ڕاپۆرتی کوردستانی

11:14 - 19/08/2019

٣ سەرۆک شارەوانی لابران و زیاتر لە ٤٠٠ کەس دەستگیرکران‌

پەیسەر

بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیسی تورکیا، باڵەخانەی گەورەشارەوانی ئامەد و میردین و وانیان گەمارۆدا و دەستیان بەسەردا گرتن.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین، سەلچوک مزراکلی هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد و بەدیعە ئۆزگوکچە هاوسەرۆکی شارەوانی وان لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و پارێزگارەکانی ئامەد و مێردین و وان لە جێگەیان دانراون.

 

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا گوتی "شارەداری ئامەد و مێردین و وان بە پێچەوانەی یاساکانی تورکیا و جیاواز لە شارەوانیەکانی دیکەی تورکیا کاردەکەن و دژی سەروەری دەوڵەت و گەلی تورکیان

هێزە ئەمنیەکان ٤١٨ کەسیان دەستگیرکرد
بە پێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ لە ٢٩ شار و شارۆچکەی باکووری کوردستان هێزە ئەمنیەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان کردووە و بە بیانووی ئەندامێتی پەکەکە و کەجەکە ٤١٨ بەرپرس و لایەنگری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" و پارتی دیموکراتی هەرێمەکان "دەبەپە"یان دەستگیرکردووە.

 

ئەحمەد تورک هاوشارەداری لەکارلابراوی مێردین لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، باکووری کوردستان لە قۆناغێکدایە کە نادادپەروەری لە بەرزترین ئاستدایە و گوتی: دان بە ماف و ئیرادەی گەلدا نانێن و باسی دیموکراسی دەکەن، دانانی قەیومەکان نیشانەی ئەوەیە سیاسەتێکی دژە دیموکراسی پەیڕەودەکرێت

سەلچوک مزراکلی هاوشارەداری ئامەدیش لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، کردەوەکانی حکومەتی ئاکەپە نایاسایین و ئەم ڕەفتارانە نە لە دەستوور و نە لە یاسای هەڵبژاردندا جێگایان نابێتەوە، بڕیارەکە دژی دیموکراسی و ئیرادەی گەلە.

مزراکلی گوتیشی، هیچ کەسێک لە تورکیا ئازاد نییە و یاسا سەروەر نییە، ئەو هێرشانەی بەرامبەر شارەوانیەکانی هەدەپە دەکرێن، لێدانە لە ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و دیموکرات.

هەدەپە: دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانمان، کودەتای سیاسییە
لەلایەکی ترەوە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی هەدەپە لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی ئامەد و مێردین و وان ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.

هەدەپە ئاماژەی بەوەدا، سەرۆک شارەوانیەکان لە ئامەد بە رێژەی ٦٣٪ و لە مێردین ٥٦٪ و لە وانیش ٥٣٪ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن. بەڵام بە بڕیارێکی سیاسی لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.

 

هەدەپە گوتی"دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانمان، کودەتای سیاسییە و لە هەمان کاتیشدا هەڵوێستێکی دوژمنکارانەیە دژی ئیرادەی سیاسی گەلی کورد

هەدەپە داوای لە هەموو لایەنە دیموکراتخوازەکان و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراو و سەندیکاکان و هاوڵاتیەکانی تورکیا کرد، بەرامبەر کردەوەکانی حکومەتی ئاکەپە بێدەنگ نەبن و بە خەبات و تێکوشانێکی هاوبەش دیموکراسی بۆ تورکیا بگەڕێنەوە.

ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵیش نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هەدەپە نیشاندا و ڕایگەیاند، ئەو کەسانە لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون و کریارەکانی حکومەتیش دژی دیموکراسییە.


پیشتر ئاکەپە دەستی بە سەر ٩٦ شارەوانی هەدەپەدا گرتبوو

حکومەتی تورکیا بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لە ١ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٦دا فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیە کوردیەکانی باکووری کوردستانیدا و لە ئەنجامدا نزیکەی ٩٦ گەورەشارەوانی و شارەوانی ناوچەکان داخران، دواتر کارمەندی خۆیان کە بە "قەیوم" دەناسرێن لەجێگەی سەرۆک شارەوانیەکان دانران. بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ئەمساڵەدا کە لە ٣١ی ئازاردا بەڕێوەچوو، هەدەپە توانی ٥٨ شارەوانی بەدەست بهێنێتەوە، بە تایبەت لە شارەکانی باکووری کوردستاندا سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێنا.