ڕاپۆرتی کوردستانی

07:19 - 17/09/2019

ریزێك بۆمبى ته‌وقیتكراو له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسدا‌

پەیسەر

قوباد تاڵه‌بانى له‌بێده‌سه‌ڵاتى نیگه‌رانه‌و له‌ده‌رگاى حزبه‌كه‌یى داوه‌، وه‌زیره‌كانى یه‌كێتى له‌ده‌ست بێده‌سه‌ڵاتییان هاواریانه‌و ده‌ڵێن رێگرییان لێده‌كرێت، یه‌كێتى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ رێككه‌وتنى لایه‌نه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، پارتى له‌كه‌ركوك كشاوه‌ته‌ دواوه‌و ئاماده‌نییه‌ پارێزگار بداته‌وه‌ یه‌كێتى كۆبوونه‌وه‌شى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى راگرتووه‌، له‌سه‌ر لیستى هاوبه‌شى كه‌ركوك ناكۆكن و تائێستا پارتى له‌ ده‌ره‌وه‌ى گفتوگۆكانه‌، بافڵ تاڵه‌بانى له‌به‌غدا ئۆبشنى مامه‌ڵه‌ى سه‌ربه‌خۆى له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى سلێمانى خستووه‌ته‌ڕوو، پارتى له‌وه‌ نیگه‌رانه‌.

دیمه‌نێكى ئاڵۆز

دیمه‌نى ئه‌م چه‌ندرۆژه‌ى شانۆى سیاسى ئاڵۆزتر ده‌رده‌كه‌ون، هێدى هێدى دیمه‌نه‌ گه‌وره‌كه‌ى حكومڕانى تیمى نوێى حكومه‌ت روونده‌بێته‌وه‌و كێشه‌ى نوێ چێده‌بن، پێده‌چێت كێشه‌كانى یه‌كێتى و پارتى به‌قوڵى خزابێتنه‌ نێو كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانییه‌وه‌، بۆیه‌ش هه‌رزوو یه‌كریزى كابینه‌كه‌ ته‌قه‌ى تێكه‌وت، سه‌ردانه‌كه‌ى بافڵ تاڵه‌بانى بۆ به‌غداو راگه‌یاندنى ده‌ستپێشخه‌رى نوێ بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدى، هاوكات له‌گه‌ڵ نیگه‌رانى تیمى یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت له‌ بێده‌سه‌ڵاتییان و ئاشكرابوونى مه‌رجه‌ زۆره‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، بێ مه‌به‌ست نییه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر تاڵه‌بانى بژارده‌ى ئه‌وه‌ى پێشكه‌ش به‌ عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ولێرو به‌غدا نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن ده‌كرێت، به‌غدا مامه‌ڵه‌ى راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى سلێمانى بكات و شایسته‌ داراییه‌كانى بنێرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكه‌ كه‌ عه‌بدولمه‌هدى بێ ئه‌مریكا ناینێت، بۆیه‌ش وه‌ڵامه‌كه‌ى به‌وجۆره‌ بووه‌، ئه‌وان له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌مریكییه‌كانیش ئه‌م بژارده‌یان لا په‌سه‌ند نییه‌.

نیگه‌رانییه‌كانى یه‌كێتى ناژمێردرێن

یه‌كێتى نۆ مانگ پێكهێنانى حكومه‌تى په‌كخست، چونكه‌ پێى وابوو حكومه‌ت پێكبێت، كارتى له‌ده‌ستنامێنێت بۆ ناچاركردنى پارتى به‌دانه‌وه‌ى پارێزگارى كه‌ركوك به‌ یه‌كێتى، یه‌كێتى ئه‌و كارته‌ى له‌كیسچوو، حكومه‌ت درووستبوو به‌تیمێكى لاوازى یه‌كێتى-یه‌وه‌، پارێزگاریش دانه‌نراوه‌و دواى واژۆكردنى سێ رێككه‌وتنى تیمى زه‌ردو سه‌وز یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاش نه‌كرا، یه‌كێتى به‌ده‌ستى به‌تاڵ له‌ رێككه‌وتنه‌كان ده‌رچوو.

له‌دۆخێكدا كه‌ ململانێكان له‌سه‌ر كۆنگره‌ توندتر ئه‌بن، ئاسان نییە یەکێتی هه‌ڵوێستى به‌كۆمه‌ڵ وه‌ربگرێت

قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ده‌سه‌ڵات داماڵدراوه‌، ده‌سه‌ڵاتى خه‌رجكردن، گۆڕینى به‌رپرس، دامه‌زراندن و خانه‌نشینكردنى نییه‌. به‌ یاداشتێكى پر له‌ نیگه‌رانى بۆ مه‌كته‌ى سیاسى شه‌رحى حاڵى خۆى كردووه‌. وه‌زیره‌كانى یه‌كێـتى دیسان یاداشتێكیان داوه‌ته‌ حزبه‌كه‌یان، ده‌ڵێن، سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌ستى به‌ستوون و جیاوازى ده‌كات له‌نێوان وه‌زیره‌كانى پارتى و یه‌كێتى و رێگرییان لێده‌كرێت، سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بۆئه‌مانه‌ تائێستا وه‌ڵامێكى پێنه‌بووه‌، جگه‌ له‌ داواكردنى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى به‌ڵام جارێ داواكه‌ په‌سه‌ندنه‌كراوه‌و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى راگیراوه‌.

خالید شوانى كه‌بڕیاربوو له‌ پشكى یه‌كێتى بكرێته‌ وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، ناونیشان و ده‌سه‌ڵاتى دیارینه‌كراوە، ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود بڕیاربوو له‌ پشكى یه‌كێتى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ناوچه‌ى كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم وه‌ربگرێت، جارێ پۆسته‌كه‌ى پێ نه‌دراوه‌. هه‌موو ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ له‌دۆخێكدایە یه‌كێتى به‌چڕوپڕى سه‌رگه‌رمى كۆنگره‌یه‌و به‌و هه‌مووكێشه‌ راناگات كه‌ هه‌یه‌تى،  لەکاتێکدا ململانێكان له‌سه‌ر كۆنگره‌ تادێت توندئه‌بن، ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و حزبه‌ هه‌ڵوێستى به‌كۆمه‌ڵ وه‌ربگرێت، به‌رامبه‌ر ئه‌و كێشانه‌ى له‌ حكومه‌ت دووچارى بوون.

پارتى چى ده‌وێت؟

ئه‌و دۆخه‌ى پارتى رووبه‌ڕووى یه‌كێتى كردووه‌ته‌وه‌، لێكه‌وته‌ى كێشه‌ى كۆنى نێوانیانه‌، پارتى هه‌ندێك نیگه‌رانى سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتى رێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام گرێكه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ نییه‌، ریزێك كێشه‌ى گه‌وره‌ درووست بكات، ماوه‌یه‌كى كه‌میشه‌ یه‌كێتى له‌و رێككه‌وتنه‌ پاشه‌كشه‌ى كردووه‌، كێشه‌كان زنجیره‌یین و زۆرینه‌یان ئه‌چنه‌وه‌ بۆ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر. پارتى هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات له‌ كه‌ركوك نه‌خشه‌یه‌كى نوێى سیاسى دروست بێت كه‌چیتر یه‌كێتى باڵاده‌ست نه‌بێت، ده‌خوازێت یه‌كێـتى سزاى ١٦ی  ئۆكتۆبه‌ر وه‌ربگرێت، چونكه‌ هه‌ڵبژاردن دوورنییه‌، بۆئه‌وه‌ش هه‌ركارتێك بییه‌وێت تاقیده‌كاته‌وه‌. 

پارتى خواستى زۆرى هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى بخزێت بۆ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌

پارتى پێى وایه‌، یه‌كێتى له‌دانوستانه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت زیاد له‌به‌شى خۆى بردووه‌ به‌هۆى ئه‌و فشاره‌ زۆرانه‌ى كردى له‌پارتى، ته‌نانه‌ت ئه‌و بۆچوونه‌ له‌نێو پارتى هه‌بوو كه‌ پارتى سازشى زۆرى كردووه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌ له‌قاڵبدانى تیمى یه‌كێتى، رێگه‌نه‌دات تیمه‌كه‌ به‌هێزه‌وە له‌ حكومه‌ت جموجوڵ بكه‌ن و ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ پێچه‌وانه‌ بكاته‌وه‌.

سه‌رۆكى حكومه‌ت نایه‌وێت هاوشێوه‌ى نێچیرڤان بارزانى، ته‌نها سه‌رۆكى حكومه‌تى ناوچه‌ى جێپێگه‌ى پارتى بێت، پارتى خواستى زۆرى هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى بخزێت بۆ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌. له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پارتى پێداگرى زۆر ده‌كات بۆئه‌وه‌ى به‌هێزه‌وه‌ به‌شدارى حكومه‌تى خۆجێیى بێت، ده‌یه‌وێت ئه‌و وێنه‌یه‌ بسڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ سنوورى سه‌وز پارتێكى بێده‌سه‌ڵاته‌. له‌سلێمانى پارتى دوو بژارده‌ى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م یه‌كێتى، كاتێك یه‌كێتى داواى لێكردووه‌ هاوكارى بێت بۆ گۆڕینى پارێزگارى سلێمانى، پارتى گوتویه‌تى با بۆ حكومه‌تى خۆجێیى سلێمانى رێككه‌وتنى سێ قۆڵى بكرێت له‌نێوان ئه‌و لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمیان پێكهێناوه‌، ئه‌گه‌رنا رێككه‌وتنى گۆڕان و یه‌كێتى جێبه‌جێبكه‌ن. كه‌واته‌ پارتى خواستى زۆرى هه‌یه‌ له‌ حكومه‌تى خۆجێیى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ ره‌گ دابكوتێت.

سه‌رۆكى حكومه‌ت نایه‌وێت هاوشێوه‌ى نێچیرڤان بارزانى، ته‌نها سه‌رۆكى ناوچه‌ى جێپێگه‌ى پارتى بێت

پارتى نایه‌وێت وه‌ك دووه‌مێكى كاریگه‌ر هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى به‌ڕێوبه‌رێت، پێى وایه‌ یه‌كه‌مییه‌كه‌ى به‌رێژه‌ى دووقات و زیاتر ره‌هایه‌و ده‌بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ره‌نگ بداته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و خواستانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى زیاتر و ئه‌و ناكۆكى بێمتمانه‌ییه‌ى پێشتر هه‌بووه‌ له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى ئێستا به‌سه‌ر كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانیدا كه‌وتوون. ئه‌مه‌ له‌دۆخێكدا كه‌ پرسى ده‌ستووریش له‌ گۆڕێیه‌و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌ڵێت، به‌نیازه‌ له‌م خوله‌ هه‌رێمى كوردستان بكاته‌ خاوه‌نى ده‌ستوور، جگه‌له‌وانه‌ش بیرۆكه‌یه‌كى ناكۆكى له‌سه‌ر جاروبار دێته‌ سه‌ر شانۆى سیاسى، ئه‌ویش دروستكردنى ئه‌نجومه‌نێك بۆ پارتیه‌ سیاسییه‌كان كه‌ دیارنییه‌ په‌یوه‌ندى پێكهێنه‌ره‌كانى حكومه‌ت به‌ چ ئاستێك ده‌گه‌یه‌نێت.

كێشه‌كان زۆرو ئاڵۆزن، ئه‌گه‌ر خواسته‌ حزبییه‌كان ره‌وتى گفتوگۆكان دابپۆشن، دوورنییه‌ هه‌ڵبژاردن، ده‌ستوور، بیرۆكه‌ى ئه‌نجومه‌ن و ئه‌و ده‌رده‌دڵییانه‌ى یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت هه‌یه‌تى به‌جارێك به‌رووى پرۆسه‌ى سیاسدا بته‌قنه‌وه‌و ئه‌و هیوایانه‌ى خه‌ڵك به‌ حكومه‌تى نوێیان هه‌یه‌، له‌ساتێكى كه‌مدا له‌باربچن.