ڕاپۆرتی کوردستانی

08:13 - 07/08/2019

ئاوابوونى خۆری نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر كورسى سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌‌

پەیسەر

ساڵى ١٩٩٦ته‌مه‌نى ته‌نها ٣٠ ساڵ بوو، كاتێك كاروانى ده‌سه‌ڵاتدارێتى حكومیى له‌پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ خسته‌ڕێ، له‌وكاته‌وه‌ پێگه‌و هه‌ژموونى له‌ هه‌ڵكشاندابوو تا له‌ناوه‌ڕاستى ٢٠١٩ دروستبوونى حكومه‌تێكى نوێ رێگاكه‌ى ئاوژووكرده‌وه‌و پێگه‌سیاسییه‌كه‌ى كز كرد، ئێستا نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر كورسى یه‌كه‌مى هه‌رێمى كوردستانه‌، هێشتا گڵۆڵه‌ى هه‌ژموونى ناگیرسێته‌وه‌، ته‌نك ده‌رده‌كه‌وێت و رۆڵى به‌رچاوى نییه‌. 

كاتێك نێچیرڤان بارزانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ده‌نگێكى كه‌م به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبژێردرا، هه‌مووان قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌كانى كرد، كه‌ به‌هه‌مان ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى پێشووه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام ئه‌داى ئێستاى هاوتا نییه‌ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌ورانه‌ى یاسا پێیبه‌خشیوه‌، پێده‌چێت ئیتر ئاینده‌ى سیاسى و چارەنووسی هه‌ژموونه‌ ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵییەکەی، واقیعى ململانێكان یه‌كلایى بكاته‌وه‌ نه‌ك دێڕه‌ یاساییه‌كان.

 له‌ سێ ده‌یه‌ى رابردوو به‌رده‌وام هه‌ژموونى روو له‌ هه‌ڵكشان بووه‌، ئه‌وه‌ى بنیاتى نابوو جارێ هه‌مووى له‌ده‌ستنه‌داوه‌

نێچیرڤان بارزانى ته‌مه‌نى ته‌نها ٢٣ساڵ بوو كاتێك بووه‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى، ئه‌ستێره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتى له‌وكاته‌وه‌ كشا، ساڵى ١٩٩٩ بۆ ٢٠١٩  ته‌نها دووساڵ كورسى سه‌رۆك وه‌زیرانى لانه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و دووساڵه‌ش ده‌ستى له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى به‌رنه‌دا، وه‌ك باسده‌كرێت له‌ ته‌مه‌نى نیو كابینه‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵح گرێبه‌ستى ٥٠ ساڵى نه‌وت، نێچیرڤان بارزانى سازاندوویه‌تى و بڕاندوویه‌تییه‌وه‌، به‌ڵام كابینه‌ى ئێستا قۆناغى به‌رهه‌م ساڵح نییه‌و مه‌سرور بارزانى ناخوازێت سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ كابینه‌كه‌یدا رۆڵى هه‌بێت، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ به‌ پێشكه‌شكردنى ناوى كاندیدى وه‌زاره‌ته‌كان حکومه‌ته‌كه‌ى خاڵى كردووه‌ له‌و كه‌سانه‌ى له‌ تیمه‌كه‌ى نێچیرڤان بوون.

پێگه‌ى جارانى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
نێچیرڤان بارزانى له‌ته‌مه‌نێكى كه‌مدا به‌ پێگه‌ى زۆره‌وه‌ ده‌ستپێكرد، له‌ سێ ده‌یه‌ى رابردوو به‌رده‌وام هه‌ژموونى روو له‌ هه‌ڵكشان بووه‌، ئه‌وه‌ى بنیاتى نابوو جارێ هه‌مووى له‌ده‌ستنه‌داوه‌، هه‌موو جێپێكانى خلیسك نین، به‌تایبه‌ت په‌تى توركیاى هێشتا به‌ده‌سته‌وه‌ماوه‌و ئه‌نقه‌ره‌ گرنگى تایبه‌تى پێده‌دات، هێشتا توركه‌كان روویان لێوه‌رنه‌گێڕاوه‌، ئه‌وه‌ى له‌ سیاسه‌تى نه‌وتیى هه‌رێمى كوردستان ده‌ست ئه‌نقه‌ره‌ كه‌ووتووه‌، هى ئه‌وه‌ نییه‌ وا به‌ سانایى پشت له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو بكات. به‌ڵام هێشتاش ئاماژه‌ ناوخۆیى و عێراقییه‌كان كه‌متر له‌به‌رژه‌وه‌ندى نێچیرڤان بارزانین.

هۆكارى كزبوونى نێچیرڤان بارزانى
*نێچیرڤان بارزانى یه‌كه‌م كه‌سه‌ دواى مه‌سعود بارزانى كورسى سه‌رۆكایه‌تى وه‌رگرتبێت و له‌ناو حزبه‌كه‌شى جێگرى مه‌سعود بارزانییه‌، پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ساڵى ١٩٩٢ ه‌وه‌ پۆستێكى كێشه‌له‌سه‌ره‌و به‌رده‌وام جێگه‌ى مشتومڕبووه‌. ئه‌گه‌رچى ئێستا پۆسته‌كه‌ سازانى له‌سه‌ر كراوه‌ به‌ڵام سێبه‌رى بارزانى هێشتا به‌سه‌ر كورسییه‌كه‌وه‌ لانه‌چووه‌، هێشتاش له‌رووى كرده‌ییه‌وه‌ مه‌سعود بارزانى رۆڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى لایه‌ هاوشێوه‌ى هه‌مان ئه‌وكاته‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم بوو. ده‌توانێت هه‌مان ئه‌و بڕیارانه‌ بدات كه‌ ئه‌وكات له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌ریم ده‌یدان، ده‌توانێت بڕیار له‌ چاره‌نووسى پرسه‌ هه‌ستیاره‌كان بدات، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ نێچیرڤان بارزانى له‌سێبه‌رى سه‌رۆكى پارتیدابێت و رۆڵى سه‌رۆكانه‌ى كه‌متر ده‌ربكه‌وێت.

ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌منییه‌كانى نێچیرڤان بارزانى له‌ واقیعدا، وه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم پێى به‌خشیوه‌ 

*حكومه‌تى نوێ داماڵراوه‌ له‌و كه‌سانه‌ى نزیكى نێچیرڤان بارزانین، ته‌نانه‌ت نێچیرڤان بارزانى كه‌ فشارى گه‌وره‌ى كرد بۆ دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى وه‌ك وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان، مه‌سرور بارزانى له‌كۆتا ساته‌كاندا ناوى له‌ لیستى وه‌زیره‌كانى كابینه‌كه‌یدا لابرد. دواتر وه‌ك یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كارووبارى وزه‌ فه‌رمانى بۆده‌رچوو به‌ڵام به‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتى رواڵه‌تى له‌به‌رده‌ستى سه‌رۆك وه‌زیراندا. پێكهاته‌ى حكومه‌تى نوێ ده‌رفه‌تى جوڵه‌ى بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌و ناتوانێت یارى بكات.

*ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌منییه‌كانى نێچیرڤان بارزانى له‌ واقیعدا، وه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم پێى به‌خشیوه‌ وه‌ك فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان ناساندوویه‌تى، هێزى پێشمه‌رگه‌ نیوه‌ى لاى یه‌كێتی-یه‌و فه‌رمانیشیان له‌ ده‌باشان یاخود لاى كۆسره‌ت ره‌سوڵ-ه‌وه‌یه‌، ئه‌و به‌شه‌ى پێشمه‌رگه‌ كه‌ تیكه‌ڵن لاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه‌و له‌نێو بۆته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و له‌ژێر هه‌ژموونى مه‌سرور بارزانیدان، ئه‌و به‌شه‌ى پێشمه‌رگه‌ش كه‌هى پارتین، مه‌سعود بارزانى به‌رپرسه‌ له‌ هه‌ر جوڵه‌یه‌كیان، مه‌نسور بارزانیش بڕیاربه‌ده‌ستى گه‌وره‌ى هێزه‌كانى پارتی-یه‌، هه‌رچى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشه‌ كه‌ پێشتر لاى مه‌سرور بارزانى بوو، ئێستاش كه‌سه‌ نزیكه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێوه‌یده‌به‌ن.

*هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌تى عێراقه‌، به‌غدا ئه‌زمونى شیرینى نییه‌ كه‌مه‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى، خۆى به‌ ئه‌ندازیارى ئابورى سه‌ربه‌خۆ ده‌زانێت كه‌ ئه‌مه‌ لاى به‌غدا په‌سه‌ندکراو نییه‌ و كێشه‌ى نه‌وتیش هه‌ر له‌گه‌ڵ نێچرڤان بارزانى قڵیشایه‌وه‌و گه‌یشته‌ مووچه‌بڕین، بۆیه‌ نێچیرڤان بارزانى ده‌رگاى به‌غداى به‌روودا له‌سه‌ر پشت نییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێده‌چێت به‌غدا گرنگى زۆرتر به‌ تێڕوانینه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ بدات، به‌وپێیه‌ى چه‌ند جارێك رایگه‌یاندووه‌، رێككه‌وتن و چاره‌سه‌رى ده‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا.

سروشتى ململانێى سیاسى نێوان مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى جیاوازه‌و هاوشێوه‌ى كه‌مى هه‌یه‌

*سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ى نه‌وت و پاره‌ش، هێشتا نێچیرڤان بارزانى هه‌ژموونى گه‌وره‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام داواجار پێگه‌سیاسى و سه‌ربازییه‌كه‌ى ئه‌و هه‌ژموونه‌ى به‌سه‌ر نه‌ت و پاره‌وه‌ ده‌پارێزێت. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پۆستى سه‌رۆكى كۆمپانیاى كار كه‌ كۆمپانیایه‌كى گه‌وره‌ى پارتییه‌ یه‌كێكى دیكه‌ له‌و پۆستانه‌یه‌ كه‌ له‌نێچیرڤان بارزانى وه‌رده‌گیرێته‌وه‌، زانیارى هه‌یه‌ كه‌ شێخ باز بارزانى له‌ پۆسته‌كه‌ى لابرابێت و سیروان بارزانى له‌ شوێنى ئه‌و ده‌ستبه‌كاربووبێت. مه‌سرور بارزانى رایگه‌یاندووه‌، كۆمپانیاى كار هى ده‌زگاى وه‌به‌رهێنانى پارتی-یه‌ نه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم.

*سروشتى ململانێى سیاسى نێوان مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى جیاوازه‌و هاوشێوه‌ى كه‌مى هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ى چاره‌نووسى سیاسى هه‌ریه‌كه‌یان به‌نده‌ به‌وه‌ى ئه‌وى دیكه‌ ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى چى ده‌بێت، واته‌ له‌یه‌ك كاتدا ده‌رفه‌ت بۆ هه‌ردووكیان نییه‌ به‌هێزبن، دیمه‌نى ململانێكه‌ وه‌ك چه‌رخ و فه‌له‌قه‌، ناكرێت له‌یه‌ك كاتدا هه‌ردووكیان له‌سه‌ره‌وه‌ بن یاخود هاوسه‌نگبن، كاتێك پێگه‌و هه‌ژموونى نێچیرڤان بارزانى به‌هێزده‌بێت ده‌بێت له‌سه‌ر حسابى مه‌سرور بارزانى بێت، كاتێكیش هه‌ژموونى مه‌سرور بارزانى هه‌ڵده‌كشێت ده‌بێت نێچیرڤان بارزانى پاشه‌كشه‌ بكات. ئه‌و دۆسیانه‌شى ململانێیان له‌سه‌ر ده‌كرێت له‌كۆتاییدا ده‌بێت لاى یه‌كێكیان بن نه‌ك هه‌ردووكیان، چارەنووسى هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ نه‌ك وه‌ك یه‌ك، به‌ڵكو به‌جۆرێكه‌ كامیان كز بوو ئه‌وى دیكه‌ گه‌ش ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌. بۆیه‌ نێچیرڤان بارزانى رووبه‌ڕووى ململانێیه‌كى قورس بووه‌ته‌وه‌.

قۆناغى ده‌سه‌ڵاتدارێتى نێچیرڤان بارزانى له‌ حكومه‌ت، قۆناغى پڕكێشه‌ى سیاسى و ئابورى بوون

*ئه‌گه‌رچى میدیاى گه‌وره‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا خه‌ڵك جموجوڵه‌كانى نێچیرڤان بارزانى نابینن،گه‌مارۆى میدیایى له‌سه‌رە یاخود بۆخۆى جوڵه‌ى كه‌مه‌؟ ته‌نانه‌ت پێگه‌ى فه‌رمى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ته‌نها یه‌ك هه‌واڵى نێچیرڤان بارزانى تێدایه‌، ئه‌ویش هه‌واڵى هه‌ڵبژاردنیه‌تى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان. گرنگی پێشووی پێ نادرێت و هەڵای راگەیاندن لەسەر کارەکانی درەستناکرێت. لەو کاتەوەی کورسی سەرۆکایەتی وەرگرتووە زۆرتر لە سۆشیال میدییا دەردەکەوێت ناوبەناویش لە چالاکی جۆراوجۆر.

*قۆناغى ده‌سه‌ڵاتدارێتى نێچیرڤان بارزانى له‌ حكومه‌ت، قۆناغى پڕكێشه‌ى سیاسى و ئابورى بوون، به‌تایبه‌ت پێنج ساڵى رابردوو، ئه‌وه‌ش ئێستا بووه‌ته‌ خاڵێكى لاوازى ئه‌و، زۆرینه‌ى سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر حكومه‌ته‌ نه‌ك سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم. ته‌نانه‌ت به‌شێكى كادیره‌كانى پارتى باس له‌ گه‌نده‌ڵى و پێویستى ئه‌نجامدانى چاكسازى ده‌كه‌ن.

*نێچیرڤان بارزانى له‌ناو پارتیش پێگه‌ى وه‌ك پێویست نییه‌، ته‌نانه‌ت رێبوار كه‌ریم وه‌لى مانگى رابردوو له‌ نوسینێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو، كه‌ باڵى نێچیرڤان بارزانى له‌دواى كۆنگره‌ى ١٣ی پارتی-یه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێندراوه‌.

توركیا هێزى پشتى نێچیرڤان بارزانى
توركیا هێشتا كارتى به‌هێزى نێچیرڤان بارزانییه‌، ئه‌نقه‌ره‌ سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ فه‌رمییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان زۆرتر له‌ ده‌رگاى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌ بێت، ته‌نانه‌ت مه‌ولود چاوشئۆغلو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا له‌ سه‌روبه‌ندى پێكهێنانى حكومه‌ت خۆى گه‌یانده‌ هه‌ولێرو لۆبى بۆ نێچیر بارزانى كرد تا وه‌زیره‌كانى بۆ دابنرێته‌وه‌، كاتێكیش سه‌ردانى ئه‌نقه‌ره‌ى كرد، ئه‌ردۆغان گوتى، میوانێكى تایبه‌تى دێت، پێده‌چێت به‌رژه‌وەندیی گه‌وره‌ ئه‌نقه‌ره‌و سه‌رۆكى هه‌رێمی پێكه‌وه‌ به‌ستبێت، به‌ڵام ئەستەم نییە ئه‌نقه‌ره‌ش په‌نجه‌ له‌گه‌ڵ واقیع نه‌رم بكات، ئه‌گه‌ر نێچیرڤان بارزانى به‌م پێگه‌ى ئێستایه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ یاخود لاوازتربێت، به‌وپێه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن لاى مه‌سرور بارزانییه‌.

ئایا كورسى سه‌رۆكایه‌تى ده‌یگێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وقۆناغه‌ى پیاوى یه‌كه‌مى حكومڕانیى پارتبوو، یاخود خۆرى ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئاواده‌كات؟

چاره‌نووسى نێچیرڤان بارزانى به‌نده‌ به‌ بردنه‌وه‌ى ئه‌و ململانێیه‌ى له‌پێشیه‌تى له‌سه‌ر نه‌وت، پاره‌، چه‌ك، په‌یوه‌ندییه‌كان، ئاماژه‌كانى بردنه‌وه‌ى كه‌مترن له‌ ئاماژه‌كانى دۆڕان، به‌ ده‌ستپێكێكى لاوازه‌وه‌ ده‌ستیپێكردو زوو كزبوو، ئایا كورسى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم نێچیرڤان بارزانى ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وقۆناغه‌ى پیاوى یه‌كه‌مى حكومڕانیى پارتبوو، یاخود كورسى سه‌رۆكایه‌تى خۆرى ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئاواده‌كات؟