07:32 - 22/08/2019
هاتونه‌هاتى دانوستان نابڕێته‌وه
كات بۆ په‌سه‌ندكردنى بوودجه‌ى عێراق له حكومه‌ت و ره‌وانه‌كردنى بۆ په‌رله‌مان روو له كۆتاییه، له هه‌رێمى كوردستان په‌رله‌مانتاران باس له ئاماده‌كردنى یاساى بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو ده‌كه‌ن له‌كاتێكدا نیوه‌ى بوودجه‌ى هه‌رێم له‌به‌غداوه دێ، كێشه‌ى مووچه ناو به‌ناو سه‌ر ده‌رده‌هێنێته‌وه، ره‌وانه‌كردنى مووچه ته‌نها چوار مانگى دیكه گره‌نتى كراوه، هه‌نگاوه‌كان بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ساردوسڕن و تائێستا دیارنییه هه‌ولێر و به‌غدا كه‌ى و چۆن و له‌سه‌رچى رێكده‌كه‌ون، ئاسۆى رێككه‌وتن لێڵه.
ده‌ستپێكى ئه‌مساڵ كاتێك به‌شێك له مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان له بوودجه‌دا جێكرایه‌وه، هه‌مووان پێیان وابوو ئه‌وه هه‌نگاوێكى باشه به‌ره‌و رێككه‌وتن، پێشبینیدەکرا ئیتر هاتونه‌هاتى مووچه‌و دڵه‌راوكێى ترازانى نێوانى هه‌ولێرو به‌غداو شه‌ڕ بڕه‌وێته‌وه، به‌ڵام دواى هه‌شت مانگ له‌و ده‌ستپێكه، هێشتا دۆخه‌كه هه‌نگاوێك نه‌چووه‌ته پێش، ئه‌وه‌ى هه‌یه قسه‌یه‌و باسكردنە له كۆبوونه‌وه‌كان به شێوه‌ى ئیجابى، به‌ڵام به كرده‌یى هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه.
سه‌ردانى شاند
ناوبه‌ناو ده‌نگوباسى ره‌وانه‌كردنى شاند بۆ به‌غدا بڵاوده‌بێته‌وه، په‌یسه‌ر زانیارى هه‌بوو كه بڕیاربووه تا ئه‌مڕۆ شاندێك له حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه ره‌وانه‌ى به‌غدا بكرێت، به‌ڵام سه‌ردانى شانده‌كه دواكه‌وتووە بۆ هه‌فته‌ى داهاتوو، بێ ئه‌وه‌ى هۆكاره‌كه‌ى روون بێت. جوتیار عادل گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى:"گفتوگۆكان به‌ره‌و باش ده‌ڕۆن له كه‌شێكى زۆر ئیجابییانه، گفتوگۆكان به‌رده‌وامن"سه‌باره‌ت به كاتى سه‌ردانى شاندى حكومه‌ت و دانوستانى هه‌ردوولا گوته‌بێژى حكومه‌ت باسیله‌وه‌كرد، هیچ خشته‌یه‌كى زه‌مه‌نى نییه بۆ كۆبوونه‌وه‌كان،"بڵێن هه‌فته‌یه‌ك یاخود دوو هه‌فته جارێك سه‌ردان ده‌كرێت، به‌پێى پێویست و داواكارى هه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كرێت".
سه‌باره‌ت به ته‌واوبوونى كات بۆ ئاماده‌كردنى یاساى بوودجه، جوتیار عادل گوتى:"ئه‌وه به‌شێكه له پرۆسه‌ى گفتوگۆ(پرسى بوودجه) ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمیش داوابكات ئاساییه، ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كى گشتگیره، هیچ له‌وى دیكه جیا نییه، بۆیه حاڵه‌تێكى ئاساییه‌و ئاماده‌ده‌كرێت، بوودجه‌ش له‌رێگه‌ى حكومه‌ته‌وه ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌كرێت".
مۆڵه‌تێك له‌به‌غداوه
په‌یسه‌ر زانیارى ئه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتبوو كه حكومه‌تى عێراق تاكۆتایى ئه‌م مانگه‌ى وه‌ك كاتى چاوه‌ڕوانى د‌یاریكردبوو بۆ حكومه‌تى هه‌رێم بۆئه‌وه‌ى رێككه‌وتن بكرێت ئه‌گه‌رنا بێ كورد ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ست به په‌سه‌ندكردنى بوودجه ده‌كات و ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى ده‌كات. گوته‌بێژى حكومه‌ت ئه‌و زانیارییه ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت، زانیارییه‌كه هه‌ڵه‌یه. به‌ڵام ورده‌كارى ئه‌وه‌ى باس نه‌كرد، كات تاكه‌ى كراوه‌یه بۆ رێككه‌وتن و به‌غدا چه‌ندى دیكه له رێگه‌ى هه‌رێم ده‌وه‌ستێت.
كاتێكى كه‌م بۆ رێككه‌وتن
حكومه‌تى هه‌رێم له هه‌شت مانگى رابردوودا نه‌یتوانى بگاته رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئێستا به‌پێى دۆخه‌كه‌و ئه‌و ماوه‌ى به‌غدا دیاریكردووه، هه‌شت رۆژێكى له‌به‌رده‌مه بۆ رێككه‌وتن، ئه‌وه‌ش له مه‌حاڵ نزیكه له هه‌شت رۆژدا هه‌ولێر و به‌غدا هه‌موو گرژییه‌كان بڕه‌وێننه‌وه‌و به رێككه‌وتن بگه‌ن، له‌كاتێكدا كاتى سه‌ردان و گفتوگۆش ناروونه. بۆیه‌ش رێككه‌وتن ئه‌گه‌رێكى وا نزیك نییه.
سیاسه‌تى كات به‌ڕێكردن
حكومه‌تى هه‌رێم خواستى زۆرى هه‌یه بۆئه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه‌ى كه ئێستا هه‌یه، (مووچه دێت بێ ئه‌وه‌ى نه‌وت راده‌ست بكات)، تا كۆتایى ساڵ به‌رده‌وام بێت و بۆ گفتوگۆ بۆ ساڵى نوێ بكات نه‌ك بۆ ئه‌مساڵ، ئه‌وه‌ش به ئامانجى ئه‌وه‌ى پاره‌یه‌كى زیاترى ده‌ستبكه‌وێت، هه‌م پێشى وایه ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ ٢٥٠هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستبكات، ساڵى داهاتوو به‌غدا بیانووى زیاترى پێده‌گرێت. به‌ڵام مه‌ترسى هه‌یه ئه‌م سیاسه‌تى كات به‌رێکردنە به‌سه‌ر هه‌رێمدا قڵپ ببێته‌وه به چه‌ند هۆكارێك ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتاران و حكومه‌ت جێبه‌جێنه‌كردنى یاساى بوودجه بۆ ئه‌مساڵ بێمتمانه‌ى كردبن به هه‌رێم و توڕه‌ییان ببێته هۆى ئه‌وه‌ى داخى خۆیان به مووچه فه‌رمانبه‌ران برێژن، ئه‌گه‌رێكى دیكه‌ى خراپ بۆ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌یه، كه حكومه‌تى به‌غدا بۆ بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو چیتر له ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل رازى نه‌بێت و زیاترى بوێت.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدى له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره كورده‌كان گوتویه‌تى،"ئێمه نەرمى زۆرمان نواند، حكومه‌تى هه‌رێم به یاساى بوودجه پاره‌مان لێ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام كار به یاساى بوودجه ناكات له‌و به‌شه‌ى په‌یوه‌ندى ئه‌ركه‌كانیه‌وه‌یه، حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى ده‌ستى ده‌كات و نه‌وت راده‌ست ناكات".
دانوستانێكى سه‌خت
بۆ ئاماده‌كردنى بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو حكومه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مانتارانى كورد له به‌غدا شه‌ڕێكى سه‌ختیان له‌پێشه، چونكه هه‌م بێ متمانه‌یى زیاتربووه، هه‌م شه‌قامى سیاسى عێراق به‌هۆى پابه‌ندنه‌بوونى هه‌رێمه‌وه به یاساى بوودجه‌وه زۆرتر تاودراوه به هه‌ڵوێسته‌كانى دژى هه‌رێم، له‌لایه‌كى دیكه هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له پێشه لایه‌نه عێراقییه‌كان به هه‌ڵوێستى توند و ره‌ق به‌رامبه‌ر به هه‌رێم ده‌یانه‌وێت سه‌رنجى ده‌نگده‌رى عێراقى رابكێشن.
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى داریى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر گوتى، دانوستانه‌كانى بوودجه سه‌خت ده‌بن و شه‌ڕێكى سه‌خت له پێش په‌رله‌مانتارانه له به‌غدا، به‌ڵام ئه‌وان شه‌ڕى خۆیان ده‌كه‌ن. په‌یسه‌ر پێشتر زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه، كه موقته‌دا سه‌در بۆ بوودجه‌ى ئه‌مساڵ پشتگیرى ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ى كرد، ئێستا په‌یامى بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش ناردووه كه چیتر له بوودجه بڕگه‌ى له‌وجۆره جێگیر نه‌كرێت، كه رێگه به ره‌وانه‌كردنى مووچه بدات بێ راده‌ستكردنى نه‌وت.
جه‌مال كۆچه‌ر پێیوایه، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى سه‌در، په‌یوه‌ندى به هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانه‌وه هه‌یه، كه بڕیاره نیسانى داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت و له ئێستاوه بانگه‌شه‌ى رانه‌گه‌یه‌ندراو ده‌ستیان پێكردووه. سه‌درییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن به گوتارى ئۆپۆزسیۆنانه‌یان سه‌رنجى ده‌نگده‌رى شیعه رابكێشن چونكە ده‌نگده‌ره‌كانى ئه‌وان له‌نێو شیعه‌كانن.
دڵه‌ڕاوكێ له هاوكێشه‌یه‌كى ئاڵۆز
لابردنى پاشكه‌وتى مووچه، به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى به‌هۆى ریفراندۆنه‌وه له‌ده‌ستچوون، كۆتایى كابینه‌ى هه‌شت، دروستبوونى حكومه‌تى نوێ، هاتنى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆسه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران كه به دۆستى كورد ناسراوه، جێگریكردنى بڕگه‌ى ج له ماددەی ١٠ لە یاساى بوودجه‌ى ٢٠١٩، هێشتا دڵه‌راوكێى مووچه‌ى له‌هه‌رێمى كوردستان نه‌ڕه‌واندووه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هاوكێشه‌ى ناكۆكییه‌كان چه‌نده ئاڵۆز‌و پێكداچووه حكومه‌تیش ئه‌وه‌نده سارد ده‌رده‌كه‌وێت بۆ چاره‌كردنیان، له‌به‌غداشه‌وه نێتى ئه‌وه له ئارادا نییه كورد نازى پێش ٢٠١٤ ى پێبدرێته‌وه. خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان له چاوه‌ڕوانى دانوستانێكدان كه بۆ ماوه‌یه‌ك سه‌قامگیرى بگێڕێته‌وه، شه‌ش ساڵه هات و نه‌هاتى مووچه‌و دانوستان نه‌بڕاوه‌ته‌وه رۆژانى ئاینده دیمه‌نه‌کە کەمێک روونتر ده‌بینرێت، كه به‌م زووانه مشتومڕى ناله‌بارى دۆخه‌كه كۆتایى دێت یاخود رێككنه‌كه‌وتن قه‌یرانى دیكه درووستده‌كات.