ڕاپۆرتی کوردستانی

07:48 - 29/08/2019

گوتاره‌نه‌رمه‌كه‌ شه‌فاعه‌تى بۆ نێوانى بارزانى و سه‌رۆك كۆمار نه‌كرد‌

پەیسەر

رۆژى ١٠ی حوزه‌یران(شه‌ش)ى ئه‌مساڵ، به‌رهه‌م ساڵح له‌ به‌غداوه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر فڕى، بۆ توانه‌وه‌ى به‌سته‌ڵه‌كێكى هه‌شت مانگیى له‌نێوان كۆشكى سه‌لام و سه‌رى ره‌شدا، كه‌ له‌شه‌وى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ درووستبوو، ساڵح پێچه‌وانه‌ى چاوه‌ڕوانییه‌كان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ گوتاریداو ستایشى زۆرى رۆڵ و پێگه‌و كه‌سایه‌تى مه‌سعود بارزانى كرد، ئه‌گه‌رچى گوتاره‌كه‌ ترافیكى سورى سه‌ر كۆشكى سه‌لامى سه‌وزكرد، به‌ڵام دواى سێ مانگ  په‌یوه‌ندییه‌ له‌ جێ چووه‌كه‌ جێگه‌ى نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، تێڕوانینى پیرمام له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆمار شتێكى ئه‌وتۆ نه‌گۆڕا.

تێڕوانینى پیرمام له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆمار شتێكى ئه‌وتۆ نه‌گۆڕا

"بەپێوستی دەزانم بە ڕێز و پێزانینەوە، رۆڵی جەنابی كاك مەسعود بارزانی بەرز بنرخێنین، وەك یەكەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وە بەو پێگە و سەنگە دیارەی، كاریگەری گەورەی نواند لە رێبەرایەتی هەرێمی كوردستان و لە قۆناغی سەختی گۆڕانكارییەكاندا، نەخشی لەبەرچاو و بڕیاردەری هەبووە، دڵنیام كەسایەتییە گەورە و كاریگەرەكان بە پلە و پۆستەوە دیاریناكرێن، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم دەوری كاك مەسعود بۆ قۆناغی ئایندە بەردەوامە، ئەو كاك مەسعودەی سەرو ٥٠ساڵ لە خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و دەوری گەورەی لە رەوشی سیاسی كوردستان و عێراق هەیە". ئه‌م قسانه‌ به‌شێك بوون له‌ گوتاره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له‌ هه‌ولێر، ئه‌وكات كه‌ هێشتا رێككه‌وتنى حزبه‌كه‌ى و پارتى به‌لادا نه‌كه‌وتبوو ئه‌م گوتاره‌ى له‌نێو یه‌كێتى رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى زۆرى كرده‌وه‌. به‌ڵام گوتاره‌كه‌ نه‌ شه‌فاعه‌تى بۆ سه‌رۆك كۆمار كرد، نه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌شى گیرسانده‌وه‌ له‌گه‌ڵ بارزانى.

ئه‌گه‌رچى له‌دواى مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانى، مه‌سرور بارزانى و هۆشیار زێبارى سه‌ردانى سه‌رۆكایه‌تى كۆماریان كردووه‌و له‌گه‌ڵى كۆبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتاش پارتى گه‌مارۆ میدیایى و سیاسییه‌كه‌ى له‌سه‌ر لانه‌بردووه‌و ئه‌و سه‌ردان و په‌یوه‌ندییه‌ ناوبه‌ناوانه‌ هه‌ماهه‌نگى نێوان پیرمام و كۆشكى سه‌لامى نه‌ئافراندووه‌. ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌ش كه‌ به‌رهه‌م ساڵح-ى بۆ هه‌ولێر راكێشا قاوەتاڵەکەی لە پێناودا خواردەوە، هێشتا نه‌هاتووه‌ته‌ بوون،(په‌یوه‌ندى دووقۆڵى مه‌سعود بارزانى و به‌رهه‌م ساڵح و هه‌ماهه‌نگى دوولایه‌نه‌).

 ئه‌و سه‌ردان و په‌یوه‌ندییه‌ ناوبه‌ناوانه‌ هه‌ماهه‌نگى نێوان پیرمام و كۆشكى سه‌لامى نه‌ئافراندووه‌

به‌رپرسه‌كانى پارتى له‌ به‌غدا، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، وه‌زیرى دارایى  كه‌ هاوكات جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ بۆ كاروبارى دارایى، دوو وه‌زیرو فراكسیۆنه‌كه‌یان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار هه‌ماهه‌نگ نین، تائێستا هه‌ماهەنگى هاوبه‌شى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نابیندرێت، پچڕ پچڕ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستێك بۆچوونیان نزیكه‌، به‌ڵام كارى هاوبه‌شى كوردیى له‌به‌غدا بوونى نییه‌ و سه‌رۆك كۆمار و تیمى پارتیش، وه‌ك دوو جه‌مسه‌رى ده‌سه‌ڵاتى كوردیى له‌به‌غدا هه‌ریه‌كه‌و له‌ دۆڵى خۆیانن. 

به‌رهه‌م ساڵح هێشتا پشتیوانى بارزانى به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ تا له‌به‌غدا بۆ به‌هێزكردنى پێگه‌كه‌ى وه‌ك نوێنه‌رى كورد به‌كاریبهێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارتى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵح و گوتاره‌ نه‌رمه‌كه‌ى، ده‌ستكه‌وتى كه‌مى نه‌چنییه‌وه‌ به‌ڵكو یه‌كێتى راكێشایه‌ نێو رێككه‌وتن و رازى بوون به‌ ته‌واوكردنى پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت، به‌وجۆره‌ى پارتى ده‌یه‌وێت رێككه‌وتنه‌كه‌ى كه‌ركوكیش هێشتا له‌نێو ره‌فه‌دایه‌ و جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

ده‌رگایه‌كى هه‌ڵه‌
پێده‌چێت به‌رهه‌م ساڵح له‌و هه‌نگاوه‌ى بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر و به‌ ده‌ستهێنانى پشتیوانى پیرمام، له‌ ده‌رگایه‌كى هه‌ڵه‌ى دابێت، به‌وپێیه‌ى به‌رهه‌م ساڵح له‌ ده‌رگاى نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ سه‌ردانى نێوماڵى پارتى كرد، له‌كاتێكدا هاوكێشه‌ى ناوخۆییه‌كانى پارتى و ناكۆكییه‌كانى نێوان مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى وه‌ك پێشوو نین و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پارتى حساباتى وردترى ده‌وێت. ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش هۆكارێك بێت تا ئێستا پارتى و مه‌سعود بارزانى هه‌موو ده‌رگاكانیان بۆ سه‌رۆك كۆمار نه‌خستووه‌ته‌ سه‌رپشت، ته‌نانه‌ت بارزانى به‌ دێڕێك باسى سه‌رۆك كۆمارو پێگه‌كه‌ى نه‌كردووه‌. پێده‌چێت باره‌گاى بارزانى و سه‌رۆكى حكومه‌ت خوازیارى دروستبوونى هه‌ماهه‌نگییه‌كى دووقۆڵى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تى كۆمار نه‌بن. كه‌ ببێته‌ بلۆكێكى سیاسى گوێلێگراو له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى عێراق و وڵاتانیش به‌وپێیه‌ى سه‌رۆكایه‌تى دوو دامه‌زراوه‌ى ده‌ستوورى و فه‌رمى ده‌كه‌ن و كورسى یه‌كه‌مى عێراق و هه‌رێمیان لایه‌.

پارتى ئه‌وه‌ى له‌ شه‌وى ٣ی ئۆكتۆبه‌رى پار له‌ده‌ستیدا وابه‌زوویى بیریناچێته‌وه‌

گریمانه‌ى به‌هێزتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتى ئه‌وه‌ى له‌ شه‌وى ٣ی ئۆكتۆبه‌رى پار له‌ده‌ستیدا وابه‌زوویى بیریناچێته‌وه‌، هه‌رواش به‌ ئاسانى مه‌دالیاى نوێنه‌رایه‌تیكردنى كورد له‌ یه‌خه‌ى به‌رهه‌م ساڵح نادات، پێده‌چێت ده‌ستپێشخه‌رییه‌كەى به‌رهه‌م ساڵح به‌س نه‌بووبێت و هێشتا ئاوى نه‌كردبێت به‌دڵى پارتیدا، پارتى ده‌شخوازێت گرێى به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك كارتێك بهێڵێته‌وه‌ هه‌ركاتێك كارى كه‌وته‌ كۆشكى سه‌لام، ئه‌م گه‌مارۆ سیاسییه‌ زوو سه‌رۆك كۆمار بهێنێته‌ سه‌ر هێڵ، یاخود سازشى زیاترى بوێت و ماوه‌یه‌كى زۆرتر سه‌رۆك كۆمار بخاته‌ ژێر تاقیكردنه‌وه‌ سه‌برو چاوه‌ڕوانییه‌وه‌. پارتی خوازیاری ئەوەش نییە لە دەرەوەی بارەگای بارزانی لە بەغدا سیاسییەکەی یەکلاکەرەوە هەبێت و لایەنە عێراقییەکان گوێی لێبگرن. ئێستا بەرهەم ساڵح ناتوانێت نمایندەی هەرێمی کوردستان  بکات، بۆ هەر کێشەیەک لایەنە عێراقییەکان زۆرتر چاویان لە بارەگای بارزانییە.

دوو لێكتێگه‌یشتن به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م
نێچیرڤان بارزانى و به‌رهه‌م ساڵح، له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا توانییان حزبه‌كانیان بخه‌نه‌ سه‌ر سكه‌ى سازان له‌سه‌ر پۆستى وه‌زیرى دادى عێراق و پارێزگارى كه‌ركوك، ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ خێرایه‌ بۆ یاریكه‌ره‌ سیاسییه‌كانى نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌ مایه‌ى سه‌رنجه‌، پێدەچێت له‌نێوخۆى یه‌كێتى و پارتیش دروستبوونى قوتبى له‌مجۆره‌یان پێ خۆش نه‌بێت كه‌ گرێكوێره‌كانیان لابكرێته‌وه‌. ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى هه‌بووبێت كه‌ تائێستا رێككه‌وتنى كه‌ركوك رووناكى نه‌بینیوه‌.

هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى هاوكێشه‌كه‌
پارتى ده‌رگاى به‌رووى به‌رهه‌م ساڵح-دا نه‌كرده‌وه‌، تا ده‌ستى بۆهه‌مووكارته‌كان نه‌برد له‌پێناو ناچاركردنى یه‌كێتى، بۆ رازیبوون به‌ مه‌رجه‌كانى پارتى بۆ رێككه‌وتن، دواى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ته‌له‌فۆن بۆ كۆشكى سه‌لام كرا هاوكێشه‌ى چه‌قبه‌ستووى نێوان یه‌كێتى و پارتى شیبووه‌وه‌، باڵه‌كانى یه‌كێتى ركابه‌رییان ده‌كرد له‌وه‌ى كامیان ده‌ستپێشخه‌ربن بۆ به‌شدارى مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم و پیشاندانى نیازپاكى بەرامبەر پارتی. پێده‌چێت هاوكێشه‌یه‌كی دیكه‌ى له‌م جۆره‌ هه‌نگاوێكى دیكه‌ پارتى له‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌رێته‌ پێشه‌وه‌.

پێده‌چێت پارتى بۆ كردنه‌وه‌ى گرێیى فواد حسێن له‌ ده‌رگاى كۆشكى سه‌لام بدات

له‌ئێستادا فواد حسێن وه‌زیرى دارایى عێراق له‌ پشكى پارتى، كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر نه‌شته‌رى لێپرسینه‌وه‌و بانگهێشتكردنى بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، پارتى هه‌ستیارى زۆرى به‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌، دووباره‌بوونه‌وه‌ى سیناریۆى لابردنى هۆشیار زێبارى وه‌زیرى پێشووى دارایى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ پارتى سیناریۆیه‌كى خراپه‌، پێده‌چێت پارتى بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌م گرێیه‌ى له‌ ده‌رگاى كۆشكى سه‌لام بدات و پێگه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌رهه‌م ساڵح له‌به‌غدا به‌كاربهێنێت بۆ پارستنى فواد حسێن. به‌ڵام ئایا ئه‌و هه‌نگاوه‌ش سه‌رۆك كۆمار و پارتى ده‌خاته‌وه‌ ڕیز، یاخود هاوشێوه‌ى مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكی هه‌رێم پارتى جارێكى دیكه‌ پشت له‌ كۆشكى سه‌لام ده‌كاته‌وه‌و له‌چوونه‌ پێشى ده‌كشێته‌وه‌؟