ڕاپۆرتی کوردستانی

07:06 - 22/07/2019

ئۆپۆزسیۆن له‌هه‌رێمى كوردستان ونه‌‌

پەیسەر

ته‌مه‌نى خولى نوێى په‌رله‌مانى كوردستان پێى ناوه‌ته‌ ١٠مانگه‌وه‌، حكومه‌تیش دواى مشتومڕى زۆر پێكهات، هێشتا لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن پێكنه‌هاتوون و پرۆژه‌و روئیاى هاوبه‌شیان نییه‌، ٢١كورسى چوار لایه‌نى ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌مانى كوردستان، تاكوته‌را خه‌ریكى جموجوڵن و كزدیارن.

له‌ ١٠ساڵی رابردوودا، زۆربه‌ى كات هه‌ر سێ لایه‌نى گۆڕان، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، به‌ره‌یه‌كى ئۆپۆزسیۆنیان درووستكردبوو، كه‌ له‌زۆربه‌ى هه‌ڵوێسته‌كان، له‌ زۆر قۆناغدا پێكه‌وه‌بوون، پاكێجى چاكسازییان ئاماده‌كردوو پێكه‌وه‌ خۆپیشاندانیان رێكخست، ئه‌وه‌ش فشارى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروستكردبوو. به‌ڵام ئێستا لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان نه‌ سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌، نه‌ پاكێج و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش بۆ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌شى پێشكه‌شى په‌رله‌مان ده‌كرێت، هه‌رلایه‌نێكى ئۆپۆزسیۆن به‌جیا پرۆژه‌ پێشكه‌شده‌كات.

په‌رله‌مانتارانى ئۆپۆزسیۆن بۆخۆیان دان به‌وه‌داده‌نێن، كه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌م خوله‌ كاریگه‌رى ئه‌وتۆى نییه‌و لاوازه‌، ئه‌وه‌ش بۆ كه‌مى ژماره‌ى كورسییه‌كانیان ده‌گێڕنه‌وه‌. به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن له‌م خوله‌ شه‌قامیش نابینرێت، شه‌قامه‌كان خاڵین له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى.

سه‌رچنار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو، بۆ په‌یسه‌ر گوتى، هیچ شتێك بۆ كارى هاوبه‌شى ئۆپۆزسیۆن له‌نێوان فراكسیۆنه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كاندا باسنه‌كراوه‌،"هیچ پرۆژه‌یه‌كمان نییه‌ بۆ كارى هاوبه‌ش، به‌ڵام رێگرى نییه‌ له‌داهاتوودا به‌ره‌یه‌كى ئۆپۆزسیۆنمان هه‌بێت، به‌ بۆچوونى من زۆر گرنگه‌ ئۆپۆزسیۆن پێكه‌وه‌بن".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كگرتوو ده‌ڵێت، ئه‌داى ئۆپۆزسیۆن له‌م خوله‌ به‌هێزنییه‌،"ئه‌داى ئۆپۆزسیۆن له‌ ئاستى پێویستدا نییه‌و ده‌كرێت باشتر بێت، ئه‌داى كارمان هه‌موومان نزیكه‌ له‌یه‌كتر و مه‌نهه‌جمان یه‌ك شته‌". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ جیاوازى سیاسیى حزبه‌كان رێگربێت له‌ پێكه‌وه‌بوونى فراكسیۆنه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان،"له‌وه‌ده‌چێت هه‌ندێك جیاوازى هه‌بێت، سیاسه‌تى حزب كاریگه‌رى له‌سه‌ر سیاسه‌تى فراكسیۆنه‌كه‌ى و په‌رله‌مانتاره‌كانى ده‌بێت، به‌ڵام به‌ گشتى كارمان لێك نزیكه‌".

ژماره‌ى كه‌م و كاریگه‌رى بچوك
له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان چوار لایه‌نه‌كه‌ى ئۆپۆزسیۆن  خاوه‌نى ٢١ كورسى په‌رله‌مانن، لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانى حكومه‌ت، پارتى، یه‌كێتى، گۆڕان، پێكهاته‌كان، سۆسیالست، خاوه‌نى ٩٠كورسى په‌رله‌مانن. مه‌م بورهان قانع ئه‌ندامى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌ڵێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ژماره‌یان كه‌مه‌، بۆیه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان لاوازه‌.

مه‌م بۆ په‌یسه‌ر گوتى،"ئاگادارى هیچ پرۆژه‌یه‌كى هاوبه‌ش نیم، وه‌ك و هاوڕێیه‌تى و هاوپیشه‌یى، پێكه‌وه‌ین و سڵاومان هه‌یه‌ و مه‌رحه‌باییمان هه‌یه‌، ره‌نگه‌ له‌ ده‌نگدان یاخود ده‌نگنه‌دان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك بابه‌ت بۆچوونمان له‌یه‌ك نزیك بێت، به‌ڵام یه‌ك پرۆژه‌ى یه‌كگرتوو نییه‌ بۆ كارى ئۆپۆزسیۆن".

ئه‌وپه‌رله‌مانتاره‌ى نه‌وه‌ێ نوێ پێى وایه‌، به‌گشتى له‌نێو په‌رله‌مان،"جۆرێك له‌په‌رتى و روئیاى جیاواز هه‌یه‌ له‌نێوان فراكسیۆنه‌كان، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش هه‌وێنى ئه‌و ناسازییه‌ بێت. پێم وایه‌ پێویست ئه‌كات ئه‌وانه‌ى روئیاو بۆچوونیان نزیك بێت، ئۆپۆزسیۆن له‌م خوله‌ لاوازه‌ به‌پێى ژماره‌ى كورسییه‌كان پێگه‌ى به‌ ژماره‌ى كورسییه‌".

كۆمه‌ڵ به‌نیازى پێشكه‌شكردنى پرۆژه‌یه‌
كۆمەڵی ئیسلامی پرۆژەیەكی ئامادەكردووە، بۆ كاری پێكەوەیی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێم و بۆ ئەو مەبەستەش ده‌یه‌وێت، له‌گه‌ڵ، نه‌وه‌ى نوێ، یه‌كگرتوو و شیوعى گفتوگۆى له‌سه‌ربكات. بەپێی پرۆژەکە بۆ هەموو پرۆژە و بڕیارەكان هاودەنگ و هاوهەڵوێست دەبن و كۆبوونەوەی خولییان دەبێت.

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى لە پەرلەمانی کوردستان بۆ په‌یسه‌ر گوتى، تائێستا به‌فه‌رمى وه‌ك پرۆژه‌ نه‌یانخستووه‌ته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام وه‌ك بیرۆكه‌ هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا به‌فه‌رمى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان باسى ده‌كه‌ن، پێشوه‌ختیش قسه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى باشیان هه‌بووه‌. 

كۆمه‌ڵ دره‌نگ نیازى خۆى بۆ ئۆپۆزسیۆنبوون یه‌كلاكرده‌وه‌، پێده‌چێت له‌رێگه‌ى ئه‌م پرۆژیه‌وه‌، بیه‌وێت قه‌ره‌بووى ئه‌و ماوه‌بكاته‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن به‌لادا نه‌كه‌وتبوو، به‌ڵام هێشتا روون نییه‌ پرۆژه‌كه‌ چۆن ده‌كه‌وێته‌ رووناكى و چه‌ندى لێ جێبه‌جێده‌كرێت و چه‌ند كاریگه‌رى ده‌بێت.

ئۆپۆزسیۆنێكى ون
له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، تێكڕاى فراكسیۆنه‌كان باس له‌ چاكسازى ده‌كه‌ن، خه‌ریكه‌ گوتارى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات تێكه‌ڵ ده‌بێت، به‌جۆرێك لایه‌نه‌كانى به‌شدار له‌ حكومه‌ت زۆرتر ده‌رده‌كه‌ون و باسى گه‌نده‌ڵى و پێویستى ئه‌نجامدانى چاكسازى ده‌كه‌ن، له‌نێو ئه‌و هه‌موو گوتاره‌دا گوتارى تاكوته‌راى ئۆپۆزسیۆن كزه‌و رۆڵى ئۆپۆزسیۆنیش وه‌ک به‌رهه‌ڵستكارى ده‌سه‌ڵات ونه‌.

فراكسیۆنه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ئه‌گه‌رچى روئیایان لێك نزیكه‌، به‌ڵام ساردوسڕى سیاسى نێوان حزبه‌كانیان رێنادات نێوان په‌رله‌مانتاره‌كان گه‌رم بێت، له‌ كاتى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردن یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ ناوبه‌ناو دژى یه‌ك گوتاریان ده‌دا و هه‌ڵمه‌تى راگه‌یاندنیان هه‌بوو، نه‌وه‌ى نوێ-ش له‌ میدیاكه‌وه‌ ره‌خنه‌ى توندى له‌هه‌موولایه‌نه‌كان ده‌گرت و هه‌موویانى بێ جیاوازى خه‌تابارده‌كرد، ئه‌وه‌ش وایكرد نێوان ئۆپۆزسیۆن په‌رتوشپرزبێت، شیوعیش جگه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆنبوون له‌په‌رله‌مان هیچ باگراوندێكى مێژوویى و ئایدۆلۆژى به‌ ئیسلامییه‌كانیه‌وه‌ گرێى ناداته‌وه‌، به‌و هه‌موو جیاوازى و ساردوسڕییه‌ى كه‌ هه‌یه‌ پێناچێت وازوو ئۆپۆزسیۆن پێكبێن یاخود له‌سه‌ر هێڵێكى هاوبه‌ش پێكه‌وه‌بن، كاربكه‌ن و كاریگه‌رییان هه‌بێت، تا ئێستا لایه‌نه‌كان ده‌سه‌ڵات یه‌كگرتووتر ده‌بینرێن وه‌ك له‌لایه‌نه‌كان ئۆپۆزسیۆن.