ڕاپۆرتی کوردستانی

07:02 - 14/07/2019

كابینه‌ى وه‌زاره‌ته‌ له‌قاڵبدراوه‌كان‌

پەیسەر

درووستكردنى چه‌ند پۆستێكى باڵا، له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، رۆڵى وه‌زاره‌ته‌كان سنووردارده‌كات، پێده‌چێت ئه‌م خوله‌ خولى پۆسته‌ باڵاكان بێت، وه‌زاره‌ته‌كان چیدى هه‌ژموونى پێشوویان نه‌مێنێت. 

به‌رمه‌بناى رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كانى پێكهێنه‌ره‌كانى حكومه‌ت، له‌م خوله‌ دووجێگر بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كارده‌بن، كه‌پێشتر ته‌نها یه‌ك جێگر هه‌بوو، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌تیش بۆ كارووبارى چاكسازى، یه‌كێكى دیكه‌ له‌و پۆسته‌ باڵایانه‌یه‌ كه‌له‌م كابینه‌یه‌ دروستده‌كرێت، جگه‌له‌وه‌ش بڕیاره‌ سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان كه‌ له‌خولى پێشووى په‌رله‌مان یاساى بۆ ده‌رچوو، له‌م كابینه‌یه‌ له‌دایكبێت. 

چاوه‌ڕوانده‌كرێت یه‌كێك یاخود هه‌ردوو جێگره‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم، كارووبارى سه‌ربازى له‌ئه‌ستۆبگرن له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و ئه‌میندارێتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش سه‌رۆكى هه‌رێم خۆى سه‌رۆكى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌.

جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ كارووبارى سه‌ربازى، راسته‌وخۆ كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌داى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، رووبه‌رى ده‌سه‌ڵاتدارێتى به‌سه‌ر هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا فراوانتر ده‌بێت، بۆیه‌ش له‌م خوله‌ پێناچێت وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هه‌مان رۆڵى پێشووى بمێنێت، به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ژێر نه‌شته‌رى پرۆژه‌ى چاكسازى هاوپه‌یماناندایه‌و فشارى زۆر بۆ رێكخستنه‌وه‌ى هه‌یه‌.

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ چاكسازی

به‌پێى رێككه‌وتنى گۆڕان و پارتى، بڕیاره‌ له‌م كابینه‌یه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت یاریده‌ده‌رێكى بۆ كارووبارى چاكسازى هه‌بێت و پۆسته‌كه‌ش بۆ گۆڕان-ه‌، یاریده‌ده‌ره‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتى ده‌ستوه‌ردانى له‌كارووبارى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌بێت، به‌پێى رێككه‌وتنى هه‌ردوولا ده‌بێت ده‌ستكراوه‌بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى رۆتین و گه‌نده‌ڵى له‌ وه‌زاره‌ته‌كان.

پۆستی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ چاكسازی، واده‌كات وه‌زاره‌ته‌كان سه‌ربه‌خۆیى پێشوویان نه‌مێنێت، به‌تایبه‌تیش وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی، پێشمه‌رگه‌، پلاندانان، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌  و پیشه‌سازی و بازرگانی كه‌ به‌چڕی ده‌كه‌ونه‌ ژێر چاودێری یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كاروباری چاكسازی. ئه‌م پۆسته‌ش به‌شێكى دیكه‌ له‌رۆڵى پێشووى وه‌زاره‌ته‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌.

سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان

به‌پێی رێككه‌وتنی پارتی و گۆڕان، ده‌بێت سندوقی كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتیی و گازییه‌كان درووستبكرێت، ته‌واوی پاره‌ی نه‌وت و گازی فرۆشراو بێته‌ ئه‌و سندوقه‌وه‌، ئه‌وه‌ش رۆڵی وه‌زاره‌تی دارایی و سامانه‌سروشتییه‌كان سنووردار ده‌كات و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى ره‌هایه‌ى پێشتر وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان هه‌یبوو، وه‌ك خۆى نامێنێت، وه‌زاره‌تى داراییش ده‌بێت چاوه‌ڕوانى سندوقه‌کە بكات بۆ خه‌رجى و مووچه‌.

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان، پێى وایه‌ زیادكردنى به‌شێك له‌ پۆسته‌كان پێویست نییه‌و ئه‌و كارانه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌كانیش ده‌كرێت، به‌ڵام دروستكردنى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان به‌ گرنگ ده‌زانێت، به‌وپێیه‌ى سندوقه‌كه‌ له‌ژێر چاودێرى په‌رله‌مان ده‌بێت و هه‌نگاوێكى گرنگ ده‌بێت، به‌ ئاڕاسته‌ى شه‌فافكردنى كه‌رتى نه‌وت، ئه‌گه‌ر وه‌ك یاساكه‌ جێبه‌جێبكرێت.

هه‌ڵه‌دنى بۆ په‌یسه‌ر گوتى،"ئێمه‌ له‌هه‌رێمێكى چوار پارێزگایى و شه‌ش ملیۆن كه‌سیدا، نه‌ ٢٣ وه‌زاره‌تمان ده‌وێت، نه‌ ١١١ په‌رله‌مانتار، نه‌ ئه‌م هه‌موو پۆسته‌ جۆربه‌جۆره‌مان ده‌وێت، پێویستییه‌ك ئه‌و پۆستانه‌ى نه‌هێناوه‌ته‌بوون كه‌ زیادكراون، به‌ڵكو بۆ رازیكردن هه‌ندێك كه‌س و گروپ و ته‌كه‌تولى نێو حزبه‌كان ئه‌م پۆستانه‌ زیادكراون". هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى پارتى، بۆ په‌یسه‌ر گوتى، هێشتا زووه‌ باس له‌وه‌بكرێت كه‌ زیادكردنى پۆسته‌كان زیانى ده‌بێت یاخود سودیان ده‌بێت، چونكه‌ هێشتا ئه‌زموون نه‌كراوه‌. گوتیشى، له‌ماوه‌یه‌كى كورتدا سه‌رۆكى هه‌رێم جێگره‌كانى خۆى داده‌نێت.

جگه‌ له‌وه‌ش به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، پارتی و گۆڕان پێشتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون، كه‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی كارا بكه‌ن، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیره‌كان درووستده‌كات، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیره‌كاندا نییه‌ و پێشتر ئه‌نجامیانداوه‌.

چاودێرى په‌رله‌مانیى

په‌رله‌مانى كوردستان له‌ماوه‌ى رابردوو، رۆڵى لاوازى هه‌بووه‌ له‌ چاودێریكردنى وه‌زیره‌كان و سنورداركردنى ده‌سه‌ڵاتیان له‌چوارچێوه‌ى یاسادا. به‌شێك له‌رێككه‌وتنى گۆڕان و پارتى له‌سه‌ر چالاككردنى رۆڵى په‌رله‌مانه‌، به‌جۆرێك بتوانێت چاودێرى ده‌سه‌ڵاتى وه‌زیره‌كان بكات، ئه‌گه‌رچى ره‌خنه‌ى زۆر له‌سه‌ر پێكهاته‌و ئه‌داى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێبكرێت، وه‌زیره‌كان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ فراوانه‌ بێ چاودێرییه‌ى پێشوویان نامێنێت.

سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان

مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت، له‌ به‌شێكى زۆرى گوتارى ده‌ستبه‌كاربوونى كه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان خوێندییه‌وه‌، رووى ده‌مى له‌ وه‌زیره‌كان بوو، باسى له‌ رێكخستنه‌وەى خه‌رجى و ئیفادیش كرد، كه‌ وه‌ك پێشتر نامێنێت و به‌پێى پێویستى ده‌بێت.

مه‌سرور بارزانى ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌شى له‌سه‌ره‌، كه‌ تونده‌و كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌منییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ خۆى دەباتە نێو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، له‌یه‌كه‌م گوتاریشیدا گوتى، قبوڵى ناكات وه‌زیره‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ى به‌رنامه‌ى كارى حكومه‌ت كاربكه‌ن، یاخود حزبایه‌تى بكه‌ن له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران. په‌یامه‌كه‌ى توند بوو ئه‌گه‌ر به‌شێكیشى جێبه‌جێبكات به‌ركه‌وتنى له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كان ئه‌گه‌رێكى دوورنییه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر رۆڵ و ده‌سه‌ڵاتى وه‌زیره‌كان.

به‌پێى ئاماژه‌كان بێت رۆڵى وه‌زارەته‌كان له‌م خوله‌ له‌قاڵبدراو ده‌بێت، گرنگییان وه‌ك پێشوو نامێنێت، له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتى زۆرتر لاى ستافى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ده‌بێت، ئه‌و پۆسته‌ باڵایانه‌ش كه‌ دروستده‌كرێن، ده‌سه‌ڵاته‌كانیان له‌سه‌ر حسابى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌بێت، ئه‌گه‌رچى ئه‌و شێوازه‌ هێشتا نه‌كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رپێ، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تاوه‌ تێكه‌ڵى و پێكه‌ڵى پێوه‌ دیاره‌و پێده‌چێت له‌م خوله‌دا به‌رپرسیارێتى له‌نێوان به‌رپرسه‌كاندا به‌ ئاسانى ون ببێت.