03:28 - 25/07/2019
منداڵانی ژنە ئێزدییە رفێندراوەكانی دەستی داعش چارهنووسیان چی دهبێت؟
گۆڤاری پهیسهر
نزیكەی (٢٠٠) منداڵ له دۆخێكی خراپدان، ئەو منداڵانە له ئهنجامی دهستدرێژیی چهكدارانی رێخكراوی تیرۆریستی داعش بۆ سهر ژنانی ئێزدی لهدایكبوون، نەریتی كۆمەڵگهی ئێزدی و یاساكانی عێراق بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
چارهنووسی ئهم منداڵانه له دوای لەناوبردنی داعش لەسەر دەستی شەڕڤانانی كورد لە شارۆچكهی باغۆزی باكووری سوریا لە ٢٥ی ئاداری رابردوودا، هەروەها دوای رزگاركردنی دەیان ژن و منداڵی ئێزدی لەههمان ناوچە، بووە بابهتی ڕۆژ، بەڵام دوای ئەوەی نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە ١١ی نیسانی ٢٠١٩دا پرۆژەی پاراستنی ژنە رزگاركراوە ئێزدییەكانی رەوانەی پەرلەمان كرد، بۆچوون و مشتومڕی جیاوازی لێكەوتەوە.
ژمارەی ئەو كەسانەی چارەنووسیان نادیارە یان رزگارنەكراون (٣١٠٢) كەسن، كە (١٤٤٠) ژن و (١٦٦٢) پیاو دەگرێتەوە
تا ئێستا وردترین ئامار كه لەبارەی قوربانیان و ژمارەی رفێندراوانی ئێزدی لەبەردەستدابێت، ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییهكانە لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان. كه دهڵێ، (٣٦٠) هەزار هاوڵاتی ئێزدی دووچاری دەربەدەری و ئاوارەیی بوونهتهوه، لەم ژمارەیە زیاتر لە (١٠٠) هەزار كەسیان بەرەو دەرەوەی عێراق كۆچیانكردووە.
لە ئامارەكەدا هاتووە، لە سهرهتای هێرشی داعشهوه بۆ سەر شنگال، (١٢٩٣) هاوڵاتی ئێزدی شههیدكراون. ژمارەی رفێندراوانیش بە (٦٤١٧) كەس دەخەمڵێنێت، لەناویاندا (٣٥٤٨) ژن و (٢٨٦٩) پیاون. بەگوێرەی ئامارەكە، (٣٣١٥) كەس لە رفێندراوهكان تا ئێستا رزگاركراون و لهو ژمارهیه (١١٥٥)یان ژن و (٣٣٧) یان پیاو و (١٨٢٣) كهسیشیان منداڵن، ژمارەی ئەو كەسانەی چارەنووسیان نادیارە یان رزگارنەكراون (٣١٠٢) كەسن، كە (١٤٤٠) ژن و (١٦٦٢) پیاو دەگرێتەوە.
دەربارەی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی داگیركارییهكهدا باوك، دایك یان هەردووكیان لەدەستداوە، لە ئامارەكەدا هاتووە:
(١٧٥٩) منداڵ بێ باوك بوون، (٤٠٧) منداڵ بێ دایك و (٣٥٩) منداڵیش بێ دایك و باوك بوون. جگە لهوانیش تا ئێستا دەیان گۆڕی تاكەكەسی و (٦٩) گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە.
28ی شوباتی رابردوو پەیوەست بە ئێزدییهكان، سەرۆكایەتی كۆماری عێراق پرۆژەیاسایەكی دیكەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرد و داوایكرد، لە پارێزگای موسڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ چاودێریكردنی كاروباری ئێزدییهكان دروستبكرێت و ببهسترێتهوه بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقهوە، تاوهكو كار لەسەر ئاماری قوربانیان و رزگاركراوانی ئێزدی بكات و شوێنی حەوانەوە و ئاسایشیان بۆ دهستهبهر بكات.
پرۆژەیاسای سەرۆكایەتی كۆمار، (یاسای ژنە رزگاركراوە ئێزدییەكانی ژێردەستی داعش)، تەنها ئەو ژنانە دەگرێتەوە كە دوای داگیركردنی شنگال رفێندراون، دواتر خۆیان رزگار كردووە یان رزگار كراون. ئامانجی پرۆژەیاساكە قەرهبووكردنەوەی مادی و مهعنهوی ئەو ژنانەیە. جگە لەوەش هەوڵدەدات به چەند رێوشوێنێك ئەم ژنانە تێكەڵ بە كۆمەڵگا بكاتەوە. واتە پرۆژهیاساكه تهنها ڕزگاركراوهكان دهگرێتهوه نهك هەموو قوربانیانی دەستی داعش له شنگال، ئەمەش مشتومڕی دروستكردووە و بە خاڵی لاوازی پرۆژە یاساكە لە قەڵەم دەدرێت.
بەگوێرەی دەستووری عێراق و یاسای باری كەسێتی، یاسای كارتی شارستانی منداڵی عێراقی پابەند دەبێت بە دایك و باوكی ئەگەر موسڵمان بوون، بەڵام ئەگەر دایكی یان باوكی موسڵمان نەبوو، پێیوهی پابەند نابێت
مادەی حەوتەمی پرۆژه یاساكه باس لە بارودۆخی یاسایی منداڵانی ژنە ئێزدیە رزگاركراوەكان دەكات، كە باوكەكانیان ئەندامی داعشن، ئهم بابهته ههستیارهش بۆچوون و كاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە. ئەو چارەسەرەی ئەم مادەیە دەیخاتەڕوو، بەهۆی یاساكانی عێراق و دەقه ئاینییهكانی ئێزدییهوە جێبەجێكردنی زەحمەتە. پرۆژه یاساكه داوادەكات بەگوێرەی دەستووری عێراق و یاسای باری كەسێتی، یاسای كارتی شارستانی منداڵی عێراقی پابەند دەبێت بە دایك و باوكی ئەگەر موسڵمان بوون، بەڵام ئەگەر دایكی یان باوكی موسڵمان نەبوو، پێیوهی پابەند نابێت. بەم شێوەیە دەبێت ئەم منداڵانە بە موسڵمان لە قەڵەم بدرێن، كە ئەمەش لەمپەرە لە بەردەم ئەو ژنانەدا و ناتوانن بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگای ئێزدی و منداڵەكانیان بەخێوبكەن.
دەزگای مەسارات (MCMD)، كە ڕێكخراوێكی دیاری كۆمەڵگای مەدەنییە لە عێراق و هەوڵ دەدات فرە رەنگی ئایینی، ئەتنیكی و كهلتووری بپارێزێت، لە ساڵانی رابردوودا بۆ پاراستنی مافی كەمینەكان رۆڵی گەورەی هەبووە لە دەركردنی چەندین بڕیار و پرۆژهیاسادا. دهزگاكه لەدوای رەوانەكردنی پرۆژه یاساكه بۆ پەرلەمان، بۆ پشتگیریكردن لێی دەستی بە هەڵمەتێكی واژۆ كۆكردنەوە كردووە و داوادەكات پرۆژه یاساكه تهنها تایبەت نەبێت بە ژنە رزگاركراوەكان و هەموو قوربانییەكان بگرێتەوە. جگە لەوە هەڵمەتەكە داوای دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی دەكات بۆ ئهو منداڵانهی له ئهنجامی دهستدرێژی چهكدارانی داعشهوه بۆ سهر ژنە رزگاركراوە ئێزدییهكان لهدایكبوون. لەمبارەیەوە دهزگاكه داوا لە مەرجەعه ئایینیهكانی ئیسلام و ئێزدییهكان دەكات لە مەسەلەی مەینەتیی ئێزدییهكاندا چارەسەری لاهوتی و كۆمەڵایەتی بكهنه بنهما.
بەر لە داگیركارییهكهی داعش ژمارهی هاوڵاتیانی ئێزدی لە عێراق بە (٥٥٠) هەزار كەس مهزهنده دهكران. بەگوێرەی رێساكانی باوەڕی ئایینی ئێزدی، نابێت ژنی ئێزدی لەگەڵ پیاوێكی غهیره ئێزدی هاوسەرگیری بكات، ئەو ژنەی ئەم رێسایە ببەزێنێت حاشای لێدهكرێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی روحانی ئێزدی، كە باڵاترین ناوەندی ئایینی ئێزدییە لە جیهاندا، ٢٤ی نیسانی رابردوو وەرگرتنەوەی رزگاركراوانی دەستی داعشی قبوڵكرد و رایگەیاند، ئەو كەسانە بەدەر لە ئیرادەی خۆیان تووشی ئەم كارەساتە بوون. هەرچەندە كۆمەڵگای ئێزدی بەرامبەر گەڕانەوەی ژنە رفێندراوەكان نەرمی نواند، بەڵام مەسەلەی قبوڵكردنی ئهو منداڵانهی له ئهنجامی دهستدرێژی چهكدارانی داعشهوه بۆ سهر ژنانی ئێزدی لهدایكبوون، كاردانەوەی توندی لەناویاندا دروستكرد. ئەمەش ئەنجومەنی روحانی ئێزدیی ناچاركرد دوای تێپەڕبوونی چوار رۆژ بەسەر بەیاننامەی یەكەمیدا روونكردنەوە بدات. له ڕوونكردنهوهكهدا هاتووە: "بڕیاری قبوڵكردنی ژنانی رزگاركراوی ئێزدی هیچ كاتێك بە واتای قبوڵكردنی ئەو منداڵانە نایهت كە لە ئەنجامی دەستدرێژیكردن لە دایكبوون، بەڵكو مەبەست لەو منداڵانەیە كە باوك و دایكیان ئێزدین و لەساتهوهختی داگیركردنی شنگالدا رفێندراون".
بڕیاری قبوڵكردنی ژنانی رزگاركراوی ئێزدی هیچ كاتێك بە واتای قبوڵكردنی ئەو منداڵانە نایهت كە لە ئەنجامی دەستدرێژیكردن لە دایكبوون، بەڵكو مەبەست لەو منداڵانەیە كە باوك و دایكیان ئێزدین و لەساتهوهختی داگیركردنی شنگالدا رفێندراون
عالیە بایهزید ئیسماعیل بەگ پارێزەر و مافناس، پرۆژەی پاراستنی ژنانی ڕزگاربووی ئێزدیی بە باش لە قەڵەم دەدات و پێیوایە دادپەروەری بۆ ئەو ژنانە دەستەبەر دەكات كە ستهمیان لێكراوه و دهستدرێژییان كراوهتهسهر و توندوتیژییان بهرامبهر ئهنجامدراوه و كارەساتی ئەم ژنانەش لە مێژووی نوێدا بهبێ هاوتا ناودهبات. لەمبارەیەوە بۆ (پەیسەر) دواو و گوتی: " باوەڕ ناكرێت لەم سەردەمەدا لەژێر سێبەری پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان و دۆسیەكانی مافی مرۆڤدا كەسانێك هەبن وەكو جەواری و كۆیلە، كڕین و فرۆشتن بەو ژن و منداڵانەوه بكەن".
دەشڵێت: " ئەگەر ئەم یاسایە بەشێوەیەكی راست جێبەجێ بكرێت، دادوەریی بۆ ئەو ژنانە دەستەبەردەكات".
لە بارەی مادەی حەوتەمی پرۆژه یاساكه كە باس لە بارودۆخی منداڵانی ژنە ئێزدییهكان دەكات، ئەم ژنە یاساناسە كە لە ماڵه میرانی ئێزدییه دەڵێت: " ئەم مادەیە ڕوون نییه، چەندین ئاڵۆزی لەخۆدەگرێت كە زەحمەتە كۆمەڵگهكەمان پێی قبوڵ بكرێت. چونكە یاساكانی عێراق بەسەر ئەم منداڵانەدا جێبەجێ دەكرێت، كە لەگەڵ باوەڕی كۆمەڵگهی ئێمەدا پێچەوانەیە".
لەدرێژەی قسەكانیدا عالیە بایهزید ئیسماعیل بەگ دەڵێت: " چۆن دەكرێت كۆمەڵگای ئێزدی موحافزكار و داخراو ئەمە قبوڵ بكات، كە بەگوێرەی یاساكانی تەنها ئەو كەسە ئێزدییە كە باوك و دایكی ئێزدی بن. چۆن دەكرێت ئەم كۆمەڵگایە منداڵی موسڵمان لەسەر دابونەریتی كۆمەڵگای ئێزدی پەروەردە بكات؟ نەخێر ئەمە قبوڵ ناكرێت. موسڵمانەكانیش قبوڵی ناكەن منداڵێكی موسوڵمان لە كۆمەڵگای ئێزدیدا پێبگات. كەواتە مەسەلەكە لە هەردوو لاوە رەتدەكرێتەوە، ئەمەش كەموكوڕییە، بە گوێرەی ئەو یاسایەی منداڵێك دەكاتە موسڵمان، ئەگەر دایكیشی ئێزدی بێت".
لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، بەم شێوەیە كۆتایی بە قسەكانی هێنا: "چارەسەر گۆرینی ئەو مادەیەیه، دەبێت مافی ئەو منداڵانە بدرێت و پەیوەستبن بە ئاینی دایكیان، ئەوكاتە هەموو ناڕوونی و ئاڵۆزییهك كۆتایی پێ دێت و ئەم منداڵانە بە بێتاوان و قوربانیی داگیركاریی داعش لە قەڵەم دەدرێن".
لهلایهكی دیكهوه عیدۆ بابە شێخ، یاساناس و چالاكوانی كۆمەڵگای ئێزدی پێیوایە ئەو منداڵانەی له ئهنجامی دهستدرێژی چهكدارانی داعشهوه بۆسهر ژنانی ئێزدی لهدایكبوون، لە رووی ئایینیەوە هیچ پەیوەندییەكیان بە كۆمەڵگای ئێزدییەوە نییە. لەمبارەیەوە بۆ (پەیسەر) دواو و وتی: " ئەمە دوو هۆكاری هەیە، یاساكانی عێراق منداڵ دەبهنەوە سەر باوك، واتە ئەو منداڵەی باوكی دیار نەبێت بە موسڵمان هەژمار دەكرێت. لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە باوكی ئەو منداڵانە پیاوانی ئێزدی و برای ژنانی ئێزدی و هاوسەرەكانیان كوشتووە، چۆن دەكرێت كۆمەڵگای ئێزدی رێگا بدات ئەم منداڵە لە باوەشیدا گەورە بێت، واته دایكی ئەو منداڵانەش ئەمە قبوڵ ناكەن".
دەكرێت چەند دەوڵەتێك ئەو منداڵانە لەگەڵ دایكیان ببهنە لای خۆیان، چونكە لە ئەوروپا منداڵ لەسەر ناوی دایكی تۆماردەكرێت
عیدۆ بابە شێخ كە پێشتر پەرلەمانتار بووە، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفت و ئاڵۆزییە چەند پێشنیازێك دەخاتەڕوو و دەڵێت: " تا ئێستا (٩٠٠) كچی رزگاركراوی ئێزدی گەیشتوونهتە ئەڵمانیا. ئەوەی لە ئێستادا لەبارەی ئەو منداڵانەوه گفتوگۆی لێكەوتووهتەوە و بووهتە مایەی نیگەرانی و بێچارەیی، (٢٠٠) حاڵەتن، دەكرێت چەند دەوڵەتێك ئەو منداڵانە لەگەڵ دایكیان ببهنە لای خۆیان، چونكە لە ئەوروپا منداڵ لەسەر ناوی دایكی تۆماردەكرێت. لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە بەچاوێكی خراپ سەیری ئەو منداڵانە ناكرێت، بەڵام ئەگەر لێرە گەورە بن تا لەژیاندابن بە كوڕی داعش بانگ دەكرێن".
دەربارەی ئهو پرسیارهی ئەگەر لە دەستووری عێراقدا مادەیەك زیادبكرێت و ئەو منداڵە ئێزدییانە بەدەر بكرێن لە یاسای باری كهسێتی عێراقی، چی دهگوزهرێت؟ عیدۆ بابەشێخ دەڵێت:"شتێكی باشە، بەڵام كێ بیكات؟ هەژموونی رەوت و حزبە ئایینیەكان لە بەغدا رێگا بەم گۆڕانكارییە نادات".
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەم یاساناس و چالاكوانە پێشنیازێكی دیكەش دەخاتەڕوو: " لەڕووی عەمەلیەوە گواستنەوەی ئەو دایك و منداڵانە بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە هەموویان باشترە، بەڵام ئەگەر ئەمە نەكرێت، باشتر دەبێت بۆ ئەو ژنانەی ناخوازن لە منداڵەكانیان جیاببنەوە، شێڵتەری تایبهت بۆ پاراستن و چاودێرێكردنیان دروست بكرێت".