ڕاپۆرتی کوردستانی

10:21 - 15/12/2018

توركيا ناتوانێت خۆرهەڵاتى فوڕات بكاتە عەفرين‌

پەیسەر

رۆژ 12 كانوونی دووەمى ٢٠١٨ جارێكی دیكە رەجەب تەيب ئەردۆگان سەرۆككۆمارى توركيا هەڕەشەی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر خۆرهەڵاتی فوڕات نوێ كردەوە. هەڕەشەكەی ئەردۆگان راستەوخۆ پەیوەندی بە واژۆكردنی ترەمپ لەسەر یاسای پاراستنی كەمینەكان لە عێراق و سوریاوە هەيە. لە رووى مەيدانيشەوە پەيوەندى بە ئەگەرى راگەياندنى ناوچەيەكى دژە فڕين هەيە لەسەر ئاسمانى خۆرئاوادا.

ئەردۆگان لە ميانەى كۆبوونەوەى لوتكەى پيشەسازيە بەرگرى و سەربازيەكانى توركيا سووربوونى وڵاتەكەى لەسەر پاككردنەوەى ناوچەى خۆرهەڵاتى فوڕات لە تيرۆريستان دووپات كردەوە. 
ئەمە يەكەمين جارنيیە رەجەب تەيب ئەردۆگان هەڕەشەى داگيركردنى خۆرهەڵاتى فوڕات دەكات، بەڵام هەڕەشەى ئەمجارە (١٢ كانوونى يەكەمى ٢٠١٨) جياوازە لە جارانى پێشووتر، چونكە لە رووى سياسيەوە ئەردۆگان لە سازشكردن لەبارەى كورد و خۆرئاواى كوردستان لەگەڵ ئەمريكا بێ هيواتر دەبێت.

رۆژى سێشەممە ١١ كانوونى يەكەمى ٢٠١٨، دوو هەواڵ ميدياى نێودەوڵەتى گەرم كرد، كە هەردووكيان بەدەر بوون لە ويستى ئەردۆگان. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى ئەمريكا واژۆى لەسەر ياساى پاراستنى كەمايەتيەكان كرد لە عێراق و سوريادا، كە لە كۆنگرێسى ئەمريكى بە پشتگيرى نوێنەرە كۆمارى و ديموكراتەكان دەنگى بۆ درابوو.

هەروەها برێت ماكگۆرك نوێنەرى سەرۆكى ئەمريكا بۆ شەڕى داعش لە كۆنفڕانسێكدا لە واشنگتۆن رايگەياند:" هێزەكانى ئەمريكا دواى داعش لە سوريا ناكشێنەوە، تاوەكو سەقامگيرى بۆ پاراستنى دەستكەوتەكان گەرەنتى نەكەن".

رۆژى دواتريش ١٢ كانوونى يەكەم كۆلۆنێڵ روب مانينغ گووتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمريكا رايگەياند كە پڕۆسەى دروستكردنى چەند خاڵێكى چاودێرى لەسەر سنوورى باكوورى سوريا لەگەڵ توركيادا كۆتايى پێهاتووە.

كە ئەمەشيان بە كردەوە بە واتاى ئاستەنگكردنى هەر هەوڵێكى توركيا دێت بۆ پەلاماردانى خۆرئاواى كوردستان و خۆرهەڵاتى رووبارى فوڕات. واتە هەر ئۆپراسیۆنێكى سەربازى توركيا بۆ سەر ئەم ناوچەيە بەر لەوەى دژ بە هێزەكانى پاراستنى گەل (يەپەگە) بێت دژ بە سوپاى ئەمريكايە.
ترسى گەورەى ئەردۆگان بە فەرميكردنى ناوچەى دژە فڕينە لە خۆرهەڵاتى فوڕاتدا
جيهان شێخ ئەحمەد گوتەبێژى هێزەكانى سورياى ديموكراتى (قسد) بۆ "پەيسەر پرێس" پشتگيرى خۆى بۆ دامەزراندنى ناوچەيەكى دژە فڕين لە باكوورى سوريادا رادەگەينێت كە دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم ئۆپراسیۆنەكانى توركيادا.

لە كۆنگرەى گردبوونەوەى عەفرين كە لە رۆژى ٢ كانوونى يەكەمى ٢٠١٨ لە شارۆچكەى عاموودا بە ئامادەبوونى كۆمەڵێك كەسايەتى و پسپۆرى نێودەوڵەتى بەسترا و تيايدا تاوتوێى جنيۆسايد و دەربەدەركردنى كورد لە عەفرين كرا، داوا لە ئەمريكا كرا ناوچەيەكى دژە فڕين لە باكوورى سوريادا رابگەينێت.
هەروەها جێمس جێڤرى نوێنەرى تايبەتى ئەمريكا لە ٥ ئەم مانگە دواى كۆبوونەوەيەكى چەند لايەنى لەبارەى قەيرانى سوريادا رايگەياند:" چەند پێشنيارێك دەربارەى سوريا لەبەردەستى سەرۆك ترەمپ دايە. يەكێك لە پێشنيارەكان وەكو ئەوەى لە باكوورى عێراقدا جێبەجێكراوە لە سورياشدا جێبەجێبكرێت". مەبەستى جێفرى دامەزراندنى ناوچەى دژە فڕين بوو بۆ پاراستنى كورد لە هێڕشەكانى سوپاى سەدام حوسێن لە ساڵى ١٩٩١.

فڕين لەسەر ئاسمانى خۆرئاوا قەدەغەيە
فڕۆكەكانى هاوپەيمانى نێودەوڵەتى بەڕێبەرايەتى ئەمريكا لەم ماوەيەى دواييدا رۆژانە لەسەر سنوورى خۆرئاواى كوردستان لەگەڵ توركيادا دەفڕن. ئەمەش لە بە واتاى ئاستەنگكردنى فڕۆكەكانى توركيا دێت كە ئەگەر نيازيان هەبێت هێڕشى ئاسمانى ئەنجام بدەن. بە گوێرەى زانياريەكانى (پەيسەر پرێس) لەم ماوەيەى دوايى سوپاى ئەمريكا لە كۆبانێ بگرێ تا قاميشلۆ بە درێژايى سنوور قەرەقوڵى دروستكردووە و هامەر و ئۆتۆمبێلى سەربازى جێگيركردووە.

كەسايەتيەكى سياسى بە بيانووى ئەوەى ناتوانێ لەم بارەيەوە قسە بۆ راگەياندنەكان بكات بۆ (پەيسەر پرێس دەڵێت:" لەم چەند رۆژەى دواييدا فڕۆكەكانى هاوپەيمانان لە بەرزايەكى زۆر نزمدا لە گرێ سپى بگرە، تا دەگاتە كۆبانێ، قاميشلۆ و دێرك و سنوورى هەرێمى كوردستان، بە ئامسانى ناوچەكەدا دێن و دەچن". (پەيسەر پرێس) بۆ وەرگرتنى زانيارى زياتر پەيوەندى بە چەند فەرماندەيەكى (قەسەدە – يەپەگە) كرد بەڵام ئامادەنەبوون لەمبارەيەوە هيچ لێدوانێك بدەن.
لەگەڵ هەموو ئەمانە راى گشتى كوردانى سوريا لەناوخۆى خۆرئاوا و لە ئەوروپاشدا داوا لە ئەمريكا و هاوپەيمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش دەكەن:" بەدرێژايى سنوورى خۆرئاوا لەگەڵ توركيا ناوچەيەكى دژە فڕين دروست بكرێت".

ناوچەى دژە فڕين بەبێ ئەوەى رابگەيندرێت دروستكراوە
وێنە و ڤيديۆى جێگيركردنى سيستەمى دژە فڕۆكە و رادارى ئەليكتڕۆنى لە كۆبانى لەم رۆژانەى دواييدا لەلايەن هێزەكانى ئەمريكادا لە سۆشيال ميديا بڵاودەكرێتەوە. 
لەلاى خۆيەوە ئەمريكا، بەر لە ئێستا رايگەياندووە كە لە بنكە سەربازيەكانى كۆبانێ، حەسكێ و شەدادى سيستەمى دژە فڕۆكە و رادارى ئەليكتڕۆنى جێگيركردووە. لە ڤيديۆيەكدا كە لە سۆشيال ميديا بڵاوكرايەوە، دەردەكەوێت كە بارهەڵگرێكى سەربازى ئەمريكى سيستەمى رادار بۆ كۆبانێ دەگوازێتەوە. لە ڤيديۆكەدا فەرماندارێكى ئەمريكى لەبارەى دامەزراندنى سيستەمى رادارى دەڵێت:" بۆ ئەوەيە ئەمريكا لە ناوچەكە چاودێرى فڕۆكە جەنگيەكان بكات".

توركيا دەزانێت كە سيستەمى دژە موشەكى ئەمريكا لە ناوچەكەدا بۆ رێگرتنە لە هەر هێڕشێكى ئاسمانى توركيا بۆ سەر خۆرئاواى كوردستان. بەر لە چەند رۆژێك ماڵپەڕى (IMP NEWS) لە هەواڵێكيدا بڵاوى كردەوە كە هێزەكانى ئەمريكا لە خۆرئاواى كوردستان بۆ رێگاگرتن لە هيچ بەركەوتنێك داوايان لە توركيا كردووە فڕۆكە جەنگيەكانى بە دوورى یەك كم و هەليكۆپتەريش بە دوورى ٣٠٠ م خۆيان نزيكى سنوورى سوريا نەكەون.

لە منبج تا دێرەزور
تا ئێستا وەزارەتى بەرگرى ئەمريكا (پەنتاگۆن) دروستكردنى چەندين بنكەى سەربازى لە خۆرئاوا و باكوورى سوريادا راگەياندووە، كە هەرە دواييان دامەزراندنى بنكەيەكى سەربازى بوو لە منبج. ويليام روباك كە يەكێكە لە نوێنەرانى هاوپەيمانيەتى نێودەوڵەتى لەدژى داعش لە رۆژانى رابردوودا، لە لێدوانێكيدا دەڵێت:" تا داعش بە تەواوەتى لەناو نەچێت لە سوريا دەمێنينەوە". هەرچەندە بە فەرمى دامەزراندنى ناوچەيەكى دژە فڕين لە منبج تا دێرەزور راشنەگەياندرابێت، بەڵام جێگيركردنى ئەو هەموو رادار و سيستەمە دژە ئاسمانيیە مۆنتاژكردنى بەفەرمى كردنى ئەو پڕۆسەيەيە.

ئەمريكا، لە تل بايدار خۆرئاواى كوردستان، هەروەها لە هەردوو ناوچەى كۆبانێ و سرين سێ سيستەمى رادارى پێشكەوتوو، هەروەها ١٣ رادارى چاودێرى و دۆزينەوەى فڕۆكەى جێگيركردووە. يەكێك لە هۆكارە سەرەكيەكانى هەڕەشەى توركيا بۆ سەر خۆرهەڵاتى فوڕات كە رووبەرەكەى ٢٦ هەزار كم چوارگۆشەيە، دامەزراندنى ناوچەيەكى دژە فڕين و جێگيركردنى سيستەمى راداريە لەگەڵ مووشەكى دژە فڕۆكە، كە ئەمەش بە كردەوە وەڵامە بۆ هەڕەشەكانى توركيا.  

ماوەيەكە بەردەوام كاربەدەستانى رووسى جەخت لە هەوڵەكانى ئەمريكا دەكەنەوە بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێكى كوردى لە خۆرهەڵاتى فوڕاتدا. بانگەشەى بەرپرسانى رووسى، لە دامەزراندنى ناوچەيەكى دژە فڕين سەرچاوە دەگرێت كە هێشتا بە فەرمى رانەگەيندراوە. رووسيا لەدژى ئەم هەنگاوەى ئەمريكا دەوەستێتەوە، ئەمريكاش ئەمە بە فەرمى راناگەينێت. فڕۆكەكانى رووسيا ناتوانن بەسەر خۆرئاواى فوڕاتدا بفڕن بەبێ مۆڵەتى ئەمريكا. لەلاى خۆشيانەوە سوريا و توركيا لەلايەن ئەمريكا ئاگادار كراونەتەوە، كە تخوونى ئەم ناوچەيە نەكەون.  


٤٠ هەزار شەڕڤانى ديكە مەشقى پێدەكرێت

ئەمريكا پێيوايە بۆ سەقامگيركردنى ناوچەكە پێويستە هێزێكى ٤٠ هەزار كەسى ديكە لە خەڵكى ناوچەكە پەروەردە بكرێت. جۆسێپ دانفۆڕد سەرۆكى ئەركانى سوپاى ئەمريكا، رايگەياند لەناوچەكەدا مەشق بەو هێزانە دەكەن كە لە شەڕى دژ بە داعش كارابوونە. هەروەها رايگەياند ئەوان تا ئەمڕۆ مەشقيان بە هەشت هەزار ئەندامى هێزەكانى سورياى ديموكراتى كردووە.
لە ميانەى كۆبوونەوەيەكدا لە واشنگتۆن جۆسێپ دانفۆرد سەرۆك ئەركانى سوپاى ئەمريكا گووتى:" بۆ ئەوەى سەقامگيرى لە خۆرهەڵاتى سوريادا بەرقەرار ببێت، چاوەڕێ دەكرێت ٣٥ – ٤٠ هەزار كەس لە هێزەكانى ناوچەكە مەشقيان پێبكرێت. تا ئێستا ٢٠% ئەم پڕۆسەيە تەواو بووە". دانفۆرد ئەم بڕيارەى بە هەبوونى ئەندامانى داعش لە خۆرهەڵاتى سوريادا بەستەوە و دەربارەى پرسيارەى كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكاش لە خۆرئاواى كوردستاندا گووتى:" پلانێكى بەم شێوەيە لە ئارادانيیە".

قسد: ژمارى شەڕوانان گەيشتۆتە ٧٠ هەزار كەس

هێزەكانى سورياى ديموكراتى (قسد) كە هێزەكانى پاراستنى گەل (يەپەگە) بڕبڕەى پشتى ئەم هێزەيە ژمارەى شەڕوانانى گەيشتۆتە ٧٠ هەزار كەس. گووتەبێژى قسد گابرائيل كينۆ لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانيدا رايگەياند كە ژمارەى هێزەكانيان گەيشتۆتە ٧٠ هەزار كەس. 

گووتەبێژى قسد دەڵێت:" جگە لەو ٧٠ هەزار شەڕڤانە، بەدەيان هەزار هێزى ئاسايش و ناوخۆ هەيە. كاتێك پێويستى هەبێت ئەم هێزە ئامادەيە بۆ بەرەكانى جەنگ. لەم رووەوە مەشق و راهێنانيان پێدەكرێت".

كينۆ جەختى لەوە كردەوە كە لەگەڵ ئەمريكا بۆ قۆناغى دواى داعش رێككەوتنيان كردووە و هێزەكانى ئەمريكا لەناوچەكەدا دەمێنەوە. 

بە گوێرەى ئەو هەموو زانيارى و لێدوانانەى سەرەوە، توركيا ناتوانێ هێڕش بۆ سەر خۆرهەڵاتى فوڕات ئەنجام بدات. جموجۆڵە سياسيەكان و هەنگاوە پراكتيكيەكانى ئەمريكا لە خۆرئاواى كوردستان سەرچاوەى نيگەرانى توركيايە. هێشتا نەگەيشتووينەتە ئەو ئاستەى بڵێين پەيوەندى توركيا – ئەمريكا بە بەراورد لەگەڵ ٥٠ ساڵەى رابردوو پێچەوانەوە دەبێتەوە، بەڵام ئاماژەكانى تێكچوونى پەيوەنديەكان و گوێنەدان بە هەڕەشەكانى توركيا لەلايەن ئەمريكا بەدەركەوتوون. دواى هەڕەشەكانى ئەردۆگان لە ١٢ ئەم مانگەدا بۆ يەكەم جارە دەبينين كاربەدەستانى سياسى و سەربازى ئەمريكا بەيەك دەنگ دەڵێن "مايەى قەبوڵ كردن نيە".

ئەوەى ديارە ئەردۆگان تەواو بێ هيوا بووە، بۆيە ناچارە بەچەند جوڵەيەكى سەربازى لە دەرەوەى خۆرهەڵاتى فوڕات دڵى خۆى بداتەوە. هێڕشە ئاسمانيەكانى سەر مەخمور، شەنگال لە شەوى ١٣ لەسەر ١٤ ئەم مانگە، بەردانەوەى ئاوى رووبارى خابوور بۆ ژێر ئاو كەوتنى سەرێكانيێ نيشانەى بێچارەيى ئەردۆگانە.

دووريشنیيە لەچەند رۆژى داهاتوو، بە رێككەوتن لەگەڵ رووسيا كە ئەويش خەريكە زۆربەى كارتەكانى لە سوريادا دەدۆڕێنێت توركيا هێڕش بكاتە سەر ناوچەى (شەهبا) لە خۆرئاواى فوڕاتدا كە ناوچەى هەژموونى رووسيايە لە سوريادا و زۆربەى ئاوارەكانى عەفرين لێى دەگيرسێنەوە. ميدياى دەوڵەت و دەسەڵاتى توركياش ئامادەكراوە بۆ ئەوەى هێڕش بۆ سەر ئاوارە عەفرينيەكان لە شەهبا وەكو سەركەوتنێكى مێژوويى لە قەڵەم بدات.