02:31 - 05/08/2019
سەربازگەی كەی وەنى كەركوك دەبێتە مۆتەكەی ئێرانییەكان
گەورەترین سەربازگەی پارێزگای كەركوك و یەكێك لە دیارترین سەربازگەكانی ئەمریكا لە عێراق، دەبێتە سەرچاوەی مەترسی بۆسەر ئێران، چونكە هەڵكەوتەكەی و ئەو توانا سەربازییەی هەیەتی، دەتوانێت ببێتە خاڵی یەكلاكەرەوەی هەر پێكدادانێكی ئێران و ئەمریكا لە عێراق.
هەرچەندە لە ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و ڕۆژانی دواتردا حەشدی شەعبی بە ڕێنمایی ئێران چوونە نێو كەركوكەوە، بەڵام هێشتا ئێرانییەكان و تەنانەت بەرپرسانی عێراق پڕكێشیی ئەوەیان نەكرد لە سەربازگەی K-1 یاخود ئەوەی لە باشووری كوردستان پێیدەگوترێت كەیوان، نزیكببنەوە.
سەربازگەكە دەگاتە قوڵایی خاكی ئێران
سەربازگەی كەی وەن ساڵی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو لەسەر فراوانیی 15 كیلۆمەتر چوارگۆشە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە دروستكراوە، لەو ساڵانەدا كە جەنگی عێراق-ئێران هەڵگیرسابوو، هێزی ئاسمانی عێراق لەو سەربازگەیەوە فڕۆكەكانی دەناردە خاكی ئێرانەوە و هەریەكە لە قەسر شیرین و سەر پێڵی زەهاوی بۆردوماندەكرد، واتا هەڵكەوتەی سەربازگەكە بەشێوەیەكە، كە فڕۆكەی جەنگی دەتوانێت بەئاڕاستەی ئاسمانی ئێران بەبێ كێشە بفڕێت و ئامانجەكەی بەدیبهێنێت.
سەربازگەكە لەسەر ڕیگەی دوبز- كەركوك و لەنزیك كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای كەركوك و بۆری نەوتی كەركوك – جەیهانە، واتا هەڵكەوتەكەی نەك بەتەنیا لەڕووی سەربازییەوە گرنگە، بەڵكو لەڕوی ئابووریشەوە پێگەیەكی ستراتیژیی هەیە.
ساڵی 2003 دوای ئەوەی ئەمریكییەكان كەركوكیان ڕزگاركرد، ڕاستەوخۆ چوونە نێو سەربازگەكەوە و تا ساڵی 2011 و له كاتی كشانهوهی هێزهكانی ئهمریكا له عێراق ئهو سهربازهگهیهش چۆڵكرا، بهڵام ئهمساڵ جارێكی تر سوپای ئهمریكا بێ گهڕانهوه بۆ حكومهتی عێراق گهڕانهوه بۆ K-1، ناوەكەیشی كورتكراوەی كەركوك و ژمارەیەكیش ئاماژەیە بۆ یەكەم سەربازگە لە كەركوك.
تایبەتمەندییەكانی سەربازگەی K-1
ئێستا كە ململانێكانی ئەمریكا و ئێران گەیشتووەتە ئاستێكی توند، سەرجەم سەرنجەكان لەسەر سەربازگەی عەین ئەسەد لەپارێزگای ئەنبار لاچوون و باس لە سەربازگەی كەی وەن دەكرێت وەك شوێنێكی ستراتیژیی بۆ سوپای ئەمریكا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی عەرەبی جدیدی قەتەری، سەربازگەی كەی وەن شوێنی تایبەت بەنیشتنەوەی فڕۆكەی جەنگی هەیە، ئەوە جگە لەوەی سەكۆی تایبەت بە چاودێری و بەدواداچوونی ئامانجی بەرامبەری هەیە، واتا سەربازگەیەكی تەواوە لەحاڵەتی ڕوبەڕووبونەوەی سەربازیی.
یەكێك لە تایبەتمەندییە دەگمەنەكانی كەی وەن ئەوەیە، ئەمریكییەكان كۆگای چەك و تەقەمەنییەكانیان لە ژێر زەویی سەربازگەكە داناوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی ئاسان دەستی بەرامبەر بە چەك و تەقەمەنییەكان نەگات، هاوكات موشەكە دورهاوێژەكانیش ئاسان كۆگاكە نەكەنە ئامانج، چونكە پێشتر چەندجارێك چەكدارانی ڕێكخراوی قاعیدە سەربازگەكەیان بەئامانجگرتووە.
ساڵی 2014 لەگەڵ دەستپێكی شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی داعش، سوپای ئەمریكا گەڕایەوە سەربازگەكە كە لە ساڵی 2011 و پاش جێهێشتنی عێراق، سەربازە ئەمریكییەكان ئەو سەربازگەیەیان جێهێشت، لەگەڵ هاتنەوەی ئەمریكییەكان بۆ كەی وەن، فڕۆكەی ئاپاچی و دژە موشەك و فڕۆكەی بلاك هۆڵیان لەگەڵ خۆیاندا هێنایەوە، كە سەرجەمیان فڕۆكەی سەربازین بۆ جەنگی سەخت.
كەی وەن لەماوەیەكی نزیكدا دەبێتە سەرچاوەی كێشە بۆ هەولێر و بەغدا
بەرپرسێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرابكرێت باسی لەگرنگی سەربازگەی كەی وەن لەچەند مانگی داهاتووی عێراق كردووەو دەڵێت، لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق و وادەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی بۆ دانیشتووانی عێراق، شەپۆلێك لە ئاژاوە لەنێوان پێكهاتەكانی كەركوك دروستدەبێت، بۆیە وەك چۆن لەڕابردوودا بنكە سەربازییەكەی كەركوك شوێنی هێوركردنەوەی گرژییەكان و جێگەی هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق بوو، دەشێ لەماوەیەكی نزیكدا سەربازگەی كەی وەن ببێتە سەرچاوەیەكی كێشەكان، بەوپێیەی ئێستا هێزی پێشمەرگە لەكەركوك بوونی نەماوە.
بوەتە مۆتەكەیەك بۆ ئێران
بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەی سەرباگەی كەی وەن كە ڕۆژهەڵاتی و باكوری عێراق پێكەوە دەبەستێتەوە، هاوكات جێگەیەكی ستراتیژیشە بۆ خاكی سوریا، ئەوە بوەتە هۆی ئەوەی ئێران بە نیگەرانییەوە لەو سەربازگەیە بڕوانێت، چونكە جیاواز لە سەربازگەكانی دیكەی ئەمریكا لە عێراق وەك عەین ئەسەد و سەربازگەی هەریر لە هەرێمی كوردستان، كەی وەن خاوەنی تایبەتمەندییەكی بێوێنەیە كە دەتوانێت ببێتە پێگەی سەرەكی "هێزی شەڕكەر".
خاڵێكی دیكە كە ئێرانی نیگەرانكردوە ئەوەیە هەرجۆرە ناردنێكی هێزی سەربازیی بۆ عێراق لەلایەن ئەمریكاوە، ڕاستەوخۆ هێزەكە دەچێتە كەی وەن پاشان بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار، چونكە بۆ ئەمریكییەكان نزیكترین خاڵ بۆ ڕووبەڕوبونەوە لەگەڵ ئێرانییەكان لەسنوری جوگرافییەوە كەركوك.
سوفیان جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پێكهاتەی سوننە پێیوایە كەی وەن "خاڵی هاوسەنگیی نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك"ە، هاوكات محەمەد جاف، شارەزای كاروباری ئەمنی كەركوك پێیوایە كەی وەن هەربەتەنیا هۆكارێك نەبووە بۆ پاراستنی سەقامگیریی كەركوك، بەڵكو لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی سەربازگەی كەی وەنەوە ژمارەیەك لە دانیشتوانی كەركوك لەلایەن داعشەوە بە ئامانج دەگیران، بەتایبەت ئەوانەی ڕۆژێك بۆ سەربازگەكە كاریانكردبێت.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر و لەسەروەختی گەڕانەوەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ كەركوك، حەشدی شەعبی دەیویست لەنزیك كەی وەن جێگیر ببێت، بەڵام سوپای ئەمریكا هۆشداریدایە سوپای عێراق لەوەی ڕێگەنادەن حەشدی شەعبی نزیكی كەی وەن ببێتەوە، بۆیە سەرەنجام بەشێك لە پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق چوونە نێو كەی وەنەوە.
ئێستا لەو سەربازگەیە بەدەر لە سوپای ئەمریكا لەچەند شوێنێكدا سوپای عێراق دەبیندرێت، بەڵام سەربازە عێراقییەكان تەنیا مەشق وەردەگرن و هەرچەندە حكومەتی عێراق وایدەردەخات كە كۆنترۆڵی تەواوی سەربازگەكەی لەدەستدایە، بەڵام بڕیاردەری نەك سەربازگەكە بەڵكو دۆخی كەركوكیش لە كەی وەن دەدرێت، دیارترین نمونەش وتەی بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە باسیان لەوەكرد، بەر لەوەی سوپای عێراق بگەڕێتەوە كەركوك لەگەڵ ئەمریكییەكان لە كەی وەن گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ئەوكاتەی كەركوكەوە كردووە.