ڕاپۆرتی کوردستانی

06:24 - 26/08/2019

قۆناغێكى نوێ به‌رگى ئۆپۆزسیۆنبوونى كۆمه‌ڵى گۆڕیوه‌‌

پەیسەر

به‌و ژماره‌ كورسییه‌ كه‌مه‌ى كه‌ هه‌یبوو یاریكه‌رێكى سه‌ره‌كى گۆڕه‌پانى ئۆپۆزسیۆن بوو، هه‌ندێك جار هه‌ڵوێسته‌ رادیكاڵه‌كانى به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ قۆناغى كابینه‌ى پێشوو هاوتا یاخود توندتر بوو له‌ گوتارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان. كۆمه‌ڵى ئیسلامى پێى ناوه‌ته‌ قۆناغێكى نوێى سیاسییه‌وه‌ كه‌ له‌ قۆناغه‌كانى دیكه‌ ناچێت، قۆناغێك كه‌ پێده‌چێت بنه‌ماكه‌ى دۆستایه‌تى له‌گه‌ڵ یارو نه‌یارو نه‌رمكردنه‌وه‌ى گوتاره‌كانى پێشوو بێت، بۆیه‌ش له‌م قۆناغه‌دا ئه‌و حزبه‌ سه‌ره‌ڕاى ئۆپۆزسیۆنبوونى، چیتر به‌ ئاڕاسته‌ى پێشوو سه‌وڵ لێنادات.

كۆمه‌ڵ ئێستا وه‌ك به‌رهه‌ڵستكارێكى سه‌رسه‌ختى ده‌سه‌ڵات ده‌رناكه‌وێت

قۆناغێكى جیاواز
كۆمه‌ڵ دواى دوو خولى رابردووى په‌رله‌مان و تێپه‌ڕاندنى هه‌شت ساڵى پڕ له‌ ململانێ، له‌ بارودۆخێكى سه‌ختدا له‌ پایزى ٢٠١٨ توانى پارێزگارى له‌ پێگه‌ى په‌رله‌مانیى خۆى بكات، له‌كاتێكدا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ زۆربه‌ى حزبه‌كان پایزیى یه‌كجاریى بوو، گۆڕان و یه‌كگرتوو ده‌نگه‌كانیان بۆ نیوه‌ داكشا، له‌دواى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى پیاده‌ى قۆناغێكى نوێ ده‌كات، كه‌ به‌رپرسه‌كانى ناویان ناوه‌ قۆناغى رێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه‌كان، ئه‌گه‌رچى زۆرتر چاوه‌كان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ-ن له‌ مه‌یدانى ئۆپۆزسیۆنبووندا، به‌وپێیه‌ى وێنه‌ نه‌رمه‌كه‌ى یه‌كگرتوو له‌ هزرى خه‌ڵكدا نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌و نه‌وه‌ى نوێش هێزى تۆكمه‌و كاریگه‌ر نییه‌ و گوتارو روئیای روونى كه‌مه‌. به‌ڵام كۆمه‌ڵ ئێستا وه‌ك به‌رهه‌ڵستكارێكى سه‌رسه‌ختى ده‌سه‌ڵات ده‌رناكه‌وێت، ناشیه‌وێت ئاو بڕژێته‌ ئاشى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.

به‌رگێكى نوێى ئۆپۆزسیۆن
كۆمه‌ڵ به‌هۆى چاوه‌ڕوانییه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى زۆر بووه‌وه‌ حه‌وت مانگێك سه‌برى گرت تا بڕیارى بوونه‌ ئۆپۆزسیۆنى دا، دواى بوونى به‌ ئۆپۆزسیۆن پێده‌چێت كۆمه‌ڵ بیه‌وێت به‌دیار ئاواز و رێچكه‌ى خۆیه‌وه‌ رۆژبكاته‌وه‌، بۆیه‌ش نه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت بیه‌وێت سه‌ركردایه‌تى به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن بكات، نه‌ به‌شوێن جوڵاندنى شه‌قام و تاودانى ناڕه‌زاییه‌كانه‌وه‌یه‌، نه‌ ده‌خوازێت به‌ گوتاره‌ تونده‌كانى رابردووى گۆڕه‌پانى ساردوسڕى ئۆپۆزسیۆن بشڵه‌قێنێت، نه‌ نێوانێكى گه‌رمى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ى ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌، گوتاره‌ میدیاییه‌كه‌شى به‌گه‌رموگوڕى جارانه‌وه‌ كون و قوشبن ناگه‌ڕێت بۆ خستنه‌ڕووى په‌ڵه‌یه‌كى ده‌سه‌ڵات،  حزبه‌كه‌ بۆ كۆنگره‌ مشتومڕى ئه‌وه‌یه‌تى پاشگرى ئیسلامى له‌خۆى بكاته‌وه‌و ناوى پۆسته‌كه‌ى ئه‌میریش بگۆڕێت و چیتر ناوى ئه‌میر بۆ كه‌سى یه‌كه‌مى حزب نه‌مێنێت، ئه‌وانه‌ به‌رگى ئۆپۆزسیۆنێكى جیاوازتر له‌ پێشوویان به‌ كۆمه‌ڵ به‌خشیوه‌.

په‌یوه‌ندیى باش له‌ قۆناغى ئۆپۆزسیۆنبووندا
له‌گه‌ڵ كه‌وتنه‌ سه‌رپێى خولى نوێی په‌رله‌مان، به‌رپرسانى كۆمه‌ڵ باسیان له‌وه‌كرد، كه‌ نیازى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان رێكبخه‌نه‌وه‌، رێبوار حه‌مه‌د گوته‌بێژى كۆمه‌ڵ، له‌ چاوپێكه‌وتنى میدیاى فه‌رمى حزبه‌كه‌ى، گوتى، به‌رنامه‌یان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندى باشیان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌بێت. محه‌مه‌د حه‌كیم كارگێڕى ئه‌نجومه‌نى سیاسى حزبه‌كه‌ و عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ چه‌ند جارێک باسیان له‌و به‌رنامه‌ نوێیه‌ى حزبه‌كه‌یان كردووه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان.

نیازى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان رێكبخه‌نه‌وه‌

رێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و نێوانى باش له‌گه‌ڵیان، بۆ هێزێك كه‌ له‌ گۆڕه‌پانى ئۆپۆزسیۆندابێت و خاوه‌نى گوتارى توندى ئۆپۆزسیۆن بێت، پێده‌چێت رێڕه‌وى سیاسى حزبه‌كه‌ له‌ شوێنى پێشوو نه‌هێڵێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت هه‌ر هێزێكى ئۆپۆزسیۆن بیه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتى كه‌ دوو هێزى چه‌كدارن و هه‌میشه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدابوون په‌یوه‌ندى به‌رده‌وام و بێ كێشه‌ى هه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر گوتارى به‌رهه‌ڵستكارانه‌ى حزبه‌كه‌ ده‌بێت، ره‌نگه‌ ئه‌و قۆناغه‌ى كۆمه‌ڵ ده‌یخوازێت به‌ كرده‌وه‌ ده‌ستى پێكردبێت، بۆیه‌ش له‌ گوتار و كرداریدا جیاوازى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ-ى پێشوو، به‌ڵام هێشتاش ئه‌و جیاوازییه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ئێسقان و كۆمه‌ڵ له‌و پره‌نسیپانه‌ى هه‌میشه‌ باسیان ده‌كات پاشه‌كشه‌ى پێوه‌دیار نییه‌ و جه‌خت له‌به‌رنامه‌ى خۆى ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ میكانێزمێكى جیاوازتر ونەرمتر له‌ پێشوو.

له‌ گوتار و كرداردا جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ-ى پێشوو، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ئێسقان

رێبوار حه‌مه‌د گوته‌بێژى كۆمه‌ڵ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو له‌ سیمینارێكیدا بۆ كادیره‌كانى حزبه‌كه‌ى گوتى، ئه‌وان هه‌رگیز هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌ گه‌ڵ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌یان له‌گه‌ڵ سته‌م هه‌یه‌ و نایانه‌وێت له‌ سته‌م بێده‌نگ بن. ئه‌نجومه‌نى سیاسى حزبه‌كه‌ش له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى داواى یه‌كڕیزى و پێكه‌وه‌یى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانى كرد بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى كه‌ركوك.

ره‌نگه‌ به‌ ته‌نیشت ئه‌و قۆناغه‌ نوێیه‌ى ژیانى سیاسى كۆمه‌ڵ-ه‌وه‌، هۆكارى جۆراوجۆر هه‌بن، به‌ڵام نه‌مانى هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى(گۆڕان) له‌ گۆڕه‌پانى ئۆپۆزسیۆندا، كاریگه‌رى كه‌م نابێت له‌سه‌ر ئاڕاسته‌ى سیاسى كۆمه‌ڵ، كۆمه‌ڵ چیتر دوو باڵى نییه‌ بۆ فڕین، به‌وپێیه‌ى له‌ هه‌شت ساڵى رابردوو له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان لێك دانه‌بڕابوون له‌ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌كانیان پێكه‌وه‌بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ى گۆڕان له‌ هه‌ولێر شار به‌ده‌ركرا كۆمه‌ڵیش نه‌چووه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و ره‌وایه‌تى به‌ داخستنى په‌رله‌مان نه‌دا.

نێوانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن گەرم نییەو خاڵی هاوبەشیان کەمە

هۆكارێكى دیكه‌ كه‌ پێده‌چێت رۆڵى سه‌ره‌كى هه‌بێت له‌ نه‌خشى سیاسى قۆناغى نوێى كۆمه‌ڵ هاوڕێكانیه‌تى، له‌ دوو هه‌ڵبژاردنى رابردوو له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو نێوانیان درزى زۆرترى تێكه‌وت و په‌یوه‌ندییه‌ سارده‌كه‌یان ساردتربوو. ئاڕاسته‌و قوتابخانه‌ى سیاسى كۆمه‌ڵ له‌ كه‌م شوێنه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ى نوێوه‌ گرێده‌درێت، كۆمه‌ڵ مه‌یلى كه‌مه‌ بۆ كارى پێكه‌وه‌یى له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ى نوێ، پێده‌چێت ئه‌مه‌یان ته‌نها كێشه‌ى كۆمه‌ڵ نه‌بێت لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش له‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ى نوێ هه‌ستیارن، به‌وپێیه‌ى ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ روئیاو پره‌نسیپى روونى كه‌مه‌ و كێشه‌ى قوڵى ناوخۆیى هه‌یه‌، له‌ یه‌ك كاتیشدا بێ جیاوازى رووى ره‌خنه‌ى له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بوو، لایه‌نى ده‌سه‌ڵاتى به‌ سته‌مكارو ئۆپۆزسیۆنیشى به‌ ترسنۆك و لاواز وه‌سف ده‌كرد و ده‌یگوت، ئۆپۆزسیۆن تواناى فشارى نییه‌ بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات. كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ شیوعیش پێشتر به‌رێگه‌یه‌كدا نه‌ڕۆیشتوون كه‌ ئێستا هه‌ردووكیان ئۆپۆزسیۆنن خاڵى هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا له‌ سفر نزیكه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت كۆمه‌ڵ له‌ خۆڕا پیاده‌ى قۆناغى ته‌نیایى و نێوان باشى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان نه‌كات.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ زۆرینه‌یه‌كى سیاسى حكومه‌تى پێكهێناوه‌و كه‌ژماره‌یان چوارهێنده‌ى ئۆپۆزسیۆن زیاتره‌، بۆیه‌ش به‌ ئاسانى له‌مپه‌رى بۆ درووستناكرێت هاوشێوه‌ى خوله‌كانى پێشوو، جگه‌له‌وه‌ش ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ چوارده‌ورى هه‌رێم ده‌كوڵێت، هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چاره‌نوسى قه‌واره‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان دیاریده‌كه‌ن به‌رێژه‌یه‌كى ئێجگار زۆرتر له‌ فاكته‌ره‌ ناوخۆییه‌كان، ره‌نگه‌ كۆمه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌ى خوێندبێته‌وه‌و ده‌ست بۆ ئه‌و كارتانه‌ نه‌بات كه‌ كاریگه‌رى نه‌بێت و بۆخۆشى ده‌ستكه‌وتى سیاسى نه‌بێت.

 كۆمه‌ڵ چوار ساڵى ئاسانى له‌ پێش نییه‌و له‌ ئاوى خوڕدا مه‌له‌ ده‌كات

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئۆپۆزسیۆنه‌و له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا به‌رپرسیارێتى له‌سه‌ر شان نییه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵ چوار ساڵى ئاسانى له‌ پێش نییه‌و له‌ ئاوى خوڕدا مه‌له‌ ده‌كات، به‌ ده‌ستێك ده‌بێت دڵى ناڕازى و توڕه‌كان رابگرێت و ده‌نگه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو بچێنته‌وه‌، به‌ ده‌ستێك ده‌بێت به‌ربه‌سته‌ سیاسییه‌كانى به‌رده‌مى رابماڵێت، خۆى له‌ به‌ركه‌وتن و مه‌ترسى لابه‌لا بپارێزێت، هه‌م ده‌بێت رووى له‌شه‌قام بێت هه‌م ده‌ستیش به‌ په‌یوه‌ندى هاوسه‌نگه‌وه‌ بگرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، گوێ قوڵاغیشه‌ بۆ ناكۆكییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌به‌رده‌گارى هه‌رێمدا كه‌ هه‌ر پێكدادانێك پریشكى به‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌كه‌وێت، بۆیه‌ش پێناچێت به‌مزووانه‌ هه‌مان به‌رگى ئۆپۆزسیۆنبوونى پێشووى له‌به‌ربكاته‌وه‌.