ڕاپۆرتی کوردستانی

04:35 - 28/08/2019

بایۆمه‌ترییه‌كى دیكه‌ بۆ بندیوار و دوو مووچه‌ به‌ڕێوه‌یه‌‌

پەیسەر

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، جارێكى دیكه‌ به‌ نیازى تۆماركردنه‌وه‌ى بایۆمه‌ترى فه‌رمانبه‌رانه‌، تۆمارى پێشوو كارى پێنه‌كرا، هه‌زاران مووچه‌خۆرى وه‌همى و مووچه‌ خۆرى دووباره‌ وه‌ك خۆیان مانه‌وه‌. په‌رله‌مانتاران له‌ هه‌نگاوه‌ بێ ئه‌نجامه‌كانى حكومه‌ت نیگه‌رانن ده‌ڵێن، حكومه‌ت رێزى بڕیاره‌كانى خۆى ناگرێت.

بایۆمه‌تری مووچه‌ بۆچی؟
رۆژی ٣-٢-٢٠١٩ حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌بڕیاری ژماره‌ ٧١ فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری راسپارد، وه‌ك لایه‌نی سه‌رپه‌رشتیاری پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری مووچه‌ و پرۆسه‌كه‌ش له‌مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٦ ده‌ستیپێكرد، حكومه‌تی هه‌رێم مه‌به‌ستی بوو له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بندیوار و دوومووچه‌ و سێ مووچه‌ی نه‌هێڵێت. ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، حكومه‌ت ده‌ڵێت نزیكه‌ی ٨٤٥ هه‌زار كه‌س بایۆمه‌تری مووچه‌یان كردووه‌، ئه‌وه‌ی تری به‌شداری پرۆسه‌كه‌ی نه‌كردووه‌.

"حكومه‌ت رێز له‌بڕیاره‌كانی خۆی ناگرێت"
هه‌ڵه‌دنی پێیوایه‌، دووباره‌كردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ حكومه‌ت رێز له‌بڕیار و رێكاره‌كانی خۆی ناگرێت."دووباره‌كردنه‌وه‌ی بایۆمه‌تری هیچ مانایه‌كی نیه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنێت، كه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ ته‌نها حكومه‌تی وه‌رگرتنی پاره‌یه‌ له‌به‌غداد و دابه‌شكردنی و حكومه‌تی پلانی ستراتیژی نییه‌، بۆ ژێرخانێكی به‌قوه‌ت، ئه‌و بندیوارانه‌ی هه‌ن زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری بندیواری دووحزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستانن كه‌ ئه‌مانه‌ بۆمه‌به‌ستی كاری حزبی و ده‌نگدان به‌كاریان ده‌هێنن".

"ده‌بێت حكومه‌ت وه‌ڵامی په‌رله‌مان بداته‌وه‌"
په‌رله‌مانى كوردستان هه‌نگاوى ئه‌وتۆى پێوه‌ دیار نییه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت، چه‌ند په‌رله‌مانتارێك ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى وه‌رزى نوێى یاسادانان هه‌ندێك جوڵه‌ بكه‌ن، هه‌ڵه‌دنی ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی وه‌رزی نوێی یاسادانان، ده‌بێت پرسی دواكه‌وتنی مووچه‌ و هۆكاره‌كه‌ی، بابه‌تی بندیواره‌كان و مووچه‌خۆره‌كانی هه‌رێم، پرسی داهاته‌كان و بایۆمه‌تری مووچه‌ ده‌بێت ساغ بكرێنه‌وه‌، جه‌ختیكرده‌وه‌، پرسی بایۆمه‌تری موچه‌ كه‌م و كوڕی زۆری تێدایه‌، ده‌بێت حكومه‌ت وه‌ڵامی پرسیاری په‌رله‌مانتاران بداته‌وه‌ بۆچی سیستمی بایۆمه‌تری كاری پێناكرێت؟

حكومه‌ت چی ده‌ستكه‌وت له‌ بایۆمه‌تری؟
حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌ پرۆسه‌ى بایۆمه‌ترى مووچه‌دا، بۆی ده‌ركه‌وت ٥٥ هه‌زارمووچه‌خۆری وه‌همی و ١٠٠ هه‌زار دووموچه‌ و سێ موچه‌ هه‌یه‌.

حكومه‌ت ده‌یتوانی چی بكات له‌رێگه‌ی بایۆمه‌تری مووچه‌وه‌؟
حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یتوانی له‌رێگه‌ی بایۆمه‌تری مووچه‌وه‌، ٥٥ هه‌زار كه‌س و به‌رپرس كه‌ ناوی وه‌همییان خستبووه‌ لیستی مووچه‌وه‌ ره‌وانه‌ی دادگا بكات، ئه‌و پارانه‌یان لێوه‌رگرێته‌وه‌ كه‌ به‌نایاسایی وه‌ریان گرتبوو، هه‌روه‌ها ده‌یتوانی بڕیار بدات كه‌ ١٠٠ هه‌زار مووچه‌خۆر كه‌ زیاتر له‌مووچه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن سه‌رپشكیان بكات له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی یه‌ك موچه‌.
به‌وه‌ش زیاتر له‌ ١٢٠ هه‌زار مووچه‌خۆر كه‌م ده‌بووه‌وە، هه‌روه‌ها  ١٠٠هه‌زار خانه‌نشینی سه‌ربازی به‌ناوی پێشمه‌رگه‌ی دێرین مووچه‌ وه‌رده‌گرن، كه‌ زیاتر له‌ ٨٠هه‌زاریان پێشمه‌رگه‌ نه‌بوون و به‌نایاسایی ئه‌و مووچانه‌یان پێده‌درێت، حكومه‌ت ده‌یتوانی مووچه‌ی ئه‌و ٨٠هه‌زار كه‌سه‌ ببرێت به‌ڵام هیچ كام له‌م هه‌نگاوانه‌ی نه‌كرد.

ده‌ستبردن بۆ ده‌رماڵه‌
به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس حكومه‌تی هه‌رێم به‌نیازه‌ ده‌ستكاری ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكات، به‌جۆرێك ٤٩ جۆر ده‌رماڵه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت ده‌درێت، سەدا ٥٢ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌رماڵه‌یه‌ و سەدا ٤٨ی مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تیه‌، بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌پرۆژه‌ی چاكسازیدا، به‌نیازه‌ به‌ناوی رێكخستنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كان، به‌شێك له‌و ده‌رماڵانه‌ ببرێت.

ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم چه‌نده‌؟
به‌پێی دوا ئاماری حكومه‌تی هه‌رێم یه‌ك ملیۆن و ٢٤٩ هه‌زار كه‌س مووچه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رده‌گرن، له‌و ژماره‌یه‌ش ٦٢١هه‌زاریان فه‌رمانبه‌رن به‌فه‌رمانبه‌رانی سه‌ربازی و مه‌ده‌نییه‌وه‌، تائێستاش ته‌نها ٨٤٠ هه‌زار كه‌سیان خۆیان له‌سیستمی بایۆمه‌تری تۆماركردووه‌، پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش پێویستی به‌ ٨٩٠ ملیار دینارهه‌یه‌.

ئاماره‌كانی حكومه‌ت ڕوون نین
له‌دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری حكومه‌تی هه‌رێم به‌فه‌رمی هیچ ئامارێكی ده‌رباره‌ی ژماره‌ی موچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌ران ئاشكرانه‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ی پێش پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری حكومه‌تی هه‌رێم پێویستی به‌ ٨٧٠ ملیار دینار بوو بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌ و ئاشكرابوونی ٥٠هه‌زار ناوی وه‌همی له‌لیستی مووچه‌دا له‌بری ئه‌وه‌ی پاره‌ی پێویست بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ كه‌م بكات، كه‌چی پاره‌ی پێویست بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ به‌رزبۆوه‌ بۆ ٨٩٠ ملیار دینار.

ژماره‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم 
٦٢١هه‌زار فه‌رمانبه‌ر
٢٢٩هه‌زار خانه‌نشین
٩١هه‌زار كه‌س و كاری شه‌هیدان وئه‌نفال
٢٩٢ هه‌زار مووچه‌خۆر له‌سلكی سه‌ربازی