ڕاپۆرتی کوردستانی

04:53 - 21/08/2019

عەبدولمەهدى نەرمترین سەرۆک وەزیران بووە بەرامبەر بە کورد‌

پەیسەر

عادل عەبدولمەهدى دواى ململانێ و کێبڕکێیەکى زۆرى ئەمریکا و ئێران و کەسێکى پەسەندى هێزە شیعى و سونەکان و کورد لە ٢٥ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٨دا وەک کاندیدى پەسەندى هەردوولا بە سەرۆک وەزیرانى نوێى عێراق دەستنیشانکرا.

لە دواى هەڵبژاردنەکانى ٢٠١٨ عێراق بووە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئێران، هەردوولا دەیانویست پۆستە سیادییەکانى عێراق بە کەسانى گوێڕایەڵ و نزیک لەخۆیان پڕبکەنەوە.

لەژێر ناوى کەمى خزمەتگوزارى و جێبەجێنەکردنى کارنامەى حکومەتەکەیدا هەوڵدەدرێت متمانە لە عادل عەبدولمەهدی بسەنرێتەوە

ئێستا لەژێر ناوى کەمى خزمەتگوزارى و جێبەجێنەکردنى کارنامەى حکومەتەکەیدا، چەند فراکسیۆنێک و لایەنێکى سیاسى پرسى سەندنەوەى متمانەیان لە عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق و کابینەکەى گەرمکردووە.

پرسى سەندنەوەى متمانە جدیە یان تەنها فشارە؟
ئەحمەد حاجى ڕەشید ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى کۆمەڵ بە پەیسەرى ڕاگەیاند، ئەوەى کە باس دەکرێت لەبارەى هەوڵەکانى سەندنەوەى متمانە لە عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیران هەموویان دەچنە خانەى فشارەوە.

 

ئەو هێزە سیاسیانەى ئەو پرسەیان وروژاندووە دەیانەوێت عادل عەبدولمەهدى زیاتر ئەجێنداکانى ئەوان جێبەجێ بکات

گوتیشى، ئەو هێزە سیاسیانەى ئەو پرسەیان وروژاندووە دەیانەوێت عادل عەبدولمەهدى زیاتر ئەجێنداکانى ئەوان جێبەجێ بکات، ئەگەر نا هێزە باڵادەستەکان بڕوایان بەو بابەتە نییە چونکە باش دەزانن سەندنەوەى متمانە لە سەرۆک وەزیران عێراق دەباتە قۆناغى پشێوى و فەوزاوە، چونکە ناتوانرێت لەم قۆناغەدا سەرۆک وەزیرانێکى نوێ هەڵبژێردرێت.

لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا موقتەدا سەدر سەرۆکى ڕەوتى سەدر لەژێر ناوى "ئامۆژگارى برایانە"دا چەند داواکارییەکى ئاراستەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق کرد.

موقتەدا داواى لە عەبدولمەهدى کرد پابەندبێت بە سەربەخۆییەوە و لایەنگرى هیچ لایەنێکى سیاسى نەکات، چونکە بەبرواى سەدر لەدەستدانى سەربەخۆیى لە بڕیارداندا دەبێتە هۆى دروستبوونى دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا (دەوڵەتى هاوتەریب).

سەدر داوا لە عەبدولمەهدى دەکات خزمەتگوزارییە گشتییەکان کارابکات و چیتر خەڵک تواناى بەرگەگرتنى نەماوە. باس لەوەش دەکات کە بێدەنگى لە گەندەڵى و گەندەڵکاران وەک ئەوە وایە کە عەبدولمەهدى خۆى مۆڵەت بدات گەندەڵى بەردەوام بێت.

ئەو قسە و فشارانەى ناوبەناو موقتەدا سەدر دەیانکاتە سەر سەرۆک وەزیران تەنها فشارە و هیچى تر

بەبڕواى پەرلەمانتارانى کورد، ئەو قسە و فشارانەى ناوبەناو موقتەدا سەدر دەیانکاتە سەر سەرۆک وەزیران تەنها فشارە و هیچى تر.

ئەحمەدى حاجى ڕەشید گوتیشى، لەو بڕوایەدا نییە کە کوتلە گەورەکانى وەک سائیرون و فەتح و حیکمە بیانەوێت لە ئێستادا متمانە لە عەبدولمەهدى بسەننەوە، بە تایبەت فراکسیۆنى سائیرونى سەر بە موقتەدا سەدر، چونکە ئەم فراکسیۆنە بەشدارە لە حکومەتدا، ئەگەر باس لەو پرسەش بکات زیاتر فشارێکى سیاسییە بۆ ئەوەى جێ پێى خۆى لە حکومەتدا زیاتر قایم بکات.

ئەو لایەنانە کێن کە باس لە سەندنەوەى متمانە دەکەن؟
ئەو فراکسیۆن و لایەنانەى پرسى سەندنەوەى متمانەیان لە عەبدولمەهدى گەرمکردووە  ئەوانەن کە بە نەیارى حکومەتەکەى دادەنرێن چاویان لە وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیرانە و دژى ئەوەن ئەم سەرۆک وەزیرانە میانڕەوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان باش بێت و بەردەوام لەسەر پرسە هەستیارەکانى نێوان ناوەند و هەرێم و فشارى دەخەنە سەر.

ئەو لایەنە سیاسیانە کەمى خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێنەکردنى کارنامەى حکومەت لە بوارە جیاجیاکاندا، بە تایبەت پڕنەکردنەوەى وەزارەتە بێ وەزیرەکان و سستى لە ڕووبەڕوبوونەوەى گەندەڵى، دەکەنە پاساوى سەندنەوەى متمانە.

تەنها خاڵێک کە زۆر هەستیارە و تا ئێستا بە چارەسەرنەکراوى ماوەتەوە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدایە

بەڵام ئەوەى کە لە ئێستادا لەبەرچاوە و سەرۆک وەزیرانى عێراقیش خۆى جەختى لێدەکاتەوە ئەوەیە کە توانیویەتى لە سەرەتاى دەستبەکاربونیەوە نزیکەى سێ لەسەر چوارى کارنامەى حکومەتەکەى جێبەجێ بکات. تەنها خاڵێک کە زۆر هەستیارە و تا ئێستا بە چارەسەرنەکراوى ماوەتەوە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدایە.

کورد هۆکارە
بە بڕواى بەهار محەمەد پەرلەمانتارى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق، ئەو کوتلە عەرەبیانە لەوە نیگەرانن کە عەبدولمەهدى لە سەرۆک وەزیرانەکانى پێش خۆى زیاتر نەرمى بەرامبەر بە کورد و هەرێمى کوردستان نواندووە، بەتایبەت لە پرسى ناردنى بەشە بودجەى هەرێم و پابەندنەبوونى حکومەتى هەرێم بە ناردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، وەک لە یاساى بودجەدا ئاماژەى پێدراوە.

پێویستە حکومەتى هەرێم و سەرکردایەتى سیاسى کورد نەرمى و پشوو درێژى عادل عەبدولمەهدیان لەبەرچاو بێت، باشترین پاداشتیش ئەوەیە پابەندبن بە ناردنى ئەو بەشە نەوتەى لە بودجەدا ئاماژەى پێدراوە

دەشڵێت، پێویستە حکومەتى هەرێم و سەرکردایەتى سیاسى کورد نەرمى و پشوو درێژى عادل عەبدولمەهدیان لەبەرچاو بێت، باشترین پاداشتیش ئەوەیە پابەندبن بە ناردنى ئەو بەشە نەوتەى لە بودجەدا ئاماژەى پێدراوە.

لاى خۆشیەوە ئەحمەدى حاجى ڕەشید پێى وایە، عادل عەبدولمەهدى لەو بابەتانەدا کە پەیوەندى بە کوردەوە هەبووە باشترین سەرۆک وەزیرانى عێراق بووە، بە تایبەت کە دانوستانکارێکى نەرم و پشوودرێژە، بەڵام پشوودرێژییەکەى ئەویش سنوورى هەیە و ئەگەر کورد لەسەر ئەو سیاسەتەى ئێستاى بەردەوام بێت، دوور نییە فشارەکان عەبدولمەهدى ناچاربکەن هەنگاوى تر بەرامبەر بە کورد بنێت.


پەیوەندییەکانى هەرێم و عەبدولمەهدى
لە سەرەتاى دامەزراندنى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم و لە ڕۆژى ١٦ى تەمموزى ڕابردوودا، شاندێکى هەرێم بەسەرۆکایەتى مەسرور بارزانى سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراقدا کۆبوونەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە یەکێک بوو لەو خاڵانەى کە سەرۆک وەزیرانى هەرێم لە کارنامەى دەستپێکى کابینەکەیدا باسى لێوەکرد و ڕایگەیاند، دەیانەوێت لەسەر بنەماى دەستورى عێراق کێشە هەڵپەسێردراوەکانى هەرێم و ناوەند چارەسەر بکەن.

ئەو سەردانەى شاندەکەى هەرێم بۆ نیشاندانى نیازپاکى بوو، نیشاندانى ئامادەیى هەرێم بوو بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەولێر و بەغدا

ئەو سەردانەى شاندەکەى هەرێم بۆ نیشاندانى نیازپاکى بوو، نیشاندانى ئامادەیى هەرێم بوو بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەولێر و بەغدا کە دیارترینیان کێشەى هەناردەکردنى نەوتى هەرێم، بەشە بودجەى هەرێم و هێزى پێشمەرگەن.

یاساى بودجە چى دەڵێت؟
لە سەردەمى نورى مالیکى و حەیدەر عەبادیدا هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى قەیرانێکى قوڵى دارایى بووەوە، بەهۆى پابەندنەبوونى هەرێم بە ناردنى ئەو بەشە نەوتەى لە یاساى بودجەدا بۆى دیاریکرابوو، بەغدا بەشە بودجەى هەرێمى بڕى. لە هەرێمى کوردستان ئابوورى سەربەخۆ شکستێکى گەورەى هێنا، بەوەى حکومەت نەیتوانى لەڕێى سەربەخۆ فرۆشتنى نەوتەکەیەوە موچەى فەرمانبەرانى دابین بکات. ئەو قەیرانە و کەڵەکەبوونى قەرزێکى زۆر حکومەتیان ناچارکرد بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان سیستمى پاشەکەوتى موچەى دابهێنێت و بەشێکى زۆرى موچەى فەرمانبەرانى بڕى.

 

لە ئەگەرى نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەرێم بڕینى بەشە بودجەى هەرێم ئەگەرێکى بەردەوام و چاوەڕوانکراوە

بەپێى یاساى بودجەى نوێى عێراق دەبێت حکومەتى هەرێم لە بەرامبەر ناردنى بودجەدا ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بکات، بەڵام بە وتەى پەرلەمانتارانى کورد لە بەغدا تا ئێستا کورد پێوەى پابەند نەبووە و لە ئەگەرى نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەرێم بڕینى بەشە بودجەى هەرێم ئەگەرێکى بەردەوام و چاوەڕوانکراوە.