ڕاپۆرتی کوردستانی

06:54 - 11/07/2019

ناوخۆى حزبه‌كان له‌سه‌ر كابینه‌ى نوێ ناسازێ‌

پەیسەر

پێده‌چێت ناوخۆى حزبه‌كان، سه‌رئێشه‌ى گه‌وره‌ى به‌رده‌م كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بێت، له‌خوله‌كانى پێشوو زۆرتر ناكۆكییه‌كانى نێوماڵى یه‌كێتى له‌سه‌ر تیمى حزبه‌كه‌ له‌ حكومه‌ت به‌رچاوكه‌وت، بۆ ئه‌م خوله‌ پارتى و دواتریش گۆڕان-ى هاتووه‌ته‌ سه‌ر. جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت هاوارى لێهه‌ستاوه‌و تكا له‌ كادیرانى حزبه‌كه‌ى ده‌كات هاوكارى بن، ده‌ڵێت هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ لێى كه‌وتوونه‌ته‌ ته‌قه‌.

كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌ت، دوو رۆژه‌ متمانه‌ى وه‌رگرتووه‌و هێشتا یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى فه‌رمى خۆى نه‌كردووه‌، وه‌زیره‌كانیش به‌ده‌موچاوى یه‌ك ئاشنا نه‌بوون، به‌ڵام جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، ده‌رده‌دڵى خۆى به‌یان كرد. قوباد تاڵه‌بانى تكاو داواى هاوكارى له‌ حزبه‌كه‌ى خۆى ده‌كات.

كابینه‌ى نوێ و برینه‌كۆنه‌كانى یه‌كێتى
پێده‌چێت دابه‌شكارى پشكه‌كانى یه‌كێتى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، برینه‌ ناوخۆییه‌كانى حزبه‌كه‌ى قوڵتركردبێته‌وه‌. ئاڕاسته‌یه‌كى ناڕازى له‌نێو حزبه‌كه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌. هه‌ر له‌ ئێواره‌ى یه‌كه‌مى بڵاوبوونه‌وه‌ى ناوه‌كان، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د یه‌كێك له‌به‌رپرسه‌ باڵاكانى یه‌كێتى، به‌ تانه‌وه‌ نكوڵى له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وه‌ لیستى كاندیده‌كانى حزبه‌كه‌ى بێت. گوتى"فڕى به‌سه‌ر یه‌كێـتى-یه‌وه‌ نییه‌"، مه‌لابه‌ختیار به‌رپرسى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى كه‌ ئێستا نیگه‌رانه‌و له‌ماڵى خۆى دانیشتووه‌، گوتى، ئه‌مه‌ خراپترین شێوازى دیاریكردنى كاندیده‌ له‌مێژووى حزبه‌كه‌یداو له‌سه‌ربنه‌ماى ده‌سته‌گه‌رى هه‌ڵبژێردراون. لاهور شێخ جه‌نگی-ش له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا گوتى، ساڵێك مۆڵه‌ت به‌ كاندیده‌كانى یه‌كێتى ده‌درێت و سه‌ركه‌وتوونه‌بن ده‌گۆڕدرێن. ناڕازییه‌كانى دیكه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌ كه‌م نین.

قوباد تاڵه‌بانى به‌رامبه‌ر ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ى له‌سه‌ر تیمه‌كه‌ى حكومه‌تى یه‌كێتى دروستبوون، ته‌نها رۆژێك خۆى پێڕاگیراو نوسینێكى بڵاوكردەوه‌، تاڵه‌بانى كوڕ ده‌ڵێت،"هێشتا دەستبەكارنەبووین، هێشتا نەیارەكانمان دەستیان نەكردووە بە ڕەخنەی ڕەوا و ناڕەوا، بەڵام هەندێك لە هەڤاڵانی خۆمان، هەندێك راستەوخۆ، هەندێك لە پشت پەیج و ئەكاونتی سێبەرەوە، قەڵەمەكانیان خستووەتە گەڕ، بۆ مەرامێك كە نەك هەر ناكۆكە بە پرەنسیپی چەپكەگوڵەكەی مام، بەڵكو سنووری ڕە‌خنە ‌و رەچاوكردنی گیانی هەڤاڵێتیش تێدەپەڕێنێت".

پێده‌چێت ده‌ستپێكێكى باش نه‌بێت بو قوباد تاڵه‌بانى، هه‌ربۆیه‌ش نیگه‌رانى زۆر به‌ نوسینه‌كه‌یه‌وه‌ دیاره‌."ئەم دۆخە كاتی دەستبەكاربوونمان لە كابینەی هەشتم بیر دێنێتەوە كە بەشێكی ناڕازی لە ناو حزبی خۆمان تووندتر لە ئەوانەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن بوون، رەخنەیان لێدەگرتین و هەموو هەوڵێكی باشیان بێبەها دەكرد. تكا لە هەڤاڵانی یەكێتی دەكەم، سەبرتان هەبێت لەبڕیاردان، ئەم تەشكیلەیە نموونەیەكە لە كۆكەرەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی یەكێتی، كە ئەگەر هانبدرێت، نەك لێیبدرێت، پشتیوانی لێبكرێت، نەك هەڕەشەی لێبكرێت، وادەكات كابینەی نۆ، لە ژینگەیەكی تەندروست دەستبەكاربێت".

قوباد تاڵه‌بانى داواى هاوكارى له‌ حزبه‌كه‌ى خۆى ده‌كات و پێناچێت گوتارێك ئاوبكات به‌دڵى گه‌رمى ناڕازییه‌كاندا. ناڕازییه‌كانى نێو یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت ئه‌مجاره‌ ژماره‌یان زیاتره‌، ره‌نگه‌ قوباد تاڵه‌بانى له‌ مه‌ترسى ئه‌و ناكۆكییه‌ تێگه‌یشتبێت و قه‌باره‌ى كاریگه‌رییه‌كه‌ى له‌سه‌ر تیمى یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت بزانێت، بۆیه‌ش داواو تكاى هاوكاری و هاندان ده‌كات. نه‌ك لۆمه‌كردنى تیمه‌كه‌.

هه‌ر نیگه‌رانییه‌ك له‌نێوخۆى یه‌كێتی-یه‌وه‌ كاریگه‌رى كه‌م نابێت له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌، به‌وپێیه‌ى گروپه‌ جیاوازه‌كانى یه‌كێتى خاوه‌نى چه‌ك و هێزن، جگه‌له‌وه‌ش به‌ودۆخه‌ى ئێستاوه‌ حزبه‌كه‌ گوتارى یه‌كگرتووى نابێت بۆ پشتیوانى تیمه‌كه‌ى حكومه‌تى، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌داى كابینه‌كه‌ ده‌بێت، حكومه‌ت رووبه‌ڕووى سه‌رئێشه‌ ده‌كاته‌وه‌. 

دۆخێكى نوێى پارتى و حكومه‌ت
له‌به‌ختى كابینه‌ ساواكه‌، ئه‌مجاره‌ پارتیش یه‌ك ئاواز نییه‌ بۆ پشتیوانى حكومه‌ت، ته‌نانه‌ت ده‌ستپێكى حكومه‌ته‌كه‌ به‌و كێشه‌وه‌ له‌دایكبوو كه‌ له‌نێوان مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى هه‌یه‌. سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ ناوى ئه‌و وه‌زیرانه‌ى لادا كه‌ نزیكن له‌ نێچیرڤان بارزانى، ئه‌گه‌رچى تا دواساته‌كان سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌وڵى مانه‌وه‌یانى دا، به‌ تایبه‌ت ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان.

فایلى چه‌ك و هێز، پاره‌ونه‌وت، په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌، ئه‌و سێ فایله‌ن كه‌ هه‌ردوو سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى حكومه‌ت، ده‌یانه‌وێت لاى خۆیان بێت، ئه‌م ململانێیه‌ قه‌به‌یه‌و له‌سه‌ر بابه‌تى بچوك نییه‌.

ئه‌گه‌رچى نێچیرڤان بارزانى له‌ په‌یامى پیرۆزباییدا، بۆ مه‌سرور بارزانى نوسیبووى،"گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمه‌وه‌، كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاریی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەكەم". به‌ڵام ناكۆكییه‌كان جددین و سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌وڵى تاقه‌تپڕوكێنى داوه‌ بۆ مانه‌وه‌ى وه‌زیره‌كانى نزیك له‌ خۆى، له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت.

نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى چاره‌نووسى پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كه‌یان گرێدراوى یه‌كه‌، كاتێك یه‌كه‌میان قه‌به‌بێت دووه‌میان هه‌ژموونى بچوك ده‌بێته‌وه‌، وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى ئه‌و كه‌رته‌ گرنگانه‌ى كه‌ پارتى كۆنتڕۆڵیكردوون هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یه‌وێت لاى خۆى بێت و له‌كۆتاییشدا ده‌بێت لاى یه‌كێكیان بێت. بۆیه‌ش پێده‌چێت دواى ناكۆكییه‌كانى نێوخۆى یه‌كێتى، ئه‌م نه‌سازانه‌ى نێوپارتى سه‌رئێشه‌ى گه‌وره‌بێت بۆ حكومه‌ت، چونكه‌ سه‌ركه‌وتنى سه‌رۆكى كابینه‌كه‌، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو فایله‌كانى نه‌وت و وزه‌و پارە بهێنێته‌ نێو چنگى خۆیه‌وه‌.

گۆڕان ئه‌زموونێكى چاره‌نوسساز
بۆ گۆڕان ئه‌زموونى به‌شدارى حكومه‌ت و ئاماده‌كردنى تیمى وه‌زارى، یه‌كه‌م ئه‌زموونى دواى نه‌وشیروان مسته‌فابوو، بزوتنه‌وەكه‌ به‌ ئاسانى بابه‌ته‌كانى بۆیه‌كلانه‌كرایه‌وه‌، به‌ ئێستاشه‌وه‌ له‌ نێوخۆى گۆڕان كۆده‌نگى ته‌واونییه‌ بۆ پشتیوانى ئه‌و تیمه‌ى ره‌وانه‌ى حكومه‌ت كراوه‌. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ دژى به‌شداریبوون له‌ حكومه‌ت.

ناوخۆى گۆڕان-یش وه‌ك به‌شدارێكى سه‌ره‌كى كابینه‌كه‌، كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌داى حكومه‌ته‌كه‌، به‌وپێیه‌ى گۆڕان ئه‌مجاره‌ ده‌ڵێت، ورده‌كارى پرۆژه‌ى چاكسازى بردووه‌ته‌ حكومه‌ت و خۆى به‌سه‌رمه‌شقى پرۆسه‌ى چاكسازى ده‌زانێت، بۆئه‌مه‌ پشتیوانى زۆرى پێویسته‌، ئه‌گه‌ر له‌نێوخۆى بزوتنه‌وه‌كه‌ پشتیوانى ته‌واونه‌بێت بۆ تیمه‌كه‌ى حكومه‌ت، به‌ڕه‌كه‌ لاى گۆڕان-یشه‌وه‌ ته‌نك ده‌بێت، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌داى حكومه‌ت ده‌بێت.

ره‌نگه‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت یه‌كه‌م كابینه‌ بێت له‌مێژووى پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستاندا، كه‌ له‌هه‌ناوى ناكۆكى و ململانێى زۆر زه‌وه‌نده‌وه‌ له‌دایكبووبێت و ناوخۆى لایه‌نه‌كانیش ناكۆك و ناته‌بابێت له‌سه‌ر پشتیوانیكردنى، ته‌نانه‌ت له‌كابینه‌كانى دواى شه‌ڕى ناوخۆ به‌شداره‌كانى حكومه‌ت به‌یه‌ك ده‌نگ پشتیوانى حكومه‌ته‌كه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام كابینه‌ى نوێ ئه‌زموونێكى نوێ ده‌كات و ستافه‌كه‌ ته‌نها له‌ژێر فشارو نیگه‌رانى خه‌ڵكى ناڕازیدا نابن.

وێنەکان لە کوردستان ٢٤ وەرگیراوە.