ڕاپۆرتی کوردستانی

03:21 - 13/12/2018

ئەگەرەكانی شكست و سەركەوتنی مەسرور بارزانی لە پۆستە نوێیەكەیدا‌

پەیسەر

زۆربەی ئەوانەی لە نزیکەوە مستەفا بارزانییان ناسیووە باسی ئەوە دەکەن کە کەسێکی قسە خۆش بووە، زۆرجار لە کۆبوونەوەکاندا نوکتەی گێڕاوەتەوە و تەنانەت بە نوکتەیەک هەڵوێستی سیاسیی دەربڕیوە، بەڵام مەسعود بارزانی کوڕی بە پێچەوانەوە کەسێکی جدیی و هاوکات عاتیفیشە، لەم نێوانەدا بەو جۆرەی کە تا ئێستا باسی مەسرور بارزانی دەکرێت، نە لە قسە خۆشیدا دەچێتەوە سەر باپیری و نە لەڕووی عاتیفیشەوە وەک باوکییەتی، بەڵکو تەنیا جدیی بوون و کەمدوێنییەکەی لە باوکی بۆ ماوەتەوە.

لە ساڵانی رابردوو و تا ئێستاشی لەگەڵدابێت کەسایەتیی مەسرور بارزانی لای زۆرینەی خەڵک بەم شێوەیە وێنادەکرێت: کەسێکی ئەمنیی و توندڕەوە و توانای قبوڵکردنی بیروبۆچوونی جیاوازی نییە، لاوازە لە تەعامولکردندا لەگەڵ سیاسییەکاندا و بە تایبەتیش لەگەڵ سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی، تەنانەت هەندێک لە سیاسییەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیش پێیانوایە مەسرور بارزانی لە پشتی زۆربەی ئەو بڕیارە هەڵانەوەیە کە باوکی داویەتی، یان دەڵێن کێشەیان لەگەڵ خودی مەسعود بارزانیدا نییە چونکە کەسێکە قسەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام مەسروری کوڕی پەشیمانی دەکاتەوە و رێگەی پێنادات هەموو بڕیارێک بدات و ...

چوار ساڵی داهاتووی دەسەڵاتی مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت دەریدەخات کە ئەو وێنەیە راستە کە تا ئێستا لەناو بەشێک لە کۆمەڵگادا هەیەتی یان بە پێچەوانەوە نەیارەکانی ئەو وێنەیان لێ دروست کردووە، هەربۆیە لەم چوارساڵەدا بارزانی کوڕ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە.

لە دوای کاندیدکرانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت لەلایەن پارتییەوە، میدیاکانی پارتی و بە تایبەتیش ئەو میدیایانەی نزیکن لە مەسرور بارزانییەوە هەوڵدەدەن سیمای کەسێکی جدی لە ناوبراو وێنا بکەن کە دەیەوێت حکومەتێکی بەهێز دروست بکات و دەستی هەندێک کەسی گەندەڵی نزیک لە بەرپرسانی حیزب کورت بکاتەوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە بۆ خۆبەپاڵەوانکردن رەنگە هەندێک لە کەسانی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی کە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون سزا بدات، باوکیشی هەندێک ئامادەکاری باشی بۆ کردوە، بۆ نمونە لە دواین وتاریدا لە دهۆک بارزانی باسی لەوەکرد کە هەنگاوی گەورە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری دەنرێت، یان بەر لە ماوەیەک لەگەڵ خۆی بردی بۆ بەغدا و بە لایەنە عێراقییەکانی ناساند.

هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن کە مەسرور بارزانی لە چوار ساڵی داهاتوودا لەبەردەم هەندێک درەفەت و هەندێکیش ئاڵنگاریدایە، چ بۆ ئەوەی ئاڵنگارییەکان بڕەوێنێتەوە و چ بۆ ئەوەی دەرفەتەکان بقۆزێتەوە تا بتوانێت حکومەتێکی بەهێز دروست بکات، دەبێت بەر لە هەر شتێک ئەو وێنەیە بسڕێتەوە کە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو لێی دروست کراوە.

 


دەرفەتەکانی بەردەم مەسرور بارزانی

یەکەم: پشتگیری تەواوی باوکی هەیە، ئەمەش واتە زۆر زیاتر لەو پشتگیرییەی کە پارتی  تا ئێستا لە نێچیرڤان بارزانی کردووە.
دووەم: باشتربوونی دۆخی ئابوری، مەسرور بارزانی لە دوای چوار ساڵ قەیرانێکی قورسی دارایی، چانسی ئەوەی هەیە لە کاتێکدا حکومەت دەگرێتە دەست کە هەموو ئاماژەکان بەرەو باشتربوونی دۆخی ئابورین، جگە لەوەش لە بەغدا کەسێکی نەرم و میانڕەوی وەک عادل عەبدولمەهدی بووەتە سەرۆکوەزیران و ئەمەش دەرفەتێکە بۆ مەسرور بارزانی تا بتوانێت کێشەکانی هەولێر و بەغدا کەم بکاتەوە و جارێکی دیکە بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت، لەم حاڵەتەدا ئەگەر بێتو مەسرور بارزانی لە ماوەی ساڵێکدا بتوانێت دۆخی ئابوری هەرێم باشتر بکات، ئەوا لە دوای چوار ساڵ ژیانی پڕ لە نەهامەتی و قەیران، تا رادەیەک پشتگیری هاوڵاتیان بۆ خۆی و حکومەتەکەی مسۆگەر دەکات.
سێیەم: لە ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ئەوا چانسی ئەوەی دەبێت لە چوار ساڵی داهاتوودا ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز نەبێت کە کێشەی گەورەی بۆ دروست بکات.

ئاڵنگارییەکان


یەکەم: چۆنییەتی مامەڵەکردن و رازیکردنی یەکێتی

مەسرور بارزانی بەبێ رازیکردن و پشتگیری یەکێتی ئەستەمە بتوانێت ئەو حکومەتە بەهێزە دروست بکات کە لە خەیاڵیدایە، ئەگەر نەتوانێت یەکێتی رازی بکات بڕیارەکانی لە دێگەڵە تێپەڕنابێت، وەک باس دەکرێت لە دواین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیدا، یەکێتی بە گوێی پارتیدا چرپاندووە کە ئەگەر یەکێتی رازی نەکەن ئەوا بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بەڕووی یەکێتیدا کراوەیە، بەڵام نەک لەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەی کە تا ئێستا هەبووە.

بەپێی ململانێی مێژوویی یەکێتی و پارتی و هەروەها بەپێی ململانێی کۆمەڵێک کەسی دیاری ناو یەکێتی لەگەڵ خودی مەسرور بارزانی، ئەوا لە ئەگەری رازی نەبوونی یەکێتی بە پشکەکەی لە حکومەتدا، ئەوا مەسرور بارزانی ناتوانێت کابینەکانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای تێپەڕێنێت و لەو حاڵەتەشدا لە یەکەمین ئەزمونی حوکمرانیدا تووشی شکستێکی گەورە دەبێت.

 


دووەم: تێپەڕاندنی ئامۆزاکەی

مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە داهاتووی حیزبەکەی و لە داهاتووی حوکمڕانی هەرێمدا بەهێز بکات، بە هەر جۆرێک بێت دەبێت ئەزمونی نێچیرڤان بارزانی تێپەڕێنێت، بۆ ئەمەش دەبێت نمونەیەکی سەرکەوتوو لە سەرۆکایەتیکردنی حکومەتدا پێشکەش بکات، ئەگەر بێتوو تەنیا پشت بە پشتگیرییەکانی باوکی و حیزبەکەی ببەستێت سەرکەوتنی ئەستەمە، بەڵکو پێویستی بە پشتگیریی حیزبەکانی دیکەش هەیە، هەربۆیە ناچارە کە یەکێتی و گۆڕان رازی بکات.

بەپێی ئەم شیکارییە، پێدەچێت مەسرور بارزانی لە چوار ساڵی داهاتوودا و لە سەردەمی حوکمڕانیدا وێنەیەکی تەواو جیاواز لەو وێنەیە لە خۆی نیشاندا بدات کە تا ئێستا بۆی کێشراوە،  لە مانگەکانی داهاتوو دەردەکەوێت کە ئاخۆ مەسرور بارزانی لەو جۆرە کەسایەتییە ئەمنی و سەربازییانەیە کە دەچنە دەسەڵاتەوە هێور دەبنەوە، یان خود لەو جۆرە کەسایەتییانەیە کە تایبەتمەندیی پۆستە ئەمنی و سەربازییەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە ناو حکومەتەوە.