خه‌ونێك له ئه‌نقه‌ره‌و كۆشكى چانكایهوه، ١٠٠ ساڵە هه‌ڕه‌شه له خاكى باشورى كوردستان ده‌كات، (خه‌ونى گێڕانه‌وه‌ى ویلایه‌تى موسڵ) بۆ ژێر هه‌ژموونى توركیا‌و لكاندنى به نه‌خشه‌ى توركیاوه، ئه‌و خه‌ونه‌ى سه‌رۆكه‌كانى توركیا یه‌ك به‌دواى یه‌ك، وه‌ك وه‌سێت بۆ یه‌كدییان جێهێشت. ئه‌نقه‌ره به ئۆپه‌راسیۆنى سه‌ربازى و هێرشى چڕ‌وپڕ له زه‌مین و ئاسمانه‌وه، له چیاكانى باشورى كوردستان راوى گه‌ریلا ده‌كات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر هێرشێك سهرچیایهك یاخود گردێك، ده‌بێته مه‌نزڵگه‌ى هه‌میشه‌یى جه‌ندرمه و قهرهقولێك له‌ناكاو قوت ده‌بێته‌وه. بوونى سوپاى توركیا له هه‌رێمى كوردستان تازه نییه. له‌ساڵى ١٩٩٦ سوپاى ئه‌و وڵاته ده‌ستى به ئاواكردنى بنكه‌و قهرهقولهكانى كرد، ١٣ بنكه‌ى سه‌ربازى به چه‌كى قورس و تاوانى سه‌ربازى قه‌به‌وه له‌نێو خاكى باشورى كوردستان و له پارێزگاى دهۆك دامه‌زراند، توركیا ناوه‌ستێت به‌هێواشى ژماره‌ى قولهو قه‌ره‌قول و قاعیده(بنكه)كانى زیاده ده‌كات، له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ى دواییش كه خواكوڕك-ى كردووه‌ته ئامانج و ناوچەى سێ سنوره، قهرقولى نوێى دروستكردن و بارگه‌ى تێدا خستن. ئایا توركیا ته‌نها به مه‌به‌ستى راوه‌دوونانى په‌كه‌كه مێخى سوپاكه‌ى لهخاكى باشور چه‌قاندووه، یاخود بۆ هاوكێشه‌یه‌كى ئاڵۆزتر و مهبهستدارتر ئه‌و كاره ده‌كات؟ توركیا ئۆپه‌راسیۆن دژى گه‌ریلا ده‌كات، یاخود وه‌ك ئه‌وه‌ى په‌كه‌كه دەیڵێت بۆ داگیركردنى باشورى كوردستان هاتووه؟ ئایا توركیا نێتى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌یه؟ ئامانجه‌كانى ئه‌و وڵاته له‌و ته‌ڕاتێنه سه‌ربازییه چییه له‌نێو خاكى باشورى كوردستان ده‌یكات. له‌دوایین ئۆپه‌راسیۆنیدا له خواكوڕك چه‌ند قهرهقولێكى نوێى له‌سه‌ر چیاكان درووستكرد و ٦٠ كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ى ناوچه‌ى خواكوڕك-ى كۆنتڕۆڵكرد. له‌ڕێگه‌ى دابه‌زینى ئاسمانى و دروستكردنى بنكه‌و راكێشانى رێگاوه. ئێستا زۆرینه‌ى رووبه‌رى خواكوڕك و دارستانه چڕوپڕهكانى و زنجیره چیاكانى له‌ژێر هه‌ژموونى لولەى تفه‌نگى جهندرمهكانهو گه‌ریلاش به ته‌نکى و به‌شێوه‌یه‌كى سنوردار ده‌رده‌كه‌وێت. توركیا له سێ قۆڵه‌وه خۆى خزانده خواكوڕك و په‌لى هاویشتووه بۆ چیاكان و ناوچه‌كه‌ى كۆنتڕۆڵكردووه. ئه‌و ناوچانه‌ى هێرشى لێوه‌كردوون بریتین لە. *چیاى كتكین، له‌سه‌ر گوندى كانى ره‌ش و توهسور، ئه‌و ناوچه‌ى پێى ده‌ڵێن ده‌شتى به‌رازگر، ده‌كه‌وێته نێوانى رووباره‌كانى بناوى گه‌ردى و گه‌لى ره‌ش. *چیاى كهوێد، له گوندى دایلان و كۆڵه‌كان و گركال. *چیاى دێلى،(چیاى لێلكان) ده‌كه‌وێته سه‌ر گوندى لێلكان و بلهكهنان و شۆشنه، بوبزێنه. له‌هه‌رسێ چیاكه سوپای توركیا بنكه‌ى سه‌ربازى داناوه‌و چه‌كى قورس و تانكى جێگیركردووه، له توركیاوه رێگاى ئۆتۆمبێلى به‌م بنكانه گه‌یاندووه. له ئۆپه‌راسیۆنى ئه‌م دواییه، چیاى شه‌كیو له‌ناوجه‌رگه‌ى خواكوڕك، كه‌وته ژێر كۆنتڕۆڵى توركیا، به‌هه‌مان شێوه چیاى ئاودهلیكیى-یش كه ده‌كه‌وێتـه سه‌ر گهلوى ره‌ش و گهلوى خواكوڕك، ماوه‌یه‌كى كه‌مه له‌ژێر كۆنتڕۆڵى توركیایه، زنجیره چیاى رۆبى و رواڵ، له گوندى خه‌لیفان و سیران، ماوه‌یه‌كى كه‌مه سوپاى توركیاى گه‌یشتووه‌تێ. به‌وجۆره‌ش توركیا زۆرینه‌ى زۆرى ناوچه‌ى خواكوڕكى كۆنتڕۆڵكردووه كه به ٦٠ كیلۆمه‌تر چوارگۆشه مه‌زه‌نده ده‌كرێت. خواكوڕك ناوچه‌یه‌كى ئێجگار ستراتیژییە بۆ په‌كه‌كه، ناوچه‌ى په‌روه‌رده‌ى كادیره‌كان و حه‌سانه‌وه‌ى گه‌ریلا بووه، له‌هه‌مان كات هێڵى په‌یوه‌ندى بوو به رۆژئاواوه، رێگاى په‌یداكردنى پێداویستییه لۆجستییهكانى بوو. توركیا به ئامانجى بڕینى ئه‌و رێگایانه خۆى خزاندووه‌ته ناوچه‌كه، به‌ڵام توركیا ئامانجى دوورمهوداشى هه‌یه، مانه‌وه له‌پێناو به‌ستنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌و لكاندنى به جوگرافیاى سه‌ربازى و سیاسى خۆیه‌وه. توركیا به‌دواى چیه‌وه‌یه؟ پێناچێت ته‌نها ئامانج گه‌ریلاو دوورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى بێت، توركیا چه‌ندین ئامانجى له مانه‌وه‌ى سوپاكه‌ى له‌نێو خاكى باشورى كوردستان هه‌یه. پێناچێت گه‌ڕانه‌وه و چۆڵكردن له ئه‌جێنداى ئه‌نقه‌ره‌دا بوونى هه‌بێت. كامه‌ران مه‌نتك مامۆستاى زانسته سیاسییه‌كان، ده‌ڵێت"توركیا له‌سه‌ر په‌تى رووسیا و ئه‌مریكا یاریده‌كات و سودمه‌ندى یه‌كه‌م بووه، به‌رامبه‌ر گرێبه‌ستى ئێس ٤٠٠ ده‌رگاى عه‌فرین-ى بۆ كرایه‌وه، گومانى ئه‌وه‌ده‌كرێت به وازهێنان له ئێس ٤٠٠ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى باشورى كوردستان به‌ده‌ستبهێنێت". مه‌نتك پێى وایه، ئه‌وه‌ى توركیا ده‌یكات مه‌به‌ست لێى داگیركارییهو ئامانجێكى دیكه‌ى توركیا ئه‌وه‌یه، هه‌وڵده‌دات دیوارێك به ده‌ورى كورددا درووستبكات، له رۆژئاواى كوردستان تا باشوور، سنوره‌كان كۆنتڕۆڵ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى كورد به ده‌ریاى ناوه‌ڕاست نه‌گات. یه‌كێك له گریمانه‌كان ئه‌وه‌یه ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانى گڵۆپى سه‌وزیان بۆ هه‌ڵكردبێت به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى له رووسیا دووربكه‌وێته‌وه، ئاماده‌بن ویلایه‌تى موسڵ-ى بۆبگهڕێننهوه، ئه‌و سهوداكارییانه ئه‌گه‌رى زۆرى هه‌یه. مه‌سه‌له‌كه په‌كه‌كه نییه، خۆ له به‌عشیقه په‌كه‌كه نییه توركیا بنكه‌ى سه‌ربازى لێداناوه. له‌و بنكه سه‌ربازییانه‌ى توركیا له دواى راپه‌ڕینه‌وه له نێو خاكى هه‌رێمى كوردستان ئاواى كردوون، له‌هیچ كامیان بارگه‌و بنه‌ى نه‌پێچاوه‌ته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ساڵ دواى ساڵ ژماره‌ى بنكه‌و سه‌ربازو چه‌كه‌كانى زیاتر ده‌بن. به‌ڵام به‌هاتنى چڕوپڕى ئه‌مساڵی دیارە كه ئه‌نقه‌ره بۆنى گۆڕانكارى كردووه‌و ده‌یه‌وێت له‌و گۆڕانكارییه به‌ده‌ستى پڕ ده‌ربچێت، توركیا ده‌زانێت له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ هه‌ر رووداو و گۆڕانكارییه‌ك هێزو دیفاكتۆ رۆڵى یهكلاكهرەوه ده‌گێڕن، بۆیه‌ش به ئاسانى ده‌ست له چیا به‌رزه‌كانى باشورى كوردستان ناكێشێته‌وه. له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ى دوایى، هێزى ئاسمانى، هێزى زه‌مینى و یه‌كه‌ى تۆپهاوێژى توركیا له ئۆپه‌راسیۆنه‌كان به‌شدارن، بۆردومانه‌كانیان چڕترهو ده‌ست ناپارێزن لهسوتاندنى ته‌ڕو وشك پێکه‌وه، هه‌ربۆیه‌ش چه‌ند هاوڵاتییه‌كى مه‌ده‌نى جارێكى دیكه به ئاگرى بۆمبه‌كانى توركیا سووتان. چه‌كى كاریگه‌رى توركیا فڕۆكه چاودێرییهكانه كه به‌وردى شوێنى هه‌ر كه‌سێك دیاریده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر په‌كه‌كه تاكتیكى نوێى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م فڕۆكانه‌ش دۆزیوه‌ته‌وه‌و به هه‌ستیارى زۆره‌وه جموجوڵ ده‌كات. بناغه‌ى په‌كه‌كه له دارستانه چڕووپڕهكانى خواكوڕك بۆ ٢٨ ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك ساڵی ١٩٨١ ئۆجەلان و بارزانی لە دیمەشق کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە خواکورک و خنێرە بمێننەوە، دوای ئەم رێککەوتنە لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٤ چەند گروپ لە گەریلاکانی پەکەکە بە فەرماندەیی دۆران کاڵکان لە خنێرە و لۆلان و خواکورک جێگیربوون. توركیا بۆردومانى خوێناوى بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه ئه‌نجامداو پارتى لە ترسی بۆردومانەکانی تورکیا، لە رێکەوتنەکەی لەگەڵ پەکەکە کشایەوە. عارف قوربانى نوسه‌ر له گوتارێكیدا له رۆژنامه‌ى رووداو نوسیویهتى"زۆر كه‌س ده‌ڵێن، كێشه‌كه بوونى په‌كه‌كه‌یه له‌و ناوچانه‌دا، له‌خۆمان ناپرسین ئه‌ى له بنه‌ڕه‌تدا په‌كه‌كه بۆچى هه‌یه؟" ئه‌و نوسه‌ره پێى وایه ئه‌مه نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه كه كورد تواناى خوێندنه‌وه‌ى ستراتیژى ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانى نییه. بهبڕواى قوربانى، هه‌ماهه‌نگى مهترسدارى سێقۆڵى(تاران، ئه‌نقه‌ره، به‌غدا) هه‌یه دژى كورد."رازیبوونى توركیا و پشتكردنه پارتى له داگیركردنى كه‌ركوك له‌لایه‌ن ئێران و عێراق-ه‌وه، ره‌زامه‌ندى و چاوپۆشى ئێران و پشتكردنه په‌یه‌ده له داگیركردنى عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه، له‌شكركێشى توركیا له قوڵایى هه‌رێمى كوردستان، به به‌رچاوى به‌غداوه، بردنى حه‌شدى شه‌عبى به‌ناو خاكى ئێران‌دا له سنورى عه‌ره‌بستانه‌وه تا ناوچه‌ى سێ سنور له پشتى حاجى ئۆمه‌رانه‌وه بۆ قه‌ندیل، ئاماژه‌ى هه‌ماهه‌نگى زۆر گه‌وره‌ن له‌نێوان هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته داگیركهرهكهى كوردستان دژى كورد". ساڵى ١٩٢٥ کۆمەڵەی گەلان، بڕیاریدا ویلایه‌تى موسڵ بخرێته سه‌ر عێراق، ٥ی حوزەیرانی ١٩٢٦دا لە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی نێوان تورکیا و عێراق و بەریتانیا هێڵی برۆکسێل بە کەمێک دەستکارییەوە وەک سنووری هەمیشەیی نێوان عێراق و تورکیا پەسەندکرا، توركیا رازى بوو به‌رامبه‌ر پێدانى سه‌دا ١٠ی نه‌وتى ویلایه‌تى موسڵ بۆ ماوه‌ى ٢٥ ساڵ، ویلایهتهکە بخرێته سه‌ر عێراق. له‌و كاته‌وه سه‌رۆكه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى ئه‌نقه‌ره، خه‌ونى گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و ویلایه‌ته‌یان له‌ده‌ستنه‌داوه كه ته‌واوى باشورى كوردستانه، به كه‌ركوك-یشه‌وه. پهلكێشانه سه‌ربازییه‌كه‌ى توركیا‌و گه‌رمبوونى شه‌ڕو ئاڵۆزبوونهوهى هاوكێشه هه‌رێمییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا، له‌قۆناغێكدایه كه ناوخۆى كوردستان گیرۆده‌ى په‌رته‌وازه‌یى و ناكۆكى زۆره. لایه‌نه سیاسییه‌كان نه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌یه، نه ئه‌جێنداو پرۆژه‌ى هاوبه‌شى كوردستانییان هه‌یه، باشورى كوردستانیش له لێوارى دۆخێكى هه‌ستیار و قۆناغێكى مه‌ترسیداردایه. كات ئه‌وه روونده‌كاته‌وه ئه‌و شپرزییه ناوخۆییه‌و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى ئاگرى شه‌ڕ كورد به كوێ ده‌گه‌یه‌نێت.
تورکیا چەندە جدییە عێراقیش هەر ئەوەندە!
عێراق؛ پڕۆژەی فاوی گەورە کوردستان؛ دوو بەرەکی بەردەوام !
بنەچەى پەتاکە لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە؟
مرۆڤ لە بەخێوکردن زیاتری دەوێت