07:21 - 20/08/2019
مووچه بۆ دواكه‌وتووه؟
كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تائێستا دابه‌شكردنى دوو مووچه‌ى له ئه‌ستۆگرتووه، به‌ڵام هه‌ردوو مانگه‌كه به‌شێكى وه‌زاره‌ته‌كان مووچه‌كانیان دواده‌كه‌وێت، فه‌رمانبه‌ران چاوه‌ڕوانبوون پێش جه‌ژنى قوربان مووچه وه‌ربگرن، به‌ڵام تا ئێستاش پاره نه‌گه‌یشتووه، بۆچوونێك هه‌یه پێیوایه دواخستنى ره‌وانه‌كردنى پاره له به‌غداوه كارتى گوشاره بۆ دانوستانه‌كان، به‌ڵام په‌رله‌مانتاران ده‌ڵێن تا كۆتایى ساڵ مووچه سه‌لامه‌ته.
پێنج رۆژ دواكه‌وتووه
به‌پێى یاساى بوودجه‌ى عێراق بۆ ساڵى ٢٠١٩، ده‌بێت مانگانه ٤٥٤ملیار دینار بۆ مووچه له به‌غداوه ره‌وانه‌ى هه‌ولێر بكرێت، له‌گه‌ڵ ٦٨ملیار دینار بۆ پێشمه‌رگه، ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه تائێستا نه‌گه‌یشتووه، ئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش مانگانه ناوه‌ڕاستى مانگ ده‌گه‌یشت، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ پێنج رۆژ دواكه‌وتووه. وه‌زاره‌تى دارایى هەرێم ئه‌و پاره‌ى له‌به‌رده‌ستى بووه مووچه‌ى نیوه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانى دابه‌شكردووه، بۆ نیوه‌كه‌ى دیكه چاوى له گه‌یشتنى پاره‌كه‌ى به‌غدایه.
هه‌رێم دواخراوه
په‌رله‌مانتاران له‌به‌غداوه باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، هۆكارى دواكه‌وتنى مووچه سیاسى نییه، به‌ڵكو ته‌كنیكییه‌و ئاساییه. به‌جۆرێك پاره‌داركردنى وه‌زاره‌ته‌كان بۆ مووچه له ١٥ی مانگ بۆ ٢٥ی مانگ ده‌ستپێده‌كات، له‌و ماوه‌دا ئه‌وه‌ى هه‌رێمیش ره‌وانه‌ده‌كرێت، واته ئه‌گه‌ر تا ٢٥ی مانگیش دوابكه‌وێت ئاساییه. مانگه‌كانى رابردوو سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ى هه‌رێم له‌١٥ی مانگ ره‌وانه ده‌كرا، ئه‌مجا وه‌زاره‌ته‌كانى عێراق، به‌ڵام ئه‌وه دوو مانگه ئه‌وه‌ى هه‌رێم له سه‌ره‌تاى خشته‌كه‌وه نانێردرێت به‌ڵكو مووچه‌ى چه‌ند وه‌زاره‌تێك ره‌وانه ده‌كرێت، دواتر ئه‌وه‌ى هه‌رێم ده‌نێردرێت.
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى داریى بۆ په‌یسه‌ر جه‌ختیكرده‌وه، هۆكارى دواكه‌وتنى مووچه سیاسى نییه و هیچ كێشه‌یه‌ک له ره‌وانه‌كردنى مووچه نییه، بۆ هه‌رێمى كوردستان تا كۆتایى ساڵ به‌پێى یاساى بوودجه ده‌بێت پاره ره‌وانه‌بكرێت. گوتیشى ئه‌وخۆى پێشتر قسه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى عێراق كردووه‌و رایگه‌یاندووه، گرفت له‌به‌غداوه نییه بۆ ره‌وانه‌كردنى مووچه‌و ئه‌و چه‌ندرۆژه‌ش كه دواده‌كه‌وێت هۆكاره‌كان ته‌كنیكین.
وه‌زیر له به‌غدایه
ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران عێراق به په‌یسه‌رپرێس-ى راگه‌یاند، په‌یوه‌ندى به وه‌زاره‌تى داراییه‌وه كردووه‌و پێیان راگه‌یاندووه، فواد حسێن وه‌زیرى دارایى له وه‌زاره‌ته، پێشیان گوتووه، كێشه‌یه‌كى هونه‌رى هه‌یه، په‌یوه‌ندى به كێشه‌ى دیكه‌وه نییه.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، فود حسێن وه‌زیرى دارایى عێراق له پاریس بووه‌و به‌یانى دوێنێ گه‌ڕاوه‌ته‌وه به‌غدا. بۆیه چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ماوه‌ى یه‌ك بۆ دوو رۆژى داهاتوو پاره‌ى هه‌رێم ره‌وانه بكات.
بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو
ئه‌وانه‌ى ئاگادارى دۆخى بوودجه‌و مووچه‌ن، كاتێك قسه له‌سه‌ر كێشه‌ى مووچه ده‌كه‌ن، هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى تا كۆتایى ئه‌مساڵ مووچه مه‌ترسى له‌سه‌ر نییه، هه‌مووشیان له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕان كه گفتوگۆكان بۆ چه‌سپاندنى پشكى كورد له بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو سه‌خت ده‌بن، چونكه هه‌رێم ئه‌مساڵى به پابه‌ندنه‌بوون به‌رێكرد ئه‌و متمانه‌ى دروستبووبوو لاواز بووه.
هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌در
په‌یسه‌ر پرێس دوێنێ زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه، كه موقته‌دا سه‌در په‌یامى ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش كردووه‌و رایگه‌یاندووه، له بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو چیتر بڕگه‌ى له‌وجۆره جێگیر نه‌كه‌ن، كه هه‌رێم بێ راده‌ستكردنى نه‌وت مووچه‌ى بۆ ره‌وانه‌بكرێت. له‌كاتێكدا پشكى كورد له بوودجه‌ى ئه‌مساڵ به فشارى سه‌در جێگركرا. ئه‌وه‌ش پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى سه‌دره له‌و هه‌ڵوێسته‌ى به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان هه‌یبوو.
جه‌مال كۆچه‌ر پێیوایه، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى سه‌در، په‌یوه‌ندى به هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانه‌وه هه‌یه، كه بڕیاره نیسانى داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت و له ئێستاوه بانگه‌شه‌ى رانه‌گه‌یه‌ندراو ده‌ستیان پێكردووه. سه‌درییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن به گوتارى ئۆپۆزسیۆنانه‌یان سه‌رنجى ده‌نگده‌رى شیعه رابكێشن چونكە ده‌نگده‌ره‌كانى ئه‌وان له‌نێو شیعه‌كانن، بۆیه سه‌در پێچه‌وانه‌ى خواستى شه‌قامى عێراقى هه‌نگاو نانێت له‌م قۆناغه‌دا و له‌گه‌ڵ ره‌وانه‌كردنى پاره نییه بۆ هه‌رێم، بێئه‌وه‌ى هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى راده‌ستبكات.
دانوستان و فایلى قه‌رز
سه‌باره‌ت به دانوستانه‌كان و ئه‌گه‌رى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا، دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى كۆتایى ته‌مووزى رابردووى هه‌ولێر، تا ئێستا پێشهاتى نوێ نییه، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، هه‌رێم ئاماده‌یى خۆى ده‌ربڕیوه نه‌وت راده‌ست بكات، به‌مه‌رجى ئه‌وه‌ى به‌غدا بارى قه‌رزه‌كانى له‌سه‌ر شان داگرێت، به‌ڵام شاندى به‌غدا ٢٤ملیار دۆلار قه‌رزیان لا ژماره‌یه‌كى قه‌به بووه، بۆیه داواى روونكردنه‌وه‌یان كردووه، كه ئه‌و قه‌رزانه هى چییه‌و چۆنه؟ شاندى هه‌رێم به‌ڵێنیان داوه له‌سه‌ردانیان بۆ به‌غدا كه بڕیاره كۆتایى ئه‌م هه‌فته بكرێت، فایلى ورده‌كارى قه‌رزه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان به‌رن. ئه‌گه‌رچى ئه‌گه‌رێكى دووره به‌غدا بچێته ژێربارى ئه‌و رێژه له قه‌رزى هه‌رێمه‌وه، بۆیه ئێستا قه‌رزه‌كان به‌ردى سه‌ر رێگه‌ى رێككه‌وتنن.
دڵه‌راوكێى مووچه
لابردنى پاشكه‌وتى مووچه، كۆتایى كابینه‌ى هه‌شت، دروستبوونى حكومه‌تى نوێ، هاتنى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران كه به دۆستى كورد ناسراوه، جێگریكردنى بڕگه‌ى ج له ماددەی ١٠ لە یاساى بوودجه‌ى ٢٠١٩، هێشتا دڵه‌راوكێى مووچه‌ى له‌هه‌رێمى كوردستان نه‌ڕه‌واندووه‌ته‌وه، هه‌ر مانگێك چه‌ند رۆژێك مووچه دوابكه‌وێت ئیدى بڕینى مووچه‌و پاشكه‌وت به بیرى مووچه‌خۆردا دێت، به‌وپێیه‌ى تا ئێستا ئاینده‌ى ئه‌و نێوانه خۆشه‌ى به‌غداو هه‌ولێر روون نییه سه‌ر له‌كوێوه ده‌رده‌كات، هه‌ردوولا سه‌رگەرمى دانوستانن و باس له هه‌نگاوى ئه‌رێنى ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ى به‌كرده‌وه ئه‌نجامى كۆنكرێتى رابگه‌یه‌ندرێت، ره‌نگه ته‌نها رێككه‌وتنێكى یه‌كجاره‌كى به مسۆگه‌ركردنى به‌شى داهات بۆمووچه دڵه‌راوكێكان سه‌باره‌ت به مووچه‌و بوودجه كه‌مبكاته‌وه.