ڕاپۆرتی کوردستانی

11:28 - 12/12/2018

ناوەڕۆكی پڕۆژەی رێككەوتنەكەی یەكێتی بۆ پارتی‌

پەیسەر

یەكێتی پرۆژەیەكی نوێی بۆ رێككەوتنێك هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی دەخاتە بەردەم پارتی و پەیسەر پرێسیش ناوەرۆكەكەی ئاشكرا دەكات.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس،  یەكێتی پرۆژەیەكی بۆ رێككەوتنێك هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی خستۆتەبەردەم پارتی و بەپێی ناوەرۆكەكەشی پەیوەندیەكانی پارتی و یەكێتی دابەشی سێ ئاست كراوه‌.

لە پڕۆژەكەی یەكێتیدا هاتووە: "لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ یەكێتی و پارتی بەیەكەوە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان دەكەن و هەردوولاش بەیەكەوە، بڕیار لەسەر هەر رێككەوتنێك دەدەن كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ یان جیهان دەیكات".

هەروە ها ئەوەش هاتوە "لەسەر ئاستی ناوخۆ، یەكێتی و پارتی بەیەكەوە كابینەی حكومەت دروست دەكەن و پرسی گەڕانەوەی هەرێم بۆ بەغداد و فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆی پێویستی بەرەزامەندی هەردوولایە".

یەكێتی لە پرۆژەكەیدا  داوای هاوسەنگی لە پۆستەكانی ناو حكومەت كردووە، بەتایبەتیش پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانەسروشتیەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، هەروەها دەبێت پێداچونەوە بە وتاری راگەیەندنەكانیان بكەن و كادیری یەكتر وەرنەگرن.

یەكێتی ، داوایكردووە لەسەر ئاستی بەغدادیش یەكێتی و پارتی دەبێت یەك وتاریان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەت هەبێت و بەیەكەوە بڕیاری كشانەوە یان مانەوە لەحكومەتی ناوەند و بڕیارە چارەنوسازەكان بدەن.

یەكێتی لە پرۆژەكەیدا هەروەها داوای ئەوەی كردووە، ئەگەر ئەو رێككەوتنە لەلایەن هەردوولاوە پەسەندكرا، تیمێكی هاوبەش پێكبهێنن بۆ چاودێریكردنی ناوەرۆكەكەی و ئاگاداركردنەوەی هەرلایەنێك كە پێشێلی دەكات. رێككەوتنەكەش بۆ چوار ساڵ بێت و دوای ئەوە هەرلایەكیان دەتوانێت داوای هەمواركردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی بكات.

لەبارەی ئەو پڕۆژەوە فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: یەكێتی و پارتی دوای كۆتایی هاتنی رێككەوتننامەی ستراتیژی پەیوەندیەكانیان ئاڵۆزبووە، بۆیە هەردوولا پێویستیان بە رێككەوتنێكی نوێ هەیە بۆ ئەوەی ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا لەنێوان پارتی و یەكێتی رویدا دووبارە نەبێتەوە.

فەریدئەسەسەرد گوتیشی: بۆ رێككەوتنی نوێ دەبێتە بگەڕیینەوە بۆ سەر هێڵەگشتیەكانی رێككەوتننامەی ستراتیژی.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی نەشاردەوە كە هەردوولا بەرامبەر یەكتر گومانیان هەیە و رەواندنەوەی گومانەكان پێویستی بەنیازپاكی هەیە.

دەشڵێت ئەگەر رێككەوتنیش نەكرێت ئەوە دەبێت چوارچێوەیەك هەبێت كە تێیدا پەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتی لەچوار ساڵی داهاتوودا دیاری بكات بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ كارەكانی كابینەی نۆ دروست نەبێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، تا ئێستا پارتی وه‌ڵامی پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی نه‌داوه‌ته‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێ ( سێشه‌ممه‌دا) به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتیان راگه‌یاندووه‌ دوای دیراسه‌كردنی پڕۆژه‌كه‌ وه‌ڵامتان ده‌ده‌ینه‌وه‌.

په‌یسه‌رپرێس ئه‌وه‌شی زانیوه‌، كه‌ پارتی نایه‌وێت بۆ پلانی كاركردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ر سیستمی 50 به‌ 50 ییان وه‌ك یه‌كێتی داوای كردووه‌ 60% به‌ 40% كار بكات و ئه‌وه‌شه‌ی به‌ رونی به‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی راگه‌یاندووه‌.