۆ ره‌وانه‌كردنى بوودجه بۆ نێوهۆڵى پڕ مشتومڕى په‌رله‌مان چه‌ند رۆژێكى كه‌م له‌پێشه، كۆبوونه‌وه‌كان عه‌وداڵى دیتنه‌وه‌ى رێگه‌یه‌كن به‌م په‌له‌په‌لییه هه‌ردوولا له‌سه‌ر هێڵێك كۆبكاته‌وه. قه‌له‌قى و دوودڵى خه‌ڵك و مووچه‌خۆرانیش له‌شوێنى خۆیه‌تى.
سێ سیناریۆى هه‌رێم ره‌تكرانه‌وه
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌مێكه سێ سیناریۆى بۆ رێككه‌وتن ئاماده‌كردبوو، به‌هیواى ئه‌وه‌ى بیباته سه‌رمێزى دانوستان له‌به‌غدا، هه‌رێم به‌لۆژیکی (داواى زۆربكه بۆئه‌وه‌ى كه‌مت چنگ بكه‌وێت)، فایلى دانوستانى له‌بندەست نابوو، به‌ڵام به‌غدا زۆرزانتربوو به‌و سیناریۆیانه‌وه نه‌چووه سه‌ر مێزى دانوستان و كۆبوونه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه.
سیناریۆ ره‌تكراوه‌كانى هه‌رێم
*هه‌رێم ٢٥٠هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستبكات، له‌به‌رامبه‌ردا سەدا ١٧ی بوودجه‌ی عێراق وه‌ربگرێت.
*هه‌رێم هه‌موو نه‌وته‌كه‌ی راده‌ستی به‌غداد بكات به‌مه‌رجێك تا سێ ساڵ به‌غداد هه‌موو قه‌رزه‌كانی هه‌رێم بداته‌وه و سەدا ١٧ی بوودجه‌ش ساڵانه بۆ هه‌رێم بنێرێت.
*هه‌رێم هیچ بڕه‌نه‌وتێك راده‌ستی عێراق نه‌كات به‌غداد وه‌ك ساڵی ٢٠١٩ به‌شێك له‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بۆ بنێرێت.
سیناریۆی کۆتایی بەغدا
*هه‌رێم ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ست بكات و سەدا ١٢.٦% بوودجه وه‌ربگرێت.
گه‌ڕان بۆ رێگایه‌كى نوێ
به‌رهه‌م ساڵح بۆ گه‌یاندنى په‌یامى به‌غدا له‌هه‌ولێره، كه به‌غدا گفتوگۆ ناكات له‌سه‌ر بژارده‌كانى هه‌رێم، ده‌یه‌وێت هه‌رێمى كوردستان به فایلێكى نوێوه بگه‌ڕێته‌وه به‌غدا، كۆبوونه‌وه‌كانى له‌هه‌ولێر به ئامانجى دۆزینه‌وه‌ى رێگایه‌كه نه‌شیش بسوتێت نه‌كه‌باب.
به‌رهه‌م ساڵح دواى ساڵێك له‌ده‌ستبه‌كاربوونى له پۆستى سه‌رۆك كۆمار، ده‌یه‌وێت به‌ردێك بخاته سه‌ر به‌ردێك
راسته به‌رهه‌م ساڵح په‌یامگه‌یه‌نه‌ره، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ى بزنه‌ڕێیه‌ك بۆ ده‌رچوون له تەنگەبەری چه‌ندساڵه‌ى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ده‌ستكه‌وته‌كانى بۆ سه‌رۆك كۆمار كه‌منین، ئه‌و ئێستا زۆر پێویستى به‌وه‌یه كه وه‌ك جه‌مسه‌رى چاره‌ى كێشه‌كان و نوێنه‌رى كورد ده‌ربكه‌وێت و دڵى عێراقییه‌كانیش رازى بكات، دواى ساڵێك له‌ده‌ستبه‌كاربوونى له پۆستى سه‌رۆك كۆمار، ده‌یه‌وێت به‌ردێك بخاته سه‌ر به‌ردێك.
به‌پێی زانیارییه‌كانی پەیسەرپرێس، به‌رهه‌م ساڵح له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی پێی راگه‌یاندووه، به‌غداد بژارده‌كانی ئێوه‌ی ره‌تكردووەته‌وه، بۆیه ئاماده‌نه‌بوو پێشوازی له شاندى هه‌رێم بكات و له‌گه‌ڵتان كۆببێته‌وه، به‌رهه‌م ساڵح هه‌روه‌ها گوتویه‌تى، بۆئه‌وه‌ى دانوستانه‌كان به بنبه‌ست نه‌گه‌ن بژارده‌ى نوێ پێشكه‌ش بكه‌ن.
حه‌لبوسیش به‌دواى رێگه‌چاره‌یه‌كه‌وه‌یه
بڕیاره له‌چه‌ند كاتژمێرى داهاتوودا محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیش به‌ره‌و هه‌ولێر بفڕێت، وادێته پێشچاو حه‌لبوسى وه‌ك نوێنه‌رى سوننه‌كان له سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق، زۆرتر به‌ته‌نگ رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غداوه بێت، ئه‌مه یه‌كه‌م هه‌وڵى نییه بۆ رێككه‌وتن ده‌یدات.
خواستى به‌غداو هه‌ولێر له‌تایمى كۆتاییدا بۆ بردنه‌وه‌ى یارییەکە ئیشەکەی ئاڵۆزترکردووە
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس حه‌لبوسى له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك قسه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات،(پرسی یاسای نه‌وت و گاز، راده‌ستكردنی نه‌وت به سۆمۆ، پرسی یاسای بوودجه، ناوچه جێناكۆکەكان). به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس حه‌لبوسی په‌یامێكی حكومه‌تی عێراقی بۆ به‌رپرسانی هه‌رێم هێناوه و بڕیاره له‌گفتوگۆكانیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێت.
دیارنییە لە ئەگەری رێکنەکەوتن دۆخەکە بەرەو کوێ مل دەنێت
به‌رهه‌م ساڵح و حه‌لبوسی-ش له‌یه‌ك كاتدا بۆ به‌ستنه‌وه‌ى پردى هاتوچۆى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له هه‌رێمى كوردستانن، خواستى زۆری به‌غداو هه‌ولێریش له‌تایمى كۆتاییدا بۆ بردنه‌وه‌ى یارى دانوستان و رێككه‌وتن یارییەکەی ئاڵۆزترکردووە، هه‌ریه‌كه‌یان وێڵى بردنه‌وه‌ى زۆرترین پشكن، ئه‌گه‌ر له‌و كاته كه‌مه‌ى كه‌ماوه چاره‌سه‌رێكى كوت‌وپڕ ده‌ستنه‌خرێت دیارنییه حكومه‌تى هه‌رێم چۆن ئه‌و چاڵانه پڕده‌كاته‌وه كه دواى ترازانى له‌گه‌ڵ به‌غدا دروست ده‌بن و پرۆسه‌ى سیاسى به‌ره‌وكوێ ملده‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوانكراوه خه‌رجى و مووچه‌ى سه‌رهه‌رێمى كوردستان و نادیارى ناڕوونى و په‌رته‌وازه‌یى داهاته‌كه‌ى كابینه ساواكه‌ى رووبه‌ڕووى قه‌یرانى قورس و تاقه‌تپڕوكێن ده‌كاته‌وه.