ڕاپۆرتی کوردستانی

10:24 - 13/12/2018

كۆنگره‌ی یه‌كێتی له‌نێوان ته‌ندروستی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و حه‌زی پافڵ تاڵه‌بانیدا‌

پەیسەر

چارەنووسی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی بەهەڵواسراوی ماوەتەوەو ململانێی باڵە ناكۆكەكانی ئەو حیزبەش رێگرن لەبەستنی ئەو كۆنگرەیە.

ماوەی چەند ساڵێكە ململانێ لەنێوان باڵە جیاوازەكانی یەكێتی دروستبووە، بەتایبەتی لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی،‌ كە لەكۆتایی‌ ساڵی 2012 نەخۆش كەوت‌و دوای‌ پێنج ساڵ لەتشرینی‌ یەكەمی‌ 2017 كۆچی‌ دوایی‌ كرد.

جەلال تاڵەبانی چ نەخۆشكەوتنەكەی، چ كۆچی دواییەكەی رۆژ بەرۆژ ململانێكانی ناو یەكێتی زیاتر كردووەو چەند باڵێك لەناو ئەو حیزبە دروست بوون، كە هیچ كەس نەبوو بەقەد ئەو لەئیدارەدانی‌ حیزبەكەیدا شارەزا بێت‌و رێگری لەتەشەنەكردنی ململانێكان بكات.

جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەری یەكێتی بوو، هەر ئەوەندەی‌ گۆڕەپانەكەی‌ چۆڵكرد حیزبەكەی تووشی كێشەی گەورە بوو، بەشێوەیەك كێشەكان گەیشتە ئاستی لێكجابوونەوەو ئێستاش ململانێكان بەو رادە گەیشتوون چارەنووسی كۆنگرەكە بەناڕوونی ماوەتەوە.

 خواستی باڵی كۆسرەت رەسوڵ بۆ بەستی كۆنگرە بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی ناوبراوەوە هەیە

كێشەكانی‌ یەكێتی‌ سەرچاوەیان زۆرن‌و لەئەنجامی‌ جیاوازی‌ بۆچوونی‌ بەرپرسەكانی‌ لەسەر ئیدارەدان‌و سیاسەتكردنی‌ حیزبەكەیان دروستبووەو بەو هۆیەشەوە چەند ساڵێكە نەتوانراوە كۆنگرە ببەسرێت، نوێترین ململانێش لەنێوان باڵەكانی یەكێتی لەسەر وادەی بەستن‌و نەبەستی كۆنگرەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پەیسەر پرێس كەوتووە، باڵی كۆسرەت رەسوڵ، كە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانییە، لەگەڵ ئەوەن بەزوویی وادەی بەستنی كۆنگرە دیاریبكرێت، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەدا، باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی لەگەڵ ئەوە نین بەم نزیكانە كۆنگرە ببەسرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان خواستی باڵی كۆسرەت رەسوڵ بۆ بەستی كۆنگرە بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی ناوبراوەوە هەیە، كە خودی كۆسرەت رەسوڵ سوورە لەبەستنی كۆنگرەی چوارەمی حیزبەكەو دەیەوێت خۆی رۆڵی هەبێت لەیەكلاكردنەوەی ململانێكانی ناو كۆنگرە، ئەوەش بەهۆی ترسی خراپتربوونی دۆخی تەندروستی.

پافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی وەك سەرۆكی باڵەكە دەردەكەوێت، نایانەوێت بەم نزیكانە كۆنگرە ببەستن، ئەوەش لەپێناوی ئامادەكاری باشتر بۆ كۆنگرەكە

لەبەرانبەر ئەمەدا باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی، كە پێشتر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكردو ئێستا پافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی وەك سەرۆكی باڵەكە دەردەكەوێت، نایانەوێت بەم نزیكانە كۆنگرە ببەستن، ئەوەش لەپێناوی ئامادەكاری باشتر بۆ كۆنگرەكە، بۆ ئەوەی لەرێگەی ئامادەكارییەكان ململانێكانی ناو كۆنگرە لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلابكەنەوە.

لەو بارەوە سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ پەیسەر پرێس وتی: "ماوەیەكە هەوڵی چڕ هەیە بۆ بەستی كۆنگرە، بەڵام هاتنە پێشەوەی چەند رووداوێك هۆكاربوون لەبەستنی كۆنگرە، بەتایبەتی دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و كوردستان لەماوەی داهاتوو".

سەعدی پیرە نەیشاردەوە بەشێكی تر لەهۆكاری دواكەوتنی كۆنگرەی یەكێتی كێشە ناوخۆییەكان بووەو گوتیشی: "هەوڵی چارەسەری كێشەكان دەدرێت‌و لەدوای پێكهێنانی حكومەتیش كاری جددی دەكرێت، بۆ ئەوەی وادەی كۆنگرە دیاریبكرێت".

یەكێتی‌ لەدامەزراندنییەوە (ساڵی‌ 1975)، تائێستا سێ‌ كۆنگرەی‌ بەستووەو دەبوو لەساڵی‌ 2014 كۆنگرەی‌ چوارەمی‌ ببەستێت، بەڵام كێشە ناوخۆییەكانی‌ رێگربوون لەبەستنی‌ كۆنگرەو ئێستاش چەند وادەیەك پێشنیازكراوە بۆ بەستنی‌ كۆنگرەكە، بەڵام هیچ وادەیەك بۆ دیاریكردنی وادەی كۆنگرەكە سەرینەگرتووە.

كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ئەو دەرفەتەیە، كە ماوەیەكە باڵە جیاوازەكانی یەكێتی ئامادەكاری بۆ بەستنی دەكەن‌و چەند باڵێكیش بەچڕی كار دەكەن‌، بۆ ئەوەی لەكۆنگرەكە زۆرترین ئامادەییان لەسەركردایەتی حیزبەكە هەبێت.