ڕاپۆرتی کوردستانی

07:29 - 01/09/2019

گۆڕان به‌ سارودسڕى ده‌ست بۆ پرۆسه‌یه‌كى هه‌ستیار ده‌بات‌

پەیسەر


بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌نه‌رمى و به‌ ساردوسڕییه‌وه‌ ده‌ستى بۆ پرۆسه‌یه‌كى هه‌ستیار بردووه‌، (نوێكردنه‌وه‌ى ئۆرگانەكانى و هه‌ڵبژاردنى سەرکردایەتی نوێ)، بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ دووڕیانێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌ركى قورس، دوو گریمانه‌ى جیاواز له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى گۆڕانن، خۆ رێكخستنه‌وه‌و خۆبه‌هێزكردن و گرتنى كونوكه‌له‌به‌ره‌كان، یاخود قوڵبوونه‌وه‌ى كێشه‌كان و لێژبوونه‌وه‌ى ئه‌وه‌شى كه‌ گیرساوه‌ته‌وه‌.

پرۆسه‌یه‌كى هه‌ستیار 

له‌دواى كۆچى دوایى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ گۆڕان و سه‌ركرده‌كانى، كه‌وتنه‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ى قورس، هه‌ندێك له‌و تاقیكردنه‌وانه‌یان خێرا تێپه‌ڕاند، درووستكردنى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و هه‌ڵبژاردنى رێكخه‌رى گشتى له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ى وه‌ك ئه‌وه‌نه‌بوو كه‌ گۆڕانخوازان چاوه‌ڕێیان ده‌كرد، بزوتنه‌وه‌كه‌ نیوه‌ى ده‌نگ و كورسییه‌كانى له‌ده‌ستدا و خانه‌ى راپه‌ڕاندنیش كه‌ خاڵى بوو له‌ گه‌نج و ژنان، به‌رپرسیارێتى هه‌ڵنه‌گرت و ناوخۆى بزووتنه‌وه‌كه‌ به‌ دۆخێكى چه‌قبه‌ستوو گه‌یشت، ئۆرگانه‌كانى سستتربوون. ناڕازییه‌كانى نێو بزوتنه‌وه‌كه‌ش ژماره‌یان زیاتربوو و ئاشتنه‌كرانه‌وه‌.

دواى دوو ساڵ به‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌كاندا، گۆڕان رێگه‌یه‌كى نوێى بۆهاتووه‌ته‌ پێش، تالێیه‌وه‌ هه‌ندێك بارى لارى كێشه‌ زۆره‌كانى راستبكاته‌وه‌و بكه‌وێته‌وه‌ ڕێ، ئه‌وه‌یش له‌رێگه‌ى گۆڕانكارییه‌ ناوخۆییه‌كان و هه‌ڵبژاردنى سه‌ركردایه‌تییه‌كى نوێى و چالاككردنه‌وه‌ى ئۆرگانه‌كانەوە، ده‌ستنیشانكردنى هه‌ڵه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان. بۆ ئه‌وه‌ گۆڕان ئاماده‌كارییه‌كانى كردووه‌و لیژنه‌ تایبەته‌كانى ئاماده‌ن بۆ تۆماركردنى ناوى كاندیده‌كان، جڤاتى نیشتیمانیش سه‌ركه‌وتووبوو له‌وه‌یدا كه‌ رێگه‌ى نه‌دا ماوه‌ى خانه‌ى راپەڕاندن درێژبكرێته‌وه‌و واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى دیاریكرد. به‌ڵام ئایا گۆڕان خانه‌ى راپه‌ڕاندن له‌پێناو گۆڕانكارى راسته‌قینه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت یاخود ته‌نها وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك له‌كۆڵى ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى قسه‌ له‌سه‌ر شه‌رعییه‌ت و ماوه‌ى یاساییان نه‌كرێت؟ كارێكى رووكه‌ش ده‌كرێت یاخوود ده‌ست بۆ برین و كێشه‌كان ده‌بات؟ 

ئاماده‌كارییه‌كانى پرۆسه‌كه‌

ژوورى هه‌ڵبژاردنى گۆڕان ئاماده‌كارییه‌كانى ته‌واوكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ١٤ى ئه‌م مانگه‌، خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێكخه‌رى نوێ هه‌ڵبژێردرێت، پێش ئه‌و ماوه‌ش ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى جڤاتى گشتى جارێكى دیكه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت. دڵخواز كاكه‌ڕه‌ش سكرتێرى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان بۆ میدیاى حزبه‌كه‌ى رایگه‌یاندووه‌، ١٤ی٩ خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێكخه‌رى گشتى هه‌ڵده‌ژێردرێت، ئه‌و كه‌سانه‌ى ماوه‌ى كاراییان ته‌واوبووه‌ هه‌ڵبژاردنیان بۆ ده‌كرێت، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى جڤاتى گشتیش ماوه‌ى كارایى ته‌واوبووه‌و دوو رۆژ پێش خانه‌ى راپه‌ڕاندن هه‌ڵبژاردنى بۆ ده‌كرێت. به‌پێى لێدوان و زانیارییه‌كان ئاماده‌كارییه‌كان شتێكى ئه‌وتۆیان نەماوه‌و گۆڕان بۆ پرۆسه‌كه‌ حازره‌، به‌ڵام چه‌ند كه‌موكوڕییه‌ك له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ چاره‌نووسى پرۆسه‌كه‌ى ئاڵۆزكردووه‌. ئایا گۆڕان پرۆسه‌یه‌كى راستودرووست ئه‌نجامده‌دات و ده‌بێتە شیفا بۆ نه‌خۆشییه‌كانى؟ یاخوود سه‌رئێشه‌ى دیكه‌ درووست ده‌بێت؟

جڤاتێكى كۆن خانەى نوێ دیاریده‌كات

هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانى گۆڕان ساڵى ٢٠١٣به‌ڕێوه‌چوو، له‌ته‌مه‌نى ١٠ساڵى خۆیدا گۆڕان جڤاتى نیشتیمانى نوێنه‌كردووه‌ته‌وه‌و له‌وه‌ته‌ى گۆڕان هه‌یه‌ یه‌ك جڤات هه‌یه‌، له‌كاتێكدا به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى بزووتنه‌وه‌كه‌ ته‌مه‌نى جڤاتى نیشتیمانى له‌نێوان دوو كۆنگره‌دایه‌، واته‌ له‌ كۆنگره‌یه‌ك بۆ كۆنگره‌یه‌كى دیكه‌ جڤات نوێده‌كرێته‌وه‌، كۆنگره‌ش به‌پێى په‌یڕه‌و دووساڵ جارێك ده‌بێت ببه‌سترێت، كه‌واته‌ هه‌م كاتى كۆنگره‌و هه‌م جڤاتیش ده‌مێكه‌ به‌سه‌رچووه‌، به‌ڵام گۆڕان به‌په‌تى كۆنه‌وه‌ ستافێكى دیكه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تى هه‌ڵده‌كێشێت. پێده‌چێت ئه‌وه‌ش هۆكاربێت كه‌ گۆڕانكارى زۆر روونه‌دات، هه‌مان جڤات كه‌ خانه‌ى پێشووى هه‌ڵبژارد ئێستا خانه‌یه‌كى دیكه‌ دیاریده‌كات.

دوو شووتى به‌یه‌ك ده‌ست

بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هاوكات له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌ركردایه‌تى نوێ، ئه‌ركى دیاریكردنى كاندیده‌كانى بزوتنه‌وه‌كه‌ى له‌پێشه‌ بۆ پۆستەکانی حكومه‌ت. گۆڕان كاندیدى پۆسته‌كانى بریكارى وه‌زیر، راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كانى یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، كه‌پێده‌چێت ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بكه‌وێته‌ دواى هه‌ڵبژاردنى خانه‌ى راپه‌ڕاندن، كه‌وتنى ئه‌و دوو دۆسیه‌ به‌سه‌ر یه‌كدا هاوكێشه‌كه‌ی له‌ گۆڕان ئاڵۆزترکردووه‌، مه‌ترسى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ لێكئاڵانى پۆسته‌ حزبیى و حكومییه‌كان به‌ زیان بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ بشكێته‌وه‌، به‌جۆرێك پۆسته‌ حكومییه‌كان وه‌ك گوشار به‌كاربهێندرێت پرۆسه‌ حزبییه‌كه‌ خه‌وشدار بكات. 

تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى دیكه‌

هه‌ڵبژاردنى رێكخه‌ر و خانه‌ى راپه‌ڕاندن دووساڵ پێش ئێستا، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى گۆڕان دواى كۆچى دوایى نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ئایارى ساڵى رابردوو، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان. چه‌ند تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى گرنگ بوون بۆ سه‌ركرده‌كانى گۆڕان دواى نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌و پرۆسانه‌ ره‌خنه‌ى زۆرى هێنایه‌ سه‌ر گۆڕان. هه‌ڵبژاردنى نوێى خانه‌ى راپه‌ڕاندن تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى قورس و هه‌ستیاره‌ بۆ سه‌ركرده‌كانى گۆڕان، نمره‌كانى ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ بایه‌خى زۆرى هه‌یه‌ بۆ گۆڕان و چاره‌نووسى بزووتنه‌وه‌كه‌. رۆژانى ئاینده‌ كات روونیده‌كاته‌وه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ جیاوازده‌بێت یاخوود سیناریۆى تاقیكردنه‌وه‌كانى پێشوو دووباره‌ده‌بێته‌وه‌.

پرۆسه‌یه‌كى ساردوسڕ

ئه‌گه‌رچى چه‌ند رۆژێكى كه‌مى ماوه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌، به‌ڵام گه‌رموگوڕى ئه‌وتۆى پێوه‌ دیارنییه‌، هاوشێوه‌ى پرۆسه‌ى پێشوونییه‌، كه‌ ركابه‌رى توندهه‌بوو له‌سه‌ر پۆسته‌كانى خانه‌ى راپه‌ڕاندن، تا ئێستا هیچ كه‌س وه‌ك كاندید خۆى تۆمارنه‌كردووه‌و مشتومڕى زۆر له‌سه‌ر كورسییه‌كانى خانه‌ى راپه‌ڕاندن به‌رچاو ناكه‌وێت، به‌رپرسه‌كانى گۆڕانیش قسه‌و په‌یامى ئه‌وتۆى نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌كه‌و به‌ گرنگییه‌وه‌ باسى ناكه‌ن، له‌كاتێكدا بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ پرۆسه‌یه‌كى هه‌ستیاره‌ له‌كاتێكى هه‌ستیاردا.

سه‌نگى مه‌حه‌ك

چاره‌كردنى كۆى كێشه‌كانى گۆڕان له‌رێگه‌ى هه‌ڵبژاردنى خانه‌یه‌كى نوێوه‌ ئه‌سته‌مه‌، به‌ڵام بۆ سه‌ركردایه‌تى دووساڵى رابردووى بزوتنه‌وه‌كه‌ وێستگه‌یه‌كه‌ بۆیان وه‌ك سه‌نگى مه‌حه‌كه‌، ده‌توانن به‌ خانه‌یه‌كى نوێ و چاككردنى كه‌موكوڕییه‌كانى پێشوو، لوتكه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌ نوێ بكه‌نه‌وه‌و وزه‌ى نوێ به‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ بده‌ن، یاخود بۆ رازیكردنى دڵى به‌رپرسه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كان پرۆسه‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌شى خه‌وشداربكه‌ن.