ڕاپۆرتی کوردستانی

04:02 - 01/07/2019

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى یه‌كێتى و پارتى چى ڕوویدا؟‌

پەیسەر

"كۆبوونه‌وه‌و گفتوگۆكان به‌رده‌وام بن"، ئه‌مه‌ ته‌نها راى هاوبه‌شى هه‌ردوو شاندى یه‌كێتى و پارتى بوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆیان كه‌ له‌ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتـى له‌ سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو. كۆبوونه‌وه‌كه‌ بێئه‌نجام بوو، به‌ڵام هه‌ندێك په‌ره‌سه‌ندنى نوێى تێدا درووستبوون، یه‌كلابوونه‌وه‌ى ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كه‌شوهه‌واى كۆبوونه‌وه‌كانى ئاینده‌. په‌یسه‌ر زانیارى ورد له‌سه‌ر ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

پارتى به‌ فشار ده‌ستیپێكرد
پارتى به‌ لۆژیكى(داواى زۆر بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌مت به‌ربكه‌وێت) له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ جیڕى زیاترى نواندو له‌هه‌ندێك ده‌ستشلكردنى پێشوو پاشگه‌زبووه‌وه‌. پارتى ئه‌مڕۆ گوتى، مه‌رج نییه‌ هه‌ر كاندیدێكى یه‌كێتى ببێته‌ پارێزگاری كه‌ركوك، به‌ڵكو ئه‌وان پێیان باشه‌ كه‌سێكى بێلایه‌ن ببێته‌ پارێزگار و پشتیوانى كاندیدێكى بێلایه‌ن ده‌كه‌ن. داوایه‌كى له‌م جۆره‌ى پارتى له‌كاتێكى وا هه‌ستیاردا. پێده‌چێت زۆرتر له‌پێناو ئه‌وه‌بووبێت به‌رامبه‌ره‌كه‌ى بخاته‌ ژێر بارى فشارو نائومێدییه‌وه‌. تاڕاده‌یه‌ك ئامانجه‌كه‌شیان پێكا یه‌كێتى هه‌ندێك نه‌رمى نواند.

پارتى ئه‌مڕۆ له‌و رێككه‌وتنه‌ كشایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك كردبووى، كه‌ به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بوو، بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ كاندیدى پارێزگار یه‌كلابكه‌نه‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نا به‌ڵكو داواى كاندیدى بێلایه‌نى كرد كه‌ پێشتر به‌فه‌رمى ئه‌مه‌ى نه‌گوتبوو. پێده‌چێت ئه‌م كارته‌ى ئه‌مڕۆى پارتى رایكێشا، به‌رئه‌نجامى چوونه‌ دواوه‌ى یه‌كێتى بێت له‌هه‌ندێك ده‌ستپێشخه‌ری، به‌ڵام چۆن؟

كاتێك پارتى به‌ كاندیدێكى یه‌كێتى(لیوا جه‌مال تاهیر) رازیبوو بۆ پارێزگارى كه‌ركوك، یه‌كێتى ئه‌و نه‌رمییه‌ى نه‌قۆسته‌وه‌و ناوى لیوا جه‌مال-ى له‌ لیسته‌كه‌یدا لابرد، به‌ ئومێدى ئه‌وه‌ى زیاتر له‌پارتى وه‌ربگرێت و كاندێكى یه‌كێتیترى بۆ په‌سه‌ند بكات. پارتیش هه‌مان شێوازى به‌كارهێنا به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ى یه‌كێتى. ئه‌مڕۆ داواى كاندیدى بێلایه‌نى كرد تا شاندى یه‌كێتى به‌هه‌ر یه‌كێتییه‌ك بێت رازى ببن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى بێلایه‌ن نه‌بێت. شاندى پارتى ئامانجه‌كه‌ى پێكاو یه‌كێتى نه‌رمى نواندووه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ى ناوى لیوا جه‌مال تاهیر، پارتى لارى نه‌بووه‌ له‌م ناوه‌و گێڕانه‌وه‌ى بۆ سه‌رمێزى دانوستان. به‌ڵام هێشتا بایى ئه‌وه‌نده‌ متمانه‌ درووست نه‌بووه‌ كه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ومێزه‌ى له‌ده‌ورى كۆبووبوونه‌وه‌، ناوه‌كه‌ ببڕێننه‌وه‌. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، یه‌كێتى ئۆفه‌رى نوێى پێشكه‌شكردووه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى پارتى به‌ كاندیدێكى یه‌كێتى رازى بێت. ئۆفه‌ره‌كه‌ش ئه‌وه‌ بووه‌، ژماره‌یه‌ك پۆستى خۆى ده‌داته‌ پارتى، داواشیكردووه‌، پارتی لیستێك پۆست ئاماده‌بكات، بۆئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر پۆستی پارێزگار له‌ كه‌ركوك وه‌ری بگرێت. له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژى یه‌كێتى ڕایگه‌یاند، حزبه‌كه‌ى به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ و هاوبه‌شێتی له‌ حكومه‌تدا ده‌كات، كه‌ هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك.

پارتى گوتویانه‌ پارێزگار ده‌بێت، ره‌زامه‌ندى پێكهاته‌كانى عه‌ره‌ب و توركمان، له‌سه‌رى رازى بن. ناشكرێت پارێزگارێكی حزبی به‌سه‌رخه‌ڵكی كه‌ركوك-دا بسه‌پێندرێت. پارتی پرۆژه‌یه‌كی بۆ چاره‌سه‌ری دۆخى كه‌ركوك پێ بووه‌ كه‌ خۆی له‌قۆناغه‌كانی ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی شاره‌كه‌، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، وه‌رگرتنه‌وه‌ی باره‌گا كوردییه‌كان و نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كاندا بینیوه‌ته‌وه‌.

به‌پێى پرۆژه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ش رێككه‌وتن كرا له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی كورد له‌دوای رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ده‌ستیداون، له‌ناویشاندا پۆستی پارێزگار، كوردێك كاندیدبكرێت بۆ ئه‌و پۆسته‌. سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، شاندى پارتی رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر به‌رپرسێكی پارتی یاخود یه‌كێتی، له‌پۆستێك له‌ كه‌ركوك دوورخرابێته‌وه‌، مه‌رج نییه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ بۆ كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ هه‌مان حزب بێت به‌ڵكو پێویستی به‌رێككه‌وتن هه‌یه‌.
كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام 
به‌رده‌وامى كۆبوونه‌وه‌كان، تاكه‌ شتێك بووه‌ هه‌ردوولا سه‌ریان بۆ له‌قاندووه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر بڕیاره‌ هه‌ردوولا درێژه‌ به‌گفتوگۆكانیان بده‌ن. به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون درێژه‌ به‌گفتوگۆكانیان بده‌ن تا ١١ی ئه‌م مانگه‌.
پارتى په‌یامى ئه‌وه‌ى گه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن ئه‌وه‌ پارتی به‌بێ یه‌كێتی حكومه‌ت پێكده‌هێنێت. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ش كۆبوونه‌وه‌كانی یه‌كێتی و پارتی به‌رده‌وام ده‌بن.
مه‌رج نیه‌ گفتوگۆكان ته‌نها كۆبوونه‌وه‌بن، به‌ڵكو ئاڵوگۆڕی بیروڕایه‌ له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆن و هه‌ندێك جاریش كۆبوونه‌وه‌ی دوور له‌چاوی میدیاكان. هه‌ردوولاش جه‌ختیان له‌وه‌كردووەته‌وه‌ كه‌ ده‌رگای گفتوگۆ به‌كراوه‌یی بمێنێته‌وه‌.
ناوێكى نوێ
دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ دڵشاد شه‌هاب گوتى، له‌سه‌ر دیاریكردنی پارێزگاری كه‌ركوك له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، دوای ئه‌وه‌ی پارتی سێ كاندیدی یه‌كێتی بۆ پۆستی پارێزگار ره‌تكرده‌وه‌، پارتی كاندیدێكی نوێ پێشنیارده‌كات و یه‌كێتی-ش ناوی كاندیدێك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
دوای ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، ناوی هه‌ریه‌ك له‌ خالید شوانی، عومه‌ر ئینجه‌ و رزگارعه‌لی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ره‌تكرده‌وه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا پارتى ناوی (دكتۆر به‌هرام خورشیدی)، وه‌ك ناوی كاندیدی بێلایه‌ن خستووه‌ته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ، له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی نه‌رمی نواندووه‌، له‌سه‌ر  گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوی لیوا جه‌مال تاهیر، بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته‌ كاندیدی یه‌كێتی بۆ پارێزگاری كه‌ركوك، پارتیش بۆئه‌مه‌یان نه‌رمی له‌سه‌ر ئه‌و كاندیده‌ پیشانداوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، رێككه‌وتن نه‌كراوه‌، به‌ڵام زۆر نزیكه‌ لیواجه‌مال تاهیر ببێته‌ كاندیدی یه‌كێتی بۆ پارێزگاری كه‌ركوك، پارتیش پێی رازییه‌ به‌ڵام ترسى هه‌یه‌ كێشه‌یه‌ك بۆ ئه‌و نزیك بوونه‌وه‌یه‌، دروستبكرێت.

پارتی و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك
پارتی به‌نیازه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بكات،  له‌ئێستاوه‌ ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌.

به‌پێی زانیاریییه‌كانى په‌یسه‌ر پارتی بڕیاری كۆتایی داوه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بایكۆت ناكات، ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌سه‌ری رێككه‌وتوون، وه‌ك خۆی جێبه‌جێبكرێت، كه‌ خۆی له‌ ده‌ركردنی هه‌موو هێزه‌چه‌كداره‌كانی ناو شار و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئاواره‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس گوتى، ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی و چه‌ند حزبێكی هاوپه‌یمانی، لیستێكی سه‌ربه‌خۆی هاوبه‌ش پێكبهێنن و نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك ببێته‌ سه‌رۆكی لیسته‌كه‌، پێكهێنانی لیستێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، له‌كه‌ركوك ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌.

چه‌ندرۆژى داهاتوو یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن بۆ پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان. كات بۆ دروستكردنى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، ١١ رۆژى ماوه‌، كه‌ به‌پێى په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مان دوو رۆژى بۆ په‌رله‌مانتارانه‌و ده‌بێت، په‌رله‌مانتاران ٤٨ كاتژمێر پێش متمانه‌دان به‌ حكومه‌ت، سى ڤى كاندیده‌كانیان لابێت، واته‌ نۆ رۆژ له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌كانه‌. نه‌رمى و نزیكبوونه‌وه‌ ده‌بیندرێت، به‌ڵام به‌درێژایى كۆبوونه‌وه‌كانى یه‌كێتى له‌ دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئه‌و دووحزبه‌ نزیكبوونه‌وه‌و رێككه‌وتن و واژۆكانى نێوانیشیان به‌ ئاسانى ده‌شێوێنن و له‌ كاتى زیادكراودا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ خاڵى سه‌ره‌تا .