02:19 - 29/07/2019
پەیسەر پرێس چەند دیوێكی شاراوەی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ئاشكرادەكات
لەنێو پڕۆژە ستراتیژییەكانی پارێزگای سلێمانی، پڕۆژەی دروستكردنی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی ڕیكۆردی كۆنترین پڕۆژەی تۆماركردووە، چونكە لەو ماوەیەی كە پڕۆژەكە بیرۆكە بووە و تا ئەو كاتەی دیزاینی بۆ كراوە، پێنج پارێزگار و چەند وەزارەتێكی گۆڕیوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی-ش دەڵێت:"هەوڵێك هەیە بۆئەوەی نەك سلێمانی پێشنەكەوێت، بەڵكو نەتوانێت كێبڕكێیی هەولێریش بكات" دەشڵێت "ئێمە بیرۆكە بۆ پڕۆژەی ستراتیژی دادەنێین، كەچی بیرۆكەكە دەبرێ و لەشوێنی دیكە جێبەجێدەكرێت".
ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وردەكاریی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی و دیوی شاراوەی پڕۆژەكەی بۆ پەیسەرپرێس باسكردو وتی، مانگی ئایار جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و هەردوو وەزارەتی شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە كۆبوونەوەو لەسەر كۆنووسێكی سێ خاڵیی ڕێككەوتن، كە یەكێك لەخاڵەكان وەرگرتنەوەی پڕۆژەكە بوو لەسێ كۆمپانیا توركییەكە، بەڵام دواتر بەفشاری هەموو لایەك ئەو خاڵە هەڵوەشێندرایەوە و پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی درایەوە بە سێ كۆمپانیا توركییەكە.
حكومەت دوو مادەی یاسایی ئامادەكردبوو بۆئەوەی ڕیسك بەخۆیەوە بكات و قەرەبووی كۆمپانیا توركییەكان بكاتەوە
حكومەت دوو مادەی یاسایی ئامادەكردبوو بۆئەوەی ڕیسك بەخۆیەوە بكات و قەرەبووی كۆمپانیا توركییەكان بكاتەوە، كە وەك ڕەمەزان نامیق دەڵێت "دوو ماددەی یاسایمان هەیە كە یەكێكیان 67ە و ئەوەی دیكەیان 68ە حكومەتی هەرێم دەیویست بە ماددەی 67 پڕۆژەكە لەكۆمپانیا توركییەكان وەربگرێتەوە، لەبەرامبەردا بە ماددەی 68 قەرەبووی مادییان بكاتەوە، كە قەرەبووەكە بەمەزندەی ئێمە دەگاتە نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار، ئەوەش دەكاتە نیوەی ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەی دروستكردنی شەقامی 100 مەتری تەرخانكراوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوایە ئەگەری وەرگرتنەوەی پڕۆژەكە لە كۆمپانیا توركییەكان و ناچاربوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەقەرەبوكردنەوەیان، ئەگەرێكی كراوەیە لەئێستادا.
كۆمپانیای قەیوان دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بێت بچێتە نێو پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پەیسەر پرێس لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، كۆمپانیای قەیوان دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بێت بچێتە نێو پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی، ڕێككەوتنیش هەیە كە بەبێ كۆمپانیای قەیوان دەست بەو پڕۆژەیە نەكرێت.
هەرچەندە لەسەرەتای پڕۆژەكە و پێدانی بە سێ كۆمپانیا توركییەكە ناوی كۆمپانیای قەیوان لەنێو پڕۆژەكەدا نەبوو، بەڵام وەك سەرچاوە ئاگادارەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، ئێستا دانوستان لەئارادایە بۆئەوەی سێ كۆمپانیا توركییەكە ڕازیبكرێن كە قەیوانیش وەك كۆمپانیای جێبەجێكار بێتە نێو پڕۆژەی دروستكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانییەوە.
پەیسەر زانیویەتی، بەهۆی ئەوەی ئەو سێ كۆمپانیایە بیانین و پاڵپشتییەكی ئەوتۆی نێوخۆییان نییە و دەیانەوێت كارئاسانییان بۆ بكرێت، نایانەوێت لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەبابەتی كۆمپانیای قەیوان كێشەیان بۆ دروست ببێت، بۆیە ڕەنگە ڕازی ببن بەوەی پشكێكی پڕۆژەكە بدەنە كۆمپانیای قەیوان، هەربۆیە تا كاتی ڕێككەوتنی قەیوان و كۆمپانیا توركییەكان، پڕۆژەی ستراتیژییەكەی سلێمانی ناكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
مۆركێكی حزبی بە پڕۆژەكەوە هەیە
ڕەمەزان نامیق باسی لەوەكرد، "پڕۆژە ستراتیژییەكەی سلێمانی مۆركێكی حزبی پێوەیە و زۆر بەربەرستی خراوەتەبەردەم و بەڕاشكاویش دەیڵێم پەیوەندی بە قۆرخكردنی دەسەڵاتەكانەوە هەیە، بۆ نمونە سەرەتا وەزارەتی شارەوانی ئامادەنەبوو پڕۆژەكە وەربگرێت، بۆیە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە وەریگرت، كە ئەوەش خۆی كێشەیەك بوو، چونكە پرۆژەیەكی وەبەرهێنانە و لەسنوری شاری سلێمانییە دەبوو وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای سلێمانی خۆیان سەرپەرشتی پڕۆژەكەیان بكردایە، بەڵام ئێستا بڕیارێكی نوێ هەیە كە پڕۆژەكە گەڕێندراوەتە بۆ وەزارەتی شارەوانی، واتا ئەو وەزارەتەی كە لەسەرەتادا ڕەتیكردەوە ئەو پڕۆژەیە وەربگرێت".
نیەتێك لەئارادایە كە دەیەوێت پارێزگای سلێمانی لەڕوی پڕۆژەی ستراتیژی، ئاوەدانكردنەوە و گەشەسەندنەوە نەك پێشنەكەوێت بەڵكو نەگاتە ئاستی پارێزگای هەولێریش
تا مانگی ڕابردوو پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەبەردەستی ئیدارەی پارێزگای سلێمانیدا بوو، بەڵام بڕیارە كتوپڕەكەی حكومەت بۆ وەرگرتنەوەی پڕۆژەكە ئیدارەی پارێزگاكەی نیگەرانكردوەو ئەوەی لێدەخوێننەوە، كە حكومەت نایەوێت دەسەڵاتی لامەركەزی بداتە سلێمانی، لەبەرامبەریشدا حكومەت پڕۆژەكە ناخاتە سەر ڕێچكەی خۆی.
ڕەمەزان نامیق جەختدەكاتەوە لەوەی، نیەتێك لەئارادایە كە دەیەوێت پارێزگای سلێمانی لەڕوی پڕۆژەی ستراتیژی، ئاوەدانكردنەوە و گەشەسەندنەوە نەك پێشنەكەوێت بەڵكو نەگاتە ئاستی پارێزگای هەولێریش، دەشڵێت، "ئەو پڕۆژانەی بۆ جێبەجێكردنیان لەپارێزگای سلێمانی بیری لێدەكرێتەوە، دەبرێت و لەپارێزگایەكی دیكە جێبەجێدەكرێت، چونكە كاتێك بیر لە پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی كرایەوە، هەولێر هێشتا شەقامی 100 مەتری تیادا دروستنەكرابوو، بەڵام ئێستا 150 مەتری لەوێ دروستدەكرێت".
پشكی شێری پڕۆژەكە بەر ئەو كەسانە دەكەوێت كە زیادەڕەوییان كردووە
كاتێك دیزاینی پڕۆژەی ستراتیژی شەقامی 100 مەتری سلێمانی كرا، بەئامانجی دروستكردنی ڕێگەیەكی مۆدێرن بیری لێكرایەوە، تەنانەت دیزاینی پڕۆژەكە دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری تێچوو، بەڵام پێش ئەوەی پڕۆژەكە جێبەجێبكرێت چەند سەرمایەدار و كۆمپانیایەك لەسەر ماستەرپلانی پڕۆژەكە پڕۆژەی بازرگانییان دروستكرد، كە ئێستا ئەو پڕۆژانە بوەتە گەورەترین كێشەی بەردەم دروستكردنی شەقامی 100 مەتری، تەنانەت حكومەتی هەرێم ئەگەر پارەیەیەكی خەیاڵیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان تەرخانبكات كێشەكان چارەسەر نابن، چونكە هەردوو پڕۆژەی چاڤی لاند و شاری گۆیژەی دوو لەنێو دیزاینی شەقامی 100 مەتری سلێمانیدان.
وەك ڕەمەزان نامیق باسیكرد، تەواوی پڕۆژە ستراتیژییەكەی سلێمانی 146 كیلۆمەتر سایدی ڕۆیشتن و گەڕانەوەیە، ئەوەی ئێستا دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە تەنیا 33 كیلۆمەتری پڕۆژەكەیە كە لەسنوری تاسڵوجە دەستپێدەكات و لە نزیك عەربەت كۆتایدێت، ئەو سێ كۆمپانیا توركیەش تەنیا ئەو 33 كیلۆمەترەیان وەرگرتووە كە جێبەجێبكەن، ئەوەی لەئێستاوە شەڕی لەسەر دەكرێت ئەو بەشە كەمەیە لە پڕۆژەكە، دوو بەشی دیكەمان هەیە كە چاڤی لاند و ئەودیویەتی، ڕاستە دیزاین كراوە، بەڵام نە بودجەی بۆ تەرخانكراوە، نە دراوە بە هیچ كۆمپانیایەكیش.
30 مەتریی بەتامی 100 مەتریی
یەكێك لە كێشە گەورەكانی بەردەم پڕۆژەی 100 مەتریی بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەیە، لەئاستی چاڤی لاند كە زیادەڕەویكراوەتە سەر دیزاینی شەقامەكە، 100 مەترییەكەی سلێمانی كەمدەبێتەوە بۆ 30 مەتر، كە ڕەمەزان نامیق ئەوە بە "عەیبەیەكی گەورە بۆ سلێمانی" ناودەبات و دەڵێت، كاتێك دیزانی ئەو پرۆژەیە كرا نەچاڤی لاند نە شاری گۆیژەی دوو لەئارادا نەبوون، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەبێت بەرپرسیارێتی ئەوە هەڵبگرن، كە چۆن ئەو دوو پڕۆەژەیە زیادەڕەوییەكی هێندە گەورەیان كردوەتە سەر پڕۆژە ستراتیژییەكەی شاری سلێمانی.
گۆڕینی دیزانی شەقامی 100 مەتریی لەئاستی چاڤی لاند و شاری گۆیژە یەكێكە لە بیرۆكەكانی بەردەست ئەندازیارانی پڕۆژەكە، بەڵام وەك ڕەمەزان ڕەفیق دەڵێت، ئەوە كارێكی مەحاڵە، چونكە هەم تێچوویەكی زۆری دەوێت، هەم بۆ دیزاینێكی نوێش پێویست بە كاتێكی زۆر دەكات، بۆیە "پڕۆژەكە هەر بە عەیبداریی دەمێنێتەوە".
دەبێت ئاسەواری پڕۆژەكە بگۆڕیت و دیزاینێكی نوێ بكەیت، بەوەش پرۆژەكە دوردەكەوێتەوە و دەچێتە ئەودیوی سیتەك، ڕەنگە دوو تونێلی تێبكەوێت
حكومەت هەر بەتەنیا روبەڕوی كێشەی زیادەڕەوی ئەو دوو پڕۆژەیە نابێتەوە، بەڵكو كێشە لە هەندێك شوێن دروستدەبێت، بۆ نمونە كۆمپانیا توركییەكان بە بەهای نزیكەی یەك ملیار دینار كاری بڕین و پڕكردنەوەیان كردووە، ئێستا شوێنەكان نەماون و لەشوێنیاندا گەنم و جۆ چێندراوە یاخود باخ و باڵەخانە دروستكراوە، ئەمانە هەمووی كێشەن لەبەردەم پڕۆژەكە لەداهاتوودا، ڕەنگە ئێستا وەك كێشە نەبیندرێت بەڵام كە كەوتە جێبەجێكردنەوە وەك ڕەمەزان ڕەفیق دەڵێت"دەبینین چ كێشەیەكی گەورە دەنێتەوە".
كێشەی موڵكداریی یەكێكی دیكە لە كێشەكانی بەردەم پڕۆژەكە، كەسانێك زەوییەكانیان بەر پڕۆژەكە دەكەوێت، حكومەت ساڵانێكە ڕێگەی نەداوە كار لەو زەوییانەدا بكرێت، بۆیە ئێستا ئەگەر حكومەت قەرەبوویەكی گونجاویان نەكاتەوە ئەوان ئاسان دەستبەرداری زەوییەكانیان نابن، ڕەمەزان نامیق لەبارەی ئەو كێشەیەوە دەڵێت "دەبێت ئاسەواری پڕۆژەكە بگۆڕیت و دیزاینێكی نوێ بكەیت، بەوەش پرۆژەكە دوردەكەوێتەوە و دەچێتە ئەودیوی سیتەك، ڕەنگە دوو تونێلی تێبكەوێت".