ناحیه‌ی تانجه‌رۆ كه نێوانى له‌گه‌ڵ سلێمانى چه‌ند كیلۆمه‌ترێكی کەمهو رێگایه‌كى كورتى ١٥ خوله‌كى به شاره‌كه‌یه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌رده‌وام دووكه‌ڵى ره‌ش ئاسمانه‌كه‌ى ته‌نیوه‌و ژینگه‌ى سلێمانى خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه، لاى شاره‌زایانی ژینگه و پسپۆڕانی ته‌ندروستیش، بابه‌ته‌كه ترسناكه. تانجه‌رۆ ساڵانێكی زۆره شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكی شاری سلێمانی-یه، ڕۆژانه نزیكه‌ی ١٢٠٠ بۆ ١٤٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاك ده‌برێته تانجه‌رۆ، ئه‌و خۆڵ و خاشاكه نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی زانستی لهنێونابرێت، به‌ڵكو بووه‌ته بۆمبێكی ته‌وقیتكراو بۆ ته‌ندروستی دانیشتوانی شاری سلێمانی. له تانجه‌رۆ خۆڵ و خاشاكی كه‌ڵه‌كه‌بوو دوای ئه‌وه‌ی ده‌سوتێندرێت، پاشماوه‌كه‌ی ده‌كرێت به ژێرخاكه‌وه، به‌وه‌ش دوو جار مه‌ترسی له‌سه‌ر ژینگه هه‌یه، یه‌كێكیان ده‌ستبه‌جێیه كه دووكه‌ڵی سوتاندنی خۆڵ و خاشاكهكهیهو به‌هه‌وادا بڵاوده‌بێته‌وه، دووه‌میش ئه‌و پاشماوهوهکهیه كه ده‌كرێت به ژێر خاكدا، دواتر كاتێك خۆڵی دیكه ده‌هێندرێته ئه‌و ناوچه‌یه دووباره خۆڵ ده‌كرێت به‌سه‌ر ئه‌و خاشاكهشدا، واتا ئێستا چه‌ندین چین خۆڵ و خاشاك له‌ژێر زه‌ویی تانجه‌رۆدایه و تێكه‌ڵی ئاوی ژێر زه‌ویی بووه و پیسی كردووه. ئاوه‌ڕۆی هه‌موو زێرابه‌كانی سلێمانی، له‌پاڵ خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ی كارگه‌كان ده‌چێته نێو ئاوی تانجه‌رۆوه، كه هاوشێوه‌ی چه‌كێكی كیمیاییه‌و دواتر ده‌چێته نێو ئاوی ده‌ربه‌ندیخان-ه‌وه، ئه‌و ئاوه بۆ خواردنه‌وه و به‌كارهێنان ده‌درێته هاووڵاتیان. (نه‌بیل مو‌سا) پارێزه‌ری ئاو، كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، ماوەی ١٠ ساڵه هۆشداریده‌داته ئیداره‌ی سلێمانی له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و خۆڵ و خاشاكه‌ی له‌تانجه‌رۆ هه‌یه، ئه‌و بۆ په‌یسه‌ر پرێس باسی له‌وه‌كرد"٤٠ ساڵ پێش ئێستا تانجه‌رۆ ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی بوو، به‌ڵام ئێستا خه‌ریكه له‌گه‌ڵ سلێمانی یه‌كده‌گرێته‌وه، مه‌ترسیداریی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك له‌تانجه‌رۆ له‌وه‌دایه، هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق خاشاكه‌كه له‌قه‌راغ ئاودایه، ئاوی تانجه‌رۆ ده‌چێته قه‌ره‌گۆل و شاره‌زوور و دواتر ده‌چێته نێو ئاوی سیروان و پاشان ده‌چێته نێو ئاوی ده‌ربه‌ندیخان، مه‌ترسییه‌كه‌ش لێره‌دایه، كه ئاوی ده‌ربه‌ندیخان ئاوی خواردنه‌وه‌یه، واتا مه‌ترسیدارترین جۆری شله‌مه‌نی ده‌نێردرێته نێو ئاوی خواردنه‌وه‌وه". نه‌بیل مو‌سا، ئاماژه به هه‌ره‌سهێنانێكی مه‌ترسیداری زبڵی تانجه‌رۆ ده‌كات و ده‌ڵێت، جاران زبڵه‌كه دوربوو له ئاوه‌كه‌وه چونكه بچوك بوو، به‌ڵام زبڵه‌كه هه‌ره‌سیهێنا،"چونكه ئه‌وه‌نده‌یان پاڵپێوه‌نا بۆ نزیك ئاوه‌كه تا سه‌ره‌نجام كه‌وته نێو ئاوه‌كه‌وه، ئه‌وه ماوه‌ی سێ ساڵه ئه‌و زبڵه له‌نێو ئاوی تانجه‌رۆدایه، ئێستاش ڕۆژانه هه‌ڵیده‌كه‌نن و خۆڵی ده‌كه‌ن به‌سه‌ردا، به‌ڵام ئه‌وه چاره‌سه‌ر نییه، چونكه له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهاندا ئه‌مشێوازه له له‌ناوبردنی خۆڵ و خاشاك قه‌ده‌غه‌كراوه". ئه‌و نمونه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی تانجه‌رۆی هێنایه‌وه، كه چه‌ندین ڕۆژه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌خت هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگر و دوكه‌ڵه‌كه ده‌درێت،"ته‌نانه‌ت به فڕۆكه‌ش ناكوژێندرێتهوه، ئاگره‌كه به‌شێوه‌یه‌ك بوو كه كه‌س ده‌ستی له كردنه‌وه‌یدا نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وه كۆبوونه‌وه‌ی گازی میسان و پاشان كارلێككردنی بوو له‌گه‌ڵ ئۆكسجین و له‌و ناوچه‌یه و گڕگرتنی به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی". ٢٤ی نیسانی ساڵی ٢٠١٤ به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی ڕیسایكلینی دانا، كه پڕۆژه‌یه‌كه ده‌كرێت به‌شێكی زۆری ئه‌و مه‌ترسییه ژینگه‌ییانه‌ی له‌سه‌ر تانجه‌رۆ هه‌یه كهمبكاته و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ئه‌و خاشاكه‌ی ده‌برێته تانجه‌رۆ دوای ئه‌وه‌ی مادده به‌سوده‌كان جیاده‌كاته‌وه، ئه‌وانه‌ی پێویست نین له‌نێوده‌بات، به‌ڵام دوای پێنج ساڵ، تا ئێستا به‌ردێك نه‌چووه‌ته سه‌ر به‌ردێكی دیكه، بۆ دروستكردنی ڕیسایكلینی سلێمانی. "ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی سلێمانی ده‌یه‌وێت منداڵه‌كانی توشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ببن با له‌ماڵه‌وه دابنیشن و هیچ نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شیان ناوێت ئه‌وا ده‌بێت بچنە بەردەم مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و باڵه‌خانه‌ی پارێزگای سلێمانی، چونكه هه‌ردوولا له پیسبوونی ژینگه‌ی سلێمانی و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر تانجه‌رۆ هاتووه به‌رپرسن"غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌فراكسیۆنی گۆڕان و سه‌رۆكی پێشووی لیژنه‌ی سامانه سروشتییه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی-یه، بۆ په‌یسه‌ر پرێس، واى گوت، ئه‌و ساڵانێكه له‌نزیكه‌وه چاودێریی پیسبوونی ژینگه‌ی سلێمانی ده‌كات. غالب محه‌مه‌د به نیگه‌رانییه‌وه باسی له‌وه‌كرد، ئێستا سلێمانی پیسترین شوێنی هه‌رێمی كوردستانه و له‌دوای شاری به‌سره، بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی توشبوون به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له هه‌موو عێراق-دا. ئه‌و ده‌ڵێت، "دڵم ژانده‌كات كه ئه‌مه ده‌ڵێم، به‌ڵام پارێزگارێك نه‌توانێت پارێزگاریی له ته‌ندروستی خه‌ڵكی پارێزگاكه‌ی بكات بابڕواتهوه ماڵه‌وه دابنیشێت له‌وه باشتره، با پارێزگار نه‌چێت باخچه بكاته‌وه، با ئه‌و مه‌ترسییه له‌سه‌ر سلێمانی دوربخاته‌وه". په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت چه‌ندجارێك نوسراوی فه‌رمی له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی تانجه‌رۆ بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كونسوڵخانه‌كان له هه‌رێم، په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتییه‌كان ناردووه و ناوی كۆمپانیاكان، ناوی به‌رپرسه‌كانیان به ژماره تهلهفۆنهكانیشیهوه ئاڕاسته‌ی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه كردووه، "ته‌نیا ئه‌وه ماوه پۆلیسێك بێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاشكرامكردوون ده‌ستگیریان بكات، ئه‌وه‌نده كاره‌كه‌م بۆ حكومه‌ت ئاسانكردووه، زه‌وییه‌كانی تانجه‌رۆ هه‌ریه‌كه‌و به‌رپرسی خۆی هه‌یه، كه‌س ناتوانێت بڵێت به‌ری چاوتان كلی پێوه‌یه و خاشاكی كارگه‌كانتان فڕێمه‌ده‌نه نێو ئه‌و زبڵخانه‌یه‌وه". ده‌رباره‌ی جێبه‌جێنه‌كردنی پڕۆژه‌ی ڕیسایكلین له‌سلێمانی غالب محه‌مه‌د باسی له‌وه‌كرد، "له تانجه‌رۆ ٧٩دۆنم بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌كه داگیركراوه، نهپڕۆژهكه جێبه‌جێده‌كرێت، نهڕێگهش به كه‌سی دیكه ده‌درێت جێبه‌جێی بكات، هه‌موو كێشه‌كه‌شیان یه‌ك ملیار دیناره كه ئه‌وه كێشه نییه، ده‌بوو پارێزگاری سلێمانی هه‌رزوو بۆ ئه‌م مه‌ترسییه بهاتایه‌ته سه‌ر خه‌ت". له‌پارێزگای هه‌ولێر شێوازی له‌ناوبردنی خۆڵ و خاشاك كه‌مێك جیاوازتره له‌وه‌ی شاری سلێمانی، چونكه له هه‌ولێر هه‌ر چه‌ند سه‌د مه‌ترێك و بۆرییه‌كیان وه‌ك ده‌رچه‌ی هه‌واو ئه‌و گازه ژه‌هراوییه‌ی له خۆڵ و خاشاك دروستده‌بێت، داناوه، له‌دهۆكیش پڕۆژه‌ی ڕیسایكلین له‌كاردایه و ده‌توانێت خاشاكی ئه‌و پارێزگایه به‌شێوه‌یه‌كی زانستی له‌نێوبه‌رێت. نه‌بیل مو‌سا باسی له‌مه‌ترسییه‌كی دیكه كرد، كه بووه‌ته هۆی پیستربوونی ژینگه‌ی سلێمانی به‌ده‌ر له‌و خۆڵ و خاشاكه‌ی له تانجه‌رۆ فڕێده‌درێت، ئه‌و ده‌ڵێت"له تانجه‌رۆ كۆمپانیای زۆر هه‌ن كه له حكومه‌ت باڵاده‌ستترن، كۆمپانیای پاڵاوتنی نه‌وتی تێدایه پاشماوه‌كانیان ده‌به‌ن له‌نێوان زبڵه نوێیه‌كه و زبڵه كۆنه‌كه‌ی تانجه‌رۆ فڕێیده‌ده‌ن، ئه‌و كاره‌ی ئه‌وان وایكرد ڕۆن و شله‌مه‌نییه‌كان هه‌ره‌س به خاشاكه‌كه بهێنن و بچنه نێو ئاوی تانجه‌رۆوه یه‌ك مانگ به‌رده‌وامی هه‌بوو". ساڵی ١٩٥٥ له ڕۆژنامه‌ی (ژین) له‌باسی شاری سلێمانی-دا، ئاماژه به تانجه‌رۆ دراوه كه "شاری سلێمانی مه‌ركه‌زی لیوای سلێمانی-یه، له‌سه‌رویه‌وه شاخی گۆیژه و ئه‌زمه‌ڕ و له‌خواره‌وه‌ی ڕووباری تانجه‌رۆیه"، واتا له‌و ساڵانه‌دا ڕووباره‌كه جێگه‌ی ئاماژه‌بۆكردن بووه و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاویی پاك ته‌ماشاكراوه، به‌ڵام ئێستا كاتێك ته‌ماشای ئاوی تانجه‌رۆ ده‌كه‌یت جگه له‌وه‌ی ڕه‌نگه‌كه‌ی بۆ قاوه‌ییه‌كی پیس گۆڕاوه، هاوكات كه‌فێكی پیس كه سه‌رچاوه‌كه‌ی پیسبوونی ژینگه‌یه به‌سه‌ر رووی رووباره‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. ده‌یان ساڵ پێش ئێستا، له تانجه‌رۆ چه‌ندین خێزان زه‌ویی كشتوكاڵییان هه‌بوو، كه چهڵـتوك و سه‌وزه‌واتیان تیادا ده‌چاند، به‌ڵام ئێستا زه‌وییه‌كه‌ی تانجه‌رۆ به‌كه‌ڵكی كشتوكاڵكردن نه‌ماوه. نه‌بیل مو‌سا مه‌ترسییه‌كانی پیسبوونی ژینگه‌ی تانجه‌رۆی له‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ناحیه‌یه باسكرد، كه ئه‌و هه‌زار و ٥٠٠ ماڵه‌ی له‌وێ ده‌ژین ئه‌ندامی خێزانه‌كانیان تووشی نه‌خۆشییه جیاوازه‌كانی پێست، ڕه‌بۆ و له‌هه‌مووی مه‌ترسیدارتر نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بوون. ئه‌و شله‌مه‌نییه‌ی له‌ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوون و مانه‌وه‌ی خاشاكی تانجه‌رۆ ده‌مێنێته‌وه، بۆگهندهكات و گازێكی میسان دروستده‌كات، و ساڵانه‌ش كه بارانده‌بارێت شلهمهنییهكه نوێده‌بێته‌وه. چاره‌سه‌ر چییه؟ چۆن ده‌توانرێت به‌ر به‌و كۆمه‌ڵكوژییه ژینگه‌ییه بگیرێت؟ ئاخۆ نه‌وه‌كانی ئێستا و ئه‌وانه‌ش كه ساڵانێكی دیكه دێنه ژیانه‌وه، شایسته‌ی ئه‌وه‌ن بخرێنه نێو ئه‌و ژینگه مه‌ترسیداره‌وه؟ غالب محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه نابینێت، به‌ڵام پێشنیازی ئهوهشدهكات،"پاڵاوگه نایاساییه‌كان چاره‌سه‌ربكرێت، هه‌روه‌ها كارگه‌كان فلته‌ر دابنێن، ئه‌گه‌ر ئهوهنهكرێت دۆخه‌كه له‌وه‌ی ئێستا خراپتر ده‌بێت، ده‌بێت خه‌ڵك ئه‌و مه‌ترسییه‌ی سه‌ر ژیانی چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌مه نه بۆ حزبه نه بۆ ده‌نگدان و ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌یه، ئه‌وه مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌یه له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك". هه‌مووان له‌گه‌ڵ ناوهێنانی تانجه‌رۆ، و مه‌ترسییه‌كانی زبڵخانهكهی ئه‌وێ بۆسه‌ر پیسبوونی ژینگه ڕه‌نگه وێنای ئه‌وه بكه‌ن، خۆ ناوچه‌كه له سلێمانی-یه‌وه دووره و مه‌ترسییه‌كی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر دانیشتوانی ناو شاری سلێمانی دروستناكات، به‌ڵام فڕێدانی یه‌ك ده‌به ئاو له‌سه‌ر زه‌وی و ئه‌و ده‌به پلاستیكییه نزیكه‌ی ٤٠٠ ساڵی ده‌وێت تا شیده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر یه‌ك دڵۆپ له‌و پیسیی و شله‌مه‌نییه‌ی له‌نێو خۆڵ و خاشاكی تانجه‌رۆدایه، كاتێك ده‌چێته نێو دوو ملیۆن لیتر ئاوه‌وه، كاریگه‌ریی خۆی به‌جێده‌هێڵت و به ١٠٠ ساڵیش ئاوه‌كه ناتوانێت خۆی له‌و دڵۆپه مه‌ترسیداره ڕزگاربكات. له‌نێو ئه‌و پێكهاته كیمیاییه‌ی له‌و خۆڵ و خاشاكه‌دا، دوای ماوه‌یه‌ك شله‌یه‌ك دروستده‌بێت كه ڕاسته‌وخۆ ڕۆده‌چێته نێو خاكه‌وه و تێكه‌ڵی ئاوی ژێر زه‌وی ده‌بێت. ئه‌و مه‌ترسییه گه‌ورانه‌ى له تانجه‌رۆوه هه‌ڕه‌شه له خه‌ڵكى سلێمانى ده‌كه‌ن، تا ئێستا حكومه‌تى رانهچڵهكاندووه، دیار نییه حكومه‌ت كه‌ى و چۆن چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و گرفته مه‌ترسیداره ده‌دۆزێته‌وه، یاخود كێشه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت و دووكه‌ڵى تانجه‌رۆ ژیان له خه‌ڵكانى زیاتر ده‌سه‌نێته‌وه.
تورکیا چەندە جدییە عێراقیش هەر ئەوەندە!
عێراق؛ پڕۆژەی فاوی گەورە کوردستان؛ دوو بەرەکی بەردەوام !
بنەچەى پەتاکە لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە؟
مرۆڤ لە بەخێوکردن زیاتری دەوێت