06:15 - 09/07/2019
كۆتایى ئیمپراتۆرییه نه‌وتییه‌كه‌ى هه‌ورامى یاخود یارییه‌كى دیكه
پێده‌چێت گرێكوێرەى مانه‌وه یاخود رۆیشتنى ئاشتى هه‌ورامى، له‌وه ئاڵۆزتربێت كه پێشبینى ده‌كرا، هه‌موو گرێكانى نێوان لایه‌نه‌كان كرانه‌وه هێشتا ئه‌وه‌ى هه‌ورامى و پۆسته‌كه‌ى وه‌ك خۆیه‌تى، ته‌نانه‌ت دواى راده‌ستكردنى ناوه‌كان نه‌خۆى و نه وه‌زاره‌ته‌كه‌ى له لیستى ئه‌ندامانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تدا بوونیان نییه، دواى مشتومڕێكى گه‌رم و چڕوپڕى پشت په‌رده، هێشتا نێوخۆى پارتى له‌سه‌ر دانانه‌وه‌ى هه‌ورامى نه‌سازاوە، چاره‌نووسى ئه‌و پیاوه له‌به‌رده‌م چه‌ند سیناریۆیه‌كدایه، هه‌ورامى خۆى پێى وایه دامه‌زرێنه‌رى كه‌رتى نه‌وت و وزه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌و سته‌مى لێده‌كرێـت.
عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا(ئاشتی هه‌ورامی)، ماوه‌ى ١٣ساڵە له‌سه‌ر كورسى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانه. به‌ته‌نها خۆى به‌قه‌د هه‌موو حكومه‌ت ره‌خنه‌و ناڕه‌زایى خه‌ڵكى رووبه‌ڕووبووه‌ته‌وه، به‌هۆى فایلى داخراوى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى و لێڵى و ناڕوونى نه‌وت و داهاته‌كه‌ى. له‌دایكبوونى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم و هاتنى مه‌سرور بارزانى، دۆخێكى جیاوازى رووبه‌ڕووى هه‌ورامى دەکاتەوە. ئێستا خۆى و وه‌زاره‌ته‌كه‌ى و جانتا ره‌شه‌كه‌ى چاره‌نوسیان ناڕوونه.
ململانێى پێشوه‌خت
ئه‌و دۆخه‌ى ئێستا رووبه‌ڕووى ئاشتى هه‌ورامى بووه‌ته‌وه دۆخێكى كوت‌وپڕ نییه، نیگه‌رانییه‌كانى نێوخۆى پارتى له هه‌ورامى، بۆ قۆناغى ده‌سه‌ڵاتدارێتى نێچیرڤان بارزانى ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام تائه‌و له‌سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران بوو ئاشتى هه‌ورامى نه‌وه‌ستێندرا. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆى پارتى و لایه‌نه‌كان، له‌ناوخۆى پارتیش مشتومڕێكى گه‌رم ده‌ستیپێكرد له‌سه‌ر دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات و دۆسیه‌ى نه‌وت به‌تایبه‌تى.
تیمى مه‌سرور بارزانى له‌ده‌ستپێكه‌وه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژى دانانه‌وه‌ى وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى هه‌شت بوون، ئه‌وه‌ش به ئامانجى ده‌رهێنانى دۆسیه‌ى نه‌وت و وزه له‌بن ده‌ستى نێچیرڤان بارزانى و خاڵی کردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە هەژموونی سەرۆکی پێشوو، پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه كه بۆ مانه‌وه‌ى هه‌ورامى له‌پۆسته‌كه‌ى، توركیا به‌فه‌رمى فشارى كردووه‌و داواى دانانه‌وه‌ى كردووه له پۆسته‌كه‌ى، داواجار به وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندییه‌كى ساردوسڕى مه‌سعود بارزانى و مه‌سررو بارزانى به‌دانانه‌وه‌ى هه‌ورامى، كێشه‌كه پینه‌كراو نێچیرڤان بارزانى هاته سه‌ر راسته‌ڕێى پێكهێنانى پرۆسه‌ى نوێى سیاسى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام مه‌سرور بارزانى له‌كۆتا ساته‌كاندا خواستى زۆرى خۆى بۆ لادانى ئاشتى هه‌ورامى پێ نه‌شاردرایه‌وه. ناوه‌كه‌ى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان نه‌كرد بۆ سوێندخواردن و كه‌سیشى له‌برى دیارینه‌كردووه.
چه‌ند گریمانەیه‌ك
ئاشتى هه‌ورامى زۆربه‌ى كات له ئۆفیسه‌كه‌ى له‌نده‌ن-یه‌وه، كاره‌كانى وه‌زاره‌تى هه‌ڵده‌سوڕاند، ئێستاش له‌هه‌مان ئۆفیسه‌و له دووره‌وه چاوه‌ڕوانە به‌رچاوروونیه‌كى پێبدرێت، سه‌باره‌ت به خۆى و وه‌زاره‌ته‌كه‌ى و گرێبه‌سته زه‌بەلاحه‌كانى.
*به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس كه‌له‌سه‌رچاوه‌ى ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتوون، سیناریۆى یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه مه‌سرور بارزانى به وه‌كاله‌ت پۆستى وه‌زارتى سامانه سروشتییه‌كان به‌ڕێوه‌ببات، ئاشتى هه‌ورامى وه‌ك راوێژكارى سه‌رۆكى حكومه‌ت، یاخود ئه‌ندامى بۆردى وه‌زاره‌تى سامانه‌سروشتییه‌كان به‌رده‌وامبێت. ئاشتى هه‌ورامى ئه‌م بژارده‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندووه، به كه‌متر له پۆستى وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان رازى نابێت، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، هه‌ورامى پێى وابووه سته‌مى لێده‌كرێت ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه‌ى نه‌درێته‌وه، گوتویه‌تى دامه‌زرێنه‌رى سیاسه‌تى نه‌وت و ده‌رهێنانى نه‌وته، ئه‌گه‌ر نه‌بوایه هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى توانایه‌كى نه‌وتى له‌مجۆره‌ى ئێستا نه‌ده‌بوو.
ئه‌م سیناریۆیه، سیناریۆى دڵخوازى مه‌سرور بارزانییه و چانسى ئاشتى هه‌ورامى لاوازده‌كات، چونكه هه‌ورامى ده‌ڵێت، وه‌زاره‌ت یاخود هیچ.
*سیناریۆیه‌كى دیكه مانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامی-یه، نێچیرڤان بارزانى هه‌وڵى تاقه‌تپڕوكێنى داوه بۆ مانه‌وه‌ى، ئێستاش ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و خه‌ونه‌ى نه‌بووه. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌سه‌فه‌ره‌كه‌ى، سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌ست به هه‌وڵه‌كانى ده‌كاته‌وه بۆ هێشتنه‌وه‌ى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان، ئاسته‌نگى به‌رده‌م ئه‌م گریمانه‌یه، خواستى به‌غداو ئه‌مریكییه‌كانه بۆ لادانى ئاشتى هه‌ورامى، سه‌ربارى ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ش كه‌له‌نێو پارتى هه‌یه بۆ لادانى. په‌رله‌مان مه‌رجى ئه‌وه‌ى داناوه كه هه‌ر وه‌زیرێك بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌ى پێبدرێت، ده‌بێت خۆى ئاماده‌بێت له‌په‌رله‌مان ره‌نگه ئه‌وه‌ش بیانووكى كاتى بێت بۆ ره‌وانه‌نه‌كردنى ناوى هه‌ورامى، به‌ڵام له‌راستیدا له‌پشتى ئه‌وه‌وه ئاریشه‌ى گه‌وره هه‌یه و په‌رله‌مان به‌ربه‌ست نییه.
*یه‌كێك له ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه پارتى به رێككه‌وتنه‌كه‌ى ناوخۆیه‌وه پابه‌ندبێت بۆ دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى، به‌ڵام به دواخستنى ده‌ستبه‌كاربوونى بیه‌وێت رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا دوابخات بۆ یاساى بوودجه‌ى ٢٠٢٠، پارتى ده‌زانێت ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیله‌كه راده‌ستبكرێت، ساڵى داهاتوو داواى ماوه‌كه‌شى لێده‌كرێت، بۆیه دواخستنى رێككه‌وتن بژارده‌ى گونجاوه بۆ پارتى.
*گریمانه‌یه‌كى دیكه ئه‌وه‌یه دواى ئه‌و فشاره زۆره‌ى له‌سه‌ر مه‌سرور بارزانى هه‌بوو بۆ دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى، بارزانى بیه‌وێت له‌رێگه‌ى به‌ستنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه به پۆسته‌كه‌ى خۆیه‌وه، خۆى له‌فشاره‌كان بپه‌ڕێنێته‌وه‌و چیتر وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان وه‌ك وه‌زاره‌تێك نه‌هێڵێت، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه نه‌مێنێت تا شه‌ڕى دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى بۆ بكرێت. به‌ڵام ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌رێكى به‌هێز نییه‌و وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان چه‌ند ساڵى رابردوو گرنگى و بایه‌خى ئه‌وتۆى په‌یداكردووه‌و هه‌موان چاویان له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یه، له‌دۆخێكى وادا هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌و كردنى به ده‌سته، یاخود تێكه‌ڵكردنى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دیكه ئه‌گه‌رێكى لاوازه.
*ئه‌گه‌رێكى دیكه ئه‌وه‌یه له‌وماوه‌ى كه وه‌زاره‌ته‌كه به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت، رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌سێكى دیكه بكرێت، یاخود رێككه‌وتن له‌سه‌ر دانانه‌وه‌ى خودى ئاشتى هه‌ورامى بكرێت، به‌ڵام دانانه‌وه‌ى به‌جۆرێك بێت، سه‌رۆك وه‌زیران لێى بێخه‌م بێت و بۆهه‌موو دۆسیه‌و فایله ئاڵۆزه‌كان دڵنیایى و به‌رچاوڕوونى ته‌واوى هه‌بێت، ئه‌وجا رێگه به گه‌ڕانه‌وه‌ى بدات.
ئامانجى مه‌سرور بارزانى؟
*مه‌سرور بارزانى ده‌زانێت، مانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى له پۆسته‌كه‌ى واته مانه‌وه‌ى دۆسیه‌ى نه‌وت لاى نێچیرڤان بارزانى و به‌وجۆره‌ش هێزى به‌سه‌ر فایلى نه‌وت-دا ناشكێت، ئه‌وه له‌كاتێكدایه نێچیرڤان بارزانى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه چه‌كداره‌كانیشه، مانه‌وه‌ى هه‌ردوو فایلى نه‌وت و چه‌ك لاى سه‌رۆكى هه‌رێم، رۆڵێكى ئه‌وتۆ بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ ناهێڵێته‌وه، ته‌نها چاره‌سه‌ریش بۆ ئه‌و لاسه‌نگییه، وه‌رگرتنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانه.
*سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ ده‌یه‌وێت له‌سه‌ره‌تاوه سه‌رنجى راى گشتى به‌لاى كابینه‌كه‌یدا رابكێشێت به‌لادانى ئاشتى هه‌ورامى، ناڕازییه‌كان له ئه‌داى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان زۆر زیاترە له‌وانه‌ى دانى خێریان پێداناوه. جگه له‌وه‌ش لادانى هه‌ورامى خواستى زۆرینه‌ى لایه‌نه‌كانه.
*سه‌ركه‌وتنى مه‌سرور بارزانى ده‌كه‌وێته سه‌رئه‌وه‌ى تاچه‌ند له ئیداره‌كردنى دۆسیه‌ى دارایى و ئابورى هه‌رێمى كوردستان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستى زۆرى به وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانه كه له‌بن ده‌ستى خۆیدابێت، یاخود كه‌سێكى نزیكى به‌ڕێوه‌یبه‌رێت، به‌وپێیه‌ى نه‌پۆسته‌كانى وه‌زاره‌ته‌كانى، دارایى، بازرگانى، كشتوكاڵ، سندوقى داهاته نه‌وتییه‌كان لاى پارتى نابن.
*له كابینه‌كانى رابردوو ته‌نها وه‌زاره‌تى دارایى پاشكۆى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو كۆى حكومه‌ته‌كه چاوه‌ڕێى سامانه سروشتییه‌كان بوون بۆ هه‌رجوڵه‌و كارێك، بۆ مه‌سرور بارزانى و كابینه‌كه‌ى دۆخێكى نه‌خوازراو ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كابینه‌كه‌ى تێكڕا ببێته پاشكۆى سامانه سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كه‌ش له‌كۆنتڕۆڵى سه‌رۆك وه‌زیراندا نه‌بێت. بۆ نێچیرڤان بارزانى ئه‌مه جیاواز بوو چونكه ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌كه‌و مه‌له‌فه‌كان له كۆنتڕۆڵى خۆیدابوو.
*نێتێك له‌به‌غداو هه‌رێمى كوردستانه‌وه باس ده‌كرێت، بۆ چاره‌سه‌رى كێشه نه‌وتییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا. به‌بوونى ئاشتى هه‌ورامى و مانه‌وه‌ى له پۆسته‌كه‌ى رێككه‌وتن به ئاسانى نایه‌ته بوون، ئاشتى هه‌ورامى به ئاسانى تواناى تێكه‌ڵكردنى فایله‌كانى هه‌یه و گه‌وره‌كردنى ناكۆكییه‌كانى هه‌یه. زۆرتر به‌غداو ئه‌مریكییه‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌م هۆكار پشتیوانى لابردنى هه‌ورامین.
به‌وهه‌موو ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌رییه‌ى هه‌یه‌تى، وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان رووبه‌رێكى فراوانى پانتایى حكومڕانى هه‌رێمى كوردستانی كۆنتڕۆڵكردووه، بۆیه‌ش هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن، پێناچێت ئاشتى هه‌ورامى به‌وجۆره‌ى خۆى ده‌یخوازێت چیتر له‌دۆخێكى وائاڵۆزدا كه‌نێو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش نه‌یارى زۆرترن له یار بتوانێت به‌رده‌وام بێت. پێده‌چێت ئه‌م مقۆمقۆیه‌ى له‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونى هه‌یه، ده‌ستپێكى گلۆربوونه‌وه‌ى هه‌ژموونى ده‌وڵه‌ته سێبه‌ره‌كه‌ى بێت.