ڕاپۆرتی کوردستانی

06:27 - 13/12/2018

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كورده‌ی مامۆستای قۆریاتی توركمانیی بوو له‌ كه‌ركوك‌

پەیسەر

ئومێد نه‌جم

كورده‌ و ئه‌ندازیارى گۆرانى قۆریاتى توركمانییه‌، له‌ كه‌ركوك تا كۆتایى ته‌مه‌نى به‌ جلوبه‌رگه‌ كوردییه‌ كه‌ركوكییه‌كه‌یه‌وه‌ قوریاتى وت، ده‌نگێكى دیارى سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆى بوو به‌ڵام بارودۆخى قۆناغى ئه‌و رێگه‌ى نه‌دا ئه‌رشیفێكى زۆر به‌جێبهێڵێت، ئه‌و ره‌شیدى كوڵه‌ ره‌زایه‌، كه‌ گۆرانى كه‌سى دیكه‌ى نه‌وت و خۆى داهێنه‌رى كاره‌كانى بووه‌.

رشید كوله ره‌زا ده‌نگێكى ناوازه‌یى نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى 20 بووه‌ له‌ كه‌ركوك، مامۆستاى قۆریاتى توركمانى بووه‌، ئه‌و به‌ره‌چه‌ڵه‌ك كورده‌  زۆربه‌ی گۆرانی (به‌سته‌) و قۆریاته‌كانی به‌ توركمانی گوتووه‌، ئه‌شقه‌ زۆره‌كه‌ى بۆ گوتنى قۆریات وایكردبوو، توركمانه‌كان به‌ هونه‌رمه‌ندى خۆیانى بزانن، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر به‌رده‌وام به‌ مشكی و جامانه‌ و كه‌واو سه‌ڵته‌كه‌یه‌وه‌ هونه‌ره‌كه‌ى پێشكه‌شده‌كرد.

رشید  قۆریات و مه‌قامات له‌ ئه‌مین باغه‌وان فێربووه‌، گۆرانی كه‌سی دیكه‌ى نه‌ده‌وت ده‌نگێكی جیاواز و جه‌ماوه‌ر و گوێگرێكی زۆری هه‌بوو، زۆربه‌ی جۆره‌كانی قۆریاتی گوتووه‌ له‌وانه‌، كورده‌ (كوردۆ)، یۆڵچی، موچه‌ڵا، عیده‌له‌، نۆباتچی، كاسوك، به‌شیری، موخالف.
ئاشنابوون به‌ هونه‌ری قۆریات(خۆریات)

قۆریات (هه‌ندێك ده‌ڵێن خۆریات) ئاوازێكه‌ له‌ مه‌قامه‌وه‌ ده‌رده‌چێ، ده‌كرێت بڵێین قۆریات رۆحی مه‌قامه‌، ئه‌م هونه‌ره‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ له‌ دایك بووه‌ و بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌ولێر و به‌غدا و توركیا ناسراوه‌، مێژووییه‌كی كۆنی هه‌یه‌ مه‌قام و قۆریات ناسنامه‌ی هونه‌ری كه‌ركوكه‌، قۆریات چوارینه‌یەكی شیعرییه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان به‌ ئاوازێكی تایبه‌ت و ئیقاعی مۆسیقیه‌وه‌ به‌ زمانی توركمانی ده‌وترێت، له‌ به‌غدا قۆریات وه‌ك مه‌قامێكی سه‌ربه‌خۆ ناسراوه‌، كورد ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌م هونه‌ره‌ تاكو ئه‌وه‌ی ناوی یه‌كێک له‌ قۆریاته‌كان به‌ناوی كورده‌وه‌یه‌ (قۆریات كورده‌ یان كوردۆ).

زۆربه‌ی قۆریاتبێژه‌كانی كه‌ركوك كورد بوون، به‌ڵام به‌ توركمانی وتوویانه‌ له‌وانه‌ (شه‌ڵتاغ، مه‌لا وه‌لی، مه‌لا ته‌ها، مه‌لا محەمەد تۆپاڵ، مسته‌فا قه‌ڵایی، ڕه‌شه‌ی كوڵه‌ ڕه‌زا، عوسمان ته‌پله‌باش، مامۆستای مه‌قامات عەلی مه‌ردان، شاره‌زای هونه‌ری قۆریاتی توركمانی بوو، حه‌مه‌ درێژ، صدیق به‌نده‌ غه‌فور، هابه‌، هیشام، ئیسماعیل ته‌رزی و چه‌ند كه‌سێكى دیكه‌ش.

قۆریات چه‌ند جۆرێكه‌ كه‌ نزیكه‌ی بیست ناوی قۆریات هه‌یه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌سه‌ر مه‌قامێكه‌ له‌وانه‌
*قۆریاتی (به‌شیری، یه‌تیمی، قزل) هه‌رسێكیان له‌سه‌ر (مه‌قامی راست)ه‌.
*قۆریاتی (كاسوك، قه‌ره‌باغلی، موخالف كه‌ركوك، ئه‌سكه‌نده‌ری) له‌سه‌ر (مه‌قامی سێگا)یه‌.
*قۆریاته‌كانی (نۆباتچی، موچه‌ڵا، ده‌للی حه‌سانی) ئاوازه‌كه‌ی له‌سه‌ر (مه‌قامی حیجاز)ـه‌.
*قۆریاتی (كورده‌، یۆڵچی، عیده‌له‌، مه‌زان، ماله‌ڵا، عومه‌ره‌ گه‌له‌) له‌سه‌ر (مه‌قامی به‌یات)ـه‌.
*قۆریاتی (مه‌تاری) له‌سه‌ر (مه‌قامی چوارگا)یه‌.

گۆرانییه‌ كوردییه‌كانی ره‌شیدى كوڵه‌

ڕه‌شید كوڵه‌ ڕه‌زا له‌ماوه‌ی ساڵانی 1888_1974 ژیاوه‌، هه‌ندێك له‌ هاوسه‌رده‌مه‌كانى باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ڕه‌شه‌ له‌ عه‌شیره‌تی جافه‌، خۆی گوتوویه‌تی "من خه‌ڵكی دێی قه‌یته‌وانم و ئه‌سڵم كورده‌".

له‌ساڵی 1957 ئاهه‌نگێكی بۆ (شێخ فازڵ تاڵەبانی) كردووه‌، له‌و ئاهه‌نگه‌دا مۆزیكژه‌ن ئیلهام مه‌ردان كه‌مانی بۆ لێداوه‌ و عیزه‌دین نیعمه‌ت، دومبه‌ك-ی بۆ لێداوه‌، له‌وێدا چه‌ند به‌سته‌ و گۆرانی فۆلكلۆری گوتووه‌ وه‌ك (ئه‌ی خودا له‌م ئاگر بارانه‌، كوڵه‌نجه‌ كوڵه‌نجه‌)، جگه‌ له‌وه‌ گۆرانی (ئاغاو ئاغا و یار زه‌ینه‌ب زه‌ینه‌ب)ی به‌كوردی گوتووه‌، ده‌یان جار له‌دیوه‌خانی تاڵه‌بانییه‌كان گۆرانی قۆریاتی گوتووه‌، به‌ڵام ته‌نها كاسێتی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ وه‌ك ئه‌رشیف ماوه‌ته‌وه‌.

ره‌شید شاره‌زایه‌كى باشى له‌ مه‌قامیش هه‌بووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌قامه‌كانى (مه‌قام دیوان- ئورفه‌) و (مه‌قامی مه‌نصوری) ستایشی عه‌لی مه‌ردان-ی كردووه‌ و گوتویه‌تی "وه‌ستایه‌ له‌ مه‌قامات".

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ چالاكییه‌ كه‌مه‌كانى سه‌رده‌مى خۆى له‌ده‌ستنه‌داوه‌و هه‌ر چۆنێك بێت تێیاندا به‌هره‌ هونه‌رییه‌كه‌ى خۆى خستووه‌ته‌ڕوو، له‌ ساڵی 1963 له‌ناو قه‌ڵای كه‌ركوك به‌شداری كردووه‌ له‌ مه‌ولودێك كه‌ چه‌ندین مه‌قامبێژی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ركوك و هه‌ولێر به‌شداربوون، له‌وانه‌ مه‌لا محه‌مه‌د تۆپاڵ، مه‌لا عه‌بدوڵا لۆبیاچی، جه‌میل قاپقاپچی) ته‌نها به‌ ده‌ف، له‌و مه‌ولوده‌ ڕه‌شه‌ مه‌قام، دیوان و قۆریاتی خوێندووه‌.

ڕه‌شیدى كوڵه‌ و كچه‌ سه‌ماكاره‌كه‌

بەبۆنه‌ی ڕزگاربوونی عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌ هه‌وڵێكی كوشتن، ساڵی 1961 له‌ كه‌ركوك  ئاهه‌نگێك سازكرا، ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌سایه‌تی و به‌رپرسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ركوك به‌شداربوون، له‌وێدا ره‌شه‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك بانگهێشت كراوه‌و گۆرانیی و به‌سته‌ی گوتووه‌، محه‌مه‌د ره‌ئوف عودی بۆ ژه‌نیوه‌، له‌و ئاهه‌نگه‌دا كچێكى موسڵى به‌ناوى فاتیمه‌، سه‌مای كردووه‌ له‌گه‌ڵ ره‌شید، كه‌ بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى كاتژمێرێك له‌سه‌ر شانۆ گۆرانی و قۆریاتی گوتووه‌، چه‌ندین به‌سته‌ی كوردی و توركمانی گوتووه‌ وه‌ك (هه‌ی ئاغا و ئاغا و مه‌قام قه‌ره‌باغلی و به‌سته‌ی ئۆله‌م ئۆله‌م).

ڕه‌شید و مه‌قام و گۆرانی ئازه‌ری

ڕه‌شه‌ له‌ماوه‌ی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م سه‌رباز بووه‌ له‌ له‌شكرى عوسمانی، ماوه‌یه‌ك ئه‌سیر بووه‌، دوای ئازادبوونی له‌ زیندان ماوه‌یه‌ك له‌ ئازه‌ربایجان ژیاوه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ ته‌برێز بووه‌ مه‌قامات و ئاواز و گۆرانی ئازه‌ری فێر بووه‌، له‌وێ ئاشنا بووه‌ به‌ شێوازى مه‌قامات و هونه‌ری ئازه‌ری و مه‌قامى قه‌ره‌باغلی و به‌سته‌ی (ئولم ئولم) و (ئه‌ی باڵا باڵا) كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار ڕه‌شه‌ له‌ ئاهه‌نگه‌كانی كركوك گوتوویه‌تی، كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ ئازه‌ریه‌ و له‌وانه‌وه‌ فێر بووه‌.

ئاوازی زۆربه‌ی به‌سته‌ و گۆرانیه‌كانی، له‌سه‌ر ئیقاعی جۆرجینا یه‌. جۆرجینا ریتمێكی مۆسیقایه‌ كه‌ ئاوازه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌یه‌ (دوم ته‌ ته‌ك دوم ته‌ك)، ده‌یان گۆرانی و به‌سته‌ی رۆژهه‌ڵاتى، توركی، كوردی، عه‌ره‌بی و توركمانی، له‌سه‌ر ئه‌م ئیقاعه‌یه‌.

ڕه‌شه‌ باڵای كورت بووه‌ بۆیه‌ پێیان گوتووه‌ (كوڵه‌)، كه‌سێكی خۆشه‌ویست بووه‌ له‌ناو خه‌ڵك، له‌ش ولارێكی به‌هێزی هه‌بووه‌، سه‌خی ته‌بیعه‌ت بووه‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ ئاهه‌نگه‌كانی ده‌ستی ده‌كه‌وت به‌سه‌ر هه‌ژاران دابه‌شی ده‌كرد، چاییخانه‌یه‌كی هه‌بووه‌ له‌لای بازاڕی قازانچییه‌كانی كه‌ركوك بووه‌، بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌و ئیشه‌ی به‌رده‌وام بووه‌، چاییخانه‌كه‌ی جێی كۆبوونه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانی هونه‌ری مه‌قام و قۆریات بووه‌.

دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی بووه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانییه‌كانی كه‌ركوك له‌ نموونه‌ی (شێخ حه‌سیب تاڵه‌بانی، شێخ حه‌بیب، شێخ فازل تاڵەبانی)، زۆربه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كانی كه‌ركوك ڕێزیان ده‌گرت و ده‌واتیان ده‌كرد تا گوێیان له‌و ده‌نگى بێت، له‌وانه‌ (شامل یه‌عقوبی كه‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌ركوك بوو، حاكم موعته‌سه‌م كه‌ ئه‌مه‌ی دواییان دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى بوو له‌ كه‌ركوك، زۆر دۆستی ڕه‌شه‌ بوو، زۆرجار ده‌ینارد به‌ شوێنیدا تاكو گوێی له‌ قۆریات و به‌سته‌كانی بێت.

له‌بۆنه‌ فه‌رمییه‌كان ره‌شید بانگهێشتده‌كرا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك تاكو گۆرانی و قۆریات بڵێت، موته‌صه‌ریفی كه‌ركوك  یوسف چیا‌و پاشا، ڕێزی لێده‌نا و حه‌زی له‌ده‌نگی بوو. ره‌شه‌ زۆر هاوڕێی و دۆستی قۆریاتبێژی توركمان عیزه‌دین نیعمه‌ت بووه‌ و به‌رده‌وام به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چوونه‌ ئاهه‌نگه‌كان، بۆماوه‌ی بیست ساڵ دومبه‌كی بۆ ڕه‌شه‌ لێداوه‌، له‌گه‌ڵ مسته‌فا  قه‌ڵایی و سدیق به‌نده‌ غه‌فور و سمه‌ به‌ربه‌ر و محمد گوڵ بۆی و چه‌ندین قوریاتبێژی كه‌ركوك ئاهه‌نگی ساز كردووه‌. له‌ كۆتاییه‌كانى ته‌مه‌نى حه‌جی ماڵی خودای كردووه‌، زۆربه‌ی ڕۆژانی جومعه‌ سه‌ردانی ته‌كیه‌ی تاڵه‌بانی كردووه‌، ساڵی 1974 كۆچی دوایی كردووه‌.

رشید كوڵه‌ ڕه‌زا و جه‌میل به‌شیر

ڕه‌شید كوڵه‌ ڕه‌زا، له‌ ساڵی 1959 له‌ ڕادیۆی به‌غدا به‌شی توركمانی كاسێتێكی تۆمار كردووه‌، كۆمه‌ڵێك قۆریات و به‌سته‌ی به‌ زمانی توركمانی بۆ ڕادیۆی به‌غدا تۆماركردووه‌ به‌ هاوكاری كه‌مانژه‌نی لێهاتوو جه‌میل به‌شیر، له‌وێدا مقامی قه‌ره‌باغلی، و چه‌ندین به‌سته‌ی وتووه‌ له‌وانه‌ به‌سته‌ی ئۆله‌م ئۆله‌م.

به‌ناوبانگترین گۆرانییه‌كانی

زۆربه‌ی گۆرانیه‌كانی ڕه‌شه‌ی كوڵه‌ ڕه‌زا، ئاوازه‌كه‌ی له‌سه‌ر نه‌غمه‌ی (مه‌قام به‌یات)ه‌، چه‌ند به‌سته‌یه‌كیش له‌سه‌ر (مه‌قام سێگا)یه‌.

*هه‌ی ئاغا و ئاغا (فۆلكلۆر- به‌سته‌ی مه‌قام راست)
*ئه‌ی خودا له‌م ئاگر بارانه‌ (فۆلكلۆر- به‌سته‌ی مه‌قام به‌یات)
* یار زه‌ینه‌ب زه‌ینه‌ب (فۆلكلۆر)
*كوڵه‌نجه‌ كوڵه‌نجه‌ (فۆلكلۆر- به‌سته‌ی مه‌قام چوارگاه‌)
* دڵه‌كه‌م غه‌مگینه‌ ( به‌سته‌ی مه‌قام سێگا)
* ئۆله‌م ئۆله‌م (ئاوازه‌كه‌ی ئازه‌رییه‌، نه‌غمه‌ی مه‌قامی (سێگا)یه‌، ڕیمتێكی شادی هه‌یه‌، له‌زۆربه‌ی ئاهه‌نگه‌كان ئاماده‌بووان داوای گوتنی ئه‌و به‌سته‌یه‌یان له‌ ڕه‌شه‌ ده‌كرد.
* خانم خانم (ئاوازی مه‌قام سێگا).
* بو خاڵ نه‌ خاڵدی به‌سته‌ی مقام به‌یاته‌، هونه‌رمه‌ند عه‌بدولواحید گۆزه‌چی، ئه‌م ئاوازه‌ی له‌ ڕه‌شه‌ وه‌رگرتووه‌ و له‌ڕادیۆی به‌غدا تۆماری كردووه‌.
* أیاغنده‌ دار شالوار
*بابا وایلله‌م واویل
* زه‌ینه‌بم، ئاوازه‌كه‌ی عه‌لی مه‌ردان دایناوه‌، ڕه‌شه‌ گوتوویه‌تی، له‌سه‌ر نه‌غمه‌ی مه‌قام به‌یاته‌.
*بلبل اوچار یواسنه‌
*یاغمور یاغار نواسنه‌
*من قربانم نواسنه‌، ئاوازی مه‌قامی به‌یات
* ای بالا بالا بالا
*خورده‌ خورده‌ یرغالا
*اورته‌ یرده‌ چار خالا، ئه‌م ئاوازه‌ ئازه‌ری یه‌ و ڕه‌شه‌ی كوڵه‌ ڕه‌زا، له‌ ئاهه‌نگه‌كانی كه‌ركوك گوتویه‌تی.
*سوسن مخمور یخه‌سی
*یوخدی لو یارك وفاسی
*سه‌ن بیر یه‌نا بیر یانا، به‌سته‌ی (نه‌غمه‌ی مه‌قام صه‌با)
*باخار قاپی زارننان
*گوزك كسمز یارننان) ئاوازه‌كه‌ی له‌سه‌ر (مه‌قام سێگا)یه‌.
* اغام سلیمان (به‌یات)
*سه‌له‌وك دامنان باخانه‌
*مسكنم اولوب چیخانه‌
*یار یمان سید قیزی شیخ گلینی (به‌یات)