ڕاپۆرتی کوردستانی

06:57 - 30/07/2019

سه‌ماوه‌ كوردى راچڵه‌كانده‌وه‌‌

پەیسەر

كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ تیشكى سوتێنه‌رى خۆر پێكه‌وه‌ى گه‌یشتنه‌ بیابانه‌كانى سه‌ماوه‌، ئه‌وان له‌گه‌ڵ شاندێكى سه‌رۆك كۆمار، به‌هه‌ڵه‌داوان خۆیان گه‌یانده‌ نزیك گۆڕى ئه‌و كه‌سوكارانه‌یان كه‌ سێ ده‌یه‌ به‌ره‌وژووره‌ بێسه‌روشوێنن، به‌ڵام هه‌ڵوێستى ئه‌فسه‌رێكى عه‌ره‌ب كه‌ پێى گوتن،"ئاڵاى كوردستان داگرن"،ئاگرى له‌دڵى به‌ردان و هه‌رزوو قسه‌كانى ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى ته‌نى.

حه‌سه‌ن ئاڵاكه‌ى له‌مل نه‌كرده‌وه‌
حەسەن عەلى كه‌ تاقانه‌ى ئه‌نفاله‌و له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ خۆى گه‌یاندبووه‌ سه‌ماوه‌، له‌گه‌ڵ قاته‌ كه‌تافییه‌ ره‌نگ خاكییه‌كه‌ى به‌ری، ئاڵایه‌كى كوردستانیشى له‌ مل كردبوو. ملازمه‌ عه‌ره‌به‌كه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ى ئه‌ركى پاراستنى گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ى له‌ئه‌ستۆیه‌. چه‌ند خوله‌كێك هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ ده‌دات ئاڵاى كورد له‌ ملى حه‌سه‌ن بكه‌نه‌وه‌. حه‌سه‌ن و شانده‌كه‌ به‌نه‌رمى ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌و گرژى درووستنه‌بوو. حه‌سه‌ن ئاماده‌نه‌بوو ده‌ست بۆ ئاڵاكه‌ى ملى به‌رێت، به‌ڵام قسه‌كانى ئه‌فسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌كه‌ برینى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوانى قوڵترکرده‌وه‌.

كورد له‌ عێراقى فیدراڵیى
كورد له‌ دامه‌زراوه‌كانى فیدراڵى پۆستى گه‌وره‌ى بردووه‌و كورسى یه‌كه‌مى وڵات كه‌ سه‌رۆك كۆماره‌ لاى كورده‌، چوار وه‌زیر و ٥٨په‌رله‌مانتارى لە به‌غدان، ئه‌و شانده‌شى كه‌ ملازمه‌كه‌ بۆ داگرتنى ئاڵاى كورد سه‌ر ڕێگاى پێگرتبوون شاندى سه‌رۆكایه‌تى كۆماربوون و له‌ كۆشكى سه‌لامه‌وه‌ چوووبوونه‌وه‌ سه‌ماوه‌. تا ئاماده‌كردنى ئه‌م راپۆرته‌ تیمه‌كانى كورد له‌به‌غدا ده‌نگیان لێوه‌نه‌هاتووه‌. موسه‌نا ئه‌مین وه‌ك هه‌ڵوێستى كه‌سى به‌ توندى ئیدانه‌ى كردو له‌نێو هۆڵى په‌رله‌مانیش به‌دڵى پڕه‌وه‌ قسه‌یكردو ئیدانه‌ى رێگرى ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ى كرد، داواى سزادانى كرد.

ئاڵاى كوردستان به‌ده‌ستوور
ده‌ستوورى عێراق له‌ مادده‌كانى  ١١٧ و ١٢١ دانى به‌ هه‌رێمى كوردستاندا ناوه‌و رێگه‌ى داوه‌ هه‌رێمى كوردستان خۆى ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان، راپه‌راندن و دادوه‌رى خۆى به‌ڕێوه‌به‌رێت. ئه‌و مافه‌شى به‌ هه‌رێم داوه‌ كه‌ یاسا بۆخۆى ده‌ربكات و هه‌ر یاسایه‌كى فیدراڵیش گه‌ربییه‌وت بتوانێت له‌ناو هه‌رێم هه‌موارى بكاته‌وه‌. په‌رله‌مانى كوردستان به‌بڕیارى فه‌رمى ژماره‌ ٢٦ی ساڵی ١٩٩٩، پێكهاته‌ى ئاڵاى كوردستانى دیاریكردووه‌و به‌فه‌رمى ناساندوویه‌تى، لەساڵی (٢٠٠٩)دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، ڕۆژی (١٧)ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک، ڕۆژی ئاڵای کوردستان لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە. ئاڵاى كوردستان پاڵپشتى ده‌ستوورى یاسایى هه‌یه‌.

راوێژكارانى سه‌رۆك كۆمار ره‌خنه‌باران كران
راوێژكارانى سه‌رۆك كۆمار، هاوژین عومه‌ر و سالار مه‌حمود كه‌ له‌ گرته‌ ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌ون، رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى زۆر بوونه‌وه‌، ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن، له‌به‌رده‌م ئه‌فسه‌ره‌كه‌دا هه‌ڵوێستى ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌و به‌ده‌نگى به‌رز نه‌یانگوتووه‌، كه‌ ئاڵاى كوردستان ده‌ستوورى و یاساییه‌و لاى ئه‌وان پیرۆزه‌و داناگیرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ یه‌كێكیان بێده‌نگه‌و ئه‌وى دیكه‌شیان ده‌ڵێت"رێگه‌مبده‌ به‌رێز ملازم"،ئه‌فسه‌ره‌كه‌ كه‌مێك دوورده‌خاته‌وه‌ و قسه‌ى بۆ ده‌كات.

هاوژین عومه‌ر راوێژكارى سه‌رۆك كۆمار بۆ په‌یسه‌ر قسه‌كردوو پێى وابوو، رووداوه‌كه‌ گه‌وره‌كراوه‌و ناكرێت گه‌وره‌یى پرۆسه‌كه‌ كه‌ دۆزینه‌وه‌ى گۆڕه‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى روفاتى ئه‌نفالكراوه‌كانه‌ ببێت به‌ژێر ئه‌و رووداوه‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ روویدا.

هاوژین گوتى"ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ داواى لێبوردنى كردووه‌و به‌رپرسه‌كه‌ى و شاندى پارێزگارى سه‌ماوه‌ش داواى لێبووردنیان كردووه‌. هه‌ڵوێسته‌كه‌ى نابه‌رپرسانه‌ بوو هه‌ڵوێستى كه‌سى خۆى بووه‌ نه‌ك فه‌رمانى پێكرابێت، دواتر داواى لێبوردنى كردو به‌رپرسه‌كه‌شى داواى لێبووردنیان كرد، به‌ڵێنیاندا لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ن، كه‌ چووینه‌ پارێزگاش شاندى پارێزگاى سه‌ماوه‌ داواى لێبووردنیان كرد. گوتیان ئیجرائات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ده‌كه‌ن. پێشوازى گه‌رمیان كرد له‌ كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و شاندى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار".

ئه‌و راوێژكاره‌ى سه‌رۆك كۆمار باسیله‌وه‌كرد، رووداوه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌،"هه‌ڵوێستى ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌بوو كه‌ له‌ئێمه‌ كرا، ئه‌وئه‌فسه‌ره‌ واتێگه‌یشتبوو ئێمه‌ له‌نزیك گۆڕه‌كه‌ ئاڵای كوردستان هه‌ڵده‌که‌ین، له‌كاتێكدا له‌ ده‌ورووبه‌رى گۆڕه‌كان دانانى هه‌ر شتێك قه‌ده‌غه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ سه‌ره‌تا نه‌یزانى، دواتر پێشوازییه‌كى گه‌رمى له‌ شانده‌كه‌ كرد، هیوادارم ئه‌و رووداوه‌ له‌ گه‌وره‌یى گه‌ڕانه‌وه‌ى روفاتى ئه‌نفالكراوان كه‌منه‌كاته‌وه‌".

  ئه‌گه‌رچى كاتێك موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران قسه‌ى له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ كرد، گرژى دروستبوو داواى سڕینه‌وه‌ى چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌ قسه‌كانى كرا وه‌ك وشەی"ده‌روننه‌خۆش و ره‌گه‌زپه‌رست"، به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌كان په‌سنى هه‌ڵوێستى ملازمه‌كه‌یان نه‌كرد و وه‌ك هه‌ڵوێستێكى تاكه‌كه‌سى باسیان كرد.

ریاز مه‌سعودی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ فراكسیۆنی سائیرون به‌په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند:"تاكه‌ ئاڵایه‌ك كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق هه‌ڵبكرێت ئاڵای عێراقه‌، به‌ڵام به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان یان هه‌رئاڵایه‌كی تر له‌چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا كارێكی ئاساییه‌، بۆیه‌ به‌ره‌چاوكردنی ئه‌و تاوانه‌قێزه‌ونه‌ی به‌رامبه‌ر كورد كراوه‌ له‌پارێزگای موسه‌نا و زینده‌بەچاڵكراون، شتێكی ئاسایی بوو ئاڵای كوردستان هه‌ڵبكرایه‌ له‌چوارچێوه‌ی رێوره‌سمی هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییه‌كان".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌ گوتیشى:"كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ره‌سه‌نی عێراقه‌ و پێویسته‌ پارێزگاری له‌پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق بكرێت، ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین و چاره‌نوسمان هاوبه‌شه‌ و ده‌ستوری عێراقیش گره‌نتی پاراستنی دابونه‌ریت و  بۆنه‌ی ته‌واوی پێكهاته‌كانی كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی روویدا له‌موسه‌ننا ئێمه‌ ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌، رێز له‌ ئاڵای كوردستان ده‌گرین، چونكه‌ هێمایه‌ بۆ چه‌ندین شت و چه‌ندین واتای هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان  له‌ئاستی عێراق ناگونجێت، چونكه‌ هه‌موو وڵاتێك یه‌ك ئاڵای هه‌یه‌ و هیچ وڵاتێك نیه‌ دوو ئاڵای هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ بۆنه‌یه‌كی دیاریكراوبێت و له‌شوێنێكی دیاریكراودابێت، ئه‌وه‌ زۆر ئاساییه‌ و له‌ده‌ستووریش جێگیركراوه‌".

مه‌سعودی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وان دژی هه‌موو جۆره‌ سوكایه‌تییه‌كن به‌هه‌موو ئاڵایه‌ك"ئێمه‌ له‌گه‌ڵ رێزگرتنی هه‌موو ئاڵاو هێمایه‌كین، دژی هه‌موو جۆره‌ سوكایه‌تیكردنێكین به‌ هه‌ركه‌س و پێكهاته‌یه‌ك بكرێت، دژی ئه‌وه‌ین هێرش بكرێته‌سه‌ر هه‌ر هێمایه‌ك، له‌هه‌ندێك له‌وڵاتان رێزی دار و دره‌خت و ئاژه‌ڵ و ته‌نانه‌ت به‌رد ده‌گیرێت، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ رێزگرتنی دابونه‌ریتی، هه‌موو پێكهاته‌كانین".

فراكسیۆنى پارتى رووى له‌ سه‌رۆك كۆمار كرد
له‌ هه‌رێمى كوردستان فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یه‌ندراوى بڵاوكرده‌وه‌ و داوى هه‌ڵوێستى له‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار كرد، رایگه‌یاند"دووپاتی دەكەینه‌وه‌ كە هیچ سوكایەتی و بێڕێزییەك، بە ئاڵای كوردستان قبوڵناكەین و داوای هەڵوێست لەسەرۆك كۆماری عێراق وەك پارێزەری دەستوور ده‌که‌ین، بەو سیفەتەش كە رووداوەكە لەبەرچاوی ڕاوێژكارانی بەڕێزیان ڕوویداوە، هەروەها داوا لە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا دەكەین، بەزووترین كات داوای روونكردنەوە بكەن لە وەزیری ناوخۆی عێراق لەسەر ئەم پرسە".

 رووداوه‌كه‌ كوردى راچڵه‌كانده‌وه‌
شوێن و ساتى رووداوه‌كه‌ وایكرد دووهێنده‌ كاردانه‌وه‌كان زیاتربێت،(بیابانه‌كانى سه‌ماوه‌ به‌ ته‌نیشت گۆڕى ئه‌نفالكراوه‌كانه‌وه‌)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌به‌غداوه‌ هه‌ڵوێستى به‌كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانتاران یاخود به‌رپرسه‌ باڵاكانى كورد نه‌بینراو به‌تاكوته‌راش به‌ده‌وری رووداوەکەدا نه‌چوون، لێكه‌وته‌كانیش به‌هه‌ر ئاراسته‌یه‌كدا بڕۆن رووداوه‌كه‌ جارێكى دیكه‌ كوردى راچڵه‌كانده‌وه‌، له‌و سته‌مانه‌ى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى به‌عسه‌وه‌ به‌رامبه‌رى كراو ئێستا له‌ سه‌روه‌ختى ده‌سه‌ڵاتێكى دیكه‌داو دواى ده‌یان ساڵ، له‌ ته‌نیشت گۆڕى ئه‌نفالكراوانه‌وه‌ هێشتاش رێگه‌ به‌ بوونى ئاڵاى كوردستان نادرێت.