ڕاپۆرتی کوردستانی

02:04 - 27/07/2019

به‌غدا و هه‌ولێر به‌ كوێ گه‌یشتوون؟‌

پەیسەر

شانده‌ هونه‌رییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا بۆ گه‌یشتن به‌ ورده‌كارى رێككه‌وتن، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك سیناریۆى جیاوازه‌وه‌ ده‌ست به‌گفتوگۆ ده‌كه‌ن، وه‌ك باسده‌كرێت له‌سه‌ر هێڵه‌ گشتییه‌كان هه‌ردوو حكومه‌ت له‌سه‌ره‌وه‌ لارییان له‌ رێككه‌وتن نییه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كان هه‌ردوولا گوتوویانه‌ رێككه‌وتنیان ده‌وێت. بۆئه‌مه‌ش لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیان راسپاردووه‌ ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ رێككه‌وتن بدۆزنه‌وه‌و چوارچێوه‌كه‌ى دابڕێژنه‌وه‌. هه‌رێم چه‌ند بژارده‌یه‌ك ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌غدا.

دوایین زانیارییه‌كان
دوایین كۆبوونه‌وه‌ى نێوان شاندى باڵاى هه‌ردوو حكومه‌ت كه‌ پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو له‌هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دووروودرێژ بوو. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر شاندى هه‌رێم چه‌ند سیناریۆیه‌كى بۆ رێككه‌وتن باسكردووه‌، داواكارى یه‌كه‌مى شاندى هه‌رێم ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ تا كۆتایى ٢٠١٩ وازى لێبهێنن نه‌وتى خۆى بفرۆشێت، به‌وجۆره‌ش قه‌رزه‌كانى سه‌رشانى ده‌ته‌كێنێت و له‌بوودجه‌ى ساڵى داهاتووش زیاتر ئاماده‌ ده‌بێت بۆ رێككه‌وتن.

شاندى حكومه‌تى عێراق به‌م داواكارییه‌ قایل نه‌بوون، گوتویانه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و چه‌ندمانگه‌ى ئه‌مساڵ كه‌ماوه‌، نه‌وت راده‌ستنه‌كرێت هیچ متمانه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ردوولا نامێنێت و بۆ بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو متمانه‌ نابێت، بۆ جێگیركردنى پشكى هه‌رێم له‌ بوودجه‌و ئاسان نابێت فراكسیۆنه‌ په‌رله‌مانییه‌كان متمانه‌بكه‌ن، جارێكى دیكه‌ پشكى هه‌رێم له‌ بوودجه‌ جێگیربكه‌ن. ئه‌مه‌ش شاندى هه‌رێمى دوودڵكردووه‌.

شاندى هه‌رێم سیناریۆیه‌كى دیكه‌ى پێشنیاركردووه‌، كه‌ له‌م مانگه‌وه‌ رۆژانه‌ ١٠٠هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكرێت، له‌ مانگه‌كانى داهاتوو  رێژه‌كه‌ بۆ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌ به‌رزبكرێته‌وه‌. شاندى عێراق پێیان وابووه‌ ئیتر دره‌نگه‌و كاتى راده‌ستكردنى  ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیله‌كه‌یه‌. له‌سه‌ر ئه‌مه‌یان قسه‌ى كۆتایى نه‌كراوه‌ كه‌ ئایا ئه‌م داواكارییه‌ جێبه‌جێده‌كرێت یاخود نا.

شاندى هه‌رێمى كوردستان، به‌ پرسیارێك بژارده‌یه‌كى دیكه‌ى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م حكومه‌تى عێراق،(ئایا داهاتى ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتتان راده‌ستبكه‌ین، یاخود ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت)، شاندى عێراق ئه‌مه‌یان سپاردووه‌ به‌ لیژنه‌ ته‌كنیكییه‌كان كه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام پێناچێت به‌غدا داهات قبوڵ بكات به‌ڵكو نه‌وتى ده‌وێت، چونكه‌ به‌غدا مامه‌ڵه‌ نه‌وتییه‌كه‌ى مه‌به‌سته‌ كه‌ له‌ چنگى هه‌رێم نه‌مێنێت نه‌ك داهاته‌كه‌ى، به‌وپێیه‌ى به‌ راده‌ستكردنى نه‌وت، ئه‌و داهاته‌ى بۆ هه‌رێمى ره‌وانه‌ده‌كه‌ن زیاتره‌ له‌ به‌هاى ٢٥٠هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه‌.

نه‌وت به‌ مووچه‌
پێده‌چێت مه‌سرور بارزانى خواستى زۆرى هه‌بێت كه‌ هه‌ر له‌ده‌ستپێكه‌وه‌ كێشه‌ى مووچه‌ له‌ كۆڵ بكاته‌وه‌ و بیپه‌رژێته‌ سه‌ر كارنامه‌ى گشتگیرى حكومه‌ته‌كه‌ى، بۆیه‌ش پێداگرى له‌مه‌رجێك كردووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كان، هه‌موو مانگێك له‌كاتی خۆیدا، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌ و پێشمه‌رگه‌ و ته‌واوی به‌شه‌ بوودجه‌ش بنێردرێت. هه‌روه‌ها شاندى هه‌رێم داوایكردووه‌، به‌غدا پابه‌ندده‌بێت به‌ناردنی موچه‌ی سێ مانگی فه‌رمانبه‌ران‌ و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، كه‌ به‌هۆی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و عێراق له‌سه‌ره‌تای ساڵ فه‌وتاون.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ چییان گوت؟
شاندى هاوبه‌شى هه‌ولێر و به‌غدا دواى كۆبوونه‌وه‌ ماوه‌درێژه‌كه‌ى پێنجشه‌ممه‌ راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ کەزۆرتر قسه‌ى گشتى، بوو ٢٦وشه‌ى كۆنكرێتى تێدابوو كه‌ نوسرابوو،"هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر دانانی میكانزمێكی كرده‌یی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ورده‌كاری پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌رێگای پێكهێنانی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندی ته‌كنیكی له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ژێر چاودێری لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌ش".

ئه‌و چه‌ندوشه‌ كه‌مه‌ سیناریۆكان روون ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر هیچ كامیان خاڵ دانه‌نراوه‌ و قسه‌ى كۆتایى نه‌كراوه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر میكانیزمێكى رێككه‌وتن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ورده‌كارى پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان ره‌زامه‌ندبوون.

دوو ئاڵنگارى به‌رده‌م عه‌بدولمه‌هدى
عادل عه‌بدولمه‌هدى وه‌ك دۆستى كورد ناوى رۆیشتووه‌و هه‌رواش كورسی سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرت، له‌چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان گوتبووى، تا ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیران بێت مووچه‌ى هه‌رێم نابڕدرێت و ئاماده‌یه‌ كورسییه‌كه‌ى له‌سه‌ر دابنێت.
به‌ڵام ئاسته‌نگى یه‌كه‌مى هه‌ر له‌ ده‌ستپێكى ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، له‌ شه‌قامى سیاسى عه‌ره‌بى دژبه‌رى زۆرى هه‌یه‌ و پێیان وایه‌، ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ بۆ هه‌ولێر بێ راده‌ستكردنى نه‌وت به‌ به‌غدا "خیانه‌ته‌ له‌ گه‌لانى دیكه‌ى عێراق". ئه‌م گروپانه‌ى فشار تادێت زیاترده‌بن و عه‌بدولمه‌هدى-ش ده‌ڵێت، ئه‌و یاسا جێبه‌جێده‌كات و مووچه‌ راناگرێت.

ئاڵنگارى دووه‌مى به‌رده‌م عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌به‌رده‌وامى ناردنى مووچه‌و دۆستایه‌تییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ كورد، وه‌ك له‌ده‌مى شانده‌كه‌یه‌وه‌ به‌ هه‌رێمى گه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ نه‌وت راده‌ستنه‌كرێت بۆ ساڵى داهاتوو ئه‌سته‌م ده‌بێت په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌كان متمانه‌بكه‌ن وه‌ك ئێستا بوودجه‌ جێگیربكه‌نه‌وه‌. ئه‌وترسه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ خۆڕا نییه‌. چونكه‌ ئێستا كه‌ مووچه‌ به‌ یاسا دیاریكراوه‌ چه‌ند فراكسیۆنێكى عه‌ره‌ب داواى بڕینى ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ نه‌وت نه‌درێت گفتوگۆكانى بوودجه‌ى داهاتوو سه‌خت ده‌بن و ره‌نگه‌ عه‌ره‌به‌كان پێشمه‌رجى قورس بهێننه‌ پێشه‌وه‌.

دوودڵى هه‌رێم

داواكارى هه‌رێم بۆ دواخستنى راده‌ستكردنى نه‌وت بۆ كۆتایى ساڵ بۆ دوومه‌به‌سته‌، یه‌كه‌میان پاره‌یه‌كى زیادى بێته‌ ده‌ست و ئه‌وقه‌رزانه‌ى باسى ده‌كات پاكتاویان بكات، دووه‌میش، پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ نه‌وت راده‌ستبكات بۆ بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو به‌غدا داواى شتى زیاترى لێده‌كات، به‌ڵام ئه‌م سیناریۆش بێ مه‌ترسى نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه‌ى شاندى عێراق باسیان كردووه‌، بێته‌دى و په‌رله‌مانى عێراق له‌ كاردانه‌وه‌ى راده‌ستنه‌كردنى نه‌وت له‌ ٢٠١٩ له‌ بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو تۆڵه‌ له‌ هه‌رێم بكاته‌وه‌. ئه‌وكات هه‌رێم بۆ ریشى ئه‌م سیناریۆى هێنایه‌ پێش به‌ڵام سمێڵیشى ده‌نێ له‌بانى.

نه‌وت ته‌نها بابه‌ت نییه‌

دانوستانه‌كانى ئه‌مجاره‌ گشتگیرن، به‌ڵام وادێته‌ به‌رچاو له‌ نه‌وته‌وه‌ ده‌ستیپێكردبێت، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسەر قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگى دوولایه‌نەى به‌غداو هه‌ولێر كراوه‌، بۆ پاراستنى سنوره‌كانى هه‌رێم و رێگرى له‌ جوڵه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان. پێشتر په‌یسه‌ر زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانى پرۆژه‌یه‌كى ره‌وانه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌، بۆ دروستكردنى هێزێكى هاوبه‌ش له‌ سنوره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، تا رێگرى بكات و له‌ جوڵه‌ى په‌كه‌كه‌ و پێكدادان له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان. عادل عه‌بدولمه‌هدى پرۆژه‌كه‌ى ره‌تنه‌كردبووه‌وه‌ به‌ڵام وه‌ڵامى كۆتایشى نه‌دابوویه‌وه‌ دوایین په‌ره‌سه‌ندن له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كانى به‌غدا و هه‌ولێر ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، به‌پێى هه‌ندێك زانیارى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم پشتڕاستى ناكاته‌وه‌، لیژنه‌ى هاوبه‌ش بۆ سنورداكردنى جوڵه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێم، له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر دروستكراوه‌و دیارنییه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ بڕیارى دروستكردنى هێزى هاوبه‌ش ده‌دات، یاخود به‌ میكانیزمى دیكه‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ ده‌دات.

 

ناكۆكى حزبیى له‌سه‌ر شاند

به‌پێى زانیارییه‌كان یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر پێكهاته‌ى شاندەكان كۆك نین. یه‌كێتى ده‌ڵێت، هه‌ندێك پرس وه‌ك كه‌ركوك و مادده‌ى ١٤٠ شاندى حزبى پێویسته‌، یه‌كێتى پێیوایه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كاریگەرى زیاترده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ى تاقوته‌را چه‌ند ئه‌ندامێكى له‌ حكومه‌ت به‌شدارى شانده‌كان بكات. پارتى پێیوایه‌ ئه‌وه‌ كارى حكومه‌تە، مه‌سرور بارزانى سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دانوستانه‌كان له‌رێگه‌ى حكومه‌ته‌كه‌یەوه‌ بكرێت.

رێككه‌وتن

گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن دوورنییه‌ و هه‌ردوولا له‌سه‌ر رێگاى رێككه‌وتن، به‌ڵام رێككه‌وتن وا نزیكیش نییه‌ و بێ ئاسته‌نگ نییه‌، له‌ناوخۆى هه‌رێم نه‌یارى رێككه‌وتن هه‌یه‌ و له‌ سه‌ر ئاستى وڵاتانیش توركیا چاودێرى وردى رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت دڵنیابێت كه‌ داهات و ده‌ستكه‌وتى له‌ كورتى نادات، جگه‌ له‌وانه‌ش كێشه‌كان چه‌ندین ساڵه‌ن و ئاڵۆزو پێكداهه‌ڵپژاون، روونكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ به‌ مانگ و دووان نایه‌تەبوون، به‌تایبه‌ت كێشه‌ى كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان كێشه‌ى سه‌ده‌یه‌و ئه‌مجاره‌ بۆ كورد ئاڵۆزتربووه‌، شاره‌كه‌ له‌ده‌ستى عه‌ره‌بە كورد چنگه‌كڕێى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌ژموونى خۆى ده‌كات.