ڕاپۆرتی کوردستانی

04:02 - 04/08/2019

له‌ ساڵیادی مردنی شێركۆ بێكه‌سدا‌

پەیسەر

ئه‌و كاته‌ی خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات بوو، شێركۆ بێكه‌س زوو زوو به‌ خۆی و جگه‌ره‌ك و ملپێچێكی سووره‌وه‌ خۆی ده‌گه‌یانده‌ ناو خۆپیشاندانه‌كان. هه‌ركاتێك ده‌ره‌فه‌ت و حه‌وسه‌ڵه‌ی بوایه‌ ده‌چووه‌ پشت مایكرۆفۆنه‌كه‌وه‌ و به‌ ده‌ست بادانه‌وه‌ هه‌ڵبه‌سته‌كانی خۆی وه‌كو هه‌ڵوێست ده‌خوێنده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ش ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر مه‌رگی شاعیرێك كه‌ له‌ شاخ و شار به‌ شاعیری به‌ هه‌ڵوێست ناسراوه‌. شێركۆ بێكه‌س كاتێك ڕووداوێك یان كاره‌ساتێك به‌سه‌ر میله‌ته‌كه‌یدا ده‌هات، خێرا به‌ هه‌ڵبه‌ستێك ده‌نگی خۆی ده‌خسته‌ پاڵ گه‌له‌كه‌ی دوای مردنی ئه‌و، ده‌نگێك نه‌ما له‌ دۆخێكی وه‌كو هاتنی داعش و به‌ كه‌نیزه‌ بردنی كچ و ژنه‌كانی ئێزدی به‌ هه‌ڵبه‌ست خه‌می خۆی بۆیان ده‌ربڕێت. ئایا كورد شێركۆیه‌كی دیكه‌ی تێدا هه‌ڵناكه‌وێته‌وه‌؟

ژیاننامه‌ی شێركۆ بێكه‌س
شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەس و لە دووی  ئایاری ساڵی 1940 لە شارى سلێمانی لەدایکبووە. هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ باوكی ده‌مرێت و ئیتر لێره‌وه‌ شێركۆ لانه‌واز ده‌بێت و دایكی شوو ده‌كاته‌وه‌. ده‌چێته‌ ماڵی خاڵۆكانی ماوه‌یه‌ك له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌. دواتر شێركۆ بێكه‌س ده‌چێته‌ خانه‌ی مامۆستایان و تاڕاده‌یه‌ك به‌ ته‌نیا ده‌ژیت. دواتر ڕه‌وانه‌ی شارۆچكه‌ی به‌غدادییه‌ ده‌كرێت له‌وێ ده‌بێته‌ مامۆستا وه‌كو خۆی ده‌ڵێت ئه‌و شوێنه‌ زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی شیعری ئه‌و بووه‌، چونكه‌ ته‌نیا بووه‌ و زۆربه‌ی كاته‌كانی به‌ شعرنووسین و خوێندنه‌وه‌ ته‌رخان كردووه‌.  شێركۆ له‌به‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر ڕژێمی به‌عس، له‌ ساڵی 1986 ده‌چێته‌ شاخ. لە ساڵەکانی 1987 بۆ 1992 لە و سوید ژیاوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان. شێرکۆ بێکەس بە یەکێك لە شاعیرە نوێخوازەکانی ھاوچەرخی کورد دادەنرێت و خاوەنی چەندین نامیلکە و دیوانی شیعرییە و زۆرێک لە شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھانی وەرگێڕدراون. ساڵی 1987 لە سوید "خەڵاتی تۆخۆڵسکی" وەرگرت.

خەڵاتەکەی لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمی سوێد ئیگڤار کالرسۆنەوە پێشکەش کرا وە لەساڵی 1992 دەبێتە وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان  ئەمەش لەیەکەم کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك به‌هۆی چه‌ندین دۆخی جیاوازه‌وه‌، ده‌ستی له‌كاری وه‌زیری كشانه‌وه‌ سه‌رقاڵی پرۆژه‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی بوو. شێركۆ بێكه‌س  لە ساڵی 1998 بە یارمەتی کۆمەڵێ کەس و ھاوڕێکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی دامەزراند. لە ساڵی 2009 تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕە لە چاپدا.

وه‌سێت و مه‌رگ
شێركۆ بێكه‌س ماوه‌یه‌ك پێش مردنی تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بوو، دوای وه‌رگرتنی چه‌ندین چاره‌سه‌ر له‌ وڵاتی سوید دواجار له‌ 4ی ئابی 2013 شێركۆ بێكه‌س له‌ وڵاتی سوید كۆچی دوای كرد. شێركۆ 73 ساڵ ژیا، به‌ڵام بۆ هه‌میشه‌ ئه‌و به‌خاوه‌نی سه‌رده‌می شیعری نوێ داده‌نرێت، به‌ باسكردنی شیعری كوردی ده‌بێت یه‌كسه‌ر بیرت بۆ شێركۆ بێكه‌س بچێت. شێركۆ بێكه‌س پێش ئه‌وه‌ی بمرێت وه‌سێتی كردووه‌ كه‌:" من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی 1963ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردوویش نزیکی ئەو خەڵکەو ژن و پیاوی شارەکەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم. با کتێبخانەکەم و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵا وەیسیەکەی مەردان و سرودی خوایە وەتەن ئاواکەیـەوە ئاڵای کوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی "بێکەس"ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەھێڵم."

چی ده‌رباره‌ی شێركۆ ده‌گوترێت؟
یاسین ئه‌فتاو یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌ ژیانی ئه‌ده‌بی خۆیدا له‌گه‌ڵ شێركۆ بێكه‌س تێكه‌ڵ بووه‌ و ئاگای له‌ جوڵه‌ی شێركۆ بێكه‌س هه‌بووه‌ ئه‌و ده‌ڵێت" شێركۆ یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی زۆر تێكه‌ڵ بووه‌، بۆیه‌ هه‌ركاتێك بیزانیایه‌ بڕیارێك مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر دۆخی كورد و به‌رژوه‌ندی خه‌ڵكی ئه‌و به‌ جواب ده‌هات و به‌رگری لێده‌كرد. به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ پێناو به‌رژوه‌ندی گه‌له‌كه‌ی شه‌ڕی ئه‌ده‌بی كردووه‌. ڕاسته‌ به‌ نه‌مانی شێركۆ كه‌لێنێك درووست ده‌بێت له‌ شیعری كوردیدا به‌ڵام ناكاته‌ ئه‌وه‌ی كورد په‌كی بكه‌وێت، چونكه‌ ئه‌و زمان و ڕێبازه‌ی شێركۆ له‌ شیعردا په‌یڕه‌وی ده‌كرد، به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌ندین كه‌س وه‌كو ئه‌و بنووسن. شێركۆ شاعیره‌كه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان گه‌وره‌بووه‌، شاعیرێك نه‌بووه‌ به‌ ته‌نیا له‌ سوچێكی ماڵه‌وه‌ دانشێت و شیعر بنووسێت به‌ڵكو له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌ینووسی و ده‌یخوێنده‌وه‌."

جه‌میل بایك هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ شێركۆ بێكه‌س له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا كه‌ له‌گه‌ڵ ئاژانسی فرات نیوز ئه‌نجامیداوه‌ ده‌ڵێت:
پ. ئێوە کەی و لە کوێ شێرکۆ بێکەس-تان ناسی؟
جەمیل بایک: شاعیری گەورەى گەلی کورد و مرۆڤایەتى، شێرکۆ بێکەس لە ساڵیادی کۆچی دوایدا بە رێزەوە یادی بەرز رادەگرم. هەم وەک دۆست و هاوڕێیەک و هەم بەهۆی خزمەتەکانى بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی، من هەرگیز لە یادی ناکەم. خەون و خولیاکانى ئەو شاعیرە گەورەیە هەموو کات بە خەون و خولیای خۆم دەزانم. من وەک دۆست و هاوڕێیەک هەموو کات باسی ئەو بۆ گەلی کورد دەکەم. تەنها شاعیرێک نەبوو، بەڵکو هاوکات مرۆڤێکی بە پێوەر و پرەنسیپ بوو. کەسایەتییەکى هەڵگری رۆحی ئازادی بوو. هەر خۆی لە خۆیدا بەهۆی ئەوەى کەسایەتییەکى خاوەن رۆحی ئازاد بوو، بوو بووە شاعیرێکى گەورە.

من لە ساڵی 1994 دا لە سلێمانى هاوڕێی هێژا شێرکۆ بێکەسم ناسی. پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) باشیوو. بەهۆی پەیوەندیمان لەگەڵ یەنەکەدا پەیوەندییەکى بەهێزمان لەگەڵ مامۆستا چەتۆ بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەی یەنەکە هەبوو. رۆژێک لەگەڵ مامۆستا چەتۆ لەبارەى گەورەیى شاعیر شێرکۆ بێکەس-ەوە قسەمان کرد و من داوام لە مامۆستا چەتۆ کرد بە شێرکۆ بێکەسم بناسێنێت. ئێمە ئێوارەیەک لە ماڵێکدا و لە کاتى نانخواردندا یەکترمان ناسی. من هەم بە ناسینى ئەو شاعیرە گەورەیە دڵخۆش و هەم سەربەرز بووم. هەر چۆن فەیلەسوفێکى یونانى دەڵێت؛ هێزی ئەوانەى گۆرانی و شێعر دەئافرێنن لە هێزی ئەوانە زیاتر و گەورەترە کە یاسا دەئافرێنن. کۆمەڵگە پێش هەموو شتێک لە رێگەى ئەدیبان و هونەرمەندەکانییەوە دەبێت بە کۆمەڵگە. ئەدیبان و هونەرمەندان لە دەستنیشانکردنى کوالیتیى ژیان و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا رۆڵێکى زۆر گرنگ دەگێڕن. لەبەر ئەوەش پێش ئەوەى شێرکۆ بێکەس بناسم، بۆ من کەسێکى گەورە بوو، دواى ئەوەشی ناسیم بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە گەورەبوونەکەیم بینی. بێگومان پەکەکە تەنها بزووتنەوەیەکى سیاسی نییە، بزووتنەوەیەکە کە کۆمەڵگە لە خوارەوە و لە رەگەوە دەگۆڕێت. بۆیە هەموو ئەدیبان و هونەرمەندان سەرنجیان لەسەر پەکەکەیە و بۆ ئەوەش سەرنجی شێرکۆ بێکەسیش چووە سەر بزووتنەوەى پەکەکە. لەبەر ئەوەش هەر هێشتا لە کاتى ناسیندابوو، کە لەبارەی نزیکایەتی و هەستى هاوبەشی گۆڕینى کۆمەڵگە و ئافراندنی دوارۆژ گفتوگۆیەکى خۆش و باشمان کردبوو. 

پ: دۆستایەتیى ئێوە لەگەڵ شاعیری گەورە لەسەرکام بەها خوڵقا و چۆن بەهێز بوو؟
جەمیل بایک: لە مێژوودا هەموو کات ئەدیبان و هونەرمەندان یەکەم شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵگە بوون. شۆڕشی کۆمەڵایەتى و سیاسی لە چوارچێوەی پێشکەوتنەکانی ئەدەب و هونەردا روویانداوە. بۆ گەلانی وەک کورد، کە لە ژێر سڕینەوە و قڕکردنى کولتوری و رۆشنبیریدان، لە تێکۆشانی ئایدۆلۆژی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هەڵمەتى شۆڕشگێڕیدا بە رۆڵی خۆیان هەڵدەستن و بوار بۆ پێشکەوتنى هونەری دەخوڵقێنن. بەڵام راستییەکى بەمجۆرەش هەیە، ئەوانەى دەیانەوێت بە ئەدیبان و هونەرمەندان شۆڕشێ کۆمەڵایەتى و سیاسی ئەنجام بدەن و ئەگەریش بە شێوازى جیاجیاش ببێت، کاری هاوشێوەى یەک بۆ گۆڕینى کۆمەڵگە ئەنجام دەدەن. بۆ ئامانجی ژیانی نوێى کۆمەڵایەتى قوڵ دەبنەوە و تێدەکۆشن. لە راستیدا ئەدەب و هونەر لە ناو تێکۆشانی پێشوو و نوێ دا سەرهەڵدەدەن و بەرەو پێش دەچن. خۆی لە خۆیدا ئەدەب و هونەر لە ناو هەموو کۆمەڵگەکاندا نیشانەى دینامیزم و رەوتی بەهرە و تواناى هەناوی کۆمەڵگەیە. هونەرمەند و ئەدیب لە چوارچێوەى چاکە و خۆشیدا دینامیزم و توانایى ناو کۆمەڵگە دەئافرێنن. دەزانرێت، کە ئەدەب و هونەر گەڕانە بە دوای چاکە و خۆشیدا، ئافرێنەرانى چاکە و خۆشین. هەوڵەکانى رێبەر ئاپۆ بۆ ئافراندنى شۆڕشگێڕێکى گەورە و ئافراندنی گۆڕانکاریى ریشەیى لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا لە چوارچێوەى ژیانى باش و چاکە و خۆش دایە، بەها و نرخ و هەستی هاوبەشی ئێمە بوو، کە دۆستایەتیى ئێمەى ئافراند. شێرکۆ بێکەس ئەوەى بینى، کە زۆرترین خەون، خولیا و ئامانج و دواخوازەکانى بە تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بەدی دێن، بۆیە پەیوەندییەکى لەو جۆرە خوڵقا. لەبەر ئەوەش بناغە و کۆنکرێتى ئەو پەیوەندییە زۆر بەهێز بوو. پەیوەندییەک بوو، کە بە هەستی خۆش و جوان بەهێز بوو بوو. لە ناو دونیاکەى رێبەر ئاپۆدا هەستەکانى خۆی دەبینییەوە. ئەو پەیوەندییە ورە و موراڵی ئەوى بەرز دەکردەوە. بەهای ئازادیى ژیان لەلای رێبەر ئاپۆ حەماسەت و خرۆشانی تیادا دروست دەکرد.

دونیای شاعیران بەرفراوان و بەرینە. قورسە، کە لە قاڵب و چوارچێوەیەکدا سنووردار بکرێن و رابگیرێن. چاند و رۆشنبیری و هونەری کۆمەڵگەن. رۆشنبیری و هونەر بە شەخسی نابێت. هونەر و ئەدەبیاتى بنەماڵەپەرستی و پارچەچێتى نابێت. لەبەر ئەوەش شێرکۆ بێکەس لە دڵ و مێشکی گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتیدا بووەتەخاوەن پێگەیەک. بۆی گرنگ بوو کە رێبەر ئاپۆ کاریگەریى لەسەر گەلی کورد و لە هەموو کوردستان و گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا دروستکردووە. شێرکۆ بێکەس خواستى هەستەکانى و ئەو هەستە بە هەموو کوردستاندا بڵاوبکرێتەوە. هەست، رامان و هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆ، کە هەستى کوردانى دەکرد بە یەک و یەکیدەخستن، بە هێژا دەزانی. لەبەر ئەوەش زۆر بابەت هەبوون، کە دۆستایەتیى ئێمەى بەهێز دەکرد. بێگومان گۆڕانکاریى کۆمەڵایەتى، کە بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیمان لە ناو هونەر و ئەدەب دا ئافرێنرابوو، ئەوە لە هەموو شتێک جۆش و خرۆش و حەماسەتى لەو شاعیرە گەورەیەدا دروست دەکرد.

هونەرمەند و شاعیر لێکۆڵەری گەورەن. خۆی لە خۆیدا هەموو کات رۆڵی شاعیران لە دروستکردنى شەپۆلی فیکرى نوێ لە ناو مێژوودا چارەنووسساز بووە. بەهێز و توانایی بۆ رەخنەگرتنیان هەیە و لە دژی هەموو ئەو شتانەن، کە کۆمەڵگە لاواز دەکەن و هەڵوێستیان خستووەتەڕوو. شێرکۆ بێکەس لێکۆڵەربوون و گەڕانەکانى خۆی لە ناو پەکەکەدا بینی. مردن بۆ شاعیران و هونەرمەندان ئەوەیە، کە بوار و کات بۆ لێکۆڵینەوە و بە دوادچوونەکانیان نەبینن. بۆیە راستیى رێبەر ئاپۆ و پەکەکە وایکرد، کە روو لە ئومێدە نوێکان بکات تاوەکو ببێتە وەڵامدەرەوە بۆ لێکۆڵینەوەکانی، چونکە بۆچوونەکانى رێبەر ئاپۆ و لێکۆڵینەوەکانى بە بەردەوامى بۆ گۆڕانکاری، هەڵگری کارەکتەرێکى بەو شێوەیەیە، کە هەموو کات ئامانجی هێنانەدیى باشی و خۆشییە و ئەوە دەکاتە ئامانج.

پەیوەندیى ئێمە لەو چوارچێوەیەدا دەستیپێکرد و بەبێ پسانەوە بەردەوامیی هەبوو. هەر کات دەچوومە سلێمانى دەچووم سەردانم دەکرد. هەر کات دەچووم بۆ سلێمانى هەموو کات بینیى ئەو شاعیرە گەورەیە لە بەرنامەمدا بوو. بۆ من وەک سەردانکردنى شوێنێکى پیرۆز بوو. خۆی لە خۆدا هونەرمەند و ئەدیبان کاری پیرۆز دەکەن. دونیاى مەعنەویى مرۆڤایەتى و کۆمەڵگەکان بەهێز دەکەن. رێبەر ئاپۆ ئەدەب و هونەری وەک ئایین و وەک میتافیزیک شیکار دەکرد. زۆر گرنگە، کە  سروشتی مرۆڤ بە مەعنەویت بڕازێنرێتەوە. ئەوەش رووی میتافیزیکى مرۆڤەکانە.

پ: لە راستیى کوردستاندا جاروبار لە ناو حیزب و بزووتنەوەکاندا کێشە روودەدا، ئەوە چ کاریگەرییەکى لەسەر پەیوەندییەکەى ئێوە دروستکرد؟
جەمیل بایک: شێرکۆ بێکەس پەیوەندیى لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە)دا هەبوو. کوردێکى وڵاتپارێز بوو، بۆیە بە خەمساردی لە دۆخی سیاسی نزیک نەدەبوویەوە. لەبەر ئەوەش لە تێکۆشانی سیاسیی باشووری کوردستاندا هەڵوێستى خۆی بە ئاراستەى یەنەکەدا خستبووەڕوو. ئەوەشى ئێمەی بە یەکتری ناساند بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى یەنەکە مامۆستا چەتۆ بوو. هەموو کات پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتى باش بوو، بەڵام لەبەر ئەوەى چەندین هێز لە باشووری کوردستان تێکۆشانی سیاسی دەکەن، لە ناو حیزبە سیاسییەکاندا کێشە روودەدات. ماوەیەکیش لە نێوان ئێمە و یەنەکەدا کێشەى قورس هەبوون. ئەو دۆخە کاریگەریی لەسەر پەیوەندیى ئێمەش لەگەڵ شێرکۆ بێکەس دروستکرد. شێرکۆ بێکەس هەڵوێستى خۆی بە ئاراستەى یەنەکەدا خستەڕوو. ئێمە ئەوەمان نەکرد بە کێشە و لێى تێگەیشتین. هەر چەند پەیوەندیمان لەگەڵ یەنەکە باش نەبوو، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ شێرکۆ بێکەس بەردەوام بوو. شێرکۆ بێکەس لە دواى ماوەیەکی کورت هەڵوێستى خۆی گۆڕی. نزیکایەتیى بەو جۆرە بوو، کە هەموو کات دەیخواست لە ئێمە تێبگات. لەبەر ئەوەش پەیوەندیى ئێمە لە دواى ماوەیەکى کورت بەهێز بوویەوە. شێرکۆ بێکەس مرۆڤێکى دادپەروەر بوو. کەسایەتییەکى وای نەبوو، کە بە قسەى هەندێک کەس جۆڵەی بکردایە. هۆشمەندی و عەقڵییەتى باشی و خۆشی وایکردبوو هەموو کات هەڵوێستى خۆی بەلای حەقیقەت و راستیدا بخاتەڕوو. کەسایەتیى ئەو ناهەقی و نادادپەروەریى قبوڵ نەدەکرد. ئەوە تایبەتمەندییەکى بنەڕەتیى ئەو بوو. بەو شێوەیە ئەو هەموو کات لە ریزی هێژاترین رۆشنبیرانى گەلی کورد دایە. بەو هەڵوێستەى خۆی دەبێتە نمونە بۆ رۆشنبیرانى کورد. بەرژەوەندیى شەخسی بۆ شێرکۆ بێکەس گرنگ نەبوو، بۆ ئەو بەها کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنى بەها کۆمەڵایەتییەکان گرنگ بوو. ئەگەر لە ناو کورد هێشتا بەها کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بن ئەوە بۆ رۆڵی زۆر گرنگی ئەدیبان، هونەرمەندان و رۆشنبیرانى هاوشێوەى شێرکۆ بێکەس دەگەڕێتەوە.

بە تایبەتى لە دونیاى بەرژەوەندییەکاندا، کە مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست ئافراندوێتی، تایبەتمەندیى رۆشنبیری وەک شێرکۆ بێکەس، کە هەموو کات هەڵوێستى خۆی بەلاى راستیدا دەخاتەڕوو، زۆر گرنگ و هێژایە.

بە کورتی نزیکایەتی مەودادار بۆ ماوەیەکی کورت هەم بۆ ئەو و هەم بۆ ئێمەش بووە قۆناغ و پرۆسەیەکى باشتر لێکتێگەیشتن و شایان بینینى ئەو پەویوەندییە. پەیوەندیى ئێمە لەو قۆناغەدا بەهێز بوو.

پ: زۆر باسی پەیوەندیى ئێوە لەگەڵ شاعیری گەورە دەکرێت، ئێوە ئەوە چۆن لێکدەدەنەوە؟
جەمیل بایک: پەیوەندیى ئێمە لەگەڵ شاعیری گەورە هەرگیز نەپچڕا. ئەو کاتانەشی یەکترمان نەدەبینی نامەمان  بۆ یەکتر دەنووسی. ئێمە لە نامەکاندا لەبارەى هەندێک بابەتەوە بۆچوون و هەستی خۆمان خستووەتەڕوو. ئەویش شیعرەکانى خۆی بە دەنگی خۆی دەنارد. کتێبەکانی خۆیشی بە ئیمزای خۆیەوە دەنارد. دەیخواست کارەکانى لەلایەن بزووتنەوەى ئازادیمانەوە بزانرێت. پەیوەندیى ئێمە پەیوەندییەکى فەرمی و پرۆتۆکۆڵی نەبوو. پەیوەندییەکەمان بەهۆی بەها گرنگەکان بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتییەوە دروستبوو بوو. لەبەر ئەوەش تەنانەت کاتێک یەکترمان نەدەبینى و بۆ یەکترمان نەدەنووسی، هەر هەستەکانمان هاوبەش بوون و لە یەکتر تێدەگەیشتین. لە پەیوەند لەگەڵ کارەکانى ئێمەشدا ئەو هەستانمانە دەردەکەون و دەبینرێن. پێش ئەوەى نەخۆش بکەوێت سەردانى قەندیلی کرد و لەوێ یەکترمان بینی. لە ئەنجامی گفتوگۆکەماندا شێرکۆ بێکەس پێشنیازی کرد، کە شاعیران، رۆماننووسەکان، ئەدیبان و هونەرمەندانى باشوور بێنێت بۆ قەندیل و لەگەڵیاندا کۆبوونەوەیەکی پڕ لە گفتوگۆ رێکبخات. ئێمە قبوڵمان کرد، بەڵام لەبەر ئەوەى دواى ماوەیەکى کورت نەخۆش کەوت، ئەو پلانەمان سەری نەگرت.

ئەوەى منی بێتاقەت کرد و پێی ئێشام، ئەوە بوو کاتێک نەخۆشییەکەی لێی قورسکرد، ئەو نامەیە، کە من بۆم نووسیبوو بە دەستى نەگەیشت. نامەکە گەیشتە دەست بنەماڵەکەى. لە دوا هەناسەکانیدا ئەگەر پێى بگەیشتایە ئێمە بە هەستە هاوبەشەکانمانەوە ماوەیەکى تر لەگەڵ یەکتر دەژیاین و ئەوە بۆ ئەو زۆر هێژا  گرنگ دەبوو. دواى کۆچی دوایى ئێمە داوامان لە میدیاى ئازاد کرد، کە هەموو کات یادی شاعیری گەورە بکەنەوە، کەسایەتى و هونەرەکەى نیشان بدەن و بڵاوى بکەنەوە. بێگومان بڵاوکرایەوە و نیشاندرا، بەڵام لەبەر ئەوەى وەک پێویست نەکرا، ئێمە میدیا و چاپەمەنییەکانمان رەخنەکرد. لە ناو دۆخی رۆژانەدا ئەو بەهایەی ئێمە بە باشی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و شیکاریى بۆ ناکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە ئەوەى دەمێنێتەوە بەهاکانمان. لە ئافراندنى دوارۆژدا رۆڵ و بۆچوون و هەستەکانى ئەو مرۆڤە گەورانە زۆر گرنگن.

دەبێت باسی ئەوەش بکەم، رێبەر ئاپۆ، شێرکۆ بێکەسی زۆر بە هێژا دەزانی. هەموو کات سڵاوى بۆ دەنارد. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانى رێبەر ئاپۆ ئەوە بوو، هەموو کات ئەدیبان و هونەرمەندانى زۆر بە هێژا سەیر دەکرد. لە ژیانى کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕیدا زۆر باش لە گرنگیى هونەرمەندانی دەزانی. بەهاکانى شۆڕش تەنها بە ئەدەب و هونەر هەمیشەیى و هەرمان دەکرێت. لەبەر ئەوەش بۆ خوڵقاندنی بەرهەمی پتەوتر هانی دەدان. رێبەر ئاپۆ دەیوت، هەر چۆن هونەرمەند و شاعیر خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات، تێکۆشانەکەی ئێمەش خزمەتێکى گەورەیە بۆ هونەرمەندان. پەیوەندیى دۆستانەى شێرکۆ بێکەس لەگەڵ بزووتنەوەکەماندا بەو هۆیەوە بەهێز بوو.

پەیوەندییەکەمان لە پەیوەندییەکى دۆستانە زیاتر بوو. بە قوڵبوونەوە و هەوڵەکانى خۆمان کارمان بۆ ئامانجێکى هاوبەش دەکرد. هەوڵەکانى شاعیری گەورەش و ئێمەش بۆ ئافراندنى هەستە نوێکانى کۆمەڵگە بوو. لەبەر ئەوەش ئێمە هەستى خۆمان بەهێز دەکرد. لە دۆستایەتى زیاتر، ئێمە هاوڕێی یەکتر بووین. لەبەر ئەوانەش پەیوەندیى ئێمە هەموو کات بەردەوام و بەهێز بوو.

پ: ئێوە چۆن لێکدانەوە بۆ هۆشمەندی و تێگەیشتنى ئازادی و وڵاتپارێزیى شێرکۆ بێکەس دەکەن؟
جەمیل بایک: هەستى وڵاتپارێزیى شێرکۆ بێکەس زۆر بەهێز بوو. هەر خۆی ئەو هەستە کردی بە شاعیری گەورە. وەک دەزانرێت لە باشووری کوردستان ئەو ناوچەیە کە لە هەموو ناوچەکانى تر زیاتر هونەر و ئەدەب تیایدا پێشکەتووە هەرێمى سۆرانە کە ناوەندەکەى سلێمانییە. هەر لەبەر ئەوەش وڵاتپارێزی و تێگەیشتنی سیاسییان بەهێزە. راپەڕینە یەکەم و گەورەکانى کورد لەو هەرێمەدا روویاندا. راپەڕین و هەستانەوەی کورد هونەر و ئەدەب و ئەدەب و هونەریش رابوونی کوردی بەهێزکرد. لە نێوان هونەر و ئەدەب و تێکۆشانی ئازادیدا پەیوەندییەکى راستەوخۆی لەو جۆرە بوونی هەیە. ئێمە نمونەى هەرە بەرچاوی ئەوە لە هەرێمى سۆران، کە ناوەندەکەى سلێمانییە دەبینین. راپەڕینى بابان و مەحمود بەرزنجی نمونەیەکى بەرچاوی ئەوەن.

لە کاتى چاوپێکەوتنەکان بۆ رێککەوتنى لۆزان و لەو کاتەدا کە مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکرا کە موسڵ و کەرکوک بخرێنە سەر کوێ، لە مشتومڕەکاندا تورکیا بە پێداگرییەوە دەیخواست بیانخاتە سەر خۆی. هەرێمى سۆرانیش لە ناوەندەکەى خۆیەوە لە سلێمانى وتى، نە دەیانەوێت بخرێنە سەر عێراق و نە دەیانەوێت بشخرێنە سەر تورکیا. دواى ئەوەش کە سوریانییەکانیش نەیانخواست بخرێنە سەر تورکیا، موسڵ  و کەرکوک نەخرایە سەر تورکیا.  شێرکۆ بێکەس لە ناو راستییەکى لەو شێوەیەى کۆمەڵگەیەکى مێژوویدا خۆڵقا. هونەرمەندبوون، ئەدیبوون و وڵاتپارێزییە گەورەکەی بەو هۆیەوە بوو. هەر لە شیعرەکانیدا هەمیشە باس لە خۆشەویستیى وڵات و عەشقی ئازادی دەکات. هەموو کات پەیوەندی لە نێوان داخوازیی ئەو بۆ ئازادی و کەسایەتیى راپەڕیویدا دەبینرێت و هەیە. کەسایەتیى ئەو هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکات کە بە ناوچەیەکەوە سنووردار بکرێت. سەربەخۆپارێز و ئازادیپارێزە. لەبەر ئەوەش هەموو کات نۆکەری بێزار و توڕەی کردووە. ئەوەش ئەو لایەنەى رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بوو، کە ئەو زۆر حەزی لێدەکرد. لە جوگرافیایەکدا (کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست)، کە هاوسەنگیى دونیاى تیادا بونیات دەنرێت و چەندین هێز دەستیان تیایەتى، سیاسەتى سەربەخۆ و هەڵوێستى ئازاد-ی (پەکەکە) کاریگەریى لە شێرکۆ بێکەس کردبوو.

وڵاتپارێزییەکەى تەنها بۆ هەرێمى سۆران و باشووری کوردستان نەبوو، بەڵکو لە نزیکەوە تێکۆشانی ئازادیی لە هەموو کوردستان پەیوەندیدار بە خۆیەوە دەزانی. خەون و تامەزرۆیی وڵاتپارێزیى دیموکراتیک لەگەڵ شێرکۆ بێکەس زۆر بەهێز بوو. هەم هەوڵی دەدا یەکێتیى هەستى گەلی کورد بەهێز بکات و هەمیش کۆمەڵگە و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییە جیاوازەکانی کوردستانی بە بەشێک لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەزانی. ئەو عەقڵییەتە سیاسییە، کە لە سەدەی ٢٠ دا کوردستانى پارچە پارچە کرد و ئەو هەستە، کە بەو هۆیەوە دروستبوو، بە رەوای نەدەزانی. ئەو لە هەست و هەڵوێستى خۆیدا کوردستانى کردبوو بە یەک. لەبەر ئەوەش تێکۆشانی ئازادیى نەتەوەیى لە باکووری کوردستان تێکۆشانی شێرکۆ بێکەسیش بوو. گەریلا بۆ ئەو گەریلای هەموو گەلی کوردستان بوو. ئەو هەستانەى شێرکۆ بێکەس بوونە هۆی ئەوە، کە داوای ئەو بۆ یەکێتیى نەتەوەیى و ئەنجامدانى کۆنگرەى نەتەوەیى بەهێزتر ببێت. لەبەر ئەوەش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانى لەو هەوڵانە دەکرد.

گەڕان و لێکۆڵینەوەکانى بۆ ئازادی تەنها ئازادیى سیاسی نەبوو، بەڵکو ئازادیى کۆمەڵگە و دیموکراسیش بۆ ئەو زۆر گرنگ بوو. لەبەر ئەوەش لە نزیکەوە سەرنجی دەخستە سەر  کێشە کۆمەڵایەتییەکان. نەک تەنها سەرنجی دەخستە سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە باشوروی کوردستان، بەڵکو بە هەمان شێوە سەرنجی دەخستە سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانى هەموو کوردستان. لەبەر ئەوەش چاودێر و رەخنەگرێکى باش بوو. هەر خۆی تایبەتمەندیى رەخنەگربوونی هەندێک لایەنى قەڵس و بێزار کردبوو. کاتێک وڵاتپارێزی و ئازادیى کۆمەڵایەتى و دیموکراسی تەواوکاری یەکتر نەبوانەیە، ئەوەی بە وڵاتپارێزی نەدەزانی. هەر خۆی لە خۆیدا هەڵوێست و نزیکایەتیى بۆ کێشە کۆمەڵایەتى، دیموکراسی و ئازادییەکان ئەوەى دەسەلماند، کە خاوەن چ هەستێکى وڵاتپارێزانەیە.

پ: شێرکۆ بێکەس شاعیرێکى گەورەیە و وەکو سیاسەتمەدار، شەڕڤانێکى ئازادی، وڵاتپارێزێکى گەورە و پێشمەرگەیەکیش لە بەرامبەرماندا ئامادەیە، باشە دەکرێت تەنها بە شێرکۆ بێکەس بوترێت شاعیر؟

جەمیل بایک: دەبێت ئەوە بڵێم، شاعیر و هونەرمەند تەنها شیعر نانووسن و گۆرانى ناچڕن، بەڵکو لە مێژوودا هونەرمەندان، گۆرانیبێژان و شاعیران باسی پێویستییان بە گۆڕانکارى لە کۆمەڵگەدا کردووە. عەقڵییەتى مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست ئەوەیە، کە دەیەوێت ئەدەب، هونەر و رۆشنبیری لە پەیوەند لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکان دوور بخاتەوە. بۆ ئەوەى بتوانێت بە ئاسانى دەستبەسەر کۆمەڵگەدا بگرێت. کاریشی بۆ دروستکردنى ئەو عەقڵییەتە کردووە. تەنها هونەرمەندان و شاعیرانی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست دەیانەوێت سیاسەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە جیا و دابڕاو لە یەکتری شیکار بکەن، بەڵام هەڵوێستى شاعیران و هونەرمەندان بە درێژایى مێژوو جیاوازترە لەوەى کە مۆدێڕنیتەى کاپیتالیسم دەیەوێت پێناسەى بکات و بیچەسپێنێت. هونەرمەندان کۆمەڵگە لە سیاسەت، ئازادی و تێکۆشانی دیموکراسیى کۆمەڵگە هۆشیار و ئاگادار دەکەنەوە و ئەوە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانیان. شێرکۆ بێکەس لە ژیانی خۆیدا ئەوەى کردووە. شێرکۆ بێکەس باش دەیزانى لە وڵاتێکدا، کە ئازادی و سەربەخۆیى تیادا نەبێت، لە ناو کۆمەڵگەکەیدا باشی و جوانى بونیات نانرێت و نائافرێنرێت. لەبەر ئەوەش، ئەو پەیوەندیى بە رۆشنبیری و هونەرەوێکەوە هەیە، کە لە ناو تێکۆشانی ئازادیدایە. ئەگەر ئەوەى نەکردایە نەدەبووە هونەرمەند و شاعیر. خۆی لە خۆیدا بەتەنها کەسایەتییەکى رووتی وەک شاعیر و گۆرانیبێژ بوونی نییە، چونک بە دڵنیاییەوە هەڵوێستى سیاسییان هەیە و لەبەر ئەوەش لە بواری سیاسیدا چالاکن. پێشمەرگایەتى و چالاکییە سیاسییەکانى بەهۆی هەڵوێستە هونەری و شاعیرییەکەیەوەیە. ئەگەر لە کوردستان تێکۆشانی دیموکراتیکی نەتەوەى و تێکۆشانى ئازادی  نەبوایە، ئەی ئەو شیعری بۆ کێ بوتایە و چۆن هونەرەکەى بخستایەتەڕوو؟ لەبەر ئەوەش هەڵوێستى شێرکۆ بێکەس راست و دروستە. ئەوانەى خۆیان لە تێکۆشانی ئازادی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە دوور دەگرن، هەڵوێستیان هەڵەیە و یان نازانن لە چۆن وڵاتێک دا دەژین. لەبەر ئەوانەش دەبێت هونەرمەندان و شاعیران وەکو شێرکۆ بێکەس و زیاتریش پەیوەندییان بە سیاسەتەوە هەبێت و لە ناو تێکۆشانی ئازادیدا بن.

پ: شیعرەکانى شێرکۆ بێکەس لە دژی داگیرکەران راپەڕینێکە. ئێمە لە هەموو شیعرەکاندا چیاکانى کوردستان و تێکۆشانی ئازادی دەبینین. وەک دەبینرێت، شیعرەکانى خۆی پێشکەشی تێکۆشەران کردووە. لەو چوارچێوەیەدا دەبێت ئێمە چۆن لێکدانەوە و شیکاری بۆ کەسایەتیى ئەو بکەین؟

جەمیل بایک: شێرکۆ بێکەس شاعیرێکى پڕ لە جۆش و خرۆش بوو. ئەو شیعرانەی کە دەیخوێندنەوە پێناسەى کەسایەتیى ئەو بوون. بە جۆش و خرۆش شیعرەکانى دەخوێندەوە. خاکی کوردستان چۆن بە شکۆ و جۆش و خرۆشە، شێرکۆ بێکەسیش بەوشێوەیە بوو. زۆر گرنگە مرۆڤ بە چاوی دایکایەتییەوە سەیری چیا، دەشت و وڵات بکات. ئەگەر ئەو چیا و  دەشتانەت خۆش بوێت ئەوا بە رۆشنبیری و کارەکتەری فیزیکیش تۆ لەو جوگرافیایە تێدەگەیت. شێرکۆ بێکەس شاعیرێکى وڵات بوو، کە کۆمەڵگە بونیات دەنێت. کوردستان بۆ ئەو مێژوو و دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى و رۆشنبیری بوو. لەبەر ئەوەش زیاتر لەسەر چیا هەڵوەستەى کردووە. ئەوانەى وڵات و گەلی خۆیان خۆشدەوێت، تێکۆشانیشان خۆش دەوێت. چونکە گەل و کۆمەڵگە بوونەتە هەڤاڵی تێکۆشەران. ئەگەر بەو بەهایە بەرز رانەگیرێت ئەوا کۆمەڵگە ناتوانێت خاوەنداری لە ئازادی و وڵاتى خۆی بکات. ئەوانەى خاوەنداری لەو بەهایانە دەکەن بۆ ئازادی تێدەکۆشن و خاوەنداری لە ئازادیى خۆیان دەکەن، چونکە خاوەنداریکردن لە تێکۆشانی ئازادی بە مانای خاوەنداریکردنە لە کۆمەڵگە. ئەو کۆمەڵگەیانە لە بەهاکان تێنەگەن بەرگەی هێرشێکى بچووک ناگرن و لەبەر یەکهەڵدەوەشن. دەبێت مرۆڤ خاوەنداری لە نرخ و بەهاکانى کۆمەڵگە بکات. ئەو بەها و نرخانە لە ژێر سایەى کەسەکاندا خۆی زەق و بەرجەستە دەکات، یانی دەبێت ئەو کەسانە زۆر زیاتر لە هەموان خاوەنداری لەو نرخ و بەهایانە بکەن. خاوەنداریکردنی هونەرمەندان و شاعیران و گۆرانیبێژانیش زۆر گرنگە. کۆمەڵگەیەک خاوەنداری لە شاعیران و هونەرمەندانى خۆی بکات زیاتر دەتوانێت خاوەنداری لە ئازادی و ژیانى دیموکراتیک بکات.

شاعیران لە پێش هەموو شتێکەوە خاوەنداری لە تێکۆشەرانی باشی و جوانی دەکەن و بەوەش لە پێش هەموو شتێکەوە خاوەنداری لە خۆیان دەکەن، چونکە هونەرمەندان ئافرێنەرانى جوانی و باشی و چاکەن.

شێرکۆ بێکەسیش بە جوانترین شێوەى روون و بەرچاو خاوەنداریى لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی و خاوەنداریى لە رێبەر ئاپۆ کرد. لە دژی پیلانگێڕیى نێونەتەوەیى روونترین هەڵوێستى نواند. هەڵوێستى شێرکۆ بێکەس بووە هۆی ئەوە لە سلێمانى و باشووری کوردستان دا چالاکیى ئیدانەکردنى پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى رێکبخرێت. بەهۆی هەڵوێستەکانى ئەو لە دژی پیلانگێڕیى نێونەتەوەیى و بەهۆی خاوەنداریکردنى لە رێبەر ئاپۆ، من جارێکیتر سپاسی خۆمی پێشکەش دەکەم. هەرگیز ئەو هەڵوێستەى ئەو لەلایەن گەلەکەمانەوە فەرامۆش ناکرێت.

شێرکۆ بێکەس  بۆ رێبەر ئاپۆ شیعرێکى پڕ لە مانا و واتاداری نووسیوە. یەکەمجار خۆی بە تەلەفون بەشداریى بەرنامەى تەلەفزێۆن بوو و خۆی بە دەنگی خۆی شیعرەکەى خوێندەوە. ئەو شیعرەی زۆر جار لە تەلەفزیۆنەکانى ئێمەدا خوێندووەتەوە و رۆڵیشی هەبوو لەوەدا کە رێبەر ئاپۆ لە دڵ  و نەست و هۆشی کوردا زیاتر گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. هەروەها ئەو شیعرە لە زمانى هونەرمەندێکەوە، دەبێتە ماڵئاواییەک و خاوەنداریکردنێک لەو رەنجە، کە رێبەر ئاپۆ بۆ کوردی داوە. بەو شیعرە، تێکۆشانە واتادارەکەى رێبەر ئاپۆ بۆ ئازادیى کورد شیکار دەکات. نووسینى شیعرێک بۆ رێبەر ئاپۆ لەلایەن شاعیرێکى گەورەوە، بۆ ئێمە جێگای شانازی و شکۆیە. ئەو شیعرەى شێرکۆ بێکەس بۆ کۆمەڵگەى کورد لە چوار پارچەى کوردستان دەبێتە بانگەوازێک کە نرخ و بەها بەو کەسانە بدەن، کە قوربانیى بۆ دەدەن و تێدەکۆشن. رێبەرایەتى کە هونەرمەندان، شاعیران و گۆرانیبێژان خاوەنداریی لێدەکەن، ئەوە بێگومان گەلیش خاوەنداریى لێدەکات. یەکێک لەو هۆکارانە کە ئەمڕۆ بەو رادەیە خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ دەکرێت بۆ ئەو ئەندازەیە لە خاوەنداریکردنى گۆرانیبێژان، شاعیران و ئەدەبیان لە رێبەر ئاپۆ دەگەڕێتەوە، کە بۆ گەل تێکۆشاوە و بەهای خوڵقاندووە.

شێرکۆ بێکەس بە شیعریک بۆ ٤ شۆڕشگێر (شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی) کە لە ئێران لە سێدارە دران، ئەوەی سەلماند کە دەبێت مرۆڤ خاوەنداری لە تێکۆشەرانى ئازادی بکات. بەو شێوەیە شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان، فەرزاد کەمانگەر و فەرهاد وەکیلی بە شیعرەکەى خۆی هەرمان و نەمر کرد و لە دڵ و هۆشی گەل دا ئەوانی کردە مەڵبەندی گفتوگۆ و بیرکردنەوە. شێرکۆ بێکەس ئەوەى سەلماندووە، کە لەگەڵ تێکۆشانی چوارپارچەی کوردستان دا دەژی و هەم خواستویەتى بەها و نرخەکانى هەموو پارچەکانى کوردستان نەمر وهەرمان بکات. بەو شێوەیە سەلماندوێتی، کە دەبێت پێوەری چاکە و جوانی گەل چۆن بێت. بۆ ئەوەى کارەکتەر و تێکۆشانی تێکۆشەرانی ئازادی بکاتە پێوەری کۆمەڵگە لە شیعرەکانى خۆیدا جێگە و پێگەى بۆ تەرخانکردوون. هەر چۆن لە مێژوودا ئەو قارەمانانەى لە رۆمان و چیرۆکەکاندا بۆ گەل کاریان کردووە و تێکۆشانەکەیان بووەتە پێوەری گەل، ئەوانیش بە شێوەیەک، واتە زۆر بەرچاو بوونەتە پێوەری چاکە و جوانی، شێرکۆ بێکەس-یش بە شیعرەکانى، ژیان، کارەکتەر و تێکۆشانی تێکۆشەرانى ئازادیى کردووەتە نمونە. کار بۆ ئەوە دەکات، کە نەوەى نوێ لەو پێوەرانە تێبگەن. ئەوەش ئەو راستی و حەقیقەتەش نیشان دەدات، کە شاعیر، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و ئەدیب و رۆشنبیران بۆ کۆمەڵگە گرنگن.

لەو رووەوە شێرکۆ بێکەس ئەو شاعیرەیە، کە پێوەرەکانى وڵاتپارێزی، ئازادی، گەلپارێزی و دیموکراسیى خستووەتەڕوو. کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن شاعیران و هونەرمەندانەوە باشتر و چاکتر بۆ کۆمەڵگە دەستنیشان دەکرێن. لەو رووەوە دەبێت مرۆڤ شێرکۆ بێکەس وا ببینێت، کە وەک هەموو شاعیران و هونەرمەندان رۆحی گەلی کورد دەئافرێنێت. سیاسەتمەداران و شۆڕشگێڕان دەرفەتى چاکە و باشی و سەربەرزی دەئافرێنن و دەیخەنەڕوو، شاعیرانیش ئەوانە دەکەنە کۆمەڵایەتى و هەرمان و نەمریان دەکەن. دەبێت مرۆڤ شێرکۆ بێکەس-یش بە شاعیرێکى لەو جۆرە بزانێت، کە رۆح  و گیانى کۆمەڵایەتى و کارەکتەری کۆمەڵایەتى دەئافرێنێت.

پ: ئەگەر ئێستا شێرکۆ بێکەس لە ژیاندا بوایە، لە دژی داگیرکەریى دەوڵەتی تورک بۆ سەر برادۆست و پارچەکانى تری کوردستان چیی دەکرد؟ 
جەمیل بایک: وەڵامى ئەو پرسیارە روونە، بە دڵنیاییەوە شاعیرێکى وەک شێرکۆ بێکەس لە دژی هێرشەکانى دەسەڵاتى فاشیستیى و قڕکەر و پاکتاوکارانەى ئاکەپە – مەهەپە، دوژمنانى کورد لەسەر باشووری کوردستان و لە دژی هێرشە پاکتاکارانە و قڕکەرەکان بۆ سەر رۆژئاوا رادەپەڕی و داواشى لە گەل دەکرد لە دژی ئەو هێرشانە راپەڕن. ئەو هەڵوێستى نۆکەرایەتیى حیزبەکان و ئۆپۆرتۆنیستیى و ترسنۆکیى قبوڵ نەدەکرد. ئەو داوای دەکرد گەل لە دژی ئەو حیزبانە و ئەو جموجوڵە داگیرکەرییە راپەڕن.

شێرکۆ بێکەس هەرگیز قبوڵی نەدەکرد، کە هیچ شوێنکى کوردستان لەلایەن هێزەکانى دوژمنی پاکتاوکارەوە بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان بکرێت. لە دژی کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتییانى مەدەنی و ئاگرتێبەردانى دارستانەکان دەبوو، کە هێژاترین گەنجینەى کوردستانن، کە ئێستا لە هەموو شوێنێکەوە لەلایەن داگیرکەرانەوە ئاگریان تێبەردەدرێت. بە دڵنیاییەوە وەک ویژدانى گەل رادەپەڕی و لە دژی ئەو هێرشە داگیرکەرییانە و لە دژی بێدەنگی رادەپەڕی.

شاعیرێک کە عاشقی وڵات، چیا، دارستان، باڵندە، گوڵ، مێرو و دەشتەکانە، چۆن رێگا بە خۆی دەدات بە بەرچاوییەوە داگیرکەری و تاڵانکاری و سوتماک رووبدات؟ ئاگر تێبەردانى دارستانەکان سوتاندنی داهاتووە. ئەگەر مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە ئەو ناوچانەى کە زۆر نزیکی باشووری کوردستانن دەبنە چۆڵەوانی، ئەو کات ئاگرتێبەردانى دارستانەکان کوردستان دەکاتە چۆڵەوانی.

شاعیر، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و مرۆڤە رۆشنبیر و ئەدیبەکان ناتوانن ترسنۆک بن، ناتوانن چاوی خۆیان لە راستییەکان بنوقێنن، بە پێچەوانەوە چاوی کۆمەڵگە دەکەنەوە. لەو رووەوە دەوڵەتى تورک لەلایەن دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە باشووری کوردستان دەکاتە سوتماک، دەرفەتیشی بۆ بڕەخسێت داگیریشی دەکات، هەڵبەت شێرکۆ بێکەس بێگومان لە دژی ئەو داگیرکەرییە دەوەستایەوە. هەر لە دژی ئەو کارانە چالاکانە کاری دەکرد. ئەو گوشاری دروست دەکرد، کە دەبێت هێزە سیاسییەکان لەو رووەوە ببنە خاوەن هەڵوێست.

شێرکۆ بیکەس قبوڵی نەدەکرد، کە کوردستان لەلایەن سوپای تورکەوە داگیربکرێت، باشووری کوردستان لەلایەن میت-ەوە بەوشێوەیە گرمۆڵە بکرێت.  لە دۆخێکى لەو شێوەیەدا، کە باشووری کوردستان بۆ دەستکەوتەکانى قوربانیى زۆری داوە، ئەو لە دژی هێرشەکان دەوەستایەوە، کە ئامانجی ئەو هێرشانە تێکشکاندنی ورە و موراڵی کوردە، ئەو داوای دەکرد شاعیران، هونەرمەندان بە گیانی ئازادییەوە لە دژی داگیرکەران بوەستنەوە. لە راستیدا هەڵوێستى هەموو وڵاتپارێزان هەر بەو شێوەیە دەبێت.

شێرکۆ بێکەس دەیوت، ئەو هێرشانە تەنها بۆ سەر پەکەکە و گەریلا نییە و بۆ سەر هەموو گەلی کورد بۆ سەر هەموو دەستکەوتەکانى کوردە، بێگدەنگیی وەکی خافڵان لێکدەدایەوە. شێرکۆ بێکەس بێ دوودڵی لە دژی داگیرکەرى هەڵوێستى وەردەگرت. لەو رووەوە دەبێت هەموو گەلی کورد گوێ لە شاعیرانى بوێر و ئازا بگرن، کە لە دووی بەرژەوەندیی خۆیانەوە نین، دەبێت گوێ لە شاعیران، هونەرمەندان و رۆشنبیرانی خاوەن رۆح و گیانى ئازاد بگرن. گرنگترین و لە پێشترین رێز و دڵسۆزی بۆ شێرکۆ بێکەس پێویستیى هەڵوێستە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان.

پ: دوا وتەتان بۆ شێرکۆ بێکەس چییە و دەتانەوێت چێ بڵێن؟
جەمیل بایک: ئێستا ئێمە لە هەموو روویەکەوە هەست بە نەمانى شاعیرى گەورە دەکەین و دەیبینین. لە دۆخی قورسی وەک ئێستادا مرۆڤ زۆر زیاتر پێویستى بە شاعیری وەک شێرکۆ بێکەس هەیە، کە نرخ و موراڵ و ورەى کۆمەڵگە بەرز دەکەنەوە. لەم رۆژانەدا ئێمە یادی دەکەینەو. ئێمە جارێکیتر سوێند دەخۆین، کە هەمیشە بە رێز و خۆبەقەرزدارزانینی ، یادی بەرز رابگرین و بیرکردنەوە و خەونەکانى بهێنینە دی. شێرکۆ بێکەس زۆر گرنگیى بە دروستکردنى یەکێتیى نەتەوەیى دەدا. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە خەون و خولیا و داواکانى شێرکۆ بێکەس و ئەوەى، کە بە درێژایى ژیانى بیری لێکردووەتەوە و کاری بۆ کردووە، واتە داواى یەکێتیى نەتەوەى کورد بەدی دەهێنین.