ڕاپۆرتی کوردستانی

04:22 - 06/07/2019

بۆردومان سایلۆى له‌ شه‌نگال سه‌نده‌وه‌و حكومه‌ت نۆژه‌نى ناكاته‌وه‌‌

پەیسەر

سێ ساڵ پێش ئێستا، پێشمه‌رگه‌و شەڕڤانان، شه‌نگالیان له‌ چنگى داعش ده‌رهێنا، به‌ڵام جوتیارانى ناوچه‌كه‌ ئه‌مساڵ چوونه‌وه‌ سه‌ر زه‌وییه‌كانیان و ده‌ستیان به‌ كارى جوتیارانه‌ى خۆیان كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاسته‌نگ و كێشه‌كانیان له‌ چوونه‌وه‌ بۆ سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان ساردى كردوونه‌ته‌وه‌. له‌ سنورى شه‌نگال سایلۆیه‌ك نه‌ماوه‌ به‌رهه‌مى گه‌نمى تێدا هه‌ڵبگیرێت.

جوتیاره‌ شه‌نگالی-یه‌كان ده‌ڵێن، بردنى گه‌نم و جۆ بۆ شوێنه‌كانى دیكه‌ خه‌رجى و تێچوونى زیاتره‌و سودێكى ئه‌وتۆیان بۆ ناهێڵێته‌وه‌. به‌گوته‌ى خۆیان ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌ پیریانه‌وه‌ نه‌چێت، زۆربه‌یان وازده‌هێنن. سایلۆكه‌ى شه‌نگال بووه‌ته‌ پاشماوه‌ى شه‌ڕ و حكومه‌ت ده‌ڵێت، چاككردنه‌وه‌ى پاره‌ى زۆرى ده‌وێت.

شه‌نگال نزیكه‌ى ٣٢٠ هه‌زار دۆنم زه‌وى شیاوى بۆ كارى كشتوكاڵ هه‌یه‌، بۆ ئه‌مساڵ له‌و رووبه‌ره‌ ١٠٠ هه‌زار دۆنمى به‌كارنه‌هێندراوه‌ بۆ كشتوكاڵ، ئه‌وه‌ش به‌هۆى به‌ده‌مه‌وه‌ نه‌چوونى جوتیاران و گرفته‌ زۆره‌كانیان.

ئیسماعیل مشکۆ له‌ شه‌نگال ٥٠٠ دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى به‌ گه‌نم و جۆ داچاندووه‌، بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌مساڵ به‌كاره‌كه‌یه‌وه‌ زۆر ماندووبووه‌،"وەرزی دروێنه‌یه‌و تا ئێستا سایلۆكه‌، دوای رووخاندنی نۆژەن نەکراوه‌ته‌وه‌، ھیچ شوێنێک لە شه‌نگال نییە گەنم و جۆكه‌ى بۆبه‌رین"به‌گوته‌ى مشكۆ چه‌ندین جار داواكارى و ده‌رده‌دڵى خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رى كێشه‌ى سایلۆ نه‌كه‌ن وازده‌هێنن له‌ كارى كشتوكاڵى، به‌ڵام بێسود بووه‌.

لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا، قەزای شه‌نگال بە یەکەم ناوچە دادەنرێت بۆ بەروبوومی کشتوکاڵیى، به‌ڵام بۆ حكومه‌ت مایه‌ى بایه‌خ پێدان نییه‌ و زه‌وییه‌ به‌پیته‌كانى شه‌نگال پشتگوێخراون. قادر حسێن جوتیارێکی دیكه‌ى شه‌نگالی-یه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى"بە داخەوە حکومەت ھیچ گرنگییەک بە کەرتی کشتوکاڵ نادات، به‌تایبەت بەروبوومی دانه‌وێڵه‌".

قادر به‌گوته‌ى خۆى، ٧٠٠ دۆنم زه‌وى به‌ دانه‌وێڵه‌ چاندووه‌،"ئه‌گەر بەم شێوەیە بێت، ئەم ساڵ ماندوبوونم بە فیڕۆدەچێت، گونجاوترین ناوچە بۆ کشتوکاڵ شەنگال-ە، بەڵام ھیچ سودی نییە، چونکە گرنگی پێنادرێت". 

له‌ به‌دواداچوونى مه‌یدانى په‌یسه‌ردا، جوتیارانى ناحیه‌ى سنونێ-ش، به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌رده‌دڵى و گله‌ییان هه‌بوو. جوتیاران ناچارن به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ ته‌له‌عفه‌ر و رەبیعە بگوازنه‌وه‌. رێگایه‌كى دوور و تێچوویه‌كى زۆر. به‌كر سه‌عید جوتیارى سنونێ، كه‌ خاوه‌نى  ٤٠٠ دۆنم زه‌وى كشتوكاڵییه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى، نازانن به‌رهه‌مه‌كانیان به‌رنه‌ كوێ، ده‌بێت حكومه‌ت هاوكارییان بكات.

لە ناحیەی سنونێ-ى سەر بە قەزای شه‌نگال، ئه‌مساڵ زیاتر لە ٦٠٠ جوتیار کاری کشتوکاڵیى كردووه‌، ٢٢٠ ھەزار دۆنم زەوی به‌ جۆ داچێندراوه‌و ٥٦  هه‌زار دۆنمیش كراون به‌ گه‌نم. بەرەکات عیسا بەڕێوەبەری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى قەزای شنگال بۆ پەیسەر گوتى،" زۆرجار به‌ نوسراو داواى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى سایلۆكه‌مان كردووه‌، به‌ڵام حكومه‌ت ده‌ڵێت، پاره‌ى زۆر ده‌وێت و له‌تواناماندا نییه‌".

سایلۆى شه‌نگال ساڵى ٢٠١٦ له‌ شه‌ڕى ده‌ركردنى داعش له‌ قه‌زاكه‌، به‌ر بۆردومان كه‌وت و ئیدى له‌وكاته‌وه‌ وه‌ك سایلۆیه‌ك ناتواندرێت سوودى لێوه‌ربگیرێت. بەپێى خه‌مڵاندنى وەزارەتی بازرگانی عێراق، پێنج ملیار دینارى تێدەچێت.

به‌ره‌كات گوتیشى، ئه‌وان كۆگایه‌كیان ئاماده‌كردووه‌، به‌ڵام جوتیاران ته‌نها به‌رهه‌مى جۆ له‌و كۆگایه‌ دابنێن. به‌رزى كۆگاكه‌ شه‌ش مه‌تره‌و درێژییه‌كه‌ى ٢٠ مه‌ترێك ده‌بێت، كۆگاكه‌ به‌ لایلۆن داده‌پۆشرێت. جوتیاران به‌ كۆگایه‌كى له‌وجۆره‌ دڵیان ئه‌و ناخواته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵى شه‌نگال بێ هیوابوو له‌وه‌ى حكومه‌ت سایلۆكه‌یان بۆ چاك بكاته‌وه‌،"ئەگەر حکومەت بیه‌وێت نۆژەنبکرێته‌وه‌، دەتوانێت ھەر ئێستا بیكات، بەڵام چاومان لە رێکخراوەکانە، بۆ ئەوەی ھاوکارمان بن بۆنۆژەنکردنەوەی". 

داعش سێ ساڵ ده‌بێت شه‌نگالى بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ى چۆڵكردووه‌، به‌ڵام شوێنه‌واره‌كانى شه‌ڕ وا به‌زوویى یه‌خه‌یه‌ى شه‌نگالییه‌كان به‌رنادات. تا ئێستاش شوێنه‌واره‌كانى بۆمب و شه‌ڕه‌ خوێناوییه‌كان و تاوانه‌كانى داعش رێگه‌ى نه‌داوه‌ شه‌نگال به‌رگى ژیان بپۆشێته‌وه‌. حكومه‌تێكیش بۆ ئه‌م كاره‌ هاوكارى شه‌نگالییه‌كان نییه‌.