ڕاپۆرتی کوردستانی

07:59 - 04/09/2019

عه‌ریزه‌.. تاقیكردنه‌وه‌ى دیكه‌ بۆ حكومه‌تى نوێ‌

پەیسەر

نوسراوێك له‌ ١٤ی٢ی٢٠١٩، له‌ نوسینگه‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى پێشووى حكومه‌ت و چه‌ند نوسراوێك له‌ وه‌زاره‌تى داد، مامه‌ڵه‌یه‌كى هه‌ستیار و ناكۆكى له‌سه‌ریان تێپه‌ڕاند، بێ چاودێرى په‌رله‌مان و ئاگاداریى پێشوه‌خت، كابینه‌ى پێشووى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ماوه‌ى كاربه‌ڕێكه‌ردا، به‌ نوسراوێكى ره‌زامه‌ندیى فه‌رمى سه‌رۆكى حكومه‌ت، به‌ گرێبه‌ستێك نرخى عه‌ریزه‌ى له‌ دوو هه‌زار دیناره‌وه‌ بۆ ٢٥ هه‌زار دینار به‌رزكرده‌وه‌.

پرۆژه‌كه‌ كه‌ى له‌دایك بوو؟

گرێبه‌سته‌كه‌ له‌ ٢٧ی شوباتى ئه‌مساڵ، له‌نێوان وه‌زاره‌تى داد و كۆمپانیاى(ئینفۆ ئار ئار)، واژۆكراوه‌، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى كابینه‌ى پێشووى حكومه‌ت پێش ئه‌نجامدانى گرێبه‌سته‌كه‌و له‌ رۆژى ١٤ی٢ی٢٠١٩، ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕیوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى گرێبه‌سته‌كه‌، كه‌ به‌ مه‌رجى به‌ ئه‌لیترۆنیكردنى مامه‌ڵه‌كان له‌ فه‌رمانگه‌كان و دانانى داتا سه‌نته‌رێكى ناوه‌ندى، ره‌زامه‌ندى سه‌رۆكى حكومه‌تى بۆ وه‌رگیراوه‌. به‌ڵام نرخه‌ زۆره‌كه‌ى راى گشتى هه‌ژاند و كه‌س به‌و دۆعایه‌ى نه‌گوت ئامین.

بۆچى ٢٥ هه‌زار؟

زۆرینه‌ى زۆرى هاوڵاتیان دژى زیادكردنى ١٢قاتى نرخى عه‌ریزه‌بوون، ئه‌گه‌رچى دواى نیگه‌رانییه‌كان كۆمپانیاكه‌ رایگه‌یاند، نرخه‌كه‌ى بۆ ١٥هه‌زار كه‌مكردووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هاوڵاتیان ئه‌و نرخه‌ش به‌ چه‌ند قاتى نرخى ئاسایى ده‌زانن. كۆمپانیاكه‌ ده‌ڵێت، پرۆژه‌كه‌ ته‌نها عه‌ریزه‌ نییه‌و به‌ستنه‌وه‌ى هه‌موو دادنوسه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، له‌گه‌ڵ درووستكردنى داتا سه‌نته‌ر و ئه‌رشیفكردن و هه‌ڵگرتنیش، جگه‌ له‌ به‌ڕێكردنى مامه‌ڵه‌ له‌ دائیره‌كان و درووستكردنى هۆڵى چاوه‌ڕوانى. ئینفۆ ئاڕ ئاڕ ده‌ڵێت، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى گشتیى ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ بۆ داشكاندنى نرخه‌كه‌ بۆ ١٥ هەزار دینار.

تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ حكومه‌تى نوێ

گرێبه‌سته‌كه‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى دیكه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى هاوڵاتیان گرێبه‌سته‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و داواى راگرتنى ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخه‌كه‌ بۆ ١٥ هەزار هه‌نگاوى دیكه‌ نه‌نراوه‌. چه‌ند په‌رله‌مانتارێك راسته‌وخۆ داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌كه‌یان كردووه‌و له‌رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه‌ داواى روونكردنه‌وه‌و وێنه‌ى گرێبه‌سته‌كه‌شیان له‌ حكومه‌ت كردووه‌.

"ئه‌مه‌ى ئێستا كراوه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنیكردن نییه‌"

سیروان بابان ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى:"له‌رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه‌ داواى گرێبه‌سته‌كه‌مان كردووه‌، من به‌دواى ئه‌م ئیشه‌دا ده‌ڕۆم و وازى لێناهێنم ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ڵكیش وازى لێبهێنن، حكومه‌تى ئێستا ده‌توانێت گرێبه‌سته‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، به‌جددى كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌م و به‌ ته‌نهاش بێت ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌م، بانگهێشتى په‌رله‌مانیان ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ سه‌ربگرێت ملیاره‌ها دینارى خه‌ڵك ده‌ڕوات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ى ئێستا كراوه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنیكردن نییه‌، بۆیه‌ داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌كه‌مان كردووه‌.

ئۆفه‌رى جیاواز له‌ كۆمپانیاكانه‌وه‌

دواى نیگه‌رانییه‌كانى هاوڵاتیان، دوو كۆمپانیا نوسراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا ئاماده‌یى خۆیان ده‌ربڕیوه‌ به‌ حه‌وت هه‌زار دینار ئه‌و كاره‌بكه‌ن. له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ێ نوێ له‌ نوسینێكدا گوتبووى، ئاماده‌ن كۆمپانیایه‌ك بهێنن به‌ سێ هه‌زار دینار ئه‌وكاره‌ بكات. حكومه‌ت وه‌ڵامى هیچ كام له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانى نه‌داوه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌رچى ئه‌و نرخانه‌ى كۆمپانیاكانى دیكه‌ باسى ده‌كه‌ن زۆر كه‌متره‌ له‌و نرخه‌ى حكومه‌ت و كۆمپانیاى ئینفۆ ئاڕ ئاڕ له‌سه‌رى رێككه‌وتوون. به‌گوته‌ى په‌رله‌مانتاران كاتى ئه‌نجامدانى گرێبه‌سته‌كه‌ش هیچ كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كى ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ڵكو بێ ئاگادارى كۆمپانیاى دیكه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ واژۆكراوه‌، ده‌رفه‌ت نه‌دراوه‌ به‌ كۆمپانیاكانى دیكه‌ تا ركابه‌رى بكه‌ن و به‌ نرخى كه‌متر بكرێت. 

وه‌زاره‌تى داد: ره‌چاوى به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیانمان كردووه‌

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى داد، پێى وایه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ى له‌و پرۆژه‌دا ره‌چاوى به‌رژوه‌ندییه‌كانى هاوڵاتیانى كردووه‌. نه‌ریمان تالیب گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى داد بۆ په‌یسه‌ر گوتى:"وەزارەتی داد وەكو بەشێك لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن ھەموو كاتێك لە خزمەتی ھاوڵاتیاندا بووە، بێگومان لەو ھەنگاوەشدا رەچاوی بەرژەوەندی ھاووڵاتیان دەكات، چونكە ئامانج لەو پرۆژەیە پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزارییە بە شێوەیەكی پێشكەوتوو". 

گوتیشى:"وه‌زاره‌تى داد ئەگەر ھەر كارو پرۆژەیەك بزانێت، لە خزمەتی ھاوڵاتیاندا نییە چاوی پیا دەگێڕێتەوە. ھەربۆیە پاش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم و وەزیری داد، فەرسەت ئەحمەد و پاش زنجیرەیەك كۆبوونەوە و تاوتوێكردن، نرخی خزمەتگوزارییەكە لە ٢٥ھەزار دینارەوە كرایە ١٥ھەزار دینار".

پرۆژه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌

سه‌ره‌ڕاى نیگه‌رانییه‌كانى خه‌ڵك، پرۆژه‌كه‌ له‌ دادنوسه‌كان جێبه‌جێده‌كرێت و به‌گوته‌ى په‌رله‌مانتاران پرۆسه‌كه‌ ئێستا ته‌نها پرێنتكردنى عه‌ریزه‌یه‌، نه‌ك به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنى پرۆسه‌كه‌، حكومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌نگاوى جددیان نه‌ناوه‌، دیارنییه‌ به‌بێده‌نگییه‌كان ئه‌و مامه‌ڵه‌ى كابینه‌ى پێشوو په‌سه‌ندده‌كه‌ن و وه‌ڵامى نیگه‌رانییه‌كانى خه‌ڵك ده‌ده‌نه‌وه‌، یاخوود زیادبوونى چه‌ند قاتى نرخى عه‌ریزه‌ ده‌كه‌نه‌ واقیع.