ڕاپۆرتی کوردستانی

11:11 - 21/08/2019

چۆن توركیا لە پرسی ڕۆژئاوای كوردستاندا ئەمریكای هەڵخەڵەتاند؟‌

پەیسەر

لە زۆرێك لە كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە دروستدەبێت، ئەمریكا هەمیشە ترسی لەوە هەیە كێشەكان پەلبهاون بۆ دۆخێكی لەدەست دەرچوو، لەو نێوەندەشدا كەسانێك كێشەكان بەسوودی خۆیان بەكاردەهێنن و سەرەنجام ئەمریكا ناچاردەكەن مل بۆ خواستەكانیان بدات، دیارترین نمونەش بۆ ئەو حاڵەتە، ملدانی ئەمریكایە بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سوریا، كە (ستیڤن كوك) لە ناوەندی توێژینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە وردی باس لە جوڵەیەكی "هەڵخەڵەتێنەر"ی توركیا بەرامبەر ئەمریكا دەكات.

ستیڤن كوك، لە گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمریكی بابەتێكی لەبارەی گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بە ناونیشانی "ئەردۆغان وەك كەمانچە واشنتۆن دەژەنێت" بڵاوكردەوە و پێیوایە، توركیا توانی زیرەكانە ئەمریكا هەڵخەڵەتێنێت و ناچاری بكات بڕیاری دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سوریا بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە ڕاستیدا توركیا نەیدەتوانی هێرشەكە ئەنجامبدات، بەڵام ئیدارەی ترەمپ بەو جوڵەیەی توركیا هەڵخەڵەتان و هەڕەشەكانیان لێبووە ڕاستی

لە هەفتەكانی ڕابردوودا هەمووان پێیان وابوو توركیا باكووری ڕۆژهەڵاتی فورات داگیردەكات، هێزێكی زەبەلاحی بەرەو سنورەكان جوڵاند كە هێزێك بوو بەرامبەر هەڕەشە و پاساوەكانی توركیا جۆرێك لە زیادەڕۆیی پێوەكرابوو، لەنێو كۆشكی سپی ئەمریكا ترس و نیگەرانی لە هێرشی توركیا دروست بوو، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەر جۆرە لەشكركێشییەكی توركیا بۆ سەر هەسەدە بە "كارەساتی گەورە" ناوببات، ناچار ترەمپ ملیدا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ توركیا و ڕێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە لەبارەی ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە. ستیڤن كوك پێیوایە یارییە هەڵخەڵەتێنەرەكەی توركیا هەمووی بریتیی بووە لە كۆكردنەوەی هێز لەسەر سنوور و ئەوەی نیشانی ئەمریكا داوە كە هێرش دەكاتە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات، لە ڕاستیدا توركیا نەیدەتوانی هێرشەكە ئەنجامبدات، بەڵام ئیدارەی ترەمپ بەو جوڵەیەی توركیا هەڵخەڵەتان و هەڕەشەكانیان لێبووە ڕاستیی.

"دانوستانی فێڵاویی"
ستیڤن كوك بۆچوونی وایە، هەرچەندە دوورخستنەوەی ئەگەری هێرشی توركیا بۆ سەر هەسەدە بەهۆی ڕۆڵی دیپلۆماسیانەی ئەمریكاوە بووە، بەڵام هاوکات لەگەڵ دانوستانی توركیا و ئەمریكا لەبارەی ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە، لێدوانە توندەكانی ئەردۆغان بۆ هێرشكردنە سەر هەسەدە، ئەمریكییەكانی خستبووە دۆخێكی نامۆوە. ئەردۆغان بە ڕۆژ لەگەڵ ئەمریكییەكان لەدانوستاندا بوو، بە ئێوارانیش هەڕەشەی هێرشكردنە سەر باكووری ڕۆژهەڵاتی فوراتی دەكرد. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەو خاڵە بە هۆكاری ناچاركردنی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتن دەزانێت، واتا ئەمریكیەكان وایاندەزانی ئەگەر لەگەڵ توركیا ڕێكنەكەون، ئەوا وەك سەرۆك كۆمارەكەیان بانگەشەی بۆ دەكات، ئەوان هێرشی خۆیان هەر ئەنجامدەدەن.

ڕێككەوتنێك بەسەر جەستەی هاوپەیمانەكەی توركیادا
ستیڤن كوك باس لەوە دەكات ئەردۆغان بەباشی لەوە تێدەگات لە واشنتۆن چی دەگوزەرێت، دەزانێت بە هەڕەشەكانی دەتوانێت بەرپرسانی ئەمریكا بخاتە دۆخێكی نەخوازراوەوە و وای نیشانبدات توركیا هاوپەیمانە ڕاستەقینەكەی ئەمریكایە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

توركیا لە ساڵی 2018دا هەشت جار هەڕەشەی هێرشكردنە سەر باكووری ڕۆژهەڵاتی فوراتی كردووە و ئەنجامیشی نەداوە

ئەوە سیاسەتێكە چەند دەیەیەكە توركیا بەرامبەر ئەمریكا پەیڕەوی دەكات و بۆی چووەتەسەر، كە دەكرێت بە سیاسەتی (هەڕەشەكردن بەرامبەر دەستكەوت) ناوببرێت. بۆ نمونە توركیا لە ساڵی 2018دا هەشت جار هەڕەشەی هێرشكردنە سەر باكووری ڕۆژهەڵاتی فوراتی كردووە و ئەنجامیشی نەداوە، ئەمساڵیش تا ئێستا سێ جار هەڕەشەی كردووە و جێبەجێی نەكردووە.

"زنجیرە درۆكانی ئەردۆغان"
ستیڤن كوك بۆچوونی وایە، ئەگەر بە وردی شیكاریی بۆ هەڕەشەكانی توركیا بكرێت، بەئاسانی دەگەیتە ئەو ئەنجامەی ئەوەی توركیا لە پرسی ڕۆژهەڵاتی فورات لەگەڵ ئەمریكا كردویەتی لە "فێل و درۆ" زیاتر هیچی دیكە نەبووە، ئەویش بەم هۆكارانە:
كوردانی سوریا لە بەرنامەیاندا نییە ناوچەكانیان یەكبخەنەوە و هێرشبكەنە سەر توركیا

یەكەم: هێرشكردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات هیچ پێویست نییە، چونك ڕۆژئاوای كوردستان بە كرداریی دابەشبووە و توركیا چەند ناوچەیەكی بەدەستەوەیە، لە جەرابلوسەوە بۆ بەری ڕۆژهەڵاتی سنووری توركیا، هەروەها كوردانی سوریاش لە بەرنامەیاندا نییە ناوچەكانیان یەكبخەنەوە و هێرشبكەنە سەر توركیا.

هاوڵاتیانی توركیا ترسیان لە سوریا هەیە لەوەی لەشكركێشی وڵاتەكەیان ببێتە هۆی ئەوەی كورد بیر لە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر توركیا بكاتەوە

دووەم: لەگەڵ هەموو ئەو ئەو زیانانەی بەر ئەردۆغان كەوتوون، هاوڵاتیانی توركیا ترسیان لە سوریا هەیە لەوەی لەشكركێشی وڵاتەكەیان ببێتە هۆی ئەوەی كورد بیر لە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر توركیا بكاتەوە، چونكە پێویست ناكات توركیا هەمان ئەزموونی ئیسرائیل لە داگیركردنی لوبنان دووبارە بكاتەوە، كاتێك جەنگێكی خوێناویی بەوهۆیەوە دروستبوو.

ستیڤن كوك دەپرسێت، توركیا كە خاوەنی سوپایەكی بەهێزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەیەوێت هێرشبكاتە سەر یەپەگە، بەپاساوی پەیوەندییان بە پەكەكەوە، ئەی بۆچی نەیتوانیوە بەو سوپا بەهێزە لە خاكی خۆیدا كۆتایی بە پەكەكە بهێنێت؟ بۆ ئێستا دەیەوێت شەڕێكی دیكە دروستبكات؟ ڕاستی بابەتەكە ئەوەیە توركیا دەزانێت ئەگەر هێرش بكاتە سەر یەپەگە، دەرگای چ دۆزەخێك بەڕووی خۆیدا دەكاتەوە.

بوونی سەربازانی ئەمریكی لە سوریا لە دیدی ستیڤن كوكەوە، یەكێكە لەو خاڵانەی سوودی بۆ ئەردۆغان دەبێت، چونكە بە وتەی ئەو سوپای توركیا ناچار نابێت شەڕ بكات. ئەویش بەهۆكاری ئەوەی ئەمریكا لەو ناوچەیە بوونی هەیە و هەسەدەش خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای توركیا بەدووردەگرێت.

ئەمریكا لەدۆخێكدایە كەس لێی تێناگات
لەنێو كۆمەڵگەی سیاسی ئەمریكا دۆخێكی نامۆ لەبارەی توركیاوە دروستبووە، لەگەڵ ئەو بەڵگە پێویستانەی لەبەردەستدان كە دەیسەلمێنن توركیا نە هاوپەیمانێكی ستراتیژی ئەمریكا بووە و نەدەیەوێت ببێت، بەڵام ئەمریكا لە هەماهەنگیكردنی لەگەڵ توركیا بەردەوامە، بەتایبەت كە واشنتۆن دەیەوێت بۆ پرسی ململانێی وڵاتانی زلهێزی وەك چین و ڕوسیا و ئێران، توركیا بەكاربهێنێت.

توركیا وڵاتێكە لە كەمكردنەوەی كاریگەریی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر تاران هاوكاریی ئێرانی كردووە، سیستمی بەرگریی موشەكی لە ڕوسیا كڕیوە كە بە تایبەت بۆ خستنەخوارەی فڕۆكەی ئەمریكی دروستكراوە، هێشتا ئەمریکا دەیەوێت هەمامەنگی لەگەڵدا بکات

توركیا وڵاتێكە لە كەمكردنەوەی كاریگەریی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر تاران هاوكاریی ئێرانی كردووە، سیستمی بەرگریی موشەكی لە ڕوسیا كڕیوە، كە سیستمەكە بە تایبەت بۆ خستنەخوارەی فڕۆكەی ئەمریكی دروستكراوە. سەرباری هەموو ئەمانە هێشتا ئەمریكا دەیەوێت هەماهەنگی لەگەڵ توركیا هەبێت، ئەوە لەدیدی ستیڤن كوكدا نیشانەی نامۆییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا.

كوك دەپرسێت، بۆ لەو كاتەدا كە ئەمریكا بیری لە سزادانی توركیا دەکردەوە بەهۆی كڕینی سیستمی بەرگریی موشەكی لە ڕوسیا، ئەنقەرە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر هەسەدەی كرد؟ وەڵامەكەی ئاسانە، چونكە توركیا دەیەوێت ئەمریكا ناچار بە ڕێككەوتنێك بكات كە لەبەرژەوەندی خۆیەتی، توركیا هەمیشە پاساوی لە هێرشكردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات ئەوەبووە كە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەكەیەتی. بە بۆچوونی ستیڤن كوك، ئێستا كە ئەمریكا ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام ئەنجامداوە، وا دەردەكەوێت وەك ئەوەی واشنتۆن بەرپرس بێت لە پاراستنی ئاسایشی توركیا.

پێدەچێت ڕێككەوتنی توركیا و ئەمریكا پەلبهاوێت بۆ ڕێككەوتنی ستراتیژی تر، ئەویش ئەوەیە بەرامبەر كارپێنەكردن بە سیستمی بەرگریی موشەكی ئێس-400ی ڕووسی، ئەمریكا ڕێككەوتنێك لەبارەی "بازرگانیی ئازاد" لەگەڵ توركیا بکات، ئاماژەكانی نێو كۆشكی سپیش بەرەو ڕێككەوتنێكی لەو شێوەیە دەچن.