ڕاپۆرتی کوردستانی

07:32 - 10/07/2019

کابینەیەکی دڵگەرم لە زۆنگاوی کێشەو ئاڵنگاریدا‌

پەیسەر

زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتاران و به‌رپرسان، كاتێك ده‌یانه‌وێت سه‌رنجى خۆیان له‌سه‌ر كارنامه‌و به‌ڵێنه‌كانى حكومه‌ت بڵێن، گوته‌یه‌كى باوى نه‌وشیروان مسته‌فا دووباره‌ده‌كه‌نه‌وه‌،(عیبره‌ت له‌ جێبه‌جێكرندایه‌)، دواى نۆ مانگ كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكهێندرا، هه‌ر له‌رۆژى یه‌كه‌مى ته‌مه‌نیدا، كابینه‌كه‌ به‌ راگه‌یاندنى به‌رنامه‌ى كار، خۆى خسته‌ ژێر بارى به‌ڵێن و چاوه‌ڕوانى گه‌وره‌وه‌. كارنامه‌یه‌كى ٢٠ لاپه‌ڕه‌یى كه‌ زۆرینه‌ى داواو خواستى خه‌ڵكى به‌ تیۆرى تێدا جێكراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام رێگاى كابینه‌كه‌و به‌ كرداركردنى به‌ڵێنه‌كان  بێ ئاسته‌نگ و ئاڵنگارى نییه‌.

یاساغكردنى كارى بازرگانى له‌ به‌رپرسان، ره‌وانه‌كردنى پرۆژه‌ى چاكسازى بۆ په‌رله‌مان، گرنگیدان به‌ لامه‌ركه‌زى و شۆڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و چاككردنى سیسته‌مى ته‌ندروستى، هه‌وڵدان بۆ دروستكردنى سیسته‌مى بیمه‌ى ته‌ندروستى، رێگرى له‌به‌هه‌ده‌ردان. به‌شێك بوون له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانى كارنامه‌ى حكومه‌ت. به‌ڵێنه‌كان به‌ردى گه‌وره‌ن و حكومه‌تى نوێش زوو هه‌ڵیگرتن دانانه‌وه‌شى پاشه‌كشه‌و لاوازیى و ئاماژه‌ى خراپى كابینه‌كه‌ ده‌بێت.

حكومه‌تى نوێ له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى ده‌موچاوه‌كانى، كارنامه‌یه‌كى جیاوازیشى له‌كابینه‌كانى پێشووى خۆى بڵاوكرده‌وه‌. پێشتر ره‌خنه‌یه‌كى به‌رده‌وام له‌سه‌ر حكومه‌ت، كرچوکاڵیی كارنامه‌كانى بوو. گوتاره‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێش، كۆمه‌ڵێك په‌یامى سیاسى تێدابوو، كه‌ سوچێكى دیمه‌نى چوارساڵى داهاتووى كابینه‌كه‌ى خسته‌ به‌رچاو.

"حكومه‌تێكمان وه‌رگرتووه‌ كه‌ چه‌ندین ملیار دۆلار قه‌رزاره‌"، مه‌سرور بارزانى به‌م دێڕه‌ بچووكه‌، نێچیرڤان بارزانى بێبه‌شنه‌كرد له‌ ره‌خنه‌ له‌ مه‌راسیمه‌كه‌، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ویستى په‌یامى ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ وابه‌زوویى لێكه‌وته‌كانى قه‌رزوقۆڵه‌ى كابینه‌ى پێشوو ناڕه‌وێنه‌وه‌و كابینه‌ى نوێ به‌بارى گرانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات. باسكردنى قه‌رزه‌كان هه‌ر له‌رۆژى یه‌كه‌مدا بیانو و ئه‌ستۆپاكى پێشوه‌ختەیه‌، به‌ڵام دواجار حكومه‌ته‌كه‌ به‌ڵێنى گه‌ورەى داوه‌و باسكردنى له‌ قه‌رزه‌كان چیتر شه‌فاعه‌ت بۆ كابینه‌ى نوێ ناكه‌ن.

هه‌ندێك پێیان وایه‌ مه‌سرور بارزانى شۆفێرى شه‌مه‌نده‌فه‌رێكى پڕكێشه‌یه‌ و كابینه‌كه‌ى دواى نۆ مانگ له‌ مملانێ و ئاڵۆزى سیاسى پێكهات، بۆیه‌ش ناوخۆى كابینه‌كه‌ى خاڵى نابێت له‌به‌ركه‌وتن و ململانێى سیاسى، پێده‌چێت سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ دوودڵى بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌بێـت، بۆیه‌ تاڕاده‌یه‌ك به‌قسه‌یه‌كى توند به‌سه‌ریدا ره‌تبوو،"له‌هیچ وه‌زیرێكى قبوڵ ناكه‌ین، له‌ده‌ره‌وه‌ى به‌رنامه‌ى حكومه‌ت ره‌فتار بكات".

ره‌خنه‌یه‌كى پێشوه‌خت كه‌ له‌ كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى ده‌گیرا، پێشبینى حكومه‌تێكى پۆلیسى بوو، به‌جۆرێك ره‌خنه‌گرا پێیان وایه‌ كه‌سایه‌تى ئه‌منیى سه‌رۆك وه‌زیران ره‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت له‌ مامه‌ڵه‌كانى له‌ كابینه‌كه‌ى نوێدا. یه‌كه‌م گوتارى و خوێندنه‌وه‌ى كارنامه‌كه‌ى خاڵى نه‌بوو له‌ په‌یامى توند وه‌ك ئه‌وه‌ى،"هیچ وه‌زیرێك به‌هیچ جۆرێك رێگه‌ى پێنادرێت، ناتوانێت له‌ده‌ره‌وه‌ى كارنامه‌ى حكومه‌ت كاربكات، له‌مه‌ودا به‌هیچ جۆرێك به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵكاران نه‌رمى نانوێنین". ئایا ئه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆدیمه‌نى ساڵانى داهاتووى حكومه‌ت یاخود گه‌رمیى و تینى سه‌ره‌تاو گوتارى یه‌كه‌مه‌؟

چاكسازى ئه‌ركى یه‌كه‌م و كۆتایى
هه‌موولایه‌نه‌كان باس له‌ پێویستى ئه‌نجامدانى چاكسازى و مه‌ترسى زیاتر دواخستنى ده‌كه‌ن، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌هه‌رلایه‌ك زیاتر خۆى به‌ ئاڵاهه‌ڵگرى ئه‌وپرسه‌ ده‌زانێت و ده‌ڵێت، خواستى چاكسازى بزوتنه‌وه‌كه‌ى راكێشاوه‌ته‌ حكومه‌ت. مه‌سرور بارزانیش گوتى، چاكسازى خواستى هه‌موو خه‌ڵكه‌و خواستى ئه‌ویشه‌. عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكى فراكسۆنى گۆڕان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا گوتى، له‌وه‌ زیاتر چاكسازى دوابكه‌وێن خه‌ڵك زۆر نائومێد ده‌بێت، جه‌ختى له‌ تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌ یاساى چاكسازى كرده‌وه‌.

لایه‌نه‌كانى كابینه‌ى نوێ، هه‌موو سه‌رنجى خه‌ڵكیان خستووه‌ته‌ سه‌ر پرۆسه‌ى چاكسازى، به‌وه‌ش سه‌قفى چاوه‌ڕوانى خه‌ڵكیان له‌ حكومه‌تى نوێ به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى ده‌شزانن چاكسازى بێ له‌مپه‌ر نییه‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ڵێنى بۆ دراوه‌ وابه‌ئاسانى نایه‌ته‌ نێو مشتى خه‌ڵك. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رك به‌ مه‌ترسى زیاتری دواكه‌وتنى چاكسازیش ده‌كه‌ن. پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان له‌ تونێلێكدایه‌ بێ چاكسازى هاتنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌سته‌مه‌. مه‌سرور بارزانى گوتى، هه‌وڵى خۆیان ده‌ده‌ن و ئیراده‌ى گه‌ورەیان هه‌یه‌ بۆ چاكسازى، به‌ڵام خه‌ڵك ده‌بێت واقیع بین بن و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانیش ببینن. توێكڵى ئه‌و په‌یامه‌ش ئه‌وه‌یه‌(چاكسازى ئاسان نییه‌و میراتێكى پڕكێشه‌یان بۆ جێماوه‌).

له‌تیف شێخ مسته‌فا پارێزه‌رو چالاكوان سه‌باره‌ت به‌ كارنامه‌ى حكومه‌ت له‌ نوسینێكدا گوتبووى"وەک ئەکادیمییەکی بواری دەستورو سیستەمە سیاسیەکان دەڵێم لە دوای ڕاپەڕینەوە، باشترین و وازحترین و بەقوەتترین و گشگیرترین بەرنامەی وەزاریم گوێ لێبووە، دوور لە درۆو موجامەلەی تەوافوقی حیزبی و شەخسی، بۆ یەکەم جار ھەستم کرد شێوازی تەشکیلی کابینەکەو بەرنامەی وەزاریەکەی لەھی وڵاتانی دنیا دەچێ، بەڵام بەدڵنییایەوە گرنگ جێبەجێکردنە".

ئاڵنگارى و به‌ڵێنه‌كان
كارنامه‌و به‌ڵێنه‌كان و چاوه‌ڕوانییه‌كانى خه‌ڵك له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، له‌به‌رده‌م ره‌حمى كێشه‌و ئاڵنگارییه‌كاندایه‌. له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ كابینه‌كه‌ به‌رهه‌مى كێشه‌و ناكۆكى ناوخۆى لایه‌نه‌كان. یه‌كه‌م كابینه‌ى حكومه‌ته‌، كه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى له‌نێوخۆیان كۆڕاییان نه‌بێت و هه‌موویان له‌پشتیوانیكردنى یه‌ك دڵ نین.

یه‌كێتى سه‌ره‌تا تا كۆتایى دانوستانه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت به‌ ململانێى نێوخۆییه‌وه‌ برده‌سه‌ر، كۆڕایى له‌نێو حزبه‌كه‌ له‌سه‌ر تیمى یه‌كێتى-یش نییه‌ به‌شدارن له‌ حكومه‌ته‌كه‌، له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ش ئه‌سته‌مه‌ ئه‌وحزبه‌ بۆچوونێكى هاوبه‌شى هه‌بێت، ئه‌وه‌ى واده‌كات پریشكه‌كانى ناكۆكى ناوخۆى یه‌كێتى به‌ر كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت بكه‌وێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گروپه‌ جیاوازه‌كانى حزبه‌کە خاوه‌ن هێزى چه‌كدارن، به‌ ئاسانى پابه‌ندى ناوه‌ندێتى بڕیاری حزب نابن، جگه‌له‌وه‌ش ئێستا گروپێكى ناڕازى له‌ تیمى حكومه‌تى یه‌كێتى دروستبوون و پێیان وایه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌سته‌گه‌رى ئه‌و تیمه‌ هه‌ڵبژێردراون، پێناچێت ئه‌م ده‌سته‌ ناڕازییه‌ ئاماده‌بن پشتیوانى قوباد تاڵه‌بانى بکەن له‌ حكومه‌ت، (مه‌لا به‌ختیار، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، لاهور شێخ جه‌نگى، مه‌حمود سه‌نگاوى، سامان گه‌رمیانى) ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى باڵاى دیكه‌ له‌ نیگه‌رانه‌كانن.

گۆڕانیش بێ كێشه‌ نه‌بوو، ئه‌گه‌رچى بزوتنه‌وه‌کە قورسایى خۆى خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ چاكسازییه‌ى له‌گه‌ڵ خۆى بردوویه‌تییه‌ نێو حكومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌نێو گۆڕان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كۆڕایى بۆ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت نه‌بوو، به‌شێك له‌ بزوتنه‌وه‌کە دڵیان به‌ به‌شدارییه‌وە نییه‌ تا پشتیوانى تیمه‌كه‌ى حكومه‌ت بكه‌ن. له‌كاتێكدا سه‌رخستنى پرۆژه‌ى چاكسازى، پێویستى به‌پشتیوانى تێكڕاى لایه‌نه‌كانه‌ یه‌كڕیزنه‌بوونى گۆڕان له‌ پشتیوانى تیمه‌كه‌ى حكومه‌تیان پێده‌چێت له‌مپه‌رێكی بچوك نه‌بێت بۆ حكومه‌تى نوێ، چونكه‌ گۆڕان پرۆژه‌كه‌ به‌هى خۆى ده‌زانێت هه‌ر ناكۆكییه‌ك له‌ گۆڕان-ه‌وه‌ به‌ ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌داى حكومه‌ت و راپه‌ڕاندنى كاره‌كانى.

ئاسته‌نگى گه‌وره‌ى به‌رده‌م كابینه‌كه‌ ئه‌و ململانێیه‌ى نێوان مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانییه‌ كه‌ماوه‌یه‌كى زۆر نییه‌ رووپۆشی له‌سه‌رنه‌ماوه‌و ده‌ركه‌وتووە، ته‌نانه‌ت كابینه‌كه‌ هه‌ر به‌و ناكۆكییه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، دووان له‌ وه‌زیرانه‌ى نێچیرڤان بارزانى پێداگرى ده‌كرد له‌ دانانیان(ئاشتى هه‌ورامى و نه‌وزاد هادى) له‌كۆتا ساته‌كاندا له‌و لیسته‌ لابران كه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان كرا بۆ متمانه‌پێدان.

ئه‌م ململانێیه‌ گه‌وره‌تر و كێشه‌دارتره‌و راسته‌وخۆ له‌نێو ماڵى حكومه‌تدایه‌، كاریگه‌رییه‌كه‌ى له‌سه‌ر حكومه‌ت راسته‌وخۆ ده‌بێت، ململانێكه‌ش له‌سه‌ر شتى بچوك نییه‌و چاره‌نوسى هه‌ریه‌كه‌یان به‌نده‌ به‌ هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتى پێگه‌ى ئەوی دیكه‌وه‌. هه‌ردوو دۆسیه‌ى چه‌ك و نه‌وت دوو دۆسیه‌ن مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یانه‌وێت لاى خۆی بێت. پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ مه‌سرور بارزانى ده‌یه‌وێت خۆى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ڕێوه‌به‌رێت و ئاشتى هه‌ورامى وه‌ك راوێژكارێك بمێنێته‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌ڵام ئاشتى هه‌ورامى گوتبووى ته‌نها بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاماده‌ بگه‌ڕێته‌وه‌. 

ئێستا مه‌له‌فى نه‌وت و وزه‌و وه‌زیره‌كه‌شى بووه‌ته‌ گرێ كوێره‌و ئاڵنگارى جددى به‌رده‌م كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت. نازانرێت ئه‌م گرێیه‌ كەى و چۆن ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام هێشتاش فایل و گرێبه‌سته‌ ئاڵۆزه‌كانى هه‌مووى له‌سه‌ر مێزى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ نییه‌، هه‌موو مه‌له‌فى نه‌وتى لانییه‌.

ناكۆكى نێوخۆیى لایه‌نه‌كان، به‌رده‌وامى ناكۆكییه‌كانى به‌غداو هه‌ولێر و رووننەكردنه‌وه‌ى چاره‌نوسى مه‌له‌فه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوانیان، له‌ نه‌وت، وه‌ز، گومرك، پێشمه‌رگه‌، ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان..هتد، به‌ردێكى گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر رێگه‌ى حكومه‌تى نوێدا، جگه‌ له‌وه‌ش ئاڵۆزتربوونى هاوكێشه‌كانى ناوچه‌كه‌ نێوان، په‌كه‌كه‌ توركیا، ئێران و حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات، توندكردنى سزاكانى سه‌رئێران و نیگه‌رانییه‌كانى ئه‌مریكا، ته‌گه‌ره‌ى چاوه‌ڕوانكراون بۆ حكومه‌تى نوێ.

ئاڵنگارى زۆر و چاوه‌ڕوانى زۆرى خه‌ڵكیش، له‌به‌رده‌م ده‌رگاى حكومه‌تن سه‌ركه‌وتنى كابینه‌كه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى چه‌نده‌ ده‌توانێت به‌سه‌ر ئه‌و ئاڵنگارییانه‌دا باز بدات، به‌ڵینه‌كانى كابینه‌كه‌ش بچوك نین، زۆرینه‌یه‌كى ره‌هاى په‌رله‌مانییش پشتیوانى كابینه‌كه‌ن له‌دواى ساڵى ٢٠٠٩ وه‌ له‌م خوله‌ لاوازترین تیمى ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌، كێشه‌كان هه‌زارن و تائێستا چاره‌ كه‌مه‌، ساڵى یه‌كه‌مى كه‌بینه‌كه‌ تاقیکردنه‌وه‌یه‌كى گرنگ ده‌بێت بۆ حكومه‌ته‌كه‌ و كاتیش روونیده‌كاته‌وه‌، كێشه‌كان به‌سه‌ر ئیراده‌ى حكومه‌تدا سه‌رده‌كه‌ون یاخود ئه‌و ئیراده‌ى حكومه‌ت، باسیده‌كات كێشه‌كان چاره‌ ده‌كات.