03:25 - 25/07/2019
ڤایرۆسێكی "مه‌ترسیدارتر" له ئایدز هه‌ڕه‌شه له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
گۆڤاری په‌یسه‌ر
ئاماده‌كرنی: ئه‌رسه‌لان تۆفیق - فه‌رمان حه‌سه‌ن
به بێده‌نگی ته‌نگ به نه‌خۆش هه‌ڵده‌چنێت، درێژخایه‌نه و كوشنده‌یه، ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له پاشماوه‌كاندا چه‌ند هێنده‌ی توانای مانه‌وه‌ی ڤایرۆسی ئایدزه، رێگاكانی گواستنه‌وه‌شی له‌و رێگایانه زیاتره كه ئایدزی پێ ده‌گوازرێته‌وه، سه‌رچاوه و هۆكاره‌كانی توشبوونی دیسان له ڤایرۆسه كوشنده‌كانی دیكه زیاتره، چاره‌سه‌ری قورس و ده‌گمه‌نی هه‌یه. ڤایرۆسی جگه‌ر ئێستا سه‌رچاوه‌ی مه‌رگێكی بێده‌نگ و به‌ربڵاوه له هه‌رێمی كوردستان.
ڤایرۆسی جگه‌ر به پێنج شێوه و روخساری جیاوازه‌وه هه‌ڕه‌شه له مرۆڤایه‌تی ده‌كات، ساڵانه ١٣٠ ملیۆن كه‌س تووشی ڤایرۆسی جگه‌ر ده‌بن و نیو ملیۆن كه‌سیش ده‌كوژێت، له هه‌رێمی كوردستان حكومه‌ت ده‌رمان بۆ چاره‌سه‌رکردنی توشبووانی ئه‌م ڤایرۆسه ناكڕێت و ده‌ڵێت پاره‌ی زۆری پێویسته و چاره‌سه‌ری گرانه، هیچ هه‌ڵمه‌تێكیش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نابیندرێت.
لە جیهان ساڵانه ١٣٠ ملیۆن كه‌س تووشی ڤایرۆسی جگه‌ر ده‌بن و نیو ملیۆن كه‌سیش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە دەمرن
جگه‌ر ئۆرگانێكی زۆر گرنگی له‌شی مرۆڤه، ئه‌گه‌ر دووچاری په‌ككه‌وتن ببێت، كه‌سی توشبوو له ٤٨ كاتژمێر زیاتر ناتوانێت بژی، كێشی جگه‌ر هەزار و٥٠٠ گرامه، هەزار و ٥٠٠ كار و فه‌رمانیشی هه‌یه، ٥٠٠ له‌و كارانه‌ی جگه‌ر ده‌یكات زۆر گرنگه. ڤایرۆسی جگه‌ر رێگه نادات جگه‌ر فه‌رمانه‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات، تا ده‌گاته پرۆسه‌ی به مۆم بوون و به به‌ردبوونی جگه‌ر، كه به مه‌رگی نه‌خۆش كۆتایی دێت، ئه‌گه‌ر بێتوو پێشوه‌ختە پرۆسه‌ی چاندنه‌وه ئه‌نجام نه‌درێت، كه به وته‌ی پسپۆران پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز‌و قورسه.
مه‌رگێكی بێده‌نگ و به‌ربڵاو له ده‌رگای هه‌رێمی كوردستاندا
ڤایرۆسی جگه‌ر به‌پێی شێوازه‌كانی گواستنه‌وه‌یان، بۆ پێنج جۆر پۆلێنكراون(ئه‌ی، بی، سی، دی، ئی) جۆری دووه‌م و سێیه‌میان(بی و سی) كوشنده‌ن و جۆره مه‌ترسیداره‌كه‌ن كه ئێستا له هه‌رێم سه‌رچاوه‌ی مردنێكی بێده‌نگن، ڤایرۆسی جۆری سی ته‌نانه‌ت كوتانیشی نییه، به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رێژه‌ی توشبوون به‌م دوو جۆره ڤایرۆسه له نێوان 1.5% تا ٢% ده‌بێت. جۆره‌كانی (ئه‌ی، ئی) هۆكاری سه‌ره‌كییان خواردن و ئاوی پیسه، ئه‌م دوو جۆره‌یان بێ مه‌ترسین، ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌مێننه‌وه له‌نێو له‌شی نه‌خۆشدا، جۆری دی پاشكۆی جۆری بی-ه، هه‌ركه‌سێك هه‌ڵگری جۆری بی بێت، ئه‌وا هه‌ڵگری جۆری دی-ش ده‌بێت.
هیوا ئه‌بوبه‌كر پسپۆری راوێژكار له نه‌خۆشییه‌كانی هه‌رس و جگه‌ر، یه‌كێك له‌و پزیشكانه‌یه كه له سلێمانی رۆژانه کلینیکه‌كه‌ی جمه‌ی دێت له‌و كه‌سانه‌ی توشی ڤایرۆسی جگه‌ربوون. به خه‌م و هه‌ستیارییه‌وه سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسی جگه‌ر بۆ په‌یسه‌ر دوا و وتی: " جۆری سی ڤایرۆسی جگه‌ر، له ئایدز مەترسیدارترە، ئه‌و ترسه‌ی له ئایدز هه‌یه، ده‌بوو له جۆری بی و سی ڤایرۆسی جگه‌ر هه‌بوایه، چونكه بكوژێكی بێده‌نگە ".
هیوا ئه‌بوبه‌كر ده‌ڵێت " گرفته‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌م نه‌خۆشییه بێده‌نگه و به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان پێی نازانن، واته ده‌كرێت نیشانه‌كانی ده‌رنه‌كه‌ون، بۆیه شه‌ش مانگ جارێك پشكنینی خوێن بۆ هه‌ركه‌سێك پێویسته".
له هه‌رێم، له هه‌ر ١٠٠ کەس کە پشكنینیان بۆ کراوە یه‌ك بۆ دوو كه‌س هەڵگری ڤایرۆسی جگه‌ر بوون
به‌پێی به‌داواچوونی مه‌یدانی په‌یسه‌ر له به‌شه‌كانی پشكنینی ڤایرۆسات له هه‌رێم، له هه‌ر ١٠٠ پشكنینێك یه‌ك بۆ دوو كه‌سی توشبوو به ڤایرۆسی جگه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وەش هاوتایه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاماره‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی باسی ده‌كات. به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی په‌یسه‌ر ده‌ستیكه‌وتوون، ساڵی ٢٠١٨ له پارێزگاری هه‌ولێر ٣٩٥ حاڵه‌تی دوو جۆره مه‌ترسیداره‌كه‌ی ڤایرۆسی جگه‌ر تۆماركراون، له ٢٠١٩ش، ٤٢ حاڵه‌ت تۆماركراون. له سلێمانی له‌مساڵدا تا ئێستا چوار هه‌زار و ٣٩٨ كه‌س سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌كانی تایبه‌ت به جگه‌ریان كردووه و ساڵی رابردووش ئه‌و ژماره‌یه سه‌روو نۆ هه‌زار و ٥٠٠ بووە.
فاخر هه‌ركی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ته‌ندروستی هه‌ولێر دەڵێت، ئه‌وان رێنماییی خۆیان هه‌یه و به وردی چاودێری شوێنه‌كان ده‌كه‌ن، به تایبه‌ت کلینیکه‌كانی ددان، داواشی كرد هاوڵاتیان له كاتی نه‌شته‌رگه‌ری یاخود چوونیان بۆ کلینیکه‌كانی ددان، خۆیان داوای پشكنینی ڤایرۆسات بكه‌ن و پرسیاری ئامێری پاككردنه‌وه بكه‌ن له پزیشكه‌كه.
سه‌رچاوه زۆره‌كانی تووشبوون
لە به‌دواداچوونه‌كانی په‌یسه‌ر، بۆ کلینیکه پزیشكییه‌كان، به‌شه‌كانی پشكنینی ڤایرۆسات، نه‌خۆشخانه‌كان، بانكی خوێن، ده‌رکەوت سه‌رچاوه‌كان و هۆكاره‌كانی توشبوون زۆر و زه‌به‌ندن، حكومه‌تیش ده‌ستكورته له كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌و سه‌رچاوانه.
رێگە سه‌ره‌كییەکانی گواستنه‌وه‌ی دوو جۆره مه‌ترسیداره‌كه‌ی ڤایرۆسی جگه‌ر، خوێن و كه‌ره‌سته پزیشكییه‌كان و سێكس-ه. بە گوته‌ی هیوا ئه‌بوبه‌كر کلینیکه نایاساییه‌كان، شوێنه‌كانی مه‌ساج، كه‌ڵه‌شاخ، شوێنی ده‌رزی لێدانی نایاسایی، کلینیکه‌كانی ددان، شوێنه‌كانی سێكسكردن، شوێنه‌كانی تاتۆ، مه‌له‌وانگه‌كان، سه‌رتاشخانه‌كان، ئه‌و چێشتخانانه‌ی پشكنین بۆ شاگرده‌كانیان ناكرێت، زیندانه‌كان، نه‌خۆشخانه‌كان، سه‌رچاوه‌ی دوو جۆره مه‌ترسیداره‌كه‌ی ڤایرۆسی جگه‌رن".
به‌پێی رێنماییه پزیشكییه‌كان، ده‌بێت له کلینیکه‌كانی ددان ئامێری ئاوتۆکلینیک-ی تایبه‌ت هه‌بێت بۆ خاوێنكردنه‌وه، كه‌ره‌سته‌ی دووباره به‌كارنه‌هێندرێت بۆ نه‌خۆش، هه‌روه‌ها هه‌موو نه‌خۆشه‌كان پێشوه‌خت ده‌بێت پشكنینی ڤایرۆسییان بۆ بكرێت، به‌ڵام له كلینیکە‌كانی ددان ئه‌و رێنماییانه جێبه‌جێناكرێن. چه‌ند توشبوویه‌كیش له سلێمانی تۆماركراون كه له كلینیکه‌كانی ددانه‌وه تووشی ڤایرۆسی جگه‌ر بوون.
شوێنه‌كانی مه‌ساجكردن به‌تایبه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ی سێكسیان تێدا ده‌كرێت، هیچ چاودێری ته‌ندروستییان له‌سه‌ر نییه، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ڤایرۆسه‌كه‌ش سێكسه، مه‌له‌وانگه‌كان گرنگی به پشكنین ناده‌ن، شوێنه‌كانی كه‌ڵه‌شاخ ناكه‌ونه به‌ر چاودێری هیچ شوێنێك، به‌پێی به‌دواداچوونی په‌یسه‌ر به‌هۆی گرانی و كه‌می كه‌ره‌سته‌كان له نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی وه‌ك نازۆر و شۆردنه‌وه‌ی گورچیله‌ش ئامێری دووباره به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌یەکە بۆ تووشبوون به‌ڤایرۆسی جگه‌ر.
مه‌سعود عارف یاریده‌ده‌ری پزیشك، كه له نه‌خۆشخانه‌ی حكومی پشكنینی ڤایرۆسات بۆ نه‌خۆشه‌كان ده‌كات ده‌ڵێت، گرفتی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه هاوڵاتی هۆشیاری ته‌ندروستی نییه و گرنگی به پشكنین نادات.
پشكنینی ڤایرۆسات نرخی پێنج هه‌زار دیناره، له کلینیکه تایبه‌تەكانیش نرخی ١٥ هه‌زار دیناره. مه‌سعود پێی وابوو " بەرزبوونی نرخه‌كه‌شی هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆش پشكنینه‌كه نه‌كات، چونكه هه‌نێك جار به‌قه‌د چاره‌سه‌ری ددانه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام سه‌رنجم داوه ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی كه‌سێكیان به ڤایرۆسی جگه‌ر مردووه، ئێستا هه‌موویان خۆپارێزی ده‌كه‌ن و پشكنین ئه‌نجام ده‌ده‌ن".
نیشانه‌كانی ڤایرۆسی جگەر
هه‌ستكردن به ماندوێتی زۆر، سه‌رئێشه و تێكچوونی گه‌ده، تا، كه‌می ئاره‌زووی خواردن، ئازاری سك، تێكچوونی ره‌نگی میز، زه‌ردبوونی چاو و ره‌نگی پێست، ئازاری جومگه.
چاره‌سه‌رکردنی هه‌ر نه‌خۆشێك ٥٠ بۆ ٧٠ هه‌زار دۆلاری تێده‌چێت، كه دڵنیایی و گره‌نتیشی تێدا نییه
چاره‌سه‌ر
گرفتی گه‌وره‌ی ڤایرۆسی جگه‌ر كه‌می و گرانی چاره‌سه‌ره، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هیچ بڕه ده‌رمانێك بۆ توشبووان ناكڕێت، به وته‌ی ئه‌و پزیشكانه چاره‌سه‌ری هه‌ر نه‌خۆشێك ٥٠ بۆ ٧٠ هه‌زار دۆلاری تێده‌چێت، كه دڵنیایی و گره‌نتیشی تێدا نییه.
خالس قادر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بە په‌یسه‌ری وت: " شه‌ش ملیار دیناریان بۆ كڕینی ده‌رمان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وان پێویستیان به ١٠ ملیاره"، هۆكاری نه‌بوونی هه‌ڵمه‌تی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانیشی بۆ قه‌یرانی دارایی گه‌ڕانده‌وه. ئه‌و پێی وایه، رێژه‌كه به‌وجۆره‌ش مه‌ترسیدار نییه، به‌وپێیه‌ی 2% تێناپه‌ڕێنێت.
خۆپارێزی
هه‌ندێك رێگا گرنگن بۆ خۆپارێزی وه‌ك كوتان پێش توشبوون، به‌كارنه‌هێنانی ده‌رزی نیدڵی به‌كارهاتوو، به‌كارهێنانی ده‌ستكێش له‌كاتی كاركردن له نه‌خۆشخانه، به‌كارنه‌هێنانی كه‌لوپه‌لی كه‌سانی دیكه به تایبه‌ت فڵچه‌ی ددان، پشكنینی خوێن شه‌ش مانگ جارێك.
مه‌ترسی نه‌خۆشییه‌كه زۆر زیاترە له مه‌ترسییه‌كانی ئایدز، کەچی حكومه‌ت هیچ هه‌وڵ و جوڵه‌یه‌كی نییه بۆ پێش‌گرتن لە تەشەنە سەندنی ڤایرۆسەکە، لە ئێستادا لانیکەم پێویستە هه‌ڵمه‌تێکی گه‌وره بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان هەبێت، پێش ئه‌وه‌ی وه‌ك په‌تایه‌كی كۆمه‌ڵكوژ ژیان له هه‌زاران خه‌ڵكی دیكه بسه‌نێته‌وه.