ڕاپۆرتی کوردستانی

12:50 - 31/07/2019

پۆستى میر ئێزیدییه‌كانى له‌ت كرد‌

پەیسەر

دیاریكردنی حازم تەحسین بەگ بۆ میری نوێی ئێزیدییان، ناكۆكی و كێشمەكێشی لێدەكەوێتەوە. ئێزیدییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتباردەكەن بە دەستوەردان لە دیاریكردنی میری نوێ. پیاوێكی ئایینی ئێزیدیش لە شەنگال دەڵێت:" لە دژی حازم میرێكی نوێ لە ناوچەكەمان دادەنێین". 

دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر كۆچی دوایی میر تەحسین سەعید بەگ، لە رۆژی ٢٧ی تەمموزی ٢٠١٩  لە پەرستگای لالش ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزیدی بە فەرمی (حازم تەحسین بەگ) وەكو میری نوێی ئێزیدیانی كوردستان، عێراق و جیهان دەستنیشان كرد. بەم شێوەیە لەدوای ٧٥ ساڵ بۆ جاری یەكەم مەڕاسیمی دیاریكردنی میرێكی نوێی ئێزیدیان سازكرا. حازم كوڕی گەورەی میری پێشووی ئێزیدیان میر تەحسین بەگە، كە ئەمساڵ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا. لەگەڵ حازم تەحسین بەگ شەش كاندیدی دیكە هەبوون بۆ ئەم پۆستە، كە هەموویان ئامۆزای یەكتر و لە خانەوادەی میرانی ئێزیدی بوون. 

هەرچەندە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسە حیزبییەكانی هەرێم پیرۆزباییان لە حازم تەحسین بەگ كرد، بەبۆنەی دیاریكردنی بە میری ئێزیدیان، بەڵام مەڕاسیمی دیاریكردنی میر كە لە رۆژی ٢٧ی تەمموز لە پەرستگای لالش بەڕێوەچوو كاردانەوەی توندی لەلایەن كاندیدانی دیكە و كۆمەڵگای ئێزیدی بە تایبەتی لە شەنگال، ئەوروپا و جیهان لێكەوتەوە. لە كاتی مەڕاسیمەكەدا (عامیر مەحمود سەیدۆ) كە یەكێك بوو لەو شەش كاندیدە بۆ پۆستی میری ئێزیدیان، بە توڕەیی هاتە ئەو شوێنەی بۆ كۆنگرەی رۆژنامەوانی حازم تەحسین بەگ ئامادەكرابوو، بە دەنگێكی بەرز گووتی:" دیاریكردنی میر یاسایی نیە. هەڵبژاردن نەكراوە، میری نوێ قبوڵ ناكەم". 

عالیە بایزید بەگ، ژنە ئێزدیەكی ماڵی میرانی ئێزیدییە. كچە مامی حازم تەحسین بەگە و لە وڵاتی ئەڵمانیا دادەنیشێت، باس لە نەبوونی كۆدەنگی دەكات لە نێوان خانەوادەی میرانی ئێزیدی. لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا عالیە بایزید بەگ دەڵێت:" حازم یەكێكە لەو شەش كاندیدەی خانەوادەی میرانی ئێزیدی. دەبووایە بۆ دیاریكردنی میر كۆدەنگی هەبێت یان بەلانی كەم زۆرینە لەسەر كاندیدێك رێكبكەوێت، بەڵام سووربوونی كاندیدان لەسەر خۆنەكێشانەوە، پڕۆسەكەی ئاڵۆزتركرد، پێشبڕكێی نێوانیان سروشتی شەڕێكی رانەگەیندراوی وەرگرت. ئەوەی ئەمەشی بە گوڕتر كرد ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بوو لەناو خانەوادەی میرانی ئێزیدی". 

هەروەها دەڵێت:"ئەم بارودۆخە وایكرد هەندێك لایەنی حزبی، پەیوەندی بە كاندیدانی دیكەوە بكەن، بۆ ئەوەی رازی بن كاندیدبوونی خۆیان لە بەرژەوەندی حازم تەحسین بكێشنەوە، بەرامبەر بەڵێنی پێدانی ئیمتیازات و پۆست، بەم شێوەیە مەسەلەكە لە بەرژەوەندی حازم یەكلایی كرایەوە. بەوپێیەی هەموو كاندیدەكان سەر بەیەك لایەنی سیاسین كە ئەمەش ناچاریان دەكات گوێڕایەڵ بن". 

بە گوێرەی عالیە بایزید، زۆربەی پیاوان و گەنجانی خانەوادەی میرانی ئێزیدی لە ئەوروپا و ئەڵمانیا نیشتەجێن، ئەمەش كاریگەری لەسەر خۆ كاندیدكردن و دەنگدان هەبووە، وایكرد لە پڕۆسەكە دووربخرێنەوە و بۆچوونیان وەرنەگیرێت:" پڕۆسەكە بەو كەسانەوە پەیوەست بوو كە لەناو عێراقدا دەژین، بۆیە دیاریكردنی میر و جێگرانی لە بەرژەوەندی یەك خانەوادە دابووە، لەگەڵ فەرامۆشكردنی خانەوادەكانی دیكە، ئەمەش ناڕەزایی و كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە".

پەیوەست بە شەقامی ئێزیدیش، عالیە بایزید كە پارێزەرە بەم شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدات:" شەقامی ئێزیدی بۆتە دووبەش. بەشێكیان لایەنگرە و بەشەكەی دیكە دژە. ناوچەكانی شێخان و دهۆك، لەگەڵ زۆرینەی بەعشیقە و بەحزانی كە سەر بە لایەنێكی سیاسی دیاریكراون، پشتگیری لە حازم دەكەن. بەڵام ناوچەی شەنگال میكانیزمی دیاریكردنی میر رەتدەكەنەوە كە پرس و رایان پێنەكراوە. هەندێك كەسی دیاری شەنگال بەیاننامەی ناڕەزاییان راگەیاندووە، تیایدا میری شێخان رەتدەكەنەوە و بەڵێندەدەن میرێكی تایبەت بۆ ناوچەكەیان دیاری بكەن. ئەمەش ئاماژەیە بە دابەشبوونی كۆمەڵگای ئێزیدی كە هیچ كاتێك خۆزگەمان بۆ نەخواستووە". 

بەگوێرەی بەیاننامەی میری ئێزیدییان كە دوای تەواوبوونی مەڕاسیمی دیاریكردنی حازم تەحسین بەگ خوێندرایەوە، كامەران خەیری بەگ پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و ئامۆزای حازم تەحسین بۆتە میری رۆحانی ئێزیدییەكان. ئەم پۆستە پێشتر نەبووە بۆیە پێدەچێت لە ئەنجامی سازانی لابەلا لە نێوان حازم و كامەران ئەم پۆستە داتراشا بێت. هەروەها بە گوێرەی هەمان بەیاننامە هەرمان میرزا، كە یەكێك بوو لە كاندیدە بەهێزەكان دەبێتە جێگری میری ئێزیدیان.

لەمبارەیەوە سالم نەجمان داود بەگ، كە یەكێك بوو لەو شەش كاندیدەی خۆیان بۆ پۆستی میر هەڵبژاردبوو، پێیوایە دیاریكردنی حازم تەحسین بەگ یاسایی نیە و حكوومەتی كوردی بەسەر خانەوادەی میرانی ئێزیدی و كۆمەڵگای ئێزیدی سەپاندوویەتی. لەمبارەیەوە بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت:" سەدا ٨٠ی كۆمەڵگای ئێزیدی پلانی هەندێك حزب رەتدەكەنەوە لەمەڕ دەستێوەردانیان لە دیاریكردنی میری ئێزیدیایەتی، چونكە ئەم كەسە ناتوانێ پێداویستیە سەرەكیەكانی كۆمەڵگای ئێزیدی دابینبكات. هەڵوێستی حزب دەبێتە هۆی ئەوەی جەماوەریبوونی كاندیدانی دیكە لە هەڵكشان دابێت، لە بەرامبەردا جەماوەری میر و وەكیلەكانی لە كوورتی دەدات. هەڵوێستی حزب نیگەرانی و ناڕەزایی ئێزیدیەكانی لە ناوچە ئێزیدی نشینەكان و ئەوروپا لێكەوتۆتەوە".

هەروەها دەڵێت:" تەنیا سەدا ٣٠ خەڵكی شێخان و كۆمەڵگا ئێزیدیەكانی هەرێمی كوردستان بەشداریان لە دیاریكردنی میر كردووە".

لە درێژەی قسەكانیدا سالم نەجمان داود پێیوایە:"دیاریكردنی حازم بۆ میرایەتی بەم شێوەیە زیان بە كۆمەڵگای ئێزیدی دەگەیەنێت. پێشوەخت راوێژ بە كەس نەكراوە. بە پەیوەندی كەسایەتی و بە زەبری پارە و ئیمتازات حازم كراوەتە میر. لەو دەزگا حزبییەی كە حازمی سەپاندووە، بانگی هەرمان میرزا كراوە، پێیان گوتووە: حازم نەخۆشە دوای ماوەیەكی دیكە دەمرێت تۆ جێگای ئەو دەگریتەوە". 

میان خاتوون دوای مردنی سەعید بەگ باوكی میر تەحسین بەگ لە ساڵی ١٩٩٤ دا، مەرجێكی دانا بۆ ئەو كەسەی دەبێتە میری كۆمەڵگای ئێزیدی. بە گوێرەی ئەم مەرجە دەبێتە دایك و باوكی میر لە خانەوادەی میرانی ئێزیدی بن. بە پێی ئەم مەرجە بێت، حازم تەحسین بەگ نابێت پۆستی میر وەربگرێت. ئەمەش كاردانەوەكانی لەدژی میر حازم توندتركردووە. لە توندترین كاردانەوەكانیش كاردانەوەی شەنگالییەكانە، كە هەڕەشەی دیاریكردنی میرێكی دیكە دەدەن لەناوچەكەیاندا.

راگەیاندنكار و چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی، ئیبراهیم خودێدا قاسۆ لە شەنگال، مەڕاسیمی دیاریكردنی میری ئێزیدیان بە نایاسایی وەسف دەكات و بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت:" لە هەموو روویەكەوە نایاساییە و مایەی قبوڵكردن نییە. راوێژ بە كۆمەڵگای ئێزیدی و ئیرادەی ئێزیدیەكان نەكراوە، بە تایبەتی خەڵكی شەنگال".

مام (فاخر خەڵەف خودێدا) پیاوێكی ئایینی ئێزیدیە لەناوچەی شەنگال، بەرپرسیاریەتی دیاریكردنی حازم تەحسین بەگ بە میری ئێزیدیان دەخاتە ئەستۆی پارتی و حكوومەتی كوردی. لەمبارەیەوە بۆ (پەیسەر پرێس) گوتی:" ئێمە قبوڵ ناكەین حازم تەحسین وەكو میری ئێزیدییان بسەپێندرێت، بۆیە لە داهاتوویەكی نزیكدا میرێكی دیكە بۆ خۆمان دیاری دەكەین". 

ئەم هەڵوێست و قسانەی خەڵكی شەنگال ئەگەر چی كاردانەوەش بێت، بەڵام ئاماژەیەكی ترسناكە بە زیاتر پەرتوبڵاوبوونی كۆمەڵگای ئێزدی كە بە دەستی چەندین قەیران و كێشە دەناڵێنێت. لە هەمان كاتدا سەرەتایەكە بۆ شكاندنی دەقە ئاینییەكان و داهێنانی دەقی دیكە لە ئاینی ئێزیدیدا، كە پەیوەندی بە ململانێ و كێشەكانی ناو كۆمەڵگای ئێزیدیەوە هەیە. 

سالم نەجمان، كە خۆی ئامادە دەكات بچێتە بەغدا و لە دادگایەكی عێراقی سكاڵا  تۆمار بكات لەدژی دیاریكردنی حازم تەحسین بە میری ئێزدیان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەڵبژاردنی میرێكی نوێ وەكو شەنگالییەكان باسی دەكەن لە رووی ئاینی و یاسایی نەگونجاوە. لە هەمان كاتدا حازم تەحسین بە هۆكاری ئەم كاردانەوەی توندەی شەنگالیەكان لە قەڵەم دەدات و دەڵێت:" حازم بۆ بەرژەوەندی خۆی چەندین گۆڕانكاری كردووە و چەندین پۆستی داتاشیووە. لەگەڵ كامەران خەیری بەگ رێككەوتووە و پۆستی میری رۆحانی داهێناوە. خەڵكی شەنگالیش لە بەرامبەر ئەمەدا دەڵێن: ئەوان یاسا شكێنیان كرد. دایكی حازم لە خانەوادەی میرانی ئێزدی نییە، بە سەپاندن لەلایەن حكوومەتی كوردی كراوەتە میر. كۆمەڵگای ئێزدی لە رۆژئاوا، قەفقاسیا و ئەوروپا پشتگیری لە ئێزیدییەكانی شەنگال دەكەن". 

هەر لەبارەی دیاریكردنی میرێكی دیكە لەلایەن خەڵكی شەنگال عالیە بایزید دەڵێت:" دەبێت هەموو كۆمەڵگاكانی وەكو كۆمەڵگای ئێزدی كەسێكیان هەبێت پێشڕەویان بۆ بكات، هەروەها نابێت دوو سەرۆك هەبێت. بەم شێوەیە میری فەرمی لە ئێستادا حازم تەحسینە، ئەگەر كۆدەنگیشی لەسەر نەبێت، بەتایبەتی لەلایەن خەڵكی شەنگال. لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت خەڵكی شەنگال بەیعە بدەنە میرێكی دیكە كە باوەڕیان پێی هەبێت و نوێنەرایەتیان بكات لە رووی ئاین و ژیاندا، بەڵام نابێتە میرێكی فەرمی. لە بارودۆخی ئێستادا، دیاریكردنی میرێكی نوێ بەبێ بەشداری خەڵكی شەنگال، زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی متمانە بە میرێكی دیكە بكەن. لە سەدەی رابردووشدا ئەمەی روویداوە، سەعید بەگ لە ناوچەی شێخان میر بوو، ئیسماعیل بەگیش لە شەنگال. كێ دەزانێ، لەوانەیە بارودۆخە رێگا بدات میرێكی نوێ بۆ شەنگال هەبێت و یەكێكی دیكەش بۆ شێخان".