ڕاپۆرتی کوردستانی

03:54 - 15/08/2019

پێناچێت ناوچەی ئارامی ڕۆژئاوای کوردستان بەدڵی تورکیا بێت‌

پەیسەر

حکومەتی تورکیا هەموو هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان (باکووری سوریا) خستووەتەگەڕ. دوای دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە لایەک و ئەمریکا و بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەکی ترەوە، دەرکەوت ئامانجی تورکیا لە دروستکردنی ناوچەی ئارام، لەناوبردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستانە.

تورکیا دەیەوێت ناوچەی ئارام لە قۆڵایی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان دروستبکرێت و خۆی ناوچەکە بەڕێوەبەرێت، بەڵام ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی واشنتنیش لەدژی هەوڵەکانی تورکیان.

چەندڕۆژێک لەمەوبەر شاندێکی سەربازی ئەمریکا سەردانی شاری ڕوحای باکوری کوردستانیان کرد، لەگەڵ تیمێکی سەربازی تورکیا چۆنێتی درووستکردنی ناوچەی ئارام و دیاریکردنی سنوورێک لەنێوان سوپای تورکیا و یەپەگەدا تاوتوێکرا.

ئەمڕۆ ١٥ی ئاب مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نابێلا تونیس وەزیری دەرەوەی وڵاتی سیەرالیون لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا، باسی پرسی درووستکردنی ناوچەی ئارامی لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند، تا یەپەگە نەچێتە دەرەوە، ڕۆژهەلاتی فورات ئارام نابێت و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیداوە ناوچەی ئارام لە قوڵایی "٢٠میل" لە ناو خاکی "باکووری سوریا" دا درووست دەکرێت.

چاوشئۆغلۆ گوتی،"تائێستا ئەمریکا و تورکیا لەسەر پرسەکە بەتەواوی رێکنەکەوتوون و زۆر بابەت ماوە کە باسبکرێت و تورکیا رێگەنادات، ئەمریکا سیاسەتی سەرقاڵکردن و کاتکوشتن پەیڕەوبکات".

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕاشیگەیاند، بە دروستکردنی ناوچەی ئارام ئاوارە سورییەکان لە تورکیاوە دەگەڕێندرێنەوە و لەو ناوچانە نیشتەجێدەکرێن و یەپەگەش پێویستە لەو ناوچانە نەمێنێت، چونکە مەترسی لە سەر خەڵکی ناوچەکە دروست دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، بۆ ئاژانسی هاوارنیوز باسی لە هەوڵەکانی ناوچەی ئارام کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ناوچەی ئارام هەموو ئەو ناوچانە بگرێتەوە کە دەکەونە نێوان رووباری فورات و ڕووباری دیجلەوە.

عەبدی گوتی،"تورکیا لەئێستادا دەیەوێت، ناوچەی ئارام هەرێمی گرێ سپی و سەرێ کانیێ بگرێتەوە، بەڵام هەسەدە ئەوە قبوڵناکات و پێویستە هەموو هەرێمەکە لە سەقامگیریدابێت و لە هێرشەکانی تورکیا پارێزراو بێت".

فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانووستان لە گەڵ تورکیادا دەکەن، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.

سەن ڕابرتسۆن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" بۆ ئاژانسی "ئێف تی پی" ڕایگەیاند، پلان وایە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ تورکیا دابمەزرێنین و میکانیزمی ناوچەی ئارام قۆناغ بەقۆناغ پێکدێت، ئەمریکا لەگەڵ تورکیا بەردەوامە لە گفتوگۆ و ئامادەیە بەخێرایی دەستبەکارببێت.

لەلایەکی ترەوە جۆسێف فوتێل، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بۆ گۆڤاری"زە ناشناڵ ئینترێست" دژایەتی خۆی بۆ پرۆژەکەی تورکیا نیشاندا و ئەوەی خستەڕوو، درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی ٣٠کم لە ڕۆژهەڵاتی فوراتدا  ئەنجامێکی خراپی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر ٪٩٠ی کوردەکانی سوریا.

هەرچەندە ٧ی ئەم مانگە بەرپرسانی تورکیا باسیان لە رێککەوتنێکی سێ خاڵی لە نێوان حکومەتی واشنتن و ئەنقەرە کرد، بەڵام ناوەرۆکی رێککەوتنەکە بە تەواوی ئاشكرانەکرا. باس لەوەکرا کە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا دروستکراوە.
لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە سەر درووستکردنی ناوچەی ئارام، ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤدەم بۆ "ئێف تی پی" ڕایگەیاندبوو، ئەوان بڕیاری پێشوەختە نادەن و چاوەڕێی ئاشکرابوونی ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا دەکەن و پێشوازیش لە هەر هەنگاوێکی ئەرێنی دەکەن.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا و تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستان بێت، تا ئیستاش لایەنەکان لەسەر چۆنێتی درووستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و وادەردەکەوێت تورکیا لە ئەمریکا نیگەران بێت و تورکیا سەرقاڵبکرێت.
هەڕەشە و گوڕەشەکانی بەرپرسانی تورکیا لەلایەک و چاودێریکردنی ڕەوشەکە و لێدوانە نەرم و ئەرێنییەکانی بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستانیش لە لایەکی دیکەوە، ئەوەمان بۆ دەردەخات، تا ئێستا کارتی یارییەکە بە دەست کوردەکانەوە بێت.