04:18 - 20/08/2019
لابردنی سەرۆک شارەوانیەکان بۆ لەباربردنی هەوڵەکانی چارەسەرییە
چاودێرانی سیاسی بڕیاری دانانەوەی قەیوم
لەسەر شارەوانیەكانی (هەدەپە) بە هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی توركیا لەبارەی رووداوەكانی
سوریا، شاردانەوەی گەندەڵی و شكستی (ئاكەپە) لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانەوە
دەبەستنەوە. شرۆڤەكارێكیش دەڵێت: "ئەوەی دوێنێ جەماعەتی گولەنیەکان بۆ
لەباربردنی هیوای كێشەی كورد كردیان، ئەمڕۆ ئاكەپە دووبارەی دەكاتەوە".
19 ئابی 2019، دەسەڵاتدارانی توركیا
بڕیاری دوورخستنەوەی هەرسێ سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئامەد، ماردین و وانیان لە
باكووری كوردستان دەركرد. لە كاتژمێرەكانی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەدا پۆلیسی
توركیا لەیەك كاتدا هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەی هەرسێ شارەوانیەکە، دەرگای شارەوانیەكانیان
شكاند و دەستیان بەسەر تەواوی باڵەخانەكاندا گرت.
دووەم جارە دەسەڵاتدارانی پارتی داد و گەشەپێدان پەنا بۆ دانانی قەیوم دەبەن لەسەر شارەوانیە كوردیەكان
ئەمە دووەم جارە دەسەڵاتدارانی پارتی
داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) پەنا بۆ دانانی قەیوم دەبەن لەسەر شارەوانیە كوردیەكان. 11ی
ئەیلولی 2016، حكومەتی ئەنقەرە بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بڕیاری
دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیە كوردیەكانی دەركرد. هەر لەم رۆژەدا دەست بەسەر 27
شارەوانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)دا گیرا، هەروەها بەبیانووی پشتگیریكردنی
تیرۆر، گوڵتان كشاناك و فوڕات ئانلی هاوسەرۆكانی شارەوانی گەورەی ئامەد، لەگەڵ
بەكر قایا هاوسەرۆكی شارەوانی وان دەستگیركران، بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێكیان لەسەر
ساغ بێتەوە تا ئێستا لە زیندانن.
ئەگەرچی سەرانی دەوڵەت، بڕیاری ئەمجارەیان
بۆ دانانی قەیوم وەكو جارانی پێشوو، بە پشتگیریكردنی پەكەكە لەلایەن ئەم
شارەوانیانە دەبەستنەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی ئەم هۆكارە بە بیانوو دەزانن و پێیانوایە چەندین هۆكار لەپشت ئەم
بریارەوەن.
شاردنەوەی گەندەڵی یەكێكە لە
هۆكارەكان!
پڕۆفیسۆر وەهاب جۆشكون، لە زانكۆی دیجلە
بە پەیسەری ڕاگەیاند چەندین هۆكار لەپشت ئەم بڕیارەوەن و دەڵێت: "دانانەوەی قەیوم
تۆڵەكردنەوەی دەسەڵاتە لە كورد كە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكاندا پشتگیری لە جەهەپە
كردووە. دەسەڵات بەهۆی اشکستهێنانی لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە، مێرسین و ئەنتاڵیا دەیەوێت هەدەپە سزابدات".
جاری پێشوو قەیومەکان چەندین گەندەڵی و
كاری نایاساییان ئەنجامدابوو، تا رادەیەك ئەم كردەوانە ئاشكراكران. بۆ ئەوەی زیاتر
گەندەڵیەكان ئاشكرا نەبن، دەسەڵات پەنا بۆ دانانەوەی قەیوم دەبات
هەروەها دەڵێت: "جاری پێشوو قەیومەکان
چەندین گەندەڵی و كاری نایاساییان ئەنجامدابوو، تا رادەیەك ئەم كردەوانە
ئاشكراكران. بۆ ئەوەی زیاتر گەندەڵیەكان ئاشكرا نەبن، دەسەڵات پەنا بۆ دانانەوەی قەیوم
دەبات. لەهەمان كاتدا دەسەڵات هەوڵ دەدات بە دانانەوەی قەیوم هیوای گرووپێكی ناو
دەوڵەت بۆ ئاساییكردنەوە و دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری لەبار ببات".
هەوڵێكە بۆ شاردنەوەی
راستیەكانی ناو سوریا
بڕیاری دانانەوەی قەیوم لەكاتێكدا دەدرێت
كە دەنگۆی گفتوگۆی نێوان عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەكەكە و دەسەڵاتدارانی تورك لە
ئیمڕالی لە ئارادایە. ئەم بڕیارە وەكو هەوڵێك بۆ رەواندنەوەی هیواكانی چارەسەری لە
قەڵەم دەدرێت.
لە ساڵی 2009دا گولەنیەكان بۆ
لەباربردنی گفتوگۆی ئۆسلۆ و كرانەوەی دیموكراسی ئۆپەراسیۆنی كەجەكەیان ئەنجامدا.
ئەم تابلۆیەی ئەمڕۆ دەیبینین لاساییکردنەوە و دووبارەكردنەوەی هەمان كردەوەیە
ئیلهامی ئیشق ناسراو بە (باڵكچی) كە
پێشتر چەندین جار سەردانی ئیمڕالی كردووە و لەبارەی چارەسەری پرسی كورد گفتوگۆی
لەگەڵ ئۆجالان كردووە، بڕیاری دانانەوەی قەیومی بە دووبارە كردنەوەی هەوڵەكانی تێکدانی
هیوای چارەسەری كە لە رابردوو روویانداوە ناوبرد و بە پەیسەری گوت: "بڕیاری
دانانەوەی قەیوم بە لۆژیكی بەرەی دەسەڵاتی ئاكەپە دراوە. لە ساڵی 2009دا
گولەنیەكان بۆ لەباربردنی گفتوگۆی ئۆسلۆ و كرانەوەی دیموكراسی ئۆپەراسیۆنی
كەجەكەیان ئەنجامدا. ئەم تابلۆیەی ئەمڕۆ دەیبینین لاساییکردنەوە و دووبارەكردنەوەی
هەمان كردەوەیە".
هەروەها دەڵێت: "بڕیاری دانانەوەی قەیوم
بۆ شاردنەوەی رووداوەكانی سوریایە. هەوڵدەدەن رووداوەكانی سوریا بە شێوەیەكی دیكە
بۆ رای گشتی بگوازنەوە و بڵێن لە سوریادا سازش ناكەین".
برەودانە بە سیاسەتی شەڕ و
تۆقاندن
سەر لەنوێ دانانەوەی قەیوم لەسەر شارەوانیە كوردیەكان
كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە. دیارترینیان پەیامی عەبدوڵا گویل سەركۆماری پێشوو و
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا بوون، كە بڕیارەكەیان بە مەترسیدار
و دوور لە دیموكراسی لە قەڵەمدا.
لە چەند رۆژی داهاتودا هەڵوێستی دەسەڵات لەبارەی
چۆنیەتی وەڵامدانەوەی كاردانەوەكان دەردەکەون
پڕۆفیسۆر ئەحمەد ئۆزەر لە زانكۆی مێرسین بۆ پەیسەر
ئاماژە بە كاردانەوەكانی دژی بڕیاری قەیوم دەكات و پێیوایە لە چەند رۆژی داهاتودا
هەڵوێستی دەسەڵات لەبارەی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی كاردانەوەكان دەردەکەون. ئۆزەر
بڕیاری دانانەوەی قەیومەکان وەكو كودەتا بەسەر دیموكراسیدا ناودەبات و بەم هۆكارەیەوە
دەیبەستێتەوە: "دوای هەڵپەساردنی پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كورد، ئاكەپە و
مەهەپە مكوڕن لەسەر چارەسەری ئەمنی و سەربازی، كە ئەمەشیان جگە لە خۆهەڵخەڵەتاندن
شتێكی دیكەی لێ شین نابێت".
توركیا لە ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور
هیچی دەستنەکەوت!
17 ساڵ لەمەوبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک كۆماری
توركیا بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە: "ئیرادەی میللەت هەموو شتێكە، نەخێر
بۆ كودەتا". هەروەها خۆشی بە قوربانی كودەتا ناودەبرد. بەڵام دوای قایمكردنی
پێگەکەی لە دەسەڵاتدا، ئەردۆغان پێچەوانەی هەڵوێستەكانی هەڵگەڕایەوە.
لە دوای ساڵی 2016وە بۆ دووەمجار لەسەر یەك ئاكەپە
كودەتا بەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردا دەكات و بەم هەڵوێستەی یاساكانی خۆی پێشێلدەكات
و حساب بۆ ئیرادەی گەلی كورد ناكات
سینان
چیفتیورەك، سەرۆكی پارتی كۆمۆنیستی كوردستان لە توركیا بە پەیسەری ڕاگەیاند: "لە
دوای ساڵی 2016وە بۆ دووەمجار لەسەر یەك ئاكەپە كودەتا بەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردا
دەكات و بەم هەڵوێستەی یاساكانی خۆی پێشێلدەكات و حساب بۆ ئیرادەی گەلی كورد
ناكات".
لەبارەی بۆچی لە 19ی ئابدا ئەم بڕیارەیان دا؟
چیفتیورەك دەڵێت: "وەك بانگەشەیان بۆ دەكرد، لە مانگی ئابدا لە ئۆپەراسیۆنی
دەرەوەی سنوور سەركەوتوو نەبوون. لەبەرئەوە یاساكانی خۆیان پێشێلكرد و دەیانەوێت دەستكەوتەكانی
گەلی كورد لە ناوخۆی توركیادا لەناو ببەن!".
لەسەرەتای ئەم مانگەدا ئەردۆغان پەیوەست بە رۆژئاوای
كوردستان گوتی: "لە مێژووی پڕ سەروەریماندا مانگی ئاب مانگی سەركەوتنە، پشت
بەخودا سەركەوتنی دیكە تۆماردەكەین". هەروەها دەوڵەت باخچەلیش گووتی: "پێویستە
سەركەوتن نوێ بكرێتەوە". بە گوێرەی سینان چیفتیورەك: "یەكەمین
سەركەوتنیان لە دژی میللەتی كورد لە مانگی ئابدا دوورخستنەوەی سەرۆك سێ شارەوانیە
لە پۆستەكانیان. لە ئێستا بەدواوە بانگەشە دەكەن كە لە مانگەكانی داهاتوودا لە
رۆژهەڵاتی فورات سەركەوتن تۆمار دەكەن! بەڵام ئەمە نەک سەركەوتن بەڵكو شکستە!".
لە 31 ئاب و 23ی حوزەیراندا، گەلی كورد لە كوردستان
و شارەكانی توركیا بە بڕیار و هەڵوێستی خۆی رۆڵی كلیلی گێڕا و لە هەڵبژاردنی
شارەوانیەكاندا گورزێكی توندی لە هاوپەیمانی كۆمار وەشاند و زەمینەی دوورخستنەوەی
ئاكەپەی لە دەسەڵات خۆشكرد و ئاکەپە تۆڵەی لێدەکاتەوە
سینان چیفیورەك، پێیوایە دوای بڕیاری دوورخستنەوەی
سەرۆكی شارەوانیە كوردیەكان، هەماهەنگی لەگەڵ كورد لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و جیهان فراوانتر
دەبێت و بەم شێوەیە كۆتایی بە قسەكانی دەهێنێت: "لە 31 ئاب و 23ی حوزەیراندا،
گەلی كورد لە كوردستان و شارەكانی توركیا بە بڕیار و هەڵوێستی خۆی رۆڵی كلیلی گێڕا
و لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكاندا گورزێكی توندی لە هاوپەیمانی كۆمار وەشاند و زەمینەی
دوورخستنەوەی ئاكەپەی لە دەسەڵات خۆشكرد. ئاكەپە بۆ تۆڵەكردنەوە درێژە بە سیاسەتی قەیوم
دەدات، ئەم سیاسەتە رێگایەكی بێ كۆتایی و بێ ئەنجامە".
سەرەڕای ئەوەی بڕیاری دانانەوەی قەیوم لە رووی یاساییەوە
لاوازە، لە رووی كۆمەڵایەتی و سیاسیشەوە پاڵپشتی لێناكرێت. هەڵوێستی عەبدوڵا گویل
و ئەحمەد داودئۆغڵو ئاماژەیە بۆ ئەو راستیەی كە پێیانوایە دەسەڵات بەم بڕیارە
هەڵەیەكی گەورەی كردووە.
بەگوێرەی وەهاب جۆشكون، رەنگدانەوەی ئەم بڕیارە لەسەر
دەسەڵات و هاوپەیمانیی كۆمار گران دەوەستێت: "ئاكەپە بەم بڕیارە دەنگدەری هەدەپە لەدژی خۆی توندتر دەكات. جگە لەوە موحافزكارانی كوردیش رەخنە لەم بڕیارە
دەگرن. هاوپەمانی كۆمار دەیەوێت بە سیاسەتی قەیوم تەمەنی درێژبكاتەوە. بەڵام بەم
بڕیارە ئەوەندەی دیكە پشتگیری كۆمەڵگا لەدەست دەدات".