01:48 - 22/08/2019
گوڵ و باباجان لە قۆناغێکی نوێدا
ئێستا لهناوەندە سیاسی و رۆژنامەوانییەکانی توركیا، ئەو قۆناغە تێپەڕی کە بە گومانەوە بپرسن: ئەرێ عەبدوڵڵا گوڵ و عەلی باباجان حزب دروست دەکەن؟شتەکە یەکلایی بووەتەوە، ئێستا باسوخواسەکان لەسەر ئەوەن نەخشەی سیاسی تورکیا چۆن دەگۆڕێت کاتێ گوڵ و باباجان خۆیان کەسی یەکەم و دووەمی حزبێکی نوێ دەبن؟ ئیتر ئەوان ئەردۆغانیان بۆ هەمیشە بەجێهێشت.
بەر لە هەموو شت، بۆ تورکیا پرسی کورد هەمیشە لای سەرووی گرتووە. هەر کەسایەتی و رێبەرێکی سیاسی نوێ هاتبێ، یەکەم کۆسپی راستەقینەی سەر رێگەکەی، مەسەلەی کوردبووە. هەیە نکوڵی لێکردووەو هەیشە لەژێر لێوەوە ناوی هێناوە وەکو "
کێشەی باکووری رۆژهەڵاتی وڵات" بەڵام ئەردۆغان و ئەکەپە لە سەرەتای هاتنە سەرکار و قایمکردنی جێ پێی خۆیان، راشکاوانە وتیان " بەڵێ کێشەی کورد هەیە و دەبێ چارەسەر بکرێ" ئەم قسەیە وەکو لادانی سەری مەنجەڵێکی پڕ لە گۆشتی گەنیو وابوو بۆ تورکیای سەردەمی ئەردۆغان.
ئەردۆغان لەو قسەیە پەشیمان بوویەوەو پەنای بۆ چەک و زەبروزەنگ بردەوە بەسەر باکووری کوردستاندا، بەڵام بەشێک لە هاوڕێ و هاوکارەکانی لەناو ئەکەپەدا، ئەم رێگە سوواوەیان رەتکردەوەو لەگەڵیدا نەبوون. یەکێک لەوانە عەبدوڵڵا گوڵ بوو.
گوڵ سەرۆککۆماری پێشوو، ئێستا یەکێکە لە فیگەرە سەرەکییەکانی دروستکردنی حزبێکی نوێ. بۆ ئەمەش عەلی باباجان وەزیری پێشووی دەرەوە بنباریەتی.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە باباجان لە مەسەلەی چارەسەری كێشەی كورددا رچەشكێنی ناكات. بەڵام پێشبینی گرتنەبەری سیاسەتێكی میانڕەوانەشی لێدەكەن.
باباجان، لەگەڵ دامەزراندن و هاتنە سەر دەسەڵاتی ئاكەپە، ناوبانگی پەیداكرد. هەرچەندە بە رووكەشانە لەسەر ئیسلامی سیاسی تورك دەخوێندرێتەوە، بەڵام شێوازی كاركردنی لەگەڵ دامەزراوە سەرمایەدارییە جیهانیەكان سیمای سیاسیەكی لیبڕاڵیان پێ بهخشیوه
چاوەکان لەسەر جموجوڵەکانی گوڵ و باباجانە، سووسەکەران بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەگەڕێن" ئایا ئەم حزبە نوێیە چۆن دەبێ؟ چ نەخشە رێگایەك دەگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسەتی دەرەوەی توركیا، قەیرانی ئابووری و ئازادییە ناخۆییەكان؟"
هەموو ئەمانەش تەنیا ئەو كاتە دهردهكهون، كە ئەم حزبە نوێیە هەڵوێستی خۆی لەبارەی كێشەی كورد و چارەسەركردنی ئاشكرا دەكات. چونكە هەموو ئەم قەیرانانەی توركیا بەدەستیەوە دەناڵێنێ دەرهاویشتەی سیاسەتی نكۆڵیكردنە لە كێشەی كورد.
باباجانی گەنج
عەلی باباجان، ئەكتەرێكی سیاسی گەنجی توركە، لەگەڵ دامەزراندن و هاتنە سەر دەسەڵاتی ئاكەپە، ناوبانگی پدرەوشایەوە. هەرچەندە بەروواڵەت لەسەر ئیسلامی سیاسی حساب دەکرێ، بەڵام شێوازی كاركردن و پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە سەرمایەدارییە جیهانییەكاندا، سیمای سیاسیەكی لیبڕاڵیانەیان پێبەخشیووە. چاوەڕێش دەكرێت لە چوارچێوەی لیبڕالیزمی سەرمایەدارییدا سەیری مەسەلەی كورد بكات.
سینان چیفتیورەك، سەرۆكی حزبی كۆمۆنیستی كوردستان لە باكووری كوردستان، زۆر گەشبین نییە بە حزبە چاوەڕوانکراوەکەی گوڵ و باباجان. ئەو بۆ پەیسە دەڵێت: ئهم حزبه نوێیه كه باس له دامهزراندنی دهكرێت، ناچارن چهند بهڵێنێك لهبارهی كێشهی كوردهوه بدهن، چونكە هەڵبژاردنی 23 حوەزیران نیشانیدا بەبێ پشتگیری سیاسەتی كوردی. هیچ لایەنێك ناتوانێ هاوسەنگی سیاسی بگۆڕێت
کوردانی باکووری کوردستان کاتێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی سیاسی تورکیا دەکەن، هەمیشە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو گەنجینە پڕ لە ئێش و زەحمەتەی کورد بە دەست دەوڵەتی تورکیاوە چەشتوویەتی. بۆیە زۆر گەشبین نین بە بەڵێنە نوێکان.
محەمەد ڤوڕال سەرۆكی دەزگای (DİTAM) بۆ توێژینەوەی سیاسی و ئابووری، ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێ و دەڵێت: باوەڕ ناكەم ئەم حزبە تازەیە بەڕووی کورددا بکرێتەوە. بانگەشەی ئیسلامی سیاسی لە بارەی دیموكراسی تەنیا ئەوەندەیە تا سودی لێوهربگرن، نموونەی دەسەڵاتی ئاكەپەمان لە نزیكەوە بینی. ڤوراڵ ئەم قسانەی بۆ پەیسەر کرد.
ئەوەی گومان لەسەر باباجان و گوڵ لە بارەی كێشەی كوردەوە زیاتر دەكات، بێدەنگبوون و بێهەڵوێستی ئەو دوو كەسەیە لەبەرامبەر سیاسەتی كوشتن و راوەدونانی كورد كە ئەردۆغان چەندین ساڵە گرتوویەتیەبەر. نەك تەنیا دژی پەكەكە بەڵكو دژی ههدهپهش، هەروەها لەدژی رۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستانیش پەیڕەوی کردووە.
بۆچوونێك هەیە سەبارەت بە گوڵ و باباجان کە بەوڕادەیە بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبوون لەمەڕ توندوتیژییەکانی کە ئەردۆغان لە دژی نەیارەکانی بەکاری هێناون بۆ نموونە جەماعەتی فەتحوڵڵا گوڵەن و هەدەپە. بەڵام وادیارە کاریگەری ئەوتۆیان لەسەر ئەردۆغان نەبووە.
نووسەر و رۆژنامەنووس فەهیم تاشتەكین روونی دەکاتەوە" باباجان و گوڵ بە گشتی لەدژی سیاسەتی كێشمەكێش و پێكدادانن. لەم چوارچێوەیەدا دەبێ لە بەرامبەر كوردیشدا سیاسەتێكی میانڕەوانە بگرنەبەر. بەڵام باوەڕ ناكەم دەربارەی چارەسەری كێشەی كورد سیاسەتێكی بوێرانەیان ههبێ. لە رابردوودا لەبەرامبەر سیاسەتی شەڕانگێزی ئەردۆغان بێدەنگبوون. كێشەی كورد پێویستی بە هەڵوێستی ریشەیی هەیە"
تاتەشکین وای بۆ دەچێ گوڵ و باباجان ، سیاسەتی سزادانی ههدهپه نەگرنەبەر. سەبارەت بە عەبدوڵڵا گوڵ دەڵێت: لە سیاسەتی تورکیادا بۆ سوریا، گوڵ لە ئەردۆغان جیاوازتر بوو. بەڵام كاتێك مەسەلەكە دەگاتە سەر ئاسایشی نیشتمانیی هەموویان لە یەك پەنجەرەدا سەیری مەسەلەكە دەكەن.
ئهم حزبه نوێیه نابێتە حزبێك هەنگاوی ریشەیی بۆ كێشهی كورد بنێت و پڕۆسەی كرانەوە و چارەسەری ناگرێتەبەر. چونكە كەسانی دەوڵەتپەرستیش لەناو ریزەكانی ئەم حزبەدا دەبن
هەر سەبارەت بە کێشەی کورد لە ئەجێندای حزبەکەی گوڵ و باباجاندا، نووسەرو رۆژنامەنووسی تورك دۆغان ئەرتوغلو، کەمێک گەشیینانەتر شرۆڤەی دەکات. ئەرتوغلو بۆ پەیسەر دەڵێت:" حزبێكی دەوڵەتی موحافەزەكار، راستڕەو و لیبڕال دەبێ. كەسایهتی باباجان و گوڵ لەم هێڵەوە نزیكن. ئەگەری هەڵگەڕانەوەی ئەم حزبە لەدژی سیاسەتی دەوڵەت پەیوەست بە كورد لە ئارادانییە. مهحاڵیشه وهك سەردەمی ئەردۆغان دەست بە پڕۆسەی چارەسەری بكهن"
لە سەردەمی سەركۆماریدا لە ساڵانی (2011 – 2015) عەبدوڵڵا گوڵ، پشتگیری لە گەڕانەوەی ناوی ئەو شوێنانە كرد كە پێشتر ناوی كوردییان هەبووەو لە چوارچێوەی سیاسەتی لەناوبردنی كورددا ناوەكانیان كراوە بە توركی. دۆغان ئەرتوغلو پێیوایە حزبەكەی باباجان لەبارەی كێشەی كورد هەمان ئەو سیاسەتە دەگرێتەبەر كە عەبدوڵڵا گوڵ لە سەردەمی سەركۆماریدا پشتگیری لێكردووە:" دەربارەی مافەكانی كورد زمانێكی نەرم بەكاردێنێت. بەڵام نابێتە حزبێك هەنگاوی ریشەیی بنێت و پڕۆسەی كرانەوە و چارەسەری ناگرێتەبەر. چونكە كەسانی دەوڵەتپەرستیش لەناو ریزەكانی ئەم حزبەدا دەبن. رێگا بەبەكارهێنانی ناوی كوردی دەدات، رێگا بە دەرچوونی رۆژنامە و گۆڤاری كوردی دەدات. بەڵام لە مەسەلەی خۆسەری شارەوانییەكاندا، مهحاڵه سیاسەتێكی ئەرێنی بگرنەبەر "
ئۆجەلان لەسەر رێگای گوڵ و باباجاندا
کورد و ئۆجەلان، دووانەیەکی لە یەک دانەبڕاون لە تورکیا. تازە ئەم کەسایەتییە گرنگ وکاریگەرەی باکووری کوردستان هەر ئەوە نییە کە لە زیندانێکی دوورەدەستدا زیندانیکراوە، بەڵکو فیگەرێکە بۆ چەند ساڵی داهاتوو ناکرێ پشتگوێ بخرێ.
ئایا حزبە چاوەڕوانکراوەکەی گوڵ و باباجان سەبارەت بە ئۆجەلان دەتوانن چی بکەن؟ بۆ وەڵێمی ئەم پرسیارە ئەرتوغلو نووسەرە توركەکە دەڵێت: ئەگەر ئەم حزبە كەسانی جیاواز لەناو ئاكەپە رابكێشێتە ناو ریزەكانی و جەماوەرێكی بەرفراوان لەخۆی كۆبكاتەوەو بچنە سهر كورسی دەسەڵات، لەوانەیە بیر لە فۆڕمیلەیەك بۆ ئۆجەلان بكەنەوە. دوور نییە گواستنەوەی ئۆجالان لە ئیمڕالییهوه بۆ ماڵێكی تایبەت بكهنه باسوخواس" گواستنەوەی ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە بۆ ماڵێکی تایبەت، یەکێکە لە داخوازییە سەرەکییەکانی پەکەکە وەکو جەمیل بیاک لە وتارەکەی واشنتۆن پۆست لە ٣ی مانگی تەموزی ٢٠١٩دا ئاماژەی پێداوە.
پسپۆر و نووسەر گۆكهان باجك، بۆ پەیسەر بە رستەیەک کۆی پێشیینییەکانی خۆی سەبارەت بە پرسی کورد لە ئەجێندای گوڵ و باباجاندا دەخاتەڕوو ئەو بەمجۆرە قسەکانی کورت دەکاتەوە " چاوەڕێ ناكرێت گوڵ و باباجان لەبارەی كێشەی كوردەوە، بێجگە لە چوارچێوەی گشتییم قسەی تر بكەن"
لە پۆڵێنكردنی سیاسەتی كورد لە توركیادا دوو بۆچوون هەیە. یەكێكیان بۆچوونی نەتەوەپەرستیە كە پێیوایە دەكرێت بە بەكارهێنانی سوپا، ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت. ئەوەی دیكەیان ئەو سیاسەتەیە كە پێیوایە بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێكی دیموكراسییانە دەكرێت كێشەی كورد چارهسهربكرێت. بەگوێرەی باجك، باباجان و تیمەكەی رێگای دووەم هەڵدەبژێرن:" بەبێ ئەوەی دەست بۆ وردەكارییەكان ببەن رێگای دووەم هەڵدەبژێرن. چونكە ئەم مەسەلەیەدا کە پڕە لە ریسك. باباجان – گوڵ تەنیا داوای دەنگ لە جەماوەری ئاكەپە ناكەن، بەڵكو بەدوای بەدەستهێنانی دەنگی راستڕە و نەتەوەپەرستەكانیشدا دهبن. ئەوکاتە ناچارن بە وریاییەوە هەڵسوكەوت بكەن. بەبێ ئەوەی وردەكارییەكان باس بكەن، دەڵێن بە رێگای دیموكراسی و بە گوێرەی پێوەری یەكێتی ئەوروپا ئەم كێشەیە چارەسەر دەكەین"
دوو فاكتەری دیكە رۆڵی گرنگی دەبێ لە دیاریكردنی سیاسەتی كوردی لەناو حزبەكەی باباجاندا. یەكێكیان ئەو سیاسیە كوردانەی دەچنە ناو حزبەكەی باباجان چ پڕۆفایلێكی سیاسیان هەیە؟ ئەوەی دیكەشیان ئەو كەسانەی لە باكووری كوردستان پشتگیری حزبەكەی باباجان دەكەن كێن و سەر بە چ رەوتێكی فیكری و سیاسین؟
ئێستا بێجگە لەو كوردانەی كە لەناو ههدهپه سیاسەت دەكەن، هێشتا بەشێك لە سیاسەتمەدارانی كورد پشتگیری لە ئاكەپە دەكەن، بەشێكی دیكەش لەگەڵ جەهەپەدا سیاسەت دەكەن. بەگوێرەی گۆكهان باجك:" ئەگەر ئەو سیاسەتمەدارە كوردانەی دەچنە ناو حزبەكەی باباجانەوە لەگەڵ ئەو كوردانەی پشتگیری لەم حزبەدا دەكەن، نەخشەی چارەسەری كێشەی كورد دابنێنو هەماهەنگی بكەن، لە داهاتوودا كاریگەری گرنگ لەناو ئەم حزبە نوێیەدا بەجێدێڵن".