ڕاپۆرتی کوردستانی

01:39 - 03/07/2019

پارێزگاره‌ نوێیه‌كه‌ی كه‌ركوك كێیه‌ ؟‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی مشتومڕێكی سیاسی له‌ سه‌ر دانانی پارێزگاری كه‌ركوك درووستبوو، له‌ ئێستا زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان ڕازین به‌وه‌ی كه‌ ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌باری شاعیر بكرێته‌ پارێزگاری ئه‌و پارێزگایه‌.

ته‌یب جه‌بار كێیه‌؟
ته‌یبب جه‌بار ئه‌مین عه‌بدوڵا

له‌ ساڵی 1954 له‌ كه‌ركوك له‌ دایكبووه‌، قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌ كه‌ركوك ته‌واوكردووه‌.

له‌ ساڵی 1971 -1972 ئاماده‌یی ته‌واوكردووه‌ و له‌ كۆلیژی ئه‌ندازیاری به‌شی مه‌ده‌نی زانكۆی سلێمانی وه‌رگیراوه‌ و ساڵی 1976 زانكۆی ته‌واوكردووه‌.

له‌ ساڵی 1978 وه‌كو ئه‌ندازیار له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تی ڕێگاوبانی سلێمانی ده‌ستبه‌كاربووه‌ و تاوه‌كو ناوه‌ڕاستی ساڵی 1992 له‌ پۆسته‌كه‌ی به‌رده‌وام بووه‌.

له‌ كابینه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می هه‌رێمی كوردستان پۆستی جێگری وه‌زیرانی ڕێگاوبان و نیشته‌جێبوون بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ له‌و پۆسته‌ بووه‌. واته‌ له‌ 1992 تاوه‌كو ناوه‌ڕاستی 1997.

له‌ ساڵی 1997 خۆی خانه‌نشینكردووه‌ و له‌ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌ستی به‌كاركردن كردووه‌، تاوه‌كو ئێستاش سه‌رقاڵی ئیشكردنه‌ له‌ كه‌رتی تایبه‌ت.

ته‌یب جه‌بار خێزانداره‌ و خاوه‌نی چوار منداڵه‌. به‌ ده‌ر له‌ كاری ئه‌ندازیاری ئه‌و شاعیرێكی به‌ناوبانگه‌ له‌ ساڵی 1970ه‌وه‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌ نووسینی شعر یه‌كه‌مین قه‌سیده‌ی خۆی له‌ ساڵی 1973 له‌ رۆژنامه‌ی برایه‌تی بڵاوكردۆته‌وه‌. ئه‌ندامی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورده‌. ئه‌ندامی یه‌كێتی گشتی ئه‌دیبانی عێراقه‌. ته‌یب جه‌بار ئه‌ندامی سه‌ندیكای ئه‌ندازیارانی عێراقه‌. ئه‌ندامی سه‌ندیكای ئه‌ندازیارانی كوردستانه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی ئه‌و سه‌ندیكایه‌.

چاپكراوه‌كانی ته‌یب جه‌بار به‌ كوردی:
لاوانه‌وه‌ی خۆڵه‌مێش /شعر/ سلێمانی 2008

رۆژێك ده‌مرم/ شعر/ سلێمانی/ 2010

قه‌سیده‌یه‌ك به‌ره‌و پێش/ شعر/ سلێمانی 2011

گه‌ڕان به‌ شوێن ئاوازی وشه‌/ وتاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری/ سلێمانی/ 2010

پرۆژه‌ی وێرانكردنی ئه‌خلاقی ئاو/ وتارى ئه‌ندازیاری و شوێن 2011

وه‌رگێرانی دوو كۆمه‌ڵه‌ شعر بۆ زمانی عه‌ره‌بی له‌ لایه‌ن عه‌بدوڵا تاهیر به‌رزنجی

وه‌رگێرانی چه‌ند كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكم بۆ زمانی ئینگلیزی له‌ لایه‌ن ئه‌ندازیار محه‌مه‌د حوسێن ڕه‌سوڵ

نووسینی ده‌یان شعر و وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی هه‌ندێكیان له‌ شێوه‌ی په‌رتووك بڵاوبوونه‌ته‌وه‌:

به‌ زمانی كوردی
ئه‌ندازیاری وشه‌ و وێنه‌ له‌ ئه‌زمونی ته‌یب جه‌بار/ عه‌بدوڵا تاهیر به‌رزنجی 2016
جوانی مه‌حاڵ، سه‌ره‌تایه‌ك بۆ پێناسه‌ی مۆدێرنه‌ له‌ شعره‌كانی ته‌یب جه‌بار / نه‌جمه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵا 2016
رۆژێك ده‌مرم لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ قه‌سیده‌ی رۆژێك ده‌مرمی ته‌یب جه‌بار/ حوسێن به‌فرین سلێمانی 2017
له‌ ئه‌زموونی ته‌یب جه‌بار شعر و ڕه‌خنه‌/ دڵشاد جه‌لال نامه‌ی ماسته‌ر له‌ زانكۆی وان

زمانی عه‌ره‌بی
له‌ ڕێگاوه‌ بۆ شاعربوون ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار، لێكۆڵینه‌وه‌ و بژارده‌ / فاروق مسته‌فا /كه‌ركوك 2013
تاریكی بۆ ڕیگایه‌كی لاوه‌كی: له‌ ئه‌زموونی ته‌یب جه‌بار/ نووسینی/ سه‌فا زیاب 2016
بۆنی به‌ره‌وپێش: ئه‌زموونی شیعری ته‌یب جه‌بار: نووسینی/ حه‌سه‌ن عه‌لائه‌دین 2017
چه‌ندین وتاری دیكه‌ی عه‌ره‌بی و كوردی له‌سه‌ر كتێب و وتاره‌كانی هه‌ن.
ته‌یب جه‌بار چه‌ندین شعر و بابه‌تی له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ كوردییه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌، به‌ڵام وه‌كو كتێب نه‌كه‌وتۆته‌ به‌ر خوێندنه‌وه‌.
ته‌یب جه‌بار ئێستاش له‌ نووسین به‌رده‌وامه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ بابه‌ته‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ئه‌ندازیاری.