ڕاپۆرتی کوردستانی

06:06 - 14/09/2019

شه‌ش ئاڵنگارى به‌رده‌م تیمى نوێى خانه‌ى راپه‌ڕاندن‌

پەیسەر

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وێستگه‌یه‌كى دیكه‌ى له‌ دواى كۆچى دوایى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك ره‌خنه‌و ستایشه‌وه‌ تێپه‌ڕاند، ده‌سته‌یه‌كى نوێى بۆ به‌ڕێوه‌بردنى بزوتنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵبژارد، خانه‌ى نوێى راپه‌ڕاندن، نیوه‌ كۆیه‌كى ده‌موچاوى نوێن و رێكخه‌ریش له‌ شوێنى خۆى بۆ دووساڵى دیكه‌ مایه‌وه‌. تیمه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ئاڵنگارى و گرێوگۆڵى ئاڵۆزدان، له‌ قۆناغێكدا ئه‌ركداركراون كه‌ دۆخى گۆڕان ئه‌گه‌رچى كه‌مێك گیرساوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌رده‌م مه‌ترسى نێو گه‌وره‌تربوونى كێشه‌كانى پێشوودایه‌.

كاردانه‌وه‌كان بۆ خانه‌ى نوێ

هه‌ڵبژاردنى خانه‌ى راپه‌ڕاندن وه‌ك زۆربه‌ى پرسه‌كانى دیكه‌، خاوه‌ن بۆچوونه‌كانى به‌سه‌ر دووبه‌ره‌دا دابه‌شكردووه‌، ئه‌و به‌ره‌ى ره‌خنه‌ ده‌گرن و پرۆسه‌كه‌یان پێ خراپه‌، چه‌ند بیانوویه‌ك باس ده‌كه‌ن(رێكخه‌رى گشتى سه‌ره‌ڕاى زۆریى ره‌خنه‌كان جارێكى دیكه‌ مایه‌وه‌، جڤاتى نیشتیمانى خۆى شه‌رعییه‌تى له‌ده‌ستداوه‌ ناتوانێت خانه‌ى راپه‌ڕاندن دیاریبكات، هه‌ندێكیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ده‌رفه‌تى یه‌كسان نه‌ره‌خساوه‌ بۆئه‌وه‌ى هه‌ركه‌س بییه‌وێت خۆى كاندید بكات). ئه‌وانه‌شى كه‌ ستایشى پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن پێیان وایه‌( گۆڕان له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا توانیویه‌تى دووجار سه‌ركردایه‌تى هه‌ڵبژێرێت، خانه‌ى نوێ چوار كه‌سى نوێى تێدایه‌و گه‌نج هێندراوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ مانه‌وه‌ى رێكخه‌رى گشتى پێویسته‌).

شه‌ش ئاڵنگارى به‌رده‌م خانه‌ى نوێ

یه‌كه‌م: خانه‌ى نوێى راپه‌ڕاندن نه‌هاتوونه‌ته‌ سه‌ر خه‌رمانى دواى ئاشتى، ژماره‌یه‌كى زۆر هه‌ڵسوڕاو و به‌رپرسى گۆڕان نیگه‌رانن له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌، ئه‌و ستافه‌ نوێیه‌ له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌دایه‌ كه‌ ئایا ده‌توانێت زویره‌كان ئاشتبكاته‌وه‌، یاخود ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌و ئینشیقاقدا، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ئاڵنگارییه‌ رووبه‌ڕووى ئه‌م تیمه‌ نوێیه‌ ده‌بێته‌وه‌، زۆربه‌ى هه‌ڵسوڕاوان چاوه‌ڕێى چاره‌ى ئه‌م ده‌رده‌ن و ده‌یانه‌وێت بزوتنه‌وه‌كه‌ رازى و ناڕازى تێدا نه‌مێنێت و هه‌موویان له‌ده‌ورى پرۆژه‌كه‌ كۆببنه‌وه‌.

 ئه‌م تیمه‌ كه‌وتوون به‌سه‌ر نیگه‌رانى بێشومارو گه‌وره‌ى خه‌ڵكدا

دووه‌م؛ ئه‌م تیمه‌ كه‌وتووه‌ به‌سه‌ر دۆخێكدا كه‌تێیدا نیوه‌ى ده‌نگه‌كانى بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ده‌ست چوون، جا به‌هۆى ته‌زویر، بایكۆت، یاخود درووستبوونى هێزى دیكه‌وه‌بێت، ئه‌مه‌ش ئاڵنگارییه‌كى دیكه‌یە، ئه‌م تیمه‌ ده‌بێت كار بۆ قورسكردنه‌وه‌ى ته‌رازووى ده‌نگه‌كانى گۆڕان بكه‌ن، ناوخۆى گۆڕان و ده‌زگاكانى رێكبخه‌نه‌وه‌و هه‌وڵ بده‌ن بچنه‌ ناو خه‌ڵك و ئه‌و ده‌نگانه‌ له‌كیش چوون، بگه‌ڕێننه‌وه‌، له‌كاتێكدا تا ئه‌م ساته‌ نیگه‌رانى زۆر له‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ئه‌داى گۆڕان هه‌یه‌. ئه‌م تیمه‌ كه‌وتوون به‌سه‌ر نیگه‌رانى بێشومارو گه‌وره‌ى خه‌ڵكدا، ده‌بێت له‌م دۆخه‌دا مامه‌ڵه‌ى لێزانانه‌ بكات بۆئه‌وه‌ى وه‌ك پێشوو بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌رێته‌ ناوخه‌ڵك.

سێیه‌م؛ گره‌وى رێككه‌وتنى چوونه‌ حكومه‌ت و په‌یوه‌ندى هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ پارتى، یه‌كێكى دیكه‌ له‌ ئاڵنگارییه‌كانى ئه‌م تیمه‌یه‌، به‌وپێیه‌ى دووساڵى ته‌مه‌نى ئه‌م تیمه‌، سه‌نگى مه‌حه‌كه‌ بۆ سه‌یركردنى ئه‌نجامى رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى و هاوبه‌شیى گۆڕان له‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌م تیمه‌ ئه‌ركیه‌تى له‌یه‌ك كاتدا په‌یوه‌ندییه‌كى هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ پارتى درێژه‌ پێبدات و له‌هه‌مان كاتیش نیگه‌رانییه‌كان كه‌متربكاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌چوونه‌ حكومه‌ت، له‌ئه‌گه‌رى هه‌ر پێشهاتێك كه‌ زیان به‌ هاوبه‌شى گۆڕان بگه‌یه‌نێت، یاخود به‌پێچه‌وانه‌ى چاوه‌ڕوانییه‌كانى گۆڕانخوازان بێت، تیمى نوێى خانه‌ى راپه‌ڕاندن ده‌بێت چاره‌سه‌رى ئه‌وتۆى لابێت. به‌كورتى ئه‌م تیمه‌ ئه‌بێت به‌ده‌ستێك دڵى خه‌ڵك راگرێت و نزیكییه‌كه‌ى گۆڕان و خه‌ڵك بپارێزێت، به‌ ده‌ستێكیش سه‌رقاڵى كاركردن بێت له‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌وڵى سه‌رخستنى تیمه‌كه‌ى بدات و نێوانى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ده‌سه‌ڵات بپارێزێت. 

دووساڵى ته‌مه‌نى ئه‌م تیمه‌، سه‌نگى مه‌حه‌كه‌ بۆ سه‌یركردنى ئه‌نجامى رێككه‌وتنه‌كه‌یان لەگەڵ پارتی

چواره‌م؛ په‌یوه‌ندییه‌كانى گۆڕان و یه‌كێتى له‌ئاستێكى خراپدایه‌، هه‌ردوولایه‌ن له‌ حكومه‌تى خۆجێیى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌ى گه‌رمیان و راپه‌ڕین، هاوبه‌شن، پرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و گۆڕان و ساغكردنه‌وه‌و یه‌كلابوونه‌وه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌، ئاڵنگارییه‌كى دیكه‌یه‌ له‌به‌رده‌م گۆڕان، به‌تایبه‌ت ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌ك بێت یه‌كێتى باشتر بهێنێته‌پێش له‌ رابردوو كه‌ جێبه‌جێینه‌كرد، له‌هه‌مان كات نزیكبوونه‌وه‌كه‌ ده‌بێت به‌ جۆرێك بێت، له‌یه‌ك كاتدا هاوسه‌نگى له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتى بپارێزێت، له‌هه‌مان كاتدا گۆڕان وه‌ك هێزێكى دۆستى هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان بمێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ى دواییان ئه‌ركێكى گران نییه‌. گۆڕان له‌ هه‌مانكاتدا پێویستى به‌ دروستكردنى په‌یوه‌ندى دیبلۆماسى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌ كه‌له‌م رووه‌وه‌ لاوازه‌.

چاوه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى گۆڕان ده‌بن سەبارەت بە دەستوورو بیرۆکەی ئەنجومەنی سیاسی

پێنجه‌م؛ هه‌ڵبژاردنى تیمه‌كه‌ له‌سه‌روه‌ختى گه‌رمبوونى باسوخواسى ده‌ستوور و بیرۆکەى درووستكردنى ئه‌نجومه‌نێكیشه‌ بۆ پارته‌ سیاسییه‌كان، گۆڕان به‌درێژایى ته‌مه‌نى خۆى هه‌ستیارى زۆرى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دوو بابه‌ته‌، زۆرینه‌ى زۆرى ئه‌و خواستانه‌ى له‌رابردوو و ئێستا بۆ چه‌سپاندنى سیسته‌مى په‌رله‌مانى هه‌بوون، رووبه‌ڕووى ئه‌م خانه‌یه‌ ده‌بنه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى گۆڕان ته‌نها هێزى مه‌ده‌نیى هاوبه‌شه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و هاوبه‌شى یه‌كێتى و پارتى-یه‌. چاوه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى گۆڕان ده‌بن، كه‌ ئایا چۆن دانوستان له‌سه‌ر ده‌ستوور ده‌كات و چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ى ئه‌نجومه‌نێك ده‌كات بۆ پارته‌ سیاسییه‌كان له‌كاتێكدا له‌ده‌سه‌ڵاتدایه‌.

شه‌شه‌م: رێكخستنه‌وه‌ى حزب و بووژانه‌وه‌ى ئۆرگانه‌كانى له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى خانه‌ى راپه‌ڕاندنە، سه‌رتاپاى ئۆرگانه‌كانى حزبه‌كه‌ پێویستیان به‌نوێبوونه‌وه‌یه‌، ئه‌و نوێبوونه‌وه‌یه‌ش ده‌بێت به‌جۆرێك بێت یه‌كریزییه‌كانى بزوتنه‌وه‌كه‌ بپارێزێت و به‌هێزى بكات، ئه‌مه‌ ئه‌ركێكى قورس نییه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێى په‌یڕه‌وو رێنماییه‌كان بێت، به‌ڵام ئه‌ركێكى گرنگ و هه‌ستیاره‌و ده‌بێت هه‌رچى زووه‌ ئه‌م خانه‌یه‌ پێى هه‌ڵبستێ.

خانه‌ى نوێى راپه‌ڕاندنى گۆڕان، تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ ئه‌زموونى به‌رپرسه‌كانى پێشوو و وزه‌ى گه‌نجه‌كان، پێده‌چێت نه‌فه‌سێكى نوێى هه‌بێت بۆ كاركردن و هه‌وڵى پیشاندانى جیاوازى بدات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر هه‌ركام له‌و ئاڵنگارییانه‌ى له‌به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌كه‌ن، چاره‌نوسى ئه‌م خانه‌یه‌ و ئاینده‌ى كاركردنیان روونده‌كاته‌وه‌.