ڕاپۆرتی کوردستانی

07:43 - 19/08/2019

شه‌ڕى ساردوسڕى کورد بۆ كه‌ركوك به‌ نێوماڵى شێواوه‌وه‌‌

پەیسەر

تا كات له‌ نیسانى هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌بێته‌وه‌، ناوخۆى كورد له‌ كه‌ركوك و په‌رت و شێواوتر ده‌بێت، ده‌ستبادانى كورد ته‌نها له‌نێو ماڵى خۆى نییه‌، به‌ڵكو حزبه‌كان له‌دوو جه‌مسه‌رى دژ به‌یه‌كى هه‌رێمی-یه‌وه‌ ئاڵاون سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك، كورد له‌ بابه‌گوڕگوڕ بۆ هه‌ڵبژاردن هه‌ورازى كه‌مه‌رشكێنى له‌ پێشه‌ به‌ڵام هێشتا جووڵه‌ى نه‌كردووه‌.

دواى ١٥ساڵ دووه‌م هه‌ڵبژاردنى چاره‌نوسساز نزیكبووه‌ته‌وه‌ بەڵام كورد پەرتەوازەیە

یه‌كێتى و پارتى به‌هۆى ناكۆكییانه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك، نۆ مانگ حكومه‌تى نوێى هه‌رێمیان به‌ بارمته‌گرت، چوارجار رێككه‌وتنیان واژۆكرد، كات دوو ساڵ دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌ له‌ رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌رو لێژبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى كورد، دواى ١٥ساڵ دووه‌م هه‌ڵبژاردنى چاره‌نوسساز له‌ كه‌ركوك نزیكبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كورد نه‌ك هێشتا خۆى كۆنه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ململانێى قورسى نێوخۆییدان و به‌لاى ئه‌و رێككه‌وتنانه‌شدا ناچن كه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك هه‌یانه‌.

هه‌ڵبژاردنێكى سه‌خت

هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك، كه‌ بڕیاره‌ رۆژى یه‌كى نیسان به‌ڕێوه‌بچێت بۆ كورد سه‌خت و چاره‌نوسسازه‌، ژماره‌ى كورسییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌ ٤١ كورسییه‌وه‌ بۆ ١٤ كورسى كه‌مبووه‌ته‌وه‌. كورد بۆئه‌وه‌ى شاره‌كه‌ى له‌ده‌ستنه‌چێت پێویسته‌ هه‌شت كورسى بهێنێت و بۆ عه‌ره‌ب و توركمان شه‌ش كورسى بهێڵێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاسان نایه‌ته‌ بوون. به‌وپێیه‌ى كورد له‌ دواى ١٦ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ كه‌ركوك به‌ته‌واوى له‌ ده‌سه‌ڵات داماڵدراوه‌، عه‌ره‌ب پێكهاته‌ى یه‌كه‌مى ده‌سه‌ڵاته‌و هه‌ڵبژاردنێكى هاوسه‌نگ روونادات.

جگه‌ له‌وه‌ش په‌یسه‌ر زانیارى هه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى دوو ساڵدا هه‌زاران عه‌ره‌ب هێندراونه‌ته‌ كه‌ركوك و نیشته‌جێكراون. هه‌روه‌ها یاساى نوێى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان به‌جۆرێكه‌ ئه‌گه‌ر كورد یه‌ك لیست نه‌بێت رێژه‌یه‌كى زۆر ده‌نگى ده‌ڕوات، چونكه‌ یاساكه‌ به‌ پله‌ى یه‌كه‌م له‌به‌رژه‌وه‌ندى لیسته‌ گه‌وره‌كانه‌.

پارتی و یەکێتی لەئاوی تورکیاو ئێران مەلەدەکەن

مانۆڕى یه‌كێتى و پارتى

پارتى و یه‌كێتى ئێستا پشتیان له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یانه‌و هه‌رلایه‌ك له‌ كه‌ركوك بۆخۆى له‌ هه‌وڵدایه‌، پارتى هه‌وڵى دواخستنى هه‌ڵبژاردن ده‌دات له‌ كه‌ركوك، توركیا و توركمانه‌كانى كه‌ركوك پشتیوانى ئه‌م داوایه‌ ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆش یه‌كگرتوو و سۆسیالست و شیوعى هاوڕان له‌گه‌ڵ پارتى بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌. یه‌كێتى ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ یه‌كى نیسان به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئه‌وه‌ش پشتیوانى ئێران و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كانى كه‌ركوكى هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچى حكومه‌تى به‌غدا تا ئێستا نه‌یگوتووه‌ دژى هه‌ڵبژاردنه‌ له‌و كاته‌دان به‌ڵام عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌ ئاڕاسته‌ى خواستى پارتى داوایه‌كى له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كردبوو،(پرسى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك دوابخه‌ن بۆ دوای رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد).

ناوى پارێزگارى كه‌ركوك ناهێنرێت

یه‌كێتى و پارتى ماوه‌یه‌كى زۆر له‌میدیا پرسى پارێزگارى كه‌ركوكیان باسده‌كرد و هه‌ڵمه‌تى میدیاییان بۆ ده‌كرد، به‌ڵام دواى رێككه‌وتنیان ئیدیى به‌لاى ئه‌و بابه‌ته‌دا ناچن، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، یه‌كێتى تائێستا سێ جار به‌فه‌رمى داواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌ پارتى كردووه‌ له‌سه‌ر پرسى پارێزگارى كه‌ركوك، به‌ڵام پارتى كۆبوونه‌وه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، پارتى ده‌ڵێت، بۆ دانانى پارێزگار پێویسته‌ ره‌زامه‌ندى پێكهاته‌كانى دیكه‌ وه‌ربگیرێت، ئه‌مه‌ راى بارزانییه‌ كه‌ له‌دوایین په‌یامیدا سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك رایگه‌یاندبوو.


نه‌جمه‌دین كه‌ریم هێڵى سێیه‌م یاخود لیستى له‌برى

نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌یه‌وێت له‌ په‌نجه‌ره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، بگه‌ڕێته‌وه‌ گۆڕه‌پانى یارییه‌كه‌ له‌ كه‌ركوك، بۆئه‌وه‌ش به‌نیازى لیستى سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ شاره‌كه‌، په‌یسه‌ر زانیارى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌سه‌ر داواى پارتى سه‌ردانى ئه‌مریكاى كردووه‌، تا لۆبى بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردن درووست بكات، له‌كاتێكدا خۆى زۆر مه‌یلى نییه‌ بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردن و په‌له‌ى زوو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تى بۆ گۆڕه‌پانى سیاسى كه‌ركوك، ده‌یه‌وێت دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ختى خۆى تاقیبكاته‌وه‌. نه‌جمه‌دین كه‌ریمیش جه‌مسه‌رێكى دیكه‌ى ناكۆكى نێوماڵى كوردییه‌ له‌ كه‌ركوك، به‌ڵام پێناچێت له‌ رووداوه‌كانى كه‌ركوك پێچه‌وانه‌ى شه‌پۆلى ئاوه‌كه‌ى پارتى مه‌له‌ بكات، له‌كاتێكدا دۆستى دیكه‌ى نییه‌.

َنادیارى بۆچوونى لایه‌نه‌كان

تائێستا به‌شێك له‌لایه‌نه‌ كوردییه‌كانى دیكه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ململانێكانى یه‌كێتى و پارتین، روئیاى روونیان نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك و شێوازى به‌شدارى كورد، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، كۆمه‌ڵى ئیسلامى، نه‌وه‌ى نوێ، هه‌ڵوێستى سیاسیى خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ رووننه‌كردووه‌ته‌وه‌و واده‌رناكه‌وێت زۆر به‌ ته‌نگ دۆخه‌كه‌وه‌بن. ئه‌وه‌ش هێڵێكى ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌یە كه‌ ئێستا كورد له‌ كه‌ركوك له‌ قوڵاییه‌كه‌یدایه‌.

ئەوەی كورد له‌ ١٥ ساڵى رابردوو به‌ چنگه‌ كڕێ ده‌ستیكه‌وت له‌ دوو كاتژمێردا له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر راده‌ستى كرد

كه‌ركوك له‌ لێوارى له‌به‌ینچووندا

كورد به‌ دیاریكراوى له‌ حه‌وت ده‌یه‌ى رابردووه‌وه‌، به‌رده‌وام كه‌ركوكى كردووه‌ته‌ نێو فایله‌كانى دانوستان و شه‌ڕه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك به‌داوى یه‌كه‌كانى كه‌ركوك، دواى ٢٠٠٥ ده‌رفه‌تى بۆ ره‌خسا نێوماڵى خۆى له‌ بابه‌گوڕگوڕ كۆبكاته‌وه‌، مێژوو پێچه‌وانه‌ بكاته‌وه‌، هاتنى داعش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى بۆ كورد گه‌وره‌تر كرد و پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و حه‌مرین كشا. به‌ڵام ئەوەی كورد له‌ ١٥ ساڵى رابردوو به‌ چنگه‌كڕێ ده‌ستیكه‌وت له‌ دوو كاتژمێردا له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر راده‌ستى كرد. 

ئێستا كه‌ كورد له‌به‌رده‌م قۆناغێكى دیكه‌ى چاره‌نوسسازو یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دایه‌ بۆئه‌وه‌ى بارى لارى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌مێك راست بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ده‌ست و ته‌ورى خۆى سه‌رگه‌رمى بڕینه‌وه‌ى خۆیه‌تى، تا نێوماڵى كورد شێواوتر ده‌بێت، كه‌ركوك هه‌نگاوێك زۆرتر دوورده‌كه‌وێته‌وه‌. پێده‌چێت رووداوه‌كانى ده‌یان ساڵى رابردوو هێشتا به‌س نه‌بن بۆ به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان، بۆیه‌ش ئاینده‌ى به‌یاخدارى كه‌ركوك بۆ كورد، له‌به‌رده‌م ره‌حمى ساردوسڕى و بێباكى لایه‌نه‌كاندایه‌.