ڕاپۆرتی کوردستانی

04:32 - 23/07/2019

"ناهێڵم ڕووفاتی كه‌سوكاره‌كه‌م بۆ كوردستان بهێنرێته‌وه‌"‌

پەیسەر

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ، له‌ بیابانه‌كانی پارێزگای سه‌ماوه‌ كه‌ گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ناوچه‌ی شێخه‌  كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری عێراقه‌وه‌، چه‌ند گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ هه‌ڵدرانه‌وه‌ و دوای پشكنین بۆیان ده‌ركه‌وت هه‌موو ئه‌و ڕوفاتانه‌ كوردن و له‌ كاتی كاره‌ساتی به‌دناوی ئه‌نفال كراون به‌ ژێر خۆڵه‌وه‌. كه‌سێك له‌وانه‌ی كه‌ له‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ ڕزگاری بووه‌، ته‌یموری ئه‌نفاله‌. ئێستا ئه‌و گله‌یی له‌ میكانیزمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان هه‌یه‌ و پێی وایه‌ غه‌در له‌ میله‌تی كورد كراوه‌.

ته‌یمور عه‌بدوڵا  كه‌ ناسراوه‌ به‌ تاقانه‌كه‌ی ئه‌نفال له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ به‌ په‌یسه‌ر پرێسی ڕاگه‌یاند" ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ی سه‌ماوه‌، 110 كه‌س كه‌سوكاری منی تێدایه‌. له‌ كوێی دونیا بووه‌ منێك كه‌ تاقه‌ ڕزگاربووی ناو ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ بووم، ئاگام له‌ چۆنیه‌تی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕی كه‌سوكاره‌كه‌م نه‌بێت؟ هه‌ر من نه‌بووم یه‌كه‌مجار ساڵی 1991 به‌ هه‌موو گه‌لانی جیهانم گوت كورد ئه‌نفال و قه‌تڵوعام كراوه‌؟"

 ته‌یمور ده‌ڵێت" به‌ نیازم ئه‌م ماوه‌ خۆم بگه‌ڕێمه‌وه‌ و پاسه‌وانی گۆڕی كه‌سوكاره‌كه‌م بكه‌م. چونكه‌ تاوه‌كو من مابم مافی گۆڕی كه‌سوكاره‌كه‌م له‌ ئه‌ستۆی مندایه‌. ئه‌گه‌ر ڕوفاته‌كانیش بهێنرێنه‌وه‌ من ناهێڵێم بیانهێنه‌وه‌. چونكه‌ خاكی پیرۆزی كوردستان چه‌ندین جاش و مسته‌شار و خۆفرۆشی تێدایه‌. باوه‌ڕم وایه‌ تاوه‌كو ئه‌و جاش و خۆفرۆشانه‌ له‌ كوردستان بن، خاكی كوردستان گڵاو بووه‌."

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی دۆزینه‌وه‌ی ڕووفاته‌كان ته‌یمور ده‌ڵێت" ساڵی 2009 به‌ ڤیدیۆ تۆمارم كردووه‌، كه‌ چووم بۆ گوندی ئالعشێم كه‌ منیان ڕزگاركرد و وه‌كو كوڕی خۆیان په‌روه‌رده‌یان كردم. له‌وێ له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سایه‌تی به‌ره‌و شوێنی گولـله‌بارانكردن و  به‌ خۆڵ شاردنه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌م رۆیشتم. دوای گه‌ڕانه‌وه‌م كاسێتی ڤیدیۆی دابه‌ كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بڵاویان نه‌كرده‌وه‌. دواتریش چوومه‌ لای وه‌زیری شه‌هیدان وئه‌نفالكراون زۆر به‌ ئاسایی بابه‌ته‌كه‌ی وه‌رگرت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر من یه‌كێك بوومایه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌دناوی هۆڵۆكۆست ڕزگاری بووبێت حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا چیان ده‌خسته‌ به‌رده‌ستی؟ تاوه‌كو هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ به‌ ئه‌رشیف بكات؟"

عارف قوربانی كه‌ نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری بواری ئه‌نفاله‌ سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تی ته‌یمور ده‌ڵێت" ته‌یموری‌ ئه‌نفال له‌ناخه‌وه‌ برینداره‌، كه‌سێكه‌ له‌ رووی‌ ده‌رونییه‌وه‌ ئازارو ژانێكی‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵی‌ ده‌ژی‌. ته‌یمور ئه‌و شه‌وه‌ی‌ له‌ تاریكی‌ بیابانه‌كان به‌ به‌رچاویه‌وه‌ خوشك و دایك و كه‌س وكاره‌كه‌یان گولله‌بارانكرد، ئه‌وه‌ ماوه‌ی‌ 26 ساڵه‌ هه‌موو شه‌وێكی‌ لێده‌بێته‌وه‌ ئه‌و چركه‌ساتانه‌، ره‌نگه‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ ئه‌م كوڕه‌ 26 ساڵه‌ شه‌وان ناتوانی‌ بنوێت و به‌تاقی‌ ته‌نیا تا به‌ری‌ به‌یانی‌ و تا ئه‌و كاته‌ی‌ خودا رۆژ ده‌كاته‌وه‌، به‌ ته‌نها دا ئه‌نیشێ‌ و ئازار بۆ ئازیزانی‌ ئه‌چێژێت، ده‌مه‌وبه‌یان چاوی‌ ده‌چێته‌ خه‌و. من به‌ حوكمی‌ نزیكیم ئه‌وه‌ ده‌زانم كه‌ ته‌یمور ته‌نها له‌ رۆژدا ده‌توانێ‌ بنوێت. بێگومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر باره‌ ده‌روونییه‌كه‌ی."

ته‌یمور داخ بۆ ئه‌وه‌ ده‌خوات " ئه‌وكه‌سانه‌یه‌ی ژیانی ئێمه‌یان فه‌وتاند، ئێستا له‌ كوردستان ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌ و له‌ چه‌ندین وه‌زاره‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان موچه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌. ته‌نانه‌ت دیوه‌خانانه‌یان پێده‌درێت، له‌ كاتێكدا نزیكه‌ی 400 كه‌س له‌وانه‌ له‌ لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقه‌وه‌ داواكراون."

رۆژی 12ی نیسانی 2019 میدیاكانی عێراق وایان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵه‌ی كورده‌كان له‌ سه‌ماوه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌. عارف قوربانی سه‌باره‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ ده‌ڵێت" ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە ئەو شوێنەیە کە تەیموری ئەنفال بەبرینداری تیایدا رزگاری بووە و بەشی زۆری ئەو رووفاتانەی ناو گۆڕە بە کۆمەڵەکە، خوشک و دایک و کەسوکاری تەیمور و گەرمیانیەکانن".

عارف قوربانی‌ نوسه‌ری‌ كتێبی‌ (ته‌یمور، تاكه‌ رزگاربووی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی ژن و مناڵه‌ ئه‌نفالكراوه‌كان)، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: "تەیمور ھەمیشە تەئکیدی دەکردەوە کە دەتوانێ بچێتەوە شوێنی بەکۆمەڵکوشتنەکەیان، ساڵی 2009 ھەڤاڵ مام جەلال تیمێکی لە سکرتاریەتی بەڕێزیان لەگەڵ تەیمور ناردە سەماوەو بە ھاوکاری بنەمالەی ئالعێشم ئەو خێزانەی چەند ساڵێك تەیموریان لەخۆگرتبوو، تەیمور گۆڕی کەسوکارەکەی دۆزییەوە.ئێستا ئەو گۆرەی دەوترێت تازە دۆزراوەتەوە پێش 10 ساڵ دۆزراوەتەوە، لە کتێبەکەی تەیمور بەدرێژیی ئەو باسەی تیایە".

زیا کەریم، بەرپرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق،  به‌ ناس كوردی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌  ئاگاداری ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ ڕزگاربوویەکی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە  لە ژیاندا ماوە و ناوی "ته‌یمور"ه‌.  جەختیش دەکاتەوە کە دواى ئەوەى زانیوویەتى پەیوەندى بە تەیمورەوە کردەوە و داواى لێکردووە  ئامادەی مەراسیمی هەڵدانەوەکە بێت، بۆ ئەو مەبەستەش  ماوەی چوار ڕۆژ هەڵگرتنی ڕوفاتەکانیان دواخستووە و لە ئێستادا تەنها کنە و پاکردنەوەی چوارچێوەی گۆڕەکەیان دەست پێکردووە.