ڕاپۆرتی کوردستانی

05:02 - 17/08/2019

هه‌ڵوێستی هه‌ده‌په‌ و په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر په‌یامه‌كه‌ی ئۆجالان‌

پەیسەر

محەمەد ئۆجەلان، لە ١٢ی ئەم مانگەدا سەردانا دورگەی ئیمراڵی کرد و بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە چاوی بە عەبدوڵا ئۆجالانی برای و رێبەری پەکەکە کەوت.

دوای گەڕانەوەی، محەمەد ئۆجالان ناوەڕۆکی جاوپێکەوتنەکەی لە گەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و پەیامەکانی ئاشکرا کرد.

ئۆجالان لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەیدا باسی لە هێرشەکانی تورکیا و رەوشی ناوخۆیی سوریا کرد و ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە خودی تورکیا و گەلانی ناوچەکە و ٢٠ ساڵ لە سوریا ژیاوە و دیموگرافی و عەشرەتەکانی ناوچەکە باش دەناسێت. قەیرانی سوریا بە شەڕ چارەسەر ناکرێت و داوای دیالۆگی لە نێوان تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستان کردبوو.

ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دانوستان لە گەڵ تورکیا و رژێمی سوریا ئامادەیە

لەبارەی ئەو پرسەوە، مەسعود حسۆ نوێنەری خۆسەری دیموکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پەیسەرپرێس ڕایگەیاند، ئەوان وەک ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان، پێشوازی لە پەیامەکەی ئۆجالان دەکەن و گوتی" ئایدۆلۆژیا و هزری ئۆجالان دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاشتی نێوان گەلانی ناوچەکە و لە سەر ئەو بناغەیەش ڕۆژئاوای کوردستان، هەموو کاتێک هەوڵی ئاشتەوایی نێوان گەلانی ناوچەکە داوە و فەلسەفەی بەڕێز ئۆجەلانیش بە هەند وەرگیراوە".

حسۆ لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەوان وەک ڕۆژئاوای کوردستان هەموو کاتێک ئامادەی دیالۆگن لەگەڵ حکومەتی تورکیا و رژێمی ئەسەدیش، بەڵام ئەوان هێشتا دەیانەوێت، سیستمی نەتەوە دەوڵەت کە هیچ نەتەوەیەکی تر قبوڵناکەن، درێژە پێبدەن و دەڵێت" ئەوان سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکیان پێ قبوڵە و هەموو کاتێک پیشوازی لە هزری ئۆجەلان بۆ ئاشتی دەکەن".

هەدەپە: ڕەخنەی ئۆجەلان لەبارەی پارتەکەمانەوە لەجێی خۆیدایە

عەبدوڵا ئۆجالان لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا ڕەخنەی لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان و شارەوانییەکانی باکووری کوردستانی گرتبوو و ئاماژەی بەوەدابوو، هەدەپە خاوەنی ٦٠ پارلەمانتارە. خاوەنی چەندین شارەوانییە و گوتی" ئەگەر لە دەرەوە بوومایە، کۆڵانەکانم پاکدەکردەوە. گەل دەنگی بەوانداوە و دەبێت ئەوانیش خزمەتی خەڵک بکەن".

لەبارەی رەخنەکانی ئۆجەلانەوە، عابد ئیکە ئەندامی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە هەرێمی کوردستان بۆ پەیسەر گوتی" هەدەپە هەموو کاتێک لەبەرامبەر ڕەخنەکان کراوەیە و بە تایبەتی رەخنە و پێشنیارەکانی ئۆجەلان بە گرنگ دەبینێت".

ئیکە دەڵێت، هەدەپە هەموو کاتێک هەوڵیداوە بە پێی هێڵی سێیەمین کە ئۆجەلان دامەزرێنەریەتی و گرنگیدان بە کۆمەڵگا بە بناغە دەزانێت، بجولێتەوە، بەڵام هەندێک جار لە ڕووی کەسایەتیەکانەوە هەڵە روودەدات و ئەمەش جێگای رەخنەیە و رەخنەکانی ئۆجەلانیش لەو چوارچێوەیەکا هێزی هەدەپە زیاتر دەکات.

ئەندامی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند: وەک دیارە به‌ هەزاران ئەندام و سەرۆک شارەوانی هەدەپە و دەبەپە لە زینداندان، دەوڵەتی تورکیا هەموو هێزێکی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگا بە پێشکەوتنەکانی هەدەپە و شارەوانییەکان بگرێت. هۆکارێکی دیکەی کەموکورتیەکانی هەدەپەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی هەدەپە لە بەرپرسیاری خۆی بدزێتەوە و هەر رەخنەیەک بە ئاڕاستەی سەرکەوتن و بەهێزبوون قبوڵدەکات.

پەیامی ئۆجەلان بۆ هەرێمێ کوردستان یەکێتی نەتەوەیییە

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا هەروەها باس لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئۆپەڕاسیۆنی "چنگ" دەکات. ئۆجەلان دەڵێت، ئەگەر لە هەرێمی کوردستانەوە یارمەتی تورکیا نەدرێت، تورکیا بە تەنیا ناتوانێت هێرش و ئۆپەراسیۆنەکان درێژە پێبدات و لەبەرئەو هۆکارەش، دانوستان و یەکێتی نێوان لایەنە کوردیەکان بە گرنگ دەزانێت.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنی هەرێمی کوردستان، وه‌ڵامی پەیامەکەی ئۆجەلانیان نەداوەتەوە، بەڵام مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دووەم ڕۆژی جەژن لە دەڤەری باڵەکایەتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک شەڕی براکوژی ڕوونادات و هەرچەندە ڕەخنەشی لە پەکەکە گرت بەڵام بێئەوەی ئاماژە بە چۆنیەتی چارەسەری بکات، گوتی" دەبێت کێشەکە چارەسەر بکرێت".

پەکەکە: فەرمانەکانی ئۆجەلان بۆ ئێمە بناغەن

لە سەر ئاستی سەرکردایەتی پەکەکەشدا، موراد قەڕەیڵان ئەندامی کۆمیتەی بەڕیوەبەرایەتی پەکەکە باسی لە پەیامەکەی ئۆجەلان کرد و ڕایگەیاند: پەیامەکەی ئۆجالان، بانگی ئاشتی و چارەسەرییە و ئەوان بە گرنگی دەزانن و هەر لێدوانێکی ئۆجالان وەک فەرمان دەبینن و جێبەجێ دەکەن.

قەرەیلان ئەوەی خستەڕوو، ئۆجەلان دەیەوێت بە حکومەت بڵێت، بە شەڕ ناتوانێت کورد لەناوبەرێت و پێویستە جیگای کوردەکانیش لە ناو هاوکیشەکاندا هەبێت و پەکەکەش لە سەر هزری ئۆجەلان ئامادەی ئاشتییە.