04:54 - 30/07/2019
پــرســـه چــارهنوسـسـازهكهی یـــهكـــێتـی
ئەو كۆنگرەیەی یەكێتی نیشتمانی بڕیاریداوە بیبەستێت، یان دەبێتە مردنی تەواوەتی ئەو حیزبە، یان بەتەواوەتی دەیخاتەوە سەر رێچكەكەی خۆیو وەك حیزبێكی سیاسی زیندووی دەكاتەوە.
رۆژی دوو شەممە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەو دوای كۆبوونەوەكەش لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی حیزبەكە رایگەیاند، بەپێی بڕیاری كۆبوونەوەكە، دەبێت تاكۆتایی ئەمساڵ یەكێتی كۆنگرەی بەستبێت و جەختیشیكردەوە، كە كۆنگرەیەكی یەكێتییانەش دەبێت.
لەتیف شێخ عومەر راشیگەیاند، رۆژی بەستنی كۆنگرە دیارینەكراوە، بەڵام قسە لەسەر ئەوەكراوە، كە پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە تەواو كرابێتو باسی لەوەش كرد، ئامانج لەبەستنی كۆنگرەش دوو ئەركە، یەكێكیان پێداچوونەوەی سیاسییەكان و داڕشتنی سیاسییەت و پەیڕەو پرۆگرامێكی نوێ و هەڵبژاردنی سەركردایەتییە.
حیزبێكی تەمەڵ لەبەستنی كۆنگرە
یەكێتی نیشتمانی لەساڵی 1975 دامەزراوەو لەماوەی 44 ساڵی دامەزراندنی تەنیا 3 كۆنگرەی بەستووە، لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە، دەبێت سێ ساڵ جارێك كۆنگرە ببەستێت، كە بەرزترین دەسەڵاتی ناو ئۆرگانەكانی حیزبەكەیە.
یەكێتی جگە لەو سێ كۆنگرەیە 2 پلینیۆمی بەستووەو ئەو پلینیۆمانەش هیچ گۆڕانكارییەكی نەكردووە، تەنیا رازیكردنی ناڕازییەكان نەبێت، دەشبوو لەكۆتایی 2013 كۆنگرەی چوارەمی ئەنجامبدات، بەڵام تائێستا ئەو كۆنگرەیە نەبەسراوە.
یەكێتی لەسەرەتاوە لەچەند ئاراستەیەكی جیاوازی وەك كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستانو بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستانو هێڵی گشتی دروست بووە، كە هەر ئەو ئاراستە جیاوازییە وایكردووە، هەمیشە لەبەستنی كۆنگرە بترسێت، بەوەی پەرتبوونو دابەشبوون تێدا رووبدات.
دواین كۆنگرەی یەكێتی ساڵی 2010 بەسراوە، كە لەو ساڵەوە دەبوو سێ كۆنگرەی تر ببەسرێت، بەڵام بەبیانووی جۆراوجۆر، لەدیارترینیان نەخۆشكەوتنو پاشان مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری ئەو حیزبەو قەیرانی داراییو شەڕی داعش دواتر ریفراندۆمو هەڵبژاردنەكانی عێراقو هەرێمو پێكهێنانی حكومەت.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی یەكێتی باس لەو بیانووانە دەكەن بۆ نەبەستنی كۆنگرەی چوارەم، بەڵام رووە راستەقینەكەی ئەو پرسە، كێشەو ململانێكانی ئاراستەو باڵە جیاوازەكانی ناو یەكێتییە، كە رێگری گەورەن لەبەستنی كۆنگرە بەئێستاشەوە.
كۆدەنگییەكی راستەقینە لەئاستی كادرانی خوارەوەو ناوەندی یەكێتی بۆ بەستنی كۆنگرە هەیە
كۆدەنگییەكی رووكەش بۆ بەستنی كۆنگرە
ئێستا كۆدەنگییەكی راستەقینە لەئاستی كادرانی خوارەوەو ناوەندی یەكێتی بۆ بەستنی كۆنگرە هەیە، هەرچەندە، لەناو بەرپرسانی یەكێتیش ئەو داوایە هەیە بۆ بەستی كۆنگرەی چوارەم، بەڵام زیاتر رووكەشییە، چونكە هەر گروپو ئاراستەو باڵێكی یەكێتی ترسی ئەوەیان هەیە، كۆنگرەی داهاتوو كۆنگرەی پاكتاوكردن بێتو ببێتە هۆی راماڵینان.
كۆنگرەی تەوافقی
بەهۆی ئەو ترسەی لەلای باڵو ئاراستەكانی یەكێتی لەكۆنگرەی چوارەم هەیانە، زۆرێك لەبەرپرسانی یەكێتی بیر لەوە دەكەنەوە، كۆنگرەیەكی تەوافقی ئەنجامبدەن، بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایی زیاتر نەبێتو هەموو لایەنەكانیش بەئەنجامەكەی رازی بن.
لەئێستادا ئەو خواستە بەشاراوەیی ماوەتەوە، چونكە زۆرینەی زۆری بەرپرسانی یەكێتی باس لەوە دەكەن، یەكێتی كۆنگرە بۆ نوێبوونەوە دەكاتو دووریش دەبێت لەرێككەوتنی پێشوەختە، كە ئەوە ئەستەمە بچێتە سەر.
باڵو ئاراستە جیاوازەكانی یەكێتی
چەند باڵو ئاراستەیەك لەناو یەكێتی هەیە، بەشێوەیەك ئەو حیزبە دابەشی دوو باڵی سەرەكی بووە، كە ئەویش باڵی كۆسرەت رەسوڵو باڵی ماڵی تاڵەبانی، لەناو باڵەكانیش چەند ئاراستەیەك دروست بووە، وەك كوڕانی تاڵەبانیو ئاراستەی لاهور شێخ جەنگیو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدو مەلا بەختیار.
هەروەها گروپی سلێمانیو جافەكانو كەركوكو چەند ئاراستەیەكی تری ناو یەكێتین، ئەمە جگە لەبەرهەم ساڵی سەرۆك كۆمارو ئەو سەركردانەی لەگەڵ ئەو بەرپرسەی یەكێتین، كە ئەوانیش كاریگەری خۆیان هەیە لەناو یەكێتی.
ململانێی باڵەكانو ئەگەری بەستنی كۆنگرە
وەك باسكرا، لەمێژەوە یەكێتی گیرۆدەی دەستی ململانێی باڵەكانە، لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانیو دواتر كۆچی دوایی، ململانێی باڵەكان بەتەواوی زیاتر بوو، تەنانەت بەڕادەیەك گەیشتن، نزیكبوو جیابوونەوەی گەورە لەو حیزبە روویدا.
ساڵی 2017 كاتێك ململانێی باڵەكان زیاتر بوو، ناوەندی بڕیار بەسەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵو بەرهەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی راگەیەنرا، كە ئەوە ململانێكانی بەدۆخێك گەیاند، هەڕەشەی جوڵاندنی هێزیان لەیەكتری كرد، بەشێوەیەك ئەگەر دەستوەردانی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان نەبوایە پێكدادانی سەربازی نزیك بوو.
ململانێی باڵی ماڵی تاڵەبانیو كۆسرەت رەسوڵو ئاراستە جیاوازەكانی یەكێـتی بەشێوەیەك بووە، لەساڵی 2013 هەر هەوڵێك دراوە بۆ بەستنی كۆنگرە شكستیهێناوە، كە ئەو ململانێیانە ئێستاش ماوەو ئەگەری بەستنی كۆنگرەی لاواز كردووەو ئەگەر كۆنگرەش ببەستێرت، ئەگەری جیابوونەوەو تەنانەت ململانێی توندی لێدەكرێت.
یەكێتی ناچارە كۆنگرە بكات
بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەساڵی داهاتوو، بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەوەی هەر لایەنێك وادەی كۆنگرەی بەسەر چوو بوو، بەبێ بەستنی كۆنگرە ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بكات، یەكێتی ناچارە لەمساڵدا كۆنگرە ببەستێت.
بەبێ بەستنی كۆنگرە یهكێتی ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بكات، یەكێتی ناچارە لەمساڵدا كۆنگرە ببەستێت
لەو چوارچێوەیەش، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان یەكێتی ئاگاداركردووەتەوە، كە دەبێت كۆنگرە ببەستێت، بۆیە ئەمە بووەتە پشتگیرییەكی بەهێز بۆ ئەو دەنگانەی لەناو یەكێتی بەراستگۆیانە داوای بەستنی كۆنگرەی چوارەم دەكەن.
كێ لەگەڵ كۆنگرەیەو كێ دژییەتی؟
وەك پرسەكانی تر پرسی بەستنی كۆنگرەش، ئێستا یەكێتی دابەشی چەند ئاراستەیەك كردووەو بەشێك لەیەكێتییەكان لەگەڵ بەستنی كۆنگرەنو بەشێكی تریشیان هەرچەندە بەرووكەش داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن، بەڵام لەژێرەوە لەدژی وەستاونەتەوەو تەنانەت دەیانەوێت گرفتی بۆ دروست بكەن.
كۆسرەت رەسوڵ كۆنگرەو گرەنتی دەوێت
كۆسرەت رەسوڵ، كە ئێستا سەرۆكایەتی باڵێكی بەهێزی ناو یەكێتی دەكات، لەگەڵ بەستنی كۆنگرەیه، بەڵام بۆ ئەوە مەرجی هەیەو دەیەوێت پێش ئەوەی بچێتە كۆنگرەوە ئەنجامەكەی بزانێت.
كۆسرەت رەسوڵ لەئێستادا خودی خۆی چاوی لەسەر ئەوە نییە ببێتە دەسەڵاتداری یەكەمی یەكێتی، ئەوەش بەهۆی بوونی چەند ركابەرێكی بەهێز لەناو ماڵی تاڵەبانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نایەوێت پێگەی لەكەسی یەكەمی یەكێـتی كەمتر بێتو تەنانەت كار بۆ ئەوە دەكات، وەك چۆن لەرابردوو چەند جارێك لەكاتی ململانێكان وەك برا گەورە ماڵەی لەگەڵ كراوە، لەداهاتووش وەك مەرجەعێكی ناو یەكێتی لێبێت.
لەگەڵ ئەوەی كۆسرەت رەسوڵ دەیەوێت ببێتە كەسی یەكەمی رەمزی یەكێتی، تا خۆی لەژیانداوە، داهاتووی كوڕەكانی لەناو یەكێتی مسۆگەر بكات، بۆیە كاری لەپێشینەی ئەوەیە هەردوو كوڕەكەی لەكۆنگرە بەئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێرێنو دواتر بەرەو مەكتەبی سیاسیو دەستەی سكرتارییەتو كارگێڕی مەكتەبەكەیان بەرێت.
هەروەها كۆسرەت رەسوڵ جگە لەكوڕەكانی چەند سەركردەیەكی یەكێتی هەیە، كە لەباڵەكەی ئەون، دەیەوێت لەسەركردایەتی هەڵبژێرێنەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت لەداهاتوو زۆرینەیەكی رەهاشی لەسەركردایەتی بۆ پشتگیری خۆیو كوڕەكانی هەبێت.
ماڵی تاڵەبانی پەرتەوازەن
هەرچەندە دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی ماڵی تاڵەبانی بەتەواوی دەستیان بەسەر داراییو ئیدارەو تەنانەت هێزیش لەناو یەكێتی بەهۆی بەهێزی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد گرتبوو، بەڵام ئێستا وەك جاران ئەو هێزەیان نەماوەو ئێستا غیابی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەو باڵەی پەرتەوازە كردووە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەهۆی نەخۆشییەوە لەگۆڕەپانەكە دووركەوتووەتەوەو بەو هۆیەشەوە باڵی تاڵەبانی پەرتەوازە بوونو دابەشی چەند ئاراستەیەك بوون، لەوانە ئاراستەی كوڕەكانی تاڵەبانیو ئاراستەی لاهور شێخ جەنگیو شاناز ئیبرام ئەحمەد، هەرچی مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسیشە، كە بەباڵی ماڵی تاڵەبانی ئەژمار دەكرێت، ئێستا بەرەیەكی بۆ خۆی كردووەتەوەو دەیەوێت لەرێگەی پرۆژەوە بە بەهێزی بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی.
گرفتی باڵی ماڵی تاڵەبانی لەوەدایە، كە بەشێوەیەك پەرتەوازە بوون، تەنانەت دوو كوڕەكەی تاڵەبانی، كە بەیەك ئاراستە ئەژماردەكرێن، بۆچوونیان جیاوازە
گرفتی باڵی ماڵی تاڵەبانی لەوەدایە، كە بەشێوەیەك پەرتەوازە بوون، تەنانەت دوو كوڕەكەی تاڵەبانی، كە بەیەك ئاراستە ئەژماردەكرێن، بۆچوونیان جیاوازەو رەنگە لەكاتی ململانێی بەدەستهێنانی پۆستە باڵاكان لەداهاتوو، ململانێكەیان زیاتر بێتو لەپێناوی پۆستی كەسی یەكەمیش رێككەوتن لەگەڵ باڵەكانی تر بكەن.
هەروەها ئاراستەی لاهور شێخ جەنگیش كار بۆ ئەوە دەكات، زۆرترین دەسەڵات بۆ ماڵی شێخ جەنگی زڕبرای جەلال تاڵەبانی مسۆگەر بكەنو پۆستی گرنگ وەربگرن، لەگەڵ ئەوەش شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەمافی خۆی دەزانێت، بەلایەنی كەمەوە ببێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
هەرچی مەلا بەختیاریشە، كە ماوەیەكی زۆرە بەهۆی ناڕەزاییەكانی بەشداری كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناكات، بەم دوایانە پرۆژەیەكی راگەیاندووە، كە بەشێكی زۆری پرۆژەكەی تایبەتە بەكۆنگرەی داهاتووی یەكێتیو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەوە پرۆژەی ماڵی تاڵەبانییە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، مەلا بەختیار ئەو كەسە دەبێت، كە دەبێتە كۆكەرەوەی ماڵی تاڵەبانیو دەتوانێت ئاراستەیان بكات؟ لەكاتێكدا زۆرترین مللانێی لەگەڵ چەند ئەندامێكی بنەماڵەی تاڵەبانی هەیە، لەوانە كوڕەكانی شێخ جەنگی.
بەرهەم ساڵح یاری دەكات
بەرهەم ساڵح دوای ئەوەی لەساڵی 2017 ناڕەزاییەكانی لەناو یەكێتی گەیشتە لوتكە جیابوونەوەی لەو حیزبە راگەیاندو تەنانەت حیزبێكی نوێی دروست كرد، كە بەو حیزبەوە بەشداری هەڵبژاردنی كرد، بەڵام دواتر بەهەوڵی چەند سەركردەیەكی یەكێتی گەڕایەوە ناو یەكێتیو بەپشتگیری كۆسرەت رەسوڵو بافێڵ تاڵەبانی كورە گەورەی جەلال تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت.
بەرهەم ساڵح پێگەیەكی بەهێزی لەناو یەكێتی هەیە، بەو پێیەی چەند مەكتەب سیاسیو سەركردایەتییەكی یەكێتی پشتگیری دەكەن، هەروەها پەیوەندییەكی بەهێزیشی لەگەڵ چەند ئەندامێكی ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ هەیە، ئەمە وای كردووە، دەرفەتی ئەوەی پێبدات بتوانێت لەنێوان هەردوو باڵەكە یاری بكات، كە ئەگەر یارییەكەی بەباشی بكات، رەنگە بتوانێت لەكۆنگرە پێگەیەكی بەهێز بۆ خۆی مسۆگەربكات.
ململانێی ئاراستەكانی تر
هەرچەندە باڵەكانی ناو یەكێتی دابەشی چەند ئاراستەیەك بوون، بەڵام لەناو یەكێتی چەند ئاراستەیەكی تریش هەیە، كە ئەوانیش رۆڵی سەرەكیان لەسەر ئەنجامی كۆنگرە دەبێت، بەتایبەتی گروپی كەركوكییەكان.
بەو پێیەی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەرێوەدەچێتو یەكێتی-یش دەیەوێت لەشاری كەركوك پارێزگاری لەپێگە بەهێزەكەی بكات، ئەمە بووەتە دەرفەتێكی باش بۆ ئەوەی سەركردە كەركوكییەكانی یەكێتی لەناو كۆنگرە پارێزگاری لەپێگەكانی خۆیان بكەنو چەند كەسێكیان بەئەندامی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی هەڵبژێرێنەوە، چونكە لاوازبوونی ئەوان لەناو یەكێتی، ئەگەری لاوازبوونی یەكێتی لەكەركوك لێدەكرێت.
هەرچی گروپی سلێمانییەكانی ناو یەكێتییە، لەوانە حاكم قادرو عومەر فەتاحو شێخ جەعفەر، كە ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتین، لاوازترین ئاراستەی ناو یەكێتینو ئەگەر بەزوویی خۆیان لەسەر باڵو ئاراستە بەهێزەكان ساخ نەكەنەوە، ئەوە دوور نییە گەورەترین قوربانی ناو كۆنگرە نەبن.