ڕاپۆرتی کوردستانی

04:59 - 14/08/2019

ئاماژه‌كانى پشت گوتاره‌كه‌ى بارزانى له‌ باڵه‌كایه‌تى‌

پەیسەر

مه‌سعود بارزانى بۆ دووەم رۆژى جه‌ژنى قوربان، ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى هه‌ڵبژارد تا لێیه‌وه‌ هه‌ندێك په‌یامى سیاسى بگه‌یه‌نێت، بارزانى بێ مه‌به‌ست جه‌ژنى نه‌برده‌ باڵه‌كایه‌تى، له‌كۆى حه‌وت خوله‌كى گوتاره‌كه‌شى پێنج خوله‌كى بۆ ستایشى ناوچه‌كه‌ ته‌رخانكرد، به‌ڵام په‌یامه‌ سیاسییه‌كه‌ى له‌ په‌راوێزى گوتاره‌كه‌یدا دا به‌گوێى هه‌مواندا.

نابێت شه‌ڕ رووبدات به‌ڵام..
سه‌ردان و گوتاره‌كه‌ى بارزانى، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ زیاتر گرژبوونى دۆخى ناوچه‌كه‌، تۆپباران و ته‌قوتۆق له‌لایه‌ك، كۆكردنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ك و هاتنى سوپاى زیاترى توركیاو جموجوڵه‌ چه‌كدارییه‌كانى په‌كه‌كه‌ له‌لایه‌كى دیكه‌، كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌و هه‌ڵمه‌تى توندى میدیا ئاماژه‌نین بۆ ئاشتى، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موان له‌دۆخێكى وادا شه‌ڕ به‌ ئه‌گه‌رێكى دوور نابینن. بارزانى گوتى:"نابێت جارێكی دیكه‌ خوێنی كورد به‌ ده‌ستی كورد بڕژێت". له‌دواى ئه‌م رسته‌وه‌ بارزانى (به‌ڵام)ێكى هه‌بوو، وه‌ك ده‌گوترێت قسه‌ى دڵ هه‌میشه‌ له‌دواى (به‌ڵام)ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات،"به‌ڵام ده‌بێت موراعاتى وه‌زعى هه‌رێم بكرێـت، ته‌نها شوێنه‌ ئومێدێكى تێدا ده‌بینرێـت ئه‌گه‌ر ئه‌م ئومێده‌ نه‌ما هه‌مووشت ته‌واو دەبێت، ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت هه‌رێم تووشى موشكیله‌ بكه‌ن، یاخود رێگه‌نه‌ده‌ن ژیانى خه‌ڵك به‌ئاسوده‌یى به‌ڕێوه‌بچێت، ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ناده‌ین، ئێمه‌ ئه‌من و ئاسایشى خۆمان، ژیانى خه‌ڵكى خۆمان ناكه‌ینه‌ قوربانى هیچ كه‌سێكى دیكه‌".

"بۆ چاره‌سه‌ر خه‌ریكین"

بارزانى گوتى ئه‌م دۆخه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێت،"ئێمه‌ خه‌ریكین" بارزانى نه‌یگوت خه‌ریكى چین و نه‌چووه‌ ناو ورده‌كارى هیچ پرۆژه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌، به‌ڵام دڵنیایى دا كه‌ نابێت شه‌ڕى كورد و كورد رووبدات. پێده‌چێت بارزانى خواستى زۆرى هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌رێگه‌ى لایه‌نى چواره‌مه‌وه‌، واته‌ ئه‌وه‌ى له‌به‌رچاو روونه‌ كه‌ ئه‌م كێشه‌ به‌ سێ لایه‌نى، توركیا، پارتى، په‌كه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نابێت، بۆیه‌ش گوتى، ئه‌وان خه‌ریكى چاره‌سه‌رن به‌ جۆرێك شه‌ڕى براكوژى تێدا نه‌بێت.

چاره‌سه‌رێك له‌به‌غداوه‌
په‌یسه‌ر پرێس پێشتر زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ بارزانى پرۆژه‌یه‌كى ره‌وانه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سەرۆک وەزیرانی عێراق كردووه‌، تا حكومه‌تى فیدراڵى بۆ پاراستنى سنوره‌كانى هه‌رێم بێته‌ سه‌رخه‌ت، به‌پێى پرۆژه‌كه‌ هێزى هاوبه‌شى هه‌رێم و حكومه‌تى فیدراڵى له‌ سنوره‌كان رێگه‌ له‌ هه‌ر جموجوڵێكى سه‌ربازى دەگرن. ئه‌و هه‌نگاوه‌ى بارزانى بۆ رێگرى له‌ جوڵه‌ى په‌كه‌كه‌ بۆ بڕینى بیانووى توركیاو ئێرانه‌. هاوكات هێنانى عێراقه‌ بۆناو هاوكێشه‌كه‌ تا كێشه‌كه‌ به‌رگێكى سیادى بپۆشێت و عێراق ناچاربێت بۆ هه‌ر بۆردوومانێك بێته‌ سه‌رخت، هه‌م له‌ رێگه‌ى حكومه‌تى به‌غداوه‌ جموجوڵى په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان سنورداربكرێت، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رى پێكدادانى پێشمه‌رگه‌و په‌كه‌كه‌ لاوازتر ده‌كات. به‌پێى گوته‌كانى بارزانى بێت، كاتێك گوتى، ژیانى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ ناكه‌نه‌ قوربانى هیچ لایه‌ك و ناشبێت شه‌ڕى كورد كورد رووبدات، قسه‌كانى ئاماژه‌ن بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌، تا به‌ده‌ستى لایه‌نى چواره‌م ئاگره‌كه‌ بكوژێته‌وه‌.

لۆمه‌ى په‌كه‌كه‌
بارزانى هه‌مان ره‌خنه‌ى پێشووى حزبه‌كه‌ى له‌ په‌كه‌كه‌ دووپاتكرده‌وه‌"ئه‌گه‌ر به‌هانه‌ نه‌درێته‌، ده‌ست ئێران و توركیا، نه‌ تۆپباران ده‌كرێت، نه‌ فڕۆكه‌ش بۆردومان ده‌كات".گوتیشى"ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ناده‌ین هه‌رێم تووشى مشكیله‌ بكرێت، ئه‌من و ئاسایشى هه‌رێم ناكه‌ینه‌ قوربانى بۆ هیچ لایه‌ك". به‌پێى ئه‌م به‌شه‌ى قسه‌كانى بێت بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌م بیانووه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت كه‌ به‌ده‌ست ئێران و توركیاوه‌یه‌، چاره‌سه‌رى بیانووه‌كه‌ش به‌ چۆڵكردنى ناوچه‌كه‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌. چونكه‌ بارزانى به‌روونى ده‌ڵێت، ئاسایشى هه‌رێم ناكه‌نه‌ قوربانى بۆ هیچ لایه‌ك و رێگه‌نادرێت هه‌رێم تووشى کێشە بكرێت.

ئه‌ستۆپاكییه‌ك پێش تێكچوونى دۆخه‌كه‌
دڵنیاییه‌كه‌ى بارزانى بۆ روونه‌دانى شه‌ڕى براكوژى، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ى زیاترى دۆخه‌كه‌ و لوله‌ى تفه‌نگى پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلا ئه‌وه‌نده‌ دوور نییه‌ له‌یه‌كه‌وه‌، ئه‌نقه‌ره‌ش سووره‌ له‌سه‌ر ته‌واوكردنى (ئۆپه‌راسیۆنى چنگ) له‌ناو خاكى هه‌رێم، په‌كه‌كه‌ش تا دوایین فیشه‌ك به‌رگرى ده‌كات، په‌كه‌كه‌ خواستى ئه‌وه‌شى هه‌یه‌ هه‌ر شه‌ڕێك پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ قه‌ندیل له‌ گۆڕه‌پانى دوورتر یه‌كلایى بكاته‌وه‌. توركیا هێزه‌كانى له‌ناو خاكى هه‌رێم بۆ ١٥ هه‌زار واتە پێنج هێندە زیادكردووه‌. له‌دۆخێكى وه‌هادا بژارده‌ى شه‌ڕ هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌رگایه‌. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ به‌ پرۆژه‌ى چاره‌سه‌رى سه‌رى ره‌ش رازى نه‌بوو، له‌ ئه‌گه‌رى روودانى هه‌ر شه‌ڕێك بارزانى قسه‌كانى خۆى وه‌ك ئه‌ستۆپاكییه‌ك به‌بیرده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ڕ نه‌بوون به‌هیچ جۆرێك، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ پرۆژه‌ى چاره‌سه‌رى په‌سه‌ندنه‌كرد.

ڤیتۆیه‌ك له‌ ئه‌مریكاوه‌
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئه‌مریكا به‌فه‌رمى پارتى ئاگاداركردووه‌، كه‌ له‌شه‌ڕو ناكۆكییه‌كانى توركیاو په‌كه‌كه‌ خۆى به‌دووربگرێت و واشنتن له‌گه‌ڵ روودانى شه‌ڕ نییه‌. به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌مریكا ئه‌م په‌یامەى به‌ نێچیرڤان بارزانى گه‌یاندووه‌. ئه‌مه‌ بۆ پارتى بیانوویه‌كى باشه‌ تا له‌ژێر فشارو داواكارییه‌ زۆره‌كانى توركیا خۆى قوتار بكات. توركیا خواستى زۆرى هه‌یه‌ پارتى له‌شه‌ڕى په‌كه‌كه‌وه‌ بگلێنێت و به‌ره‌یه‌كى شه‌ڕى له‌ دژ بكاته‌وه‌. ڤیتۆكه‌ى ئه‌مریكا یارمه‌تیده‌رى پارتییه‌ تا خۆى به‌ دووربگرێت و خۆى له‌ نیگه‌رانییه‌كانى ئه‌نقه‌ره‌ش بپارێزێت. گوته‌كه‌ى بارزانى هه‌م په‌یامێكیش بوو كه‌ هه‌ولێر به‌ ته‌نیشت به‌رنامه‌ى واشنتن-ه‌وه‌ رێده‌كات.

شه‌ڕ بژارده‌ى خوازراوى بارزانى نییه‌
شه‌ڕ له‌م قۆناغه‌دا بژارده‌ى خوازراو نییه‌ بۆ پارتى، ئه‌و حزبه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر نییه‌ نه‌خشه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى به‌دڵى خۆى داڕشتووه‌ته‌وه‌، هه‌ژموونى رۆچووه‌ته‌ ناو هه‌موو جومگه‌یه‌كى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و قسه‌كه‌رى یه‌كه‌مه‌ و حكومه‌تێكى نوێى بۆخۆى سازاندووه‌و ئه‌مجاره‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیشى له‌گه‌ڵه‌، پارتى جارێ عه‌وداڵى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌ژێر داروپه‌ردوى قه‌رزه‌كان و ته‌پوتۆزى ریفراندۆم بێته‌ ده‌ره‌وه‌و كێشه‌ى نه‌وت و بوودجه‌و ناوچه‌جێناكۆكه‌كان به‌لایه‌كدا بخات، نه‌ك به‌ره‌یه‌كى شه‌ڕى بۆ بكرێته‌وه‌و سه‌رقاڵى شه‌ڕى سنووره‌كان بێت. بۆیه‌ بارزانى له‌ خۆڕا چاره‌سه‌رى كێشه‌ى بۆردومانه‌ سنورییه‌كانى نه‌خستووه‌ته‌ سه‌ر مێزى به‌غدا. حكومه‌تى هه‌ولێر ئه‌وه‌نده‌ی به‌به‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌ دووچارى كێشه‌یه‌كى دیكه‌ بكرێت.

جگه‌له‌وه‌ش شه‌ڕ له‌نێوان ئه‌گه‌رى دۆڕان و بردنه‌وه‌دایه‌، له‌ئه‌گه‌رى دۆڕاندا پارتى ناوچه‌ى زیاتر له‌ده‌ستده‌دات و هه‌ژموونى بچوك ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت پارتى ترسى له‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ ئه‌گه‌رى شه‌ڕ لایه‌نى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستوه‌ربدات و هاوكارى په‌كه‌كه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى زۆرتر به‌ره‌و هه‌ولێر بكشێت. به‌ كورتى له‌ئه‌گه‌رى شه‌ڕ پارتى ده‌چێته‌ نێو تونێلێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌و سه‌رى دیارنییه‌و نازانرێت سه‌رى له‌كوێوه‌ ده‌رده‌چێت.

نیگه‌رانییه‌كانى راى گشتى
به‌م دواییانه‌ بابه‌تى زیادبوونى هێزى توركیا له‌هه‌رێم و پێشڕه‌وى زیاترى بۆ قوڵایى خاكى هه‌رێم، نیگه‌رانى زۆرى راى گشتى درووستكرد، تۆپباران و بۆردومانه‌كان و شه‌هیدكردنى هاوڵاتى مه‌ده‌نى، نیگه‌رانییه‌كانى خه‌ڵكى زیاتر كرد و ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى جارێكى تر قوربانیدا. ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌خۆیان له‌ناو دۆخه‌كه‌دا ده‌ژین نیگه‌رانییه‌كانیان له‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم زیاتره‌، بۆیه‌ش بارزانى بۆ جه‌ژن ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى هه‌ڵبژارد تا له‌رێگه‌ى گوتاره‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ نیگه‌رانییه‌كان بڕه‌وێنێته‌وه‌. ئه‌و مێژووى په‌یوه‌ندى پارتى و ناوچه‌كه‌ى به‌ بیرهێنایه‌وه‌و گوتى، ئه‌گه‌ر گله‌ییش بكه‌ن مافى خۆیانه‌و گله‌ییه‌كه‌یان قبوڵده‌كات، ده‌بێت قه‌ره‌بووى خه‌بات و قوربانیدانى ناوچه‌كه‌ بكرێته‌وه‌. 

راى گشتى ئێستا هیچ ئه‌گه‌رێكى شه‌ڕى ناوخۆ په‌سه‌ندناكات، بۆیه‌ پارتى ده‌زانێت بۆ هه‌ر شه‌ڕێك راى گشتى له‌ پشت نابێت له‌ باشترین حاڵه‌تدا به‌شێكى كادیره‌كانى خۆى به‌رگرى له‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن، نه‌ك هه‌مووى. بارزانیش هه‌ر به‌و ئاڕاسته‌یه‌ قسه‌یكرد و دژى شه‌ڕى براكوژى گوتاریدا.

"موراعاتكردن"ى دۆخى هه‌رێم
دۆخى ئێستاى هه‌رێم به‌جۆرێكه‌ له‌چوارده‌وریدا دۆست نییه‌ و دۆسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشى ئه‌وه‌نده‌ به‌ ده‌م هه‌ولێره‌وه‌ نین و رێگاى به‌غداى پیشان ئه‌ده‌ن، ته‌نها له‌ رۆژئاواى كوردستانه‌وه‌، هه‌رێم دۆستێكى خوێنى هه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ دراوسێ پارتییه‌كه‌ى ناكۆكه‌و هه‌ماهه‌نگى نییه‌. تاران و ئه‌نقه‌ره‌ به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان هه‌ولێریان ده‌وێت و به‌غداش ده‌یه‌وێت گۆشتى هه‌رێم به‌رێت و ئێسقانه‌كه‌ى بۆ دراوسێكانى دیكه‌ جێبهێڵێت. هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداش كێشه‌ى خاك و نه‌وت و وزه‌و پاره‌و چه‌ك و هێزى هه‌یه‌. بۆیه‌ش بارزانى ره‌وایى به‌ هه‌رێم ده‌دات كه‌ داوا له‌ هێزى پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان بكات كه‌ ره‌چاوى ئه‌م دۆخه‌ بكه‌ن، بەگوته‌ى خۆى ئه‌م دۆخه‌ى له‌ باشور هه‌یه‌ له‌ به‌ین بچێت، هه‌موو ئومێده‌كان له‌ پارچه‌كانى دیكه‌ش له‌ناوده‌چن.

كۆتایى گوتاره‌كه‌
بارزانى ئه‌م قسانه‌ى خسته‌ كۆتایى گوتاره‌كه‌ى، به‌جۆرێك ویستى كۆتایى به‌ گوتاره‌كه‌ى بهێنێت سوپاسى ئاماده‌بووانى كرد و گوتى،"جارێكى تریش زۆر خۆشحاڵم كه‌ ده‌رفه‌تم بۆ ره‌خسا بێمه‌ خزمه‌تى ئێوه‌، جارێكى تریش جه‌ژنتان پیرۆزبێت"، دواى ئه‌م قسانه‌ گوتى"وه‌ ئێمه‌ نیگه‌رانیشین له‌و وه‌زعه‌ ناله‌باره‌ى له‌ سه‌ر سنووره‌كان دروستبووه‌".بارزانى قسه‌كانى دڵى دواخست تا واوێنانه‌كرێت كه‌ بۆ گه‌یاندنى ئه‌و په‌یامانه‌ رێگاى به‌ره‌و باڵه‌كایه‌تى بڕیوه‌، له‌ راستیدا بوونى بارزانى بۆ ئه‌و بابه‌ته‌و ئه‌و په‌یامانه‌ى كۆتایى بوو. 

په‌كه‌كه‌ شه‌ڕى ناوێت
دۆخى ئێستاى په‌كه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ پێویستى به‌وه‌یه‌ هه‌موو سه‌رنج و تواناى خۆى بخاته‌ سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ى تووشى بووه‌، شه‌ڕى مان و نه‌مانى له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌، چه‌ند جارێك به‌رپرسه‌كانى هۆشدارییان داوه‌ به‌ پارتى كه‌ نه‌چنه‌ ژێربارى فشارى توركیاوه‌و شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ نه‌كه‌ن، په‌كه‌كه‌ پێویستى زۆرى به‌و ناوچه‌ سنورییانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ نزیكى پارتى كۆنتڕۆڵیكردوون، ده‌شزانێت شه‌ڕى هێزه‌ كوردییه‌كان ئامانجى ئه‌و نییه‌و راى گشتى كورد پێشوازى له‌ شه‌ڕى له‌وجۆره‌ ناكه‌ن، بۆیه‌ كه‌جه‌كه‌ شه‌ڕ ناخوازێت.

چى رووده‌دات؟
پێده‌چێت پارتیش ده‌ركى به‌ مه‌ترسى هاتنى هێزى زیاترى توركیا كردبێت، بۆیه‌ له‌هه‌ركات زیاتر باس له‌ له‌ناوبردنى بیانووى هاتنه‌كه‌ ده‌كات، هاوكات بۆردوومانه‌كان و قوربانییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان هۆكارى دیكه‌ى فشارن له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، بارزانى به‌ گوته‌كانى هه‌ندێك لە نیگه‌رانییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى شه‌ڕى ناوخۆ سڕییه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ش ده‌ڵێت شه‌ڕى ناوێت و دژى شه‌ڕه‌. به‌ڵام هێشتا لوله‌ى تفه‌نگه‌كان لێك نزیكن و تادێت هێزى زیاتر له‌نزیك یه‌ك خڕده‌كرێته‌وه‌. تا هێزو چه‌ك و ته‌قوتۆق هه‌بێت شه‌ڕ ئه‌گه‌رێكى داخراونابێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ چاره‌سه‌رییه‌ش كه‌ بارزانى باسیكرد سه‌رینه‌گرت دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌بێت له‌وه‌ى هه‌یه‌.