ڕاپۆرتی کوردستانی

07:21 - 02/09/2019

په‌رله‌مان پاڵێكى دیكه‌ به‌ دۆسیه‌ى ده‌ستووره‌وه‌ ده‌نێت‌

پەیسەر

ده‌سته‌ى نوێى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌ستى بۆ مه‌له‌فێكى هه‌ستیار بردووه‌، خولى نوێى په‌رله‌مان به‌ساوایى ده‌ستى كردووه‌ به‌ كونى زه‌رده‌واڵه‌دا، ده‌یانه‌وێت له‌ خولى چواره‌م ده‌ستوور بخه‌ن به‌ لایه‌كدا، به‌ڵام په‌رله‌مان ئه‌مجاره‌ چاوى له‌ ده‌رگاى حزبه‌كانه‌و نایه‌وێت یاخى ببێت، سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش هیواى له‌سه‌ر رێككه‌وتنى پێشوه‌ختى لایه‌نه‌كان هه‌ڵچنیوه‌، ئایا ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان، هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌ خاوه‌نى به‌ڵگه‌نامه‌ى ده‌ستوور یاخود دۆسیه‌كه‌ به‌سه‌ر په‌رله‌مان-دا قڵپ ده‌بێته‌وه‌؟

 سه‌رۆكى نوێى په‌رله‌مان جوڵه‌ى یه‌كه‌میشى به‌سه‌ردانى پیرمام بۆ لاى بارزانى ده‌ستپێكرد

رێواس فایه‌ق سه‌رۆكى نوێى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رمه‌شقى ئه‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌یه‌و جوڵه‌ى یه‌كه‌میشى به‌سه‌ردانى پیرمام بۆ لاى بارزانى ده‌ستپێكرد، بارزانى رۆژى ٢٨ی ئاب به‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى گوت:"ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی هاوچەرخ بۆ هەرێمی كوردستان بكه‌نه‌ ئەولەویەت". دواى ئه‌و سه‌ردانه‌ رێواس فایه‌ق له‌گوتارى ده‌ستپێكى وه‌رزى نوێى یاسادانان گوتى، به‌مه‌به‌ستی ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی سیاسی له‌بار و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستوور بۆ ڕاپرسی، ده‌ستیان به‌سه‌ردانی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، به‌رده‌وامده‌بن بۆ درووستكردنى كۆده‌نگى.

پرسى ده‌ستوور بۆ هه‌رێمى كوردستان كێشه‌یه‌كى نوێ نییه‌، له‌ دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ تا ئێستا كۆڕایى سیاسى له‌نێوان حزبه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستوور درووستنه‌بووه‌، له‌خولى رابردووى په‌رله‌مان كێشه‌كه‌ تا ئاستى په‌ككه‌وتنى پرۆسه‌ى سیاسى رۆشت، به‌وپێیه‌ى شێوازى سیسته‌مى په‌رله‌مانى بووه‌ گرێى گه‌وره‌، ئه‌وكێشه‌یه‌ تائێستا خۆى مه‌ڵاسداوه‌و دیارنییه‌ لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێت چۆن چاره‌سه‌رى بكه‌ن و به‌ چ جۆرێك له‌سه‌ر ده‌ستوور به‌ سازان ده‌گه‌ن، تا ئێستا زۆرینه‌ى جیاوازییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ده‌ستوور وه‌ك خۆیان ماون.

 بەشێک لە فراكسیۆنه‌كان پەلەکردنیان لە ده‌ستوور لا په‌سه‌ند نییه‌

په‌رله‌مانى كوردستان ده‌یه‌وێت ده‌ستوور ئه‌وله‌ویه‌ت بێت، واته‌ ده‌ستوور بكرێته‌ ده‌ستپێك، به‌ڵام هه‌موو فراكسیۆنه‌كان ئه‌م پێشخستنه‌ى ده‌ستووریان لا په‌سه‌ند نییه‌. عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌په‌رله‌مانى كوردستان بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وان ده‌ستووریان لاگرنگه‌و ده‌یانه‌وێت هه‌رێمى كوردستان ببێته‌ خاوه‌نى ده‌ستوور،"كاتى خۆى پرۆژه‌مان هه‌بووه‌ ئه‌ندامیشمان له‌ لیژنه‌ى ئاماده‌كارى هه‌بووه‌، قسه‌و پره‌نسیپه‌كانى ئێمه‌ ماون و داكۆكى له‌ سیسته‌مى په‌رله‌مانیى ده‌كه‌ین، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نین په‌له‌ى تێدا بكه‌ین و شتێكى كرچوكاڵ ده‌ربچێت، ده‌ستوور گرنگه‌ به‌ڵام پرۆژه‌ى له‌ ده‌ستوور گرنگتریشمان هه‌یه‌".

سازان بۆ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیش 

بۆ ئاماده‌كردنى ده‌ستوور، هێزه‌كانى نێوده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیش، چاویان له‌بڕگه‌یه‌كى ئه‌و یاساى په‌رله‌مانى كوردستانه‌، كه‌ له‌ساڵى ٢٠١٥ له‌خولى پێشوو ده‌رچوو. بڕگه‌ى چواره‌مى  مادده‌ى دووى یاساى ژماره‌ چوارى ساڵى ٢٠١٥، ده‌ڵێت،(بڕیاره‌كانى لیژنه‌ى ئاماده‌كردنى ده‌ستوور به‌ سازان ده‌بێت). لیژنه‌ ٢١ كه‌سییه‌كه‌ى ساڵى ٢٠١٥ ئه‌ندامى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووشى تێدابوو كه‌ ئێستا ئه‌و دووهێزه‌ ئۆپۆزسیۆنن، لایه‌نه‌كانى نێو حكومه‌تیش به‌هه‌مان شێوه‌ چاویان له‌و بڕگه‌یه‌ تا له‌ده‌ستوور راى كه‌سیان نه‌بێت به‌ژێره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ ببێته‌ هۆكار بۆئه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌ بڕیارى پێنه‌درێت. سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش له‌ گوتاره‌كه‌ى وشه‌ى كاراكردنه‌وه‌ى بۆ لیژنه‌كه‌ به‌كارهێنا واته‌ هه‌مان لیژنه‌یه‌ به‌ڵام كاراده‌كرێته‌وه‌ نه‌ك لیژنه‌یه‌كى نوێ دروستبكرێت.

گۆڕان و پارتی چاویان لە رێککەوتنەکەیانە کێشەکە چارەسەر بکات

دووجه‌مسه‌رى سه‌ره‌كى ململانێى ده‌ستوور گۆڕان و پارتى، بۆ ئه‌م خوله‌ رێككه‌وتنێكى سیاسیان هه‌یه‌ به‌رپرسه‌كانى چاوه‌ڕێن ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئاو به‌ ئاگرى ده‌ستووردا بكات و هه‌ردوولا بسازێنێت له‌سه‌ر ده‌ستوور كه‌ پێشتر هه‌رگیز نه‌سازاون. دابان محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى گۆڕان بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وان رێككه‌وتنێكى سیاسییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتى و له‌و رێككه‌وتنه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ چۆن كێشه‌ى ده‌ستوور چاره‌سه‌ربكرێت، سه‌باره‌ت به‌ بۆچوونى ئه‌وان له‌سه‌ر سیسته‌میى په‌رله‌مانى گوتى ئه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنى هه‌ردوولادا هاتووه‌. 

بڕگه‌ى ئه‌لف له‌ پاكێجى یه‌ك، سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى گۆڕان و پارتیدا هاتووه‌، هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ى ره‌هه‌ندى نیشتیمانییان هه‌یه‌، به‌ سازانى هه‌ردوولا ده‌رده‌چوێندرێن، وه‌ك ده‌ستوور و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌روه‌ها له‌ بڕگه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمدا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كاراده‌كرێته‌وه‌و سه‌رۆك له‌نێو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت تا په‌سه‌ندكردنى ده‌ستوور، وه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كرێت.

پارتى پابه‌ندبێت به‌ردى گه‌وره‌ى سه‌ر رێگاى ده‌ستوور لاده‌چێت

ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ پابه‌ندبن، ئه‌وا پێناچیت گرفتى ئه‌وتۆ رووبدات، به‌ڵام هێشتا رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌ستى نه‌خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌موو برینه‌كان، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ى وردنه‌كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر  پارتى پابه‌ندبێت به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مان و پێداچوونه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى وه‌ك له‌ ریككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌، وه‌ ئه‌مه‌ له‌ ده‌ستووردا جێبكرێته‌وه‌، به‌ردى گه‌وره‌ى سه‌ر رێگاى ده‌ستوور لاده‌چێت.

پارتى به‌نیازى چییه‌؟

یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ده‌ستوور به‌نده‌ به‌ بیروڕاكانى پارتى و تێڕوانینه‌كانى ئه‌و حزبه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستوور، به‌وپێیه‌ى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانى له‌به‌رده‌سته‌و سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت و نیوه‌ كۆیه‌كى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌شى له‌به‌رده‌سته‌، ئه‌گه‌ر گۆڕانكارى له‌ تێڕوانینی پارتى رووینه‌دابێت و هه‌مان فایلى دانوستانه‌ پێنج قۆڵییه‌كانى ٢٠١٥ بهێنێته‌ سه‌ر مێزى دانوستان، ئه‌وا دووباره‌بوونه‌وه‌ى سیناریۆى رابردوو و سڕكردنى كاره‌كانى لیژنه‌ى ئاماده‌كردنى ده‌ستوور چاوه‌ڕوانكراوه‌. پێشه‌وا هه‌ورامانى گوته‌بێژى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بۆپه‌یسه‌ر گوتى، ئه‌و بابه‌ته‌ كه‌ شه‌ش مانگى مابێت جارێ زووه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ى ئێستا ته‌نها زه‌مینه‌سازى بۆ ده‌كرێت هه‌نگاوى كرده‌یى نییه‌،  به‌ڵام زه‌مینه‌ سازى بۆ سازان شتێكى باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌یه‌ك نه‌فه‌س بێنه‌ پێشه‌وه‌.

یه‌كێتى بیرى لاى ده‌ستوور نییه‌

یه‌كێتیش یاریكه‌رێكى یارى تێپه‌ڕاندنى ده‌ستووربوو له‌ رابردوودا، ته‌نانه‌ت پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى جارێك پرۆژه‌یان ئاماده‌كردوو له‌په‌رله‌مان په‌سه‌ندیان كرد، ته‌نها راپرسى مابوو، به‌ڵام ئه‌وكات به‌هۆى ناڕه‌زایى توندى ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ په‌رله‌مان و نه‌خرایه‌ راپرسییه‌وه‌، ئێستا ئه‌و حزبه‌ ئه‌وه‌نده‌ سه‌رقاڵه‌ به‌ بابه‌ته‌ نێوخۆییه‌كانى و كۆنگره‌وه‌ نایپه‌رژێته‌ سه‌ر بابه‌ته‌كانى دیكه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر یه‌كێتى له‌ ئێستادا په‌له‌كردنى له‌ده‌ستوور پێ باش نییه‌ و ترسى هه‌یه‌ له‌وه‌ى بێ خواستى ئه‌و ده‌ستوور تێپه‌ڕێندرێت. به‌ڵام سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌پشكى یه‌كێتى، كه‌ هاوكات ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌یه‌ مانۆڕى بۆ ده‌ستوور ده‌ستپێكردووه‌، پێده‌چێت یه‌كێتى تائێستا بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى نه‌بێت سه‌باره‌ت به‌پرسى ده‌ستوور بۆیه‌ش سه‌رۆكى په‌رله‌مان جوڵه‌ى ده‌ستپێكردووه‌.

هه‌لێك بۆ لایه‌نه‌كان

هه‌رێمى كوردستان ماوه‌یه‌كى كه‌مه‌ سه‌قامگیرى سیاسى لایه‌نه‌كانى له‌خۆگرتووه‌، له‌نێوان لایه‌نه‌كانى حكومه‌ت رێككه‌وتنى سیاسى هه‌یه‌، ئۆپۆزسیۆنیش لێك دوورنین، وه‌ك خوله‌كانى پێشوو ناكۆكییه‌كانى هه‌ردوو به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات توندنین، هه‌لێك له‌پێش هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌ بۆئه‌وه‌ى به‌ سازانه‌وه‌ ده‌ستوورێك ئاماده‌بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئاماده‌ى گفتوگۆو سازش بن بۆ یه‌ك، ئه‌گه‌ریش هه‌وڵى سه‌پاندنى هه‌موو ئه‌جێنداى خۆیان بده‌ن، ئه‌وه‌ گریمانه‌ى به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستوور جارێكى دیكه‌ له‌باربچێت و دۆخه‌ سیاسییه‌كه‌ش قڵپ بێته‌وه‌.