ڕاپۆرتی کوردستانی

04:53 - 24/08/2019

تارمایى هه‌ورامى به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وە ناڕه‌وێته‌وه‌‌

پەیسەر

سێبه‌رى ئاشتى هه‌ورامى، ئاینده‌ى كه‌رتى نه‌وت و وزه‌ى هه‌رێمى كوردستانى ته‌ڵختركردووه‌، ئه‌گه‌رچى حكومه‌تى نوێ له‌ ده‌سه‌ڵات دایماڵیوه‌، به‌ڵام تارمایى ئه‌و به‌سه‌ر جومگه‌ گرنگه‌كانه‌وه‌ وازوو ناڕه‌وێته‌وه‌، سیاسه‌تى نه‌وتیى به‌سه‌ر چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌كدا دابه‌شكردووه‌، ئاماده‌ نییه‌ هاوكارى تیمى نوێى حكومه‌ت بێت بۆ راده‌ستكردنى نه‌وت، ئه‌و سكاڵایانه‌شى له‌ له‌نده‌ن له‌سه‌رى تۆماركراوه‌، حكومه‌تى له‌ ته‌لبه‌ندێكى دیكه‌وه‌ ئاڵاندووه‌.

ده‌سه‌ڵاتى كه‌م و سه‌رئێشه‌ى زۆر


تیمى پارتى له‌ حكومه‌تى نوێ، ئاماده‌نه‌بوون ئاشتى هه‌ورامى وه‌ك وه‌زیر له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌ربگرنه‌وه‌، مه‌سرور بارزانى خۆى راسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانى وه‌رگرت، هه‌ورامى به‌ ده‌سه‌ڵاتى رووكه‌شه‌وه‌ كرده‌ یاریده‌ده‌رى خۆى بۆ كارووبارى وزه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوانه‌ هێشتا په‌ڕوباڵى هه‌ورامییان نه‌كردووه‌، سه‌ردانى چاوه‌ڕوانكراوى شاندى هه‌رێم بۆ به‌غدا به‌هۆى ئاشتى هه‌ورامی-یه‌وه‌ دواكه‌وت، له‌كاتێكدا به‌غدا تینى لێبڕاوه‌و هه‌شت مانگه‌ چاوه‌ڕێى رێككه‌وتن و راده‌ستكردنى نه‌وته‌. له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ سكاڵاى نوێى كۆمپانیایه‌ك له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم به‌هۆى كێشه‌یه‌ك له‌ گرێبه‌سته‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ ئاشتى هه‌ورامى كێشه‌یه‌كى دیكه‌ى له‌به‌رده‌م حكومه‌تى نوێ قوتكردووه‌ته‌وه‌.

دواخستنى شاند له‌ كاتى كۆتاییدا

 
ماوه‌یه‌كى كه‌م نییه‌ سه‌ردانى شاندى هه‌رێم بۆ به‌غدا دواكه‌وتووه‌، پشووه‌كانى جه‌ژن زیاتر دوایخست، بڕیاربوو دواى جه‌ژن شاندێكى هه‌رێم ره‌وانه‌بكرێت، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى ئاماده‌نییه‌ ئه‌ندامى ئه‌و شانده‌ بێت، سه‌ردانى شانده‌كه‌ دواكه‌وتووه‌، له‌كاتێكدا زانیارى هه‌یه‌ حكومه‌تى عێراق تا كۆتایى ئه‌م مانگه‌ى دیاریكردووه‌، بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌رێككه‌وتن بگه‌ن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ره‌وانەكردنى بوودجه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌ستپێده‌كه‌ن.

چه‌ند جارێك نێچیرڤان بارزانى ئاگاداركردووه‌ كه‌ نابێت نه‌وت راده‌ست بكرێت

ئاشتى هه‌ورامى له‌رێگه‌ى نێچیرڤان بارزانی-یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ سه‌ردانى به‌غدا بكات، ئه‌وا ده‌بێت بۆ راده‌ستكردنى نه‌وت بچێت، ئه‌ویش نایه‌وێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكرێت، بۆیه‌ نایه‌وێت ئه‌ندامى شانده‌كه‌ بێت. هه‌ورامى داكۆكیكارى ئاڕاسته‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانییه‌ تایبه‌ت به‌ سیاسه‌تى نه‌وت، پێچه‌وانه‌ى به‌رنامه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا مقۆمقۆى رێككه‌وتن به‌لادا بخات. به‌و پێداگرییانه‌ى ئاشتى هه‌ورامى بۆخۆى باڵێكى سه‌ربه‌خۆى له‌ سیاسه‌تى نه‌وتدا درووستكردووه‌ كه‌ له‌ خودى نێچیرڤان بارزانى توندڕه‌وترە له‌ مه‌سه‌له‌ى راده‌ستكردنى نه‌وت، ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێك نێچیرڤان بارزانى ئاگاداركردووه‌ كه‌ نابێت نه‌وت راده‌ست بكرێت.

ململانێ له‌كاتێکى هه‌ستیاردا


ئه‌و ناكۆكییه‌ى له‌نێوماڵى پارتیدا به‌سه‌ر ئاشتى هه‌ورامیدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌، كاریگه‌رى راسته‌وخۆى كردووه‌ته‌ سه‌ر كه‌رتى نه‌وت، رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاڵۆزكردووه‌ له‌كاتێكی هه‌ستیاردا كه‌ سیاسه‌تى نه‌وتیى هه‌رێم خه‌ریكه‌ سه‌رى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌خوات، فراكسیۆنه‌ عه‌ره‌بییه‌كان فشارى زۆریان له‌سه‌ر درووستكردووه‌ و باسوخواستى سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌یان هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌. نیگه‌رانى زۆرى عه‌ره‌به‌كان له‌ عه‌بدولمه‌هدى له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنى مووچه‌یه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان بێ ئه‌وه‌ى به‌رمیلێك نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكرێت. عه‌بدولمه‌هدى له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى به‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى راگه‌یاندبوو"حكومه‌تى هه‌رێم به‌ یاساى بوودجه‌ مووچه‌مان لێوه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ئاماده‌نییه‌ به‌ یاساى بوودجه‌ نه‌وت راده‌ستبكات". هه‌روه‌ها بۆ ره‌وانه‌كردنى بوودجه‌ش بۆ په‌رله‌مان، كات روو له‌كۆتاییه‌و ده‌بێت مانگى داهاتوو بوودجه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بێت. ئاشتى هه‌ورامى له‌كاتێكى سه‌ختدا یارییه‌كى ئاڵۆزده‌كات و پێگه‌و كاریگه‌رى خۆى تاقیده‌كاته‌وه‌. ئه‌و جیڕییه‌ى پیاده‌ی ده‌كات ئاماژه‌ى مانه‌وه‌ى كاریگه‌رى و تارمایى ئه‌وه‌ به‌سه‌ر سیاسه‌تى وزەى هه‌رێمه‌وه‌.

هه‌نگاونان له‌ پشتى حكومه‌ته‌وه‌


دوایین سكاڵاى دژى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا، جارێكى دیكه‌ ئه‌وه‌ى بیرهێنایه‌وه‌ كه‌به‌مزووانه‌ كاریگه‌رى سیاسه‌ت و هه‌نگاوه‌كانى ئاشتى هه‌ورامیى به‌سه‌ر سیاسه‌تى وزه‌و نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌ ناسڕێته‌وه‌. پێگەی (oilprice) لەڕاپۆرتێكیدا ئاماژەی بە نوێترین داوای یاسایی دژی ئاشتی هەورامی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، كە لەلایەن كۆمپانیای (Dynasty Petroleum) بۆ بازرگانی نەوت و غاز، لەڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە لە دادگای شاهانەی بەریتانیا تۆماركراوە.

نه‌وتى هه‌رێم خه‌ریكه‌ سه‌رى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌خوات

پێگەكە دەڵێت، لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە، كە كۆمپانیای Dynasyty چەند تۆمەتێكی لەدادگا ئاڕاستەی خودی ئاشتی هەورامی كردووە لەوانە "دەستوەردانی نایاسایی" "ترساندنی نایاسایی" "پێشێلكردنی بەندەكانی ڕێككەوتن" بۆیە ئێستا داوای قەرەبوویەكی خەیاڵیی لە هەرێمی كوردستان دەكات.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌و سكاڵایه‌ بدۆڕێنێت، كۆمپانیاكه‌ ملیارێك و ٥٠٠ هه‌زار دۆلارى لێده‌باته‌وه‌. به‌پێى زانیارییه‌كان دواى سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌كان له‌نێوان ئاشتى هه‌ورامى و كۆمپانیاكه‌، ئاشتى هه‌ورامى له‌ پشتى حكومه‌ته‌وه‌ داواى له‌ لاهور شێخ جه‌نگى كردووه‌ كه‌ هێز بجوڵێنێت و رێگه‌ بگرێت له‌كارى كۆمپانیاكه‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى پێشتر له‌رێگه‌ى قوباد  تاڵه‌بانییه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، بەوپێیەی کاری کۆمپانیاکە لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتی بووە. 

نەوت په‌لوپۆى هەروامیی بردووه‌ته‌ ژێر زه‌وى

له‌و هه‌نگاوانه‌ى هه‌ورامى به‌ هه‌ڕه‌شه‌و فشار دژى كۆمپانیاكه‌، حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ك دامه‌زراوه‌ى فه‌رمى رۆڵى نه‌بووه‌و هه‌ورامى له‌ پشتى حكومه‌ته‌وه‌ وه‌ك حكومه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ى كردووه‌و ده‌ستى بۆ جوڵاندنى هێزیش بردووه‌. ئه‌و هێشتا هه‌موو ورده‌كاریییه‌كانى نه‌وت و گرێبه‌سته‌كان له‌ جانتاكه‌یدایه‌و حكومه‌تى نوێى په‌یى نه‌بردووه‌ به‌ كون و كه‌له‌به‌ره‌كان، بۆیه‌ش سه‌رۆكى حكومه‌ت خواستى دوورخستنه‌وه‌ى یه‌كجاریى نییه‌و ده‌یه‌وێت وه‌ك یاریده‌ده‌ر له‌گه‌ڵى بێت تا هه‌موو ورده‌كارییه‌كان له‌ چنگى ده‌ردێنێت. به‌ڵام دیاره‌ هه‌ورامى لێزانانه‌ ئه‌و هه‌له‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ یاریكردن و هێشتنه‌وه‌ى هه‌ژموون و كاریگه‌رى خۆى. به‌ڵام پێناچێت بۆى ئاسان بێت ماوه‌یه‌كى زۆر درێژه‌ به‌و یارییه‌ بدات.

بۆ حكومه‌تى نوێ ئاسان نه‌بێت له‌ ساتێكدا جانتاكه‌ى لێوه‌ربگرێت

نه‌وت له‌ ١٥ساڵی رابردوودا ده‌رفه‌تى قه‌به‌ى به‌ ئاشتى هه‌ورامى داوه‌، بۆ په‌لكشان و هه‌ڵكشانى هه‌ژموون و كاریگه‌رى، به‌جۆرێك په‌لوپۆى ئه‌وى بردووه‌ته‌ ژێر زه‌وى، بۆیه‌ش ره‌نگه‌ بۆ حكومه‌تى نوێ ئاسان نه‌بێت له‌ ساتێكدا جانتاكه‌ى لێوه‌ربگرێت، حكومه‌ت نه‌ده‌توانێت وازوو ده‌ستبه‌ردارى بێت نه‌ده‌شتوانێت سوكانه‌كه‌ى باته‌وه‌ ده‌ست. سێبه‌ر و هه‌نگاوه‌ ئاڵۆزه‌كانى هەورامی وازوو ئاسمانى حكومه‌ت و بیره‌ نه‌وته‌كان تێناپه‌ڕێنێت، حكومه‌تى نوێش گیرۆده‌ى هه‌نگاوه‌كانى ئه‌ون كه‌ به‌ پاڵپشتى ده‌سه‌ڵاته‌ زۆره‌كانى له‌ رابردوودا ناویه‌تى.