05:30 - 07/09/2019
بیرۆكه‌ى ئه‌نجومه‌نى سیاسیى حزبه‌كانى خستووه‌ته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه
باس‌وخواسى درووستكردنى ئه‌نجومه‌نێكى سیاسى بۆ حزبه‌كانى هه‌رێمى كوردستان گه‌رمتربووه، حزبه‌كان بۆچوونى فه‌رمییان نه‌دركاندووه، به‌ڵام ناوه‌ناوه به‌رپرسه‌كانیان قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌ندێك ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ندێكیش په‌سنى بیرۆكه‌كه ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ناوخۆى پارتیش كه وه‌ك خاوه‌نى پرۆژه‌كه باسده‌كرێت، قسه‌ى جیاواز هه‌یه، دوودڵى ئه‌وه‌ش هه‌یه بیرۆكه‌ى ئه‌نجومه‌نێكى له‌وجۆره هاوشێوه‌ى كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم دیسانه‌وه دۆخى سیاسى سه‌ره‌و بن بكاته‌وه.
دوو بۆچوونى دژ به‌یه‌ك
ئه‌وانه‌ى درووستكردنى ئه‌نجومه‌نێكى له‌مجۆره‌یان پێ خراپه، پێیان وایه له هیچ سیستەمێكى پێشكه‌وتوو، یاخود له وڵاته دیموكراسییه‌كاندا ئه‌نجومه‌نى له‌وجۆره نییه، مه‌ترسى ئه‌وه‌ش هه‌یه ئه‌نجومه‌نێكى له‌مجۆره دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانى وه‌ك سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان بكات به ژێره‌وه‌و ببن به سێبه‌رى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه، له‌كاتێكدا شه‌رعییه‌تى له گه‌ل وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌مانه زۆرینه‌ن و ناوه‌ناوه‌ش چه‌ند كه‌س و به‌رپرسێك باسى له گرنگى هه‌بوونى ئه‌نجومه‌نێكى له‌م جۆره ده‌كه‌ن له‌پێناو پێكه‌وه‌یى و هه‌ماهه‌نگى لایه‌نه‌كاندا.
پارتى چى ده‌وێت؟
په‌یسه‌ر پێشتر زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه، كه بیرۆكه‌ى دروستكردنى ئه‌نجومه‌نێكى له‌مجۆره بیرۆكه‌ى پارتی-یه، به‌پێى پرۆژه‌كه‌ش مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نه‌كه ده‌بێت، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه قسه‌و بڕیار‌و راسپارده‌ى ده‌بێت له‌سه‌ر پرسه چاره‌نوسسازه‌كان. به‌ڵام دواتر پارتى به فشارى وڵاتانى وه‌ك، ئێران، توركیا، عێراق، ئه‌مریكا و ئێران، پرۆژه‌كه‌ى راگرت و هه‌وڵیدا له‌رێگه‌ى لایه‌نه‌كانى نزیكى خۆیه‌وه، به به‌رگێكى جیاوازه‌وه ئه‌نجومه‌نه‌كه بێنێته‌وه به‌رباس.
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود سكرتێرى حزبى سۆسیالیست وه‌ك هاوپه‌یمانى نزیكى پارتى، ئه‌م خواسته‌ى له‌رێگه‌ى بۆچوونى خۆیه‌وه به‌یانكرد و باسى له گرنگى درووستكردنى ئه‌نجومه‌نێكى له‌م جۆره‌ى كرد.
دوو قسه‌ى جیاواز له پارتی-یه‌وه
ناوەڕاستی مانگى رابردوو عه‌لى عه‌ونى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى، له گوتارێكیدا له ماڵپه‌ڕ پارتى، نوسیبووى:"پارتی ھەرگیز بیر لە ئەنجومەنێکی حیزبەکان ناکاته‌وه بۆ جێگرتنەوەی دامودەزگا حکوومیەکان، بارزانی سەرەڕای ئەو ھەموو دژایەتییە، رێبەری حیساب بۆ کراوی کوردستانە و ژمارەیەکی گەورەیە لە سیاسەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. بارزانی پێویستیی بەو ئەنجومەنە نایاساییانە نییە". دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵێكى په‌یسه‌ر كه باسیله‌وه‌كردبوو پارتى پلانى دووه‌م جێبه‌جێده‌كات و ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى لایه‌نه‌كانى دیكه‌وه پرۆژه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه بێنێته‌وه پێش به كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارییه‌وه، عه‌لى عه‌ونى جارێكى دیكه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌ركه‌وته‌وه.
عه‌ونى دیسان له میدیاى حزبه‌كه‌یه‌وه، جه‌ختیكرده‌وه كه بیرۆكه‌ى له‌مجۆره له ئارادا نییه‌و ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێت چه‌واشه‌كارییه. دواى رۆژێک له‌و گوتانه، نورى حه‌مه‌عه‌لى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى لێدوانێكى بۆ پێگه‌ى سلێمانى دابوو كه ته‌واو جیاوازبوو له قسه‌كانى عه‌لى عه‌ونى، حه‌مه‌عه‌لى گووتبووى:"بوونی ئەنجومەنێكى له‌مجۆره زۆر زەروورە، ئەو ئەنجومەنە دەتوانێت پرسە گرنگ و ھەستیارەکانی ھەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە، بەپێی پێوەری ژمارەی دەنگ و کورسی پەرلەمانیش، ئەوە گومانی تێدا نییە کە مەسعود بارزانی دەبێت بەسەرۆکی ئەنجومەنی حزبە کوردستانییەکان".
ئایا ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى پارتى به راسپارده‌ى سه‌رووى خۆیان لێدوانى جیاوازیان داوه؟ یاخود كامیان له‌سه‌ر بنه‌ماى زانیارى قسه‌ى كردووه‌و كامیان بێ ئاگان؟ ئایا بۆچوونى فه‌رمى پارتى كامه‌یان ته‌به‌نى ده‌كات؟ عه‌لى عه‌ونى له میدیاى فه‌رمییه‌وه ئه‌و قسانه‌ى كردووه، به‌ڵام قسه‌كانى نورى حه‌مه‌عه‌لى رۆژێك دواى قسەکانی عه‌لى عه‌ونى بوو، قسه‌كانى نوێترن واته ئه‌وه‌ى پێش خۆى به‌جۆرێك ره‌تده‌كاته‌وه، كه پارتى بیرۆكه‌ى له‌وجۆره‌ى نه‌بێت. ئه‌وه‌ش په‌رده له‌سه‌ر بابه‌تێكى جێگه‌ى مشت‌ومڕ لاده‌دات له‌نێو خودى پارتیش كه خاوه‌نى بیرۆكه‌كه‌یه.
یه‌كێتى نایپه‌رژێته سه‌ر دۆخه‌كه
كاتێك له‌بڕیاری ریفراندۆم و دیاریكردنى رۆژه‌كه‌ى دراو مقۆمقۆى دواخستنى هه‌بوو، هه‌مووان چاویان له‌بڕیارى یه‌كێتى بوو، چونكه ته‌نها حزب بوو له‌گه‌ڵ پارتى مابووه‌وه‌و هێزى سێیه‌مى هه‌رێمى كوردستان بوو، كه‌پێگه‌ى سه‌ربازى هه‌یه. ئێستا ئه‌وحزبه به جۆرێك به بابه‌تى كۆنگره‌وه سه‌رقاڵه ناتوانێت هیچ بابه‌تێك ساغ بكاته‌وه، بۆیه‌ش پێناچێت ئه‌و حزبه به‌مزووانه بۆچوونى فه‌رمى سه‌باره‌ت به‌م ئەنجومەنە هه‌بێت.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى:"یه‌كێتی به‌فه‌رمی تائێستا باسی ئه‌و پرسه‌ی له‌ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی نه‌كردووه، به‌ڵام بۆچوونی من ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌دامه‌زراوه‌ی تر نییه كه له‌سه‌رووی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه بێت، ئه‌وه‌ى هه‌یه سیستمێكی سیاسییه كه هه‌رێم، به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌رێوه‌ده‌بات پێویست ناكات ئاڵۆزبكرێت". یه‌كێتى پێناچێت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بتوانێت خاوه‌نى یه‌ك بۆچوون بێت، به‌وپێیه‌ى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانى په‌یوه‌ندى زۆریان له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه، به‌شێكیشیان له‌وه‌زیاتر هه‌ژموونى پارتییان پێ خۆش نییه.
گۆڕان هه‌ڵوێستى ناڕوونه
به‌پێى گوتار‌و بانگه‌شه‌كانى رابردوو بێت، گۆڕان بیرۆكه‌یه‌كى له‌مجۆره ره‌تده‌كاته‌وه، له رابردووش به‌شدارنه‌بووه له‌و كۆبوونه‌وانه‌ى كه به‌ناوى پارته سیاسییه‌كانه‌وه له سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌كران و ئه‌نجومه‌نى باڵاى ریفراندۆمیشى ره‌تكرده‌وه‌و بایكۆتى كرد، به‌ڵام بۆ ئه‌م بیرۆكه‌یه تائێستا هه‌ڵوێستى فه‌رمى ده‌رنه‌بڕیوه، رێككه‌وتنێكى سیاسیشى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه كه باسى ئه‌و بابه‌ته‌ى تێدانه‌كراوه، به‌ڵام رێككه‌وتوون كه به‌سازان ئه‌و پرسانه یه‌كلابكه‌نه‌وه.
كاردۆ محه‌مه‌د هه‌ڵسوڕاوى باڵاى گۆڕان له چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ ئه‌نادۆڵ، دروستكردنى ئه‌نجومه‌نێكى به‌ناوى ئه‌نجومه‌نى دانایان به گرنگ زانیبوو. به‌ڵام چه‌ند رۆژێك دواتر شۆڕش حاجى، ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى گۆڕان، به توندى بیرۆكه‌ى له‌مجۆره‌ی ره‌تكردبووه‌وه‌و گوتبووى بۆچوونى تایبه‌تى خۆى پشت به پره‌نسیپه‌كانى گۆڕان ده‌به‌ستێت كه بیرۆكه‌ى له‌مجۆره په‌سه‌ندناكات. پێناچێت سه‌ركردایه‌تى گۆڕان-یش بتوانێت به‌زووى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته خۆى ساغ بكاته‌وه. به‌شێكى زۆرى هه‌ڵسوڕاوه‌كان بیرۆكه‌ى له‌مجۆره‌یان لاپه‌سه‌ند نییه.
یه‌كگرتووش له‌دوڕیانێكى دیكه‌دایه
بۆ یه‌كگرتووى ئیسلامى كه ئۆپۆزسیۆنبوونى هه‌ڵبژاردووه‌و به‌نیازى هه‌ستانه‌وه‌یه، ئه‌م بابه‌ته هه‌ستیارى زۆرى هه‌یه. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌میندارى یه‌كگرتوو ئۆكه‌ى بۆ بیرۆكه‌كه كردووه، به‌ڵام له‌نێو ئه‌و حزبه‌ش راجیایى هه‌یه. هادى عه‌لى سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی ئه‌و بیرۆكه‌ى ره‌تكربووه‌وه، به‌ڵام دیسان گوتبووى ئه‌و به‌ناوى خۆیه‌وه قسه ده‌كات.
هادى عه‌لى به ده‌نگى ئه‌مریكاى گوتبوو:"وه‌ك بۆچوونی خۆم لێره‌دا قسه‌بكه‌م ئه‌وه‌یه كه ئێستا پێكهاته‌ی دامه‌زراوه‌كانی سیستمی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌مووی هه‌یه له په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هیچ بۆشاییه‌كی ده‌ستوری نابینرێت كه له‌ده‌ستوردا جێگای بۆ بكرێته‌وه تا دامه‌زراوه‌یه‌كی تری بۆ دروست بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه ئه‌و دامه‌زراوه ده‌ستورییانه‌ی كه هه‌ن له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وانه ده‌بێت مه‌رجه‌ع بن و به‌هێز بكرێن، پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێك بۆ لایه‌نه سیاسیه‌كان به پێیوست نازانم".
كۆمه‌ڵ بیرۆكه‌كه‌ى لا په‌سه‌ند نییه
ئه‌گه‌رچى بۆچوونى فه‌رمییان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نه‌بووه، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر كۆمه‌ڵ بیرۆكه‌ى له‌مجۆره ره‌تده‌كاته‌وه‌و نایه‌وێت ئه‌نجومه‌نى له‌مجۆره هه‌بێت، وه به‌نیازە له ئه‌گه‌رى دروستكردنى بایكۆتى بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌یه كه كۆمه‌ڵ بڕیارى رێكخستنى په‌یوه‌ندییه‌كانى داوه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌و رێكخستنه‌وه‌یه په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانى بارزانى و عه‌لى باپیر چاك بكاته‌وه‌و سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى تێبكه‌وێت، دیار نییه ئاخۆ ئه‌وكات كۆمه‌ڵ بۆچوونى ده‌گۆڕێت یاخود نا.
به‌پێى لێدوانى به‌رپرسان و بێده‌نگى حزبه‌كان بێت، ئه‌م بابه‌ته هه‌ستیارى زۆرى هه‌یه، پێده‌چێت قه‌یرانێكى دیكه به‌رۆكى پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان بگرێت، ماوه‌یه‌كى زۆرنییه رێككه‌وتنى لایه‌نه‌كان بۆ درووستكردنى حكومه‌ت مه‌ییوه‌و دۆخى سیاسى كه‌مێك ئه‌هوه‌ن بووه‌ته‌وه، ئایا كۆسپى ئه‌نجومه‌نێكى سیاسى له‌وجۆره جارێكى دیكه هاوشێوه‌ى كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم یارییه‌كه سه‌ره‌وبن ده‌كاته‌وه، یاخوود حزبه‌كان له‌سه‌ر به‌ڕه‌یه‌ك كۆده‌كاته‌وه؟