ڕاپۆرتی کوردستانی

02:06 - 10/12/2018

دووجار شكستی هێناوه‌
ئاكه‌په‌ ده‌یه‌وێت به‌سه‌ر قه‌ڵای ئامه‌دا سه‌ربكه‌وێت‌

پەیسەر

دوای دانانی "قایوم" لەسەر شارەوانی گەورەی ئامەد، (ئاكەپە – پارتی داد و گەشەپێدان) چاوی لێیە ئەمجارە لە رێگای هەڵبژاردن و دەنگدان سەرۆكایەتی ئەم شارەوانیەیە بەدەست بێنێت. كارساز، پیشەوەر و سیاستەمەدارانی ئامەد سەركەوتنی (ئاكەپە) بە مەحاڵ دەزانن. سیاسەتمەدارێكی كوردیش دەڵێت:" ئەگەر ئاكەپە ئەردۆغانیش بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەی ئامەد كاندید بكات، ناتوانێ ئەنجامەكە بگۆڕێت". 

قایووم بەو كەسە دەگووترێت كە لەلایەن دەوڵەت بۆ سەرپەرشتیكردنی دەزگایەكی گشتی یان كۆمپانیایەك دادەنرێت كە گومانی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی لەسەر بێت و بە رەزامەندی دادگا دادەنرێت و دەسەڵاتەكەی كاتیە. 

لە یاسای سزای توركدا ئاماژە بە دانانی قایووم كراوە و بارودۆخی دانانی قایوومیش دەستنیشانكراوە.  بەڵام لە دوای 2016 بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەكانی سەر بە (هاداپ – پارتی دیموكراتی گەلان) و كۆمپانیاكانی سەر بە بزوتنەوەی گولەن یاسای قایووم بە ژمارە 674 لە 4 ئەیلولی 2016 هەموار كرایەوە. لەدوای ئەم بەروارە لە كۆی 106 شارەوانی سەر بە هاداپ 94 شارەوانی قایوومی بۆ دانراوە. هەروەها 58 سەرۆك شارەوانی سەر بە هاداپ لە ئێستادا لە گرتووخانەكان دانە. 

بڕیارە لە 31 ئاداری 2019 هەڵبژاردنی شارەوانی (هەڵبژاردنە هەرێمیەكان) ئەنجام بدرێت، كە لە كاتی ئاساییدا هەر چوار ساڵ جارێك دەكرێت. ئاكەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئامەد " جومالی ئاتیلا " ی كاندید كردووە، كە شوێنی گولتان كیشاناك سەرۆكی پێشووی شارەوانی ئامەد لە رێگای دانانی قایووم كرایە سەرۆك شارەوانی.

هەندێك لە چاودێر و سیاسەتمەداران پێیانوایە كاندیدكردنی جومالی كاری ئاكەپە زەحمەتتر دەكات. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009 ئاكەپە پەرلەمانتاری پێشووی پارتەكەی "قوتەبەدین ئاروز" كاندید كرد و بووە ركابەری "عوسمان بایدەمیر" كاندیدی (دەتەپە – پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی) لە ئەنجامدا بایدەمیر بە بەدەستهێنانی 65% دەنگەكان سەركەوت بەسەر كاندیدەكانی ئاكەپە. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 بەهەمان شێوە ئاكەپە جارێكی دیكە "قوتەبەدین ئاروز" كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ئاكەپە كاندید كردەوە، بەڵام ئاروز ئەمجارەش لە بەرامبەر ژنە پەرلەمانتاری پێشووی كورد " گولتان كیشاناك" بە 55.1% بەرامبەر بە 35% شكستی خوارد. 

سەرەڕای هەردوو شكستەكەش هێشتا ئەردۆغان خولیای بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی ئەم شارەوانیەیە

سەرەڕای هەردوو شكستەكەش هێشتا ئەردۆغان خولیای بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی ئەم شارەوانیەیە. دواجار لە 20 تشرینی یەكەمی 2018 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا بۆ كردنەوەی پڕۆژەی یاریگایەكی نوێ سەدرانی ئەم شارەی كرد و لە قسەكانیدا كە مەبەستی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی گشتی توركیا بوو كە لە ئامەد كە پارتەكە (ئاكەپە)  21% دەنگەكانی بە دەستهێانبوو ، گازاندەی لەخەڵكی شارەكە كرد و گووتی:" پێویستە لە بەرامبەر ئەو وەبەرهێنان و رەنجەی لەم شارە خەرجمان كردووە دەستكەوتی زۆر زیاترمان هەبووایە". هەروەها گووتی :" وەرن با مزگینی قۆناخێكی نوێ لە ئامەد رابگێنین" بەمەش سووربوونی خۆی لەسەر بردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی لەم شارەدا راگەیاند. 


سەردار بوداق سەرۆكی ئاكەپە لە ئامەد لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) سووربوونی پارتەكەی لەسەر بردنەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی ناشارێتەوە و دەڵێت:" 22 مانگە شارەوانی گەورەی ئامەد لەلایەن قایووم بەڕێوەدەچێت. ئەو خزمەتەی بە 19 ساڵ نەكراوە، بە 19 مانگ كردوومانە. هاووڵاتیان لە خزمەتگوزاری شارەوانی زۆر رازین. هیوادارم ئەو رازیبوونە رەنگدانەوەی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن هەبێت". 

چاوەڕێ دەكرێت بەتایبەتی لەم شارە كوردیانەی لە شوێنی شارەوانیەكانی (هاداپ) – پارتی دیموكراتی گەلان) قایووم دانراوە، كێبڕكێی نێوان ئاكەپە و هاداپ بگاتە لوتكە. دەسەڵاتی ئاكەپە خوازیارە لەو شار و شارۆچكانەی قایووم دانراوە سەركەوتن بەدەستبێنێت و گورزێكی جەرگبڕ لە سیاسەتی هاداپ بدات. لەلای خۆشیەوە هاداپ هەوڵدەدات، سوود لە كاردانەوەی خەڵكی لەدژی قایووم وەربگرێت و لەجاران بە هێزتر بێتەوە مەیدان. لەبەر ئەمەش هەڵبژاردنی 31 ئاداری 2019 لە هەڵبژاردنە هەرێمیەكانی رابردوو بە گرنگتر وەسف دەكات. نەجدەت ئیپەكیوز، پەرلەمانتاری هاداپ لەم بارەیەوە بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت:" بەرنامەمان هەیە، هەموو ئەو شارەوانیانە بەدەستبێنینەوە كە بە دانانی قایووم لەدەستیان دەرهێناوین. بۆ ئەمەش پشتمان بە جەماوەر و دەنگدەر قایمە". 

ئەگەر چی ئاكەپە تەنیا باسی پڕۆژەكانی دەكات و پێیوایە خزمەتگوزاری باشی پێشكەش كردووە، بەڵام دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆك شارەوانی قایووم جومالی ئاتیڵا 292 كارمەندی فەرمی و 184 كارمەندی گرێبەستی لە شارەوانی دوورخستەوە، لەجێگای كارمەندانە دوورخراوەكانیش، كەسانی سەر بە ئاكەپەی دامەزراند. 

جگە لەوەی دەستكاری زۆربەی پێكهاتەكانی ناو دەزگاكانی شارەوانی ئامەد كرد. هەروەها لەبەردەم دەرگای شارەوانی گەورەی ئامەد بنكەی پۆلیسی دروستكرد، هامەڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازی جێگیركرد. هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی بۆ یەكەم جار پۆلیسی دەستیكرد بە پشكنینی ئەو كەسانەی بۆ رایكردنی كاروبارەكانیان دەچنە ناو باڵەخانەی شارەوانی. كە ئەمەش تەواو پێچەوانەی نەریت و یاساكانی دەسەڵاتی خۆجێییە. 

پارێزەر جیهان ئایدن سەرۆكی ژووری پارێزەرانی ئامەد، پێیوایە دانانی قایووم لەلایەن ئاكەپە هاندەری هەرە گرنگە بۆ دەنگدان و دەنگنەدان بە ئاكەپە. لەمبارەیەوە بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت:" ئاكەپە لە ئامەد قایوومی داناوە، بۆیە هەڵبژاردنی شارەوانی دەبێتە راپرسی. تیایدا دەنگدەر لە بارەی سیاسەتی قایوومدانان دەنگ دەدات كە ئایا ئەم سیاسەتە راستە یان ناڕاستە". هەروەها دەڵێت:" بانگەشەی ئەوە ناكەم كە قایووم خزمەتی باشی كردووە، شتێكی بەم شێوەیە نیە وەكو بانگەشەی بۆ دەكەن. لەگەڵ ئەوەش هەڵبژاردنی شارەوانی بۆ ئامەد و كورد تەنیا پەیوەست نیە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری. لەمە گرنگتر مەسەلەی دیموكراسی و كێشەی نوێنەرایەتی هەیە. ئایا دیموكراسی بەرقەرار بووە، ئایا پڕەنسیپی نوێنەرایەتی جێبەجێكراوە؟ ئەمە ئاراستەی دەنگدەر دیاری دەكات ئەمەیە نەوەكو خزمەتگوزاری. خەڵكی ئامەد و زۆرینەی كورد دەنگ بۆ دیموكراسی و ئازادی دەدات". 

لەگەڵ باسكردنی پڕۆژە و خزممەتگوزاریەكان، ئاكەپە بانگەشە دەكات كە هاداپ خزمەتی بە هاووڵاتیان نەكردووە، شارەوانی بۆ مەرامی دیكە بەكارهێناوە. بەڵام بەشێك لە ئامەدیەكان ئەم بانگەشەیە رەتدەكەنەوە و پێیانوایە كەموكوڕی شارەوانیەكانی هاداپ بەهۆی ئەو ئاستەنگانەبووە كە ئاكەپە دروستیكردووە. یەكێك لەو كەسانەی بانگەشەی ئاكەپە رەتدەكاتەوە، "بورچ بایساڵ" سەرۆكی رێكخراوی كارساز و پیشەوەرانی ئامەدە. ئەو تایبەت بە (پەیسەر پرێس) دەڵێت:" سەرۆكایەتی شارەوانی بۆ ماوەی 6 – 7 لەدەستی هاداپدا بوو. ئەگەر بەراوردێك لەگەڵ ساڵانی پێشتر بكەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی لەسایەی شارەوانیەكانی هاداپ ژێرخانی خزمەتگوزاری لە ئامەد دروستكرا، چەندین پارك و سەوزایی بونیادنرا. لە رووی ئاوەدانكردنەوەی و كێشەی نیشتەجێبوون شارەوانیەكانی هاداپ – بەدەپە خزمەتی زۆریان كردووە. ئەو هەموو خزمەتەی پارتێكی سیاسی كردوویەتی شایانی ئەوە نیە بە خزمەتی یەك ساڵ و نیوی رابردوو بەراورد بكرێت. پێموانیە ئەم لێكدانەوەیە راست بێت كە دەڵێن ئێمە خزمەتی باشترمان لە هاداپ كردووە". 

هەروەها سیاسەتمەدار زتكی زیلان، گوتەبێژی دەستپێشخەری ئازادی لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس)دا بانگەشەكانی ئاكەپە بە دوور لە راستی لەقەڵەم دەدات و دەڵێت:" شارەوانیەكانی هاداپ خزمەتی زۆریان كرد. ئاكەپە ئاستەنگی بۆ دروستكردن. ئاكەپە نەیهێشت فۆنی هاوكاری یەكێتی ئەوروپا بۆ شارەوانی ئامەد بەردەوام بێت. پڕۆژەی بەكارهێنانی زبڵ و خاشاك بە نیوەچڵی مایەوە، حكوومەت ئاستەنگی دروست كرد. شارەوانیەكانی سەر بە هاداپ لەژێر گوشاری ئەنقەرە و قەندیل دابوون". 

هەرچەندە تاوەكو ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە هاداپ كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەی ئامەد دیارنەكردووە، بەڵام ململانێكانی هەڵبژاردن تا دەێت گەرمتر دەبێت. هیواكانی ئاكەپە بەهێزتر دەركەون لە جاران، لە بەرامبەریشدا هاداپ سوورە لەسەر بەدەستهێنانەوەی ئەو شارەوانیانەی لە رێگای دانانی قایووم لەدەستیداوە. ئامەدیەكانیش پێیانوایە هەرچیەك بێت ئاكەپە ناتوانێ ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشوو لە ئامەد بگۆڕێت ئەمجارەش هاداپ دەیباتەوە.  

لەمبارەیەوە محەمەد سایان بەرپرسی (جەهەپە – پارتی گەلی كۆمار) لە ئامەد كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە دەڵێت:" ئەگەری گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئارادانیە. خەڵك دەڵێت (دانانی قایووم، لە شوێنی ئەو كەسانەی دەنگمان پێداون، حساب نەكردنە بۆ ئیرادەی میللەت). قایووم بە قیڕتاوكردن و دروستكردنی پارك ناتوانێ لە ئامەد سەركەوتن بەدەستبێنێت. پێویستە دەرگاكانی شارەوانی لەسەر پشت بن. بەڵام لە ئێستادا پۆلیس لەبەر دەرگای شارەوانی وەستاوە، پۆلیسخانە دروستكراوە. بەبێ پشكنین كەس ناتوانێ بچێتە ناو شارەوانی. پێویست ناكات لە خەڵكی خۆیان بترسن".
هەروەها زتكی زیلان لەمبارەیەوە دەڵێت:" ئەگەر ئاكەپە ئەردۆغانیش بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەی ئامەد كاندید بكات، ناتوانێ ئەنجامەكە بگۆڕێت".