ڕاپۆرتی کوردستانی

05:02 - 18/09/2019

١٦٠ ساڵ ژیا و مەرگی ٣٥ منداڵی خۆی بینی‌

پەیسەر

زارۆ ئاغا ١١ جار هاوسەرگیری کرد و تا ٩٦ ساڵیش وه‌چه‌ی ده‌خسته‌وه‌. کە مرد لە ٣٦ منداڵی ٣٥یان کۆچی دواییان کردبوو و تەنها منداڵێکی لەدوای خۆی جێهێشت.

 لە گۆڕستانی سوڵتان ئەیوبی ئیستانبوڵ کێلی قەبرێک بە ناوی زارۆ ئاغای کوڕی شەمسی ئاغای بەدلیسی هەیە کە لەسەری نووسراوە ١٦٠ ساڵ ژیاوە. ئەو کوردە بەدلیسیەی کە یەکێک لە بەتەمەنترین مرۆڤەکانی جیهان بووە کێیە؟

زارۆ ئاغا کوڕی شەمسی ئاغا لە نێوان ساڵەکانی ١٧٧٤ – ١٧٧٧ لە گوندی مەیدانی سەر بە ناوچەی موتکیی پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان لە خانەوادەیەکی کوردی زازا لەدایکبووە و تا تەمەنی ١٨ ساڵی لەو گوندە ژیاوە و دواتر ڕوودەکاتە ئەستەنبوڵ و لە ناوچەی تۆپخانەی ئەو شارە نیشتەجێدەبێت و هاوسەرگیری دەکات.

 

زارۆ ئاغا مرۆڤێکی زۆر بەهێز و لەشساخ بووە. دەوترێت، کاتێک لە تەمەنی ١٣٠ ساڵیدا بووە، کاری کردووە بۆ ئەوەی کوڕێکی کە لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا لەسەر جێگا کەوتووە، بەخێوبکات. لە ئێستادا دوایین منداڵی کە کچێکە لەژیاندا ماوە و تەمەنی لەنێوان ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵدایە.

زارۆ ئاغا لە ساڵی ١٧٩٨ لە سوپای ئەحمەد پاشای عوسمانی و قەڵای ئەککا دا سەربازیی کردووە و بەشداری لە شەڕەکانی دژی سوپای ناپلیۆن کردووە. هەروەها بە فەرمانی سوڵتان سەلیمی سێیەم لە دروستکردنی قەڵای سەلیمییەدا کاری کردووە. لە ساڵی ١٨٢٨ بەشداری لە شەڕی ڕووسیا – عوسمانیەکان کردووە و برینداربووە و بۆ چارەسەر گەڕاوەتە گوندەکەی و ماوەیەک لەوێ نیشتەجێبووە.

 

زارۆ یەکێک بووە لەو کەسانەی کە دەستی لە كردنه‌وه‌ی یەکەمین خویندنگای ناوەندی ئیستونبوڵدا هەبووە کە لە ساڵی ١٨٥٣ دروستکراوە.

دوای ئەوەی لە سەربازی دەگەڕێتەوە، لە ئیستەنبوڵ دەست بە کاری حەماڵی دەکات و دواتر گروپێک بە ناوی حەماڵەکانی ئیستەنبوڵ دادەمەزرێنێت و ٢٠ ساڵ سەرۆکایەتی ئەو گروپە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا لە شارەوانی ئیستەنبوڵ کاریکردووە سه‌ره‌ڕای ئەوەی ئاستی خوێندنی کەم بووە، بەڵام دەستێکی زۆر باڵای لە نەخشەسازیدا هەبووە.

چه‌ند هه‌وڵیاندا بیكه‌نه‌ تورك به‌ڵام نه‌یانتوانی
بە هۆی تایبەتمەندیەکانیەوە، سەرنجی ڕۆژنامەنووسانی ئەو کاتەی تورکیا ڕادەکێشێت و لە ساڵی ١٩١٣دا ڕۆژنامەنووسێکی تورک بە ناوی عەبدوڵا جەودەت چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا دەکات و وەک هاوڵاتیەکی تورک کە خاوەنی ژیانێکی تایبەتە پێناسەی دەکات، بەڵام زارۆ ئاغا لە چاوپێکەوتنەکەدا تورکبوونی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، 'من کوردم'.

لە ساڵی ١٩٢٩دا خوێندکارانی خوێندنگای پیشەیی ئیستەنبوڵ بۆ نیشاندانی ڕیکلامێکی جلوبەرگ داوا لە زارۆ ئاغا دەکەن بەشداری لە ڕیکلامەکەیاندا بکات و ڕۆڵی بەتەمەنترین تورکی پێدەدەن، بەڵام زارۆ ئاغا لە ڕیکلامەکەدا دەڵێت، 'من بەتەمەنترین کوردم نەک تورک'. دوای ئەوەی بە ڕیکلام و چاوپێکەوتنەکان ناوبانگی دەرکرد، بڕیار دەدات بە جلوبەرگی کوردی بەشداری لە هەموو بۆنە و بانگهێشتەکاندا بکات.

زارۆ ئاغا بانگهێشتی ئەمریکا و ئەوروپا کرا
بەو شێوەیە زارۆ ئاغا ڕۆڵی سەرەکی لە ڕیکلامی شتومەک و کاڵاکاندا دەبینێت و ڕیکلامەکانی بۆ ٥ – ٦ زمان وەردەگێڕدرا. دوای ئەوەی وەک یەکێک لە بەتەمەنترین مرۆڤەکانی جیهان ناوبانگی دەرکرد، سەرمایەداران و دەوڵەمەندان بانگهیشتیان کرد بۆ ئەوروپا و ئەمریکا.

 

لە ساڵی ١٩٢٥ لە سەر بانگهێشتی ژمارەیەک سەرمایەدار دەچێتە ئەوروپا. لە ساڵی ١٩٢٥ بۆ ١٩٣١ لە ئەوروپا و ئەمریکا دەمێنێتەوە و لەوێ دەست بە کاری شانۆگەری دەکات.

لە ئەمریکا سەرنجی میدیاکان ڕادەکێشێت و ژمارەیەک چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکرێت. لە چاوپێکەوتنەکاندا داوای وه‌رگێڕی کوردی – ئینگلیزی دەکات و لە ڕۆژنامەکانی ئەمریکادا وەک (بەتەمەنترین هاوڵاتی کورد نەک بەتەمەنترین هاوڵاتی تورک) دەناسرێت.

لە ئەمریکا تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ دەبێت و بە سەختی بریندار دەبێت، دوای چارەسەركردن دەگەڕێتەوە بەریتانیا و پاش ماوەیەک لە لایەن ئەو سەرمایەدارانەی کە بانگهێشتیانکردبوو، پشتگوێ دەخرێت. بێ ئەوەی ببێتە خاوەنی هیچ سامانێك لەساڵی ١٩٣١ دەگەڕێتەوە ئیسته‌نبوڵ.

 

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تووشی نەخۆشی دەبێت و لە ساڵی ١٩٣٤ لە نەخۆشخانەی شیشلی ئیستەنبوڵ کۆچی دوایی دەکات.

هەواڵی کۆچی دوایی زارۆ ئاغا لە ڕۆژنامە جیهانیەکاندا بە مانشێتی 'بەتەمەنترین پیاوی جیهان' کۆچی دوایی کرد، بڵاوبووەوە. دوای ئەوەی پشکنین بۆ تەرمی زارۆ ئاغا دەکرێت، دەردەکەوێت بەهۆی نەخۆشی گورچیلەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.

بۆ ئەوەی للێکۆلینەوە لە هۆکاری تەمەندرێژی زارۆ ئاغا بکرێت، مێشک و جگەر و دڵی دەردەهێنرێت و دەنێردرێت بۆ ئەمریکا. دوای لێکۆلینەوە مێشکی زارۆ ئاغۆ دەهێنرێتەوە بۆ تورکیا و لە مۆزەخانەی سوڵتان ئەحمەد هەڵدەگیرێت، بەڵام دوای چەند ساڵێک دەشاردرێتەوە.

 

لە زارۆ ئاغایان پرسیوە، هۆکاری تەمەندرێژی خۆت بۆ چی دەگەڕێنیتەوە، ئەویش لە وه‌ڵامدا دەڵێت، "من تەنیا نان و ماست دەخۆم".

سەرچاوەکان:
ڕوهاد ئالاکۆن، بەتەمەنترین مرۆڤی جیهان: زارۆ ئاغا، چاپ و ڕاگەیاندنی ئاڤێستا ٢٠٠٩
رۆهاد ئالاکۆن، کوردەکانی ئیستانبوڵی کۆن، ئاڤێستا ١٩٩٨
مەولود چەلەبی، ئەو مرۆڤەی بەتەمەنترین پیاوی جیهان بوو: زارۆ ئاغا، ٢٠١٠